د. جەعفەر ئیمنیکى: ئێران لەوە تێگەیشتووە سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێگەیەکى بەهێزى هەرێمى و نێودەوڵەتى هەیە میدیا

نوچەنێت:

دواى بانگهێشتکردنى بە شێوەیەکى فەرمى، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە (5)ى ئابى (2021) بە یاوەرى شاندێکى بڵاى حکوومەتى هەرێمى کوردستان گەیشتە تاران بۆ ڕێوڕەسمى سوێندخواردنى سەرۆک کۆمارى تازەى ئێران، لە فڕۆکەخانەى مێهرئاباد بە دانانى ئاڵاى کوردستان پێشوازیى لێکرا و دواتریش لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک کۆمار و سەرۆکى پەرلەمانى ئێران کۆبوویەوە.

د. جەعفەر ئیمنیکى، ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان، پێیوایە ئەم سەردانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەم کات و ساتەدا پەیامى گرنگ لە خۆ دەگرێت و ئاماژە بەوەشدەکات، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانى هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامیى ئێران، ئەوانە پێویستیان بە پێداچوونەوەیەک هەیە بەتایبەت لەڕووى پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستێکدا.

لە دیمانەیەکى لەگەڵ رووداو لە (5-8-2021)، د. جەعفەر ئیمنیکى، هەر لە بارەى سەردانییەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى گووتى، دەبێ ئەوە بزانین کە ئەو ڕێوڕەسمە زۆر بە زیرەکانە، بە جوانى و ڕێکوپێکى ئەنجامدراون، بۆیە یەکێک لەو پەیامانەى دەمەوێ ئاماژەى پێ بکەم، هەرێمى کوردستان ئەو ئاستەى پێویستى بوو لە پەیوەندییەکان بەدەستیهێناوە، هەم لەگەڵ دراوسێیەکان هەم لە ئاستى هەرێمى و نێودەوڵەتى.

 

دەقى دیمانەى د. جەعفەر ئیمنیکى، ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان:

ــ ئەم سەردانەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ ئێران و بینینى ئیبراهیم ڕەئیسى ئەمڕۆ و بەیانى بینینى سەرۆک پەرلەمانى ئێران، بە گشتى دەتوانێ چى لە پەیوەندى نێوان تاران و هەولێر بگۆڕێت؟

د. جەعفەر ئیمینکى: بێگومان ئەم سەردانە لەم کات و ساتەدا، ڕامانى گەورە هەڵدەگرێ و پەیامى گرنگ دەبەخشێت. دڵنیام ئەو تایبەتمەندییەى هەرێمى کوردستان لە ناو عێراقى فیدراڵدا، وە هەم پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانى هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامیى ئێران، ئەوانە پێویستیان بە پێداچوونەوەیەک هەیە بەتایبەت لەڕووى پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستێکدا، وە ئەم ڕێوڕەسمە ناوازەیە، ئەوەى بۆ پێشوازیکردن لە بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئەمە ئەوە دەگەیێنێ کە هەم ئێران ئارەزوومەندە تا ئەو پەیوەندییانە بباتە ئاستى پێویست، هەمیش هەرێمى کوردستان لەمێژە خوازیارى ئەوەیە پەیوەندییەکانى لە هەموو ئاستێک بەرەوپێشوەبچن.

لەڕاستیدا دەبێ ئەوە بزانین کە ئەو ڕێوڕەسمە زۆر بە زیرەکانە، بە جوانى و ڕێکوپێکى ئەنجامدراون، بۆیە یەکێک لەو پەیامانەى دەمەوێ ئاماژەى پێ بکەم، هەرێمى کوردستان ئەو ئاستەى پێویستى بوو لە پەیوەندییەکان بەدەستیهێناوە، هەم لەگەڵ دراوسێیەکان هەم لە ئاستى هەرێمى و نێودەوڵەتى.

دیارە دەسەڵاتدارانى ئێرانییەکانیش بەگشتى دەزانن، پێگەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانى شایستەى ئەوەیە، ئەوان باش لەوەدەگەن کە سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێگەیەکى بەهێزى هەرێمى و نێودەوڵەتى بەدەستهێناوە، وە هەرێمى کوردستان وەکو هەرێمێکى دراوسێ بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران شایستەى ئەوەیە، واتە پێویستە دەسەڵاتدارانى ئێرانى ئاوڕێکى جددى لەو پەیوەندییانە بدەنەوە، چونکە ئەو ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕۆڵەى کە سەرۆکى هەرێمى کوردستان بینیوویەتى، هەم بۆ سەقامگیرى لەسەر ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا هەم بۆ نێوخۆى خودى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان، لەوێدا ئەو ڕاستە دەسەلمێندرێ کە ڕۆڵەکى ئێجگار گەورەى هەبوو، نزیکبوونەوەى لایەنە سیاسییەکان، نزیکبوونەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکوومەتى ئیتحادى، وە هەوڵدان لەڕووى ستراتیژییەوە هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەغدا پەیوەندییەکانیان بە ئاراستەیەکى تەندروست و ئەرێنى بەڕێوەبچێت، لە قەیران و ململانێییەکان دەربچن، دوورکەونەوە لە زمانى فشار، هەموو ئەوانە ئەوە دەگەینێ کە ئەم هەوڵانە پێگەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەردەخات.

ئەمڕۆ خۆشبەخاتە ئەم هەوڵانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان وەڵامدانەوەى هەبووە، وە ئەم وەڵامدانەوەى ئێران ڕەنگدانەوەى دەبێ لە ئاستى ناوخۆ و هەرێمیایەتى و جیهانیدا.

ــ ئەم سەردانە دەتوانێ هۆکارێک بێت بۆ ئەوەى هێرشەکانى سەر هەولێر و شوێنە ئەمنییەکان و فڕۆکەخانە بوەستن، لە کاتێکدا ڕەنگە هەندێ لەو گرووپە چەکدارانە گوێ لە ئێران بگرن بۆ ئەوەى هێرش نەکەن؟

د. جەعفەر ئیمینکى: ئەوە بابەتێکى گرنگە بەڕاستى، نەک ئێستا من دڵنیام بەپێى هەڵسەنگاندن و زانیارییەکان پێشتر ئەو بابەتە لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران باسکراوە، وە لێکتێگەیشتن هەبووە، کە ناکرێ ئەو پەیوەندییانە لەو ئاستە بمێنن، باس لەوە کراوە لیژنە دوو قۆڵییەکان وەک لیژنەى ئەمنى و لیژنەى ئابوورییەکان ئەکتیڤ بکرێنەوە، هەروەها ئاوڕێک لەوە بدرێتەوە چیتر عێراق ئەو مەیدانە نەبێ بۆ پەلاماردانى دۆستانى ئێران، چۆن هەرێمى کوردستان خوزاریارى ئەوەیە کوردستان دۆست بێت ئێران بە هەمانشێوە دەبێ دۆستایەتى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و تەواوى پێکهاتەکانى عێراق هەبێ.

ئێستا گرفتێکى جددی هەیە لە عێراق، ئێران پێویستە ڕۆڵى خۆى ببینێ، بۆ ئەوەى سنوورێک دابنێ لەو فەوزاییەى کە لەسەر ئاستى بەغدا و ناوچەکانى تردا هەیە، وە ناوە ناوە پەلامارى هەرێمى کوردستان دەدەن، بۆیە دڵنیام ئەم پێشوازییەى ئەمڕۆ زۆر ڕامانى گرنگ هەڵدەگرێ وە زۆر پەیامیش هەنە، یەکێک لەو پەیامانە بۆ ئەو خەڵکانە کە لە عێراق خۆ بە بەرپرس نازانن و پەلامارى هەموو لایەک دەدەن، فشار و گوشار و هەڕەشە دەکەن، کۆمارى ئیسلامیى ئێران ئەو ڕۆڵەى کە هەیەتى لە عێراق ڕۆڵەکى گەورەیە، چاوەڕوانى ئەوە دەکرێ کە ئەوان زیاتر بێنەسەرخەت، سنوورێک بۆ ئەوانە دابنیێن، چونکە ئەو گرووپانە نە ڕێز لە یاسا دەگرن نەک ڕێز لە دەستوورى عێراق دەگرن. 

ــ لەسەر ئاڵوگۆڕى بارزانى، پێتوایە ئەم پەیوەندییە چ کاریگەرییەکى دەبێ؟

د. جەعفەر ئیمینکى: ئەوەش خاڵێکە، ئێرانیش ڕازییە لە پەیوەندییە ئابوورییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان، پێشتر ڕەزامەندى خۆیان دەربڕیووە، وە هەرێمى کوردستانیش ئامادەباشییەکى هەیە و پێشتریش هەیبووە، پەیوەندییە ئابوورییەکانى بباتە ئاستێکى باشتر و بەرزتر، هەندێ گرفت پەیوەست بوون بە ئاڵۆزییەکانى نێوان ئێران و ئەمەریکا، ڕاستە ئێستاش چارەسەرنەکراون و لە قەیردانە، بەڵام لە ئایندەدا ئەو ئومێدە هەیە ئەو کێشانە بە ئاراستەیەکى تەندروست چارەسەر بکرێن، وەک ڕێککەوتنامەى ئەتۆمى، ئەگەرچى جارێکى تر گرژى دروستبوو لەسەر ئەو دۆسییە، بەڵام ئەوەى لە بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان دایە ئێمە ئومێدەوارین ئەوەش چارەسەر بکرێ، وە ڕەنگدانەوەى ئیجابى هەبێ لەسەر پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکان لە نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران، چونکە ئێران ئابوورییەکى باشى هەیە، وە دەتوانێ هەرێمى کوردستان سوودێکى باش ببینێ چ بۆ ترانزێن بێت چ ئەو شارەزاییەى ئێران هەیەتى لە ئابووریى و کەرتە جۆراوجۆرەکان.

س: رووداو

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە