عەبدوڵڵا ئاکرەیى: نێچیرڤان بارزانى لە ئێران وەک سەرۆکەکانى دیکەى وڵاتان پێشوازیی لێکرا میدیا

نوچەنێت:

لە بارەى سەردانییەکەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ ئێران، بەڕێوەبەرى گشتیى نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران لە فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە میانى دیمانەیەکى لەگەڵ رووداو لە (5-8-2021)دا دەڵێت، پێشوازیى کردن لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە ئاڵاى کوردستان، ئاماژە بۆ ویستى ئێران بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامیى ئێران.

عەبدوڵڵا ئاکرەیى بەرپرسى پەیوەندیى کوردستان و ئێران لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، گووتیشى، بە شێوەیەکى گشتى بە کەشوهەوایەکى دۆستانە پێشوازییەکى زۆر گەرم لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و شاندى هەرێمى کوردستان کرا.

 

دەقى دیمانەى عەبدوڵڵا ئاکرەیى بەرپرسى پەیوەندیى کوردستان و ئێران لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان:

ــ ئەو پێشوازیەى کەوا لە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرا، ئێوە چۆن دەیبینن؟

عەبدوڵڵا ئاکرەیى: وەک بەڕێوەبەرى گشتى لە فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە لە ئێران، ماوەى سێ ڕۆژە لە تارانین لەگەڵ شاندێکى پرۆتۆکۆڵى بۆ ئەوەى هەماهەنگى هاتنى شاندى هەرێمى کوردستان بکەین بە سەرۆکایەتیى بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بە یاوەرى چوار وەزیرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هەروەها بەڕێز سەرۆکى پەرلەمان.

سەرەتا سەرۆکى پەرلەمان و ئەو شاندەى لەگەڵى بوون لە فڕۆکەخانەى مێهرئاباد پێشوازییان لێکرا و ڕەوانەى شوێنى تایبەت کرا بۆ پشوودان، ئەمڕۆش لە فڕۆکەخانەى مێهرئابادى تاران، پێشوازیى لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرا، پێشوازییەکى زۆر گەرم و شایستە بوو، وەک پێشوازیى لە سەرۆک کۆمارەکانى جیهان دەکرێ، لەلایەن پاسەوانى شەڕەفى ئێران و بە دانانى ئاڵاى کوردستان پێشوازیى لێکرا، هەروەها وەزیرێکى کابینەى پێشووى حکوومەتى ئێران لەگەڵ چەندین گەورە بەرپرسانى تر کە لە کاروبارى عێراق و ئێران کار دەکەن، بۆ هاتنە پێشوازیکردن لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان.

ــ ئەو پێشوازییە پرۆتۆکۆڵییەى کە بە ئاڵاى کوردستان لە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرا، ئێوە چۆن دەیبینن؟

عەبدوڵڵا ئاکرەیى: ئەو پەیوەندییەى لە نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران هەیە، پەیوەندیى ئەمڕۆ نییە، بەڵکو پەیوەندییەکە ماوەى 30 ساڵە بەردەوامە و ستراتیژییە، ئێمە لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران زۆر بەرژەوەندى هاوبەشمان هەیە، ئەوانیش حەز دەکەن هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکى توندوتۆڵى لەگەڵ ئێران هەبێ، هەر بۆیەش وەک دۆستى خۆیان ئەو پێشوازییە لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد.

ــ هەندێجار پەیوەندیى نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران بە هەندێ قۆناغى سارددا تێدەپەڕن، ئێوە پێشبینى دەکەن چارەنووسى ئەو پەیوەندییە لە داهاتوو بەتایبەت لەسەردەمى ئیبراهیم ڕەئیسى دووبارە گەرم بوونەوەى بەخۆ ببینێتەوە؟ 

عەبدوڵڵا ئاکرەیى: خۆى بەشداربوونى شاندى هەرێمى کوردستان لەو ڕێوڕەسمە بۆ ئەم مەبەستەیە، بۆ بەردەوامبوونى ئەو پەیوەندییە لە ئاستێکى بەرزتر، هەرێمى کوردستان بە شاندێکى باڵا بەشدارى ئەو رێوڕەسمەکەى کرد. ئەمڕۆش کە سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ناو ئەنجوومەنى شورا ئامادەیە بۆ رێوڕەسمى سوێندخواردنەکە، دیسان سەرۆکى هەرێمى کوردستان وەک هەر سەرۆکێکى دیکەى وڵاتان جێگەى تایبەتى بۆ دیاریکرا، وە بڕیارە بەیانى لەگەڵ سەرۆکى نوێی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسى کۆببێتەوە، لەم کۆبوونەوەیەدا پەیوەندییە سیاسى و ئابوورییەکانى نێوان هەردوولا گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێ، هوە سەرۆک کۆمارى ئێرانیش پێیخۆشە پەیوەندییەکانى ئێران و هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى باشتر دابێت.

ــ هەر لەسەر کۆبوونەوەکان، کە وا بڕیارە بەیانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکى پەرلەمانى ئێران کۆببێتەوە، ئایا ئەجینداى کۆبوونەوەکان ئاشکراکراوە؟

عەبدوڵڵا ئاکرەیى: ئەو گۆڕانکارییەى لە ئێران دروست بووە، کە سەرۆک کۆمارێکى نوێ بە ستافێکى دەست بەکاربووە، هەروەها سەرۆک کۆمارى ئێران حەز دەکات ئاشنایی زیاترى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان هەبێ، بێگومان گفتوگۆى کۆبوونەوەکان هەر لەسەر ئەو پرسانە دەبێت.

هەروەها دوایى کۆبوونەوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆک کۆمارى ئیسلامیى ئێران، ڕاستەوخۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکى ئەنجوومەنى شوراى ئێران دەستپێدەکات. پەرلەمانى ئێران حەز دەکات پەیوەندیى زیاتر لەگەڵ پەرلەمانى هەرێمى کوردستان هەبێ، وە حەز دەکەن شاند ئاڵوگۆڕ بکەن لە نێوان هەردوو پەرلەمان لە ئایندە، بۆ ئەوەىلێکتێگەیشتنى زیاتر هەبێ لە نێوان هەردوو پەرلەمان.

ــ بێجگە لەو دوو کۆبوونەوەیە، شاندى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتیى نێچیرڤان بارزان، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هیچ گفتوگۆى دیکە هەیە لە نێوان وەزیرەکانى حکوومەتى هەرێم و لایەنە ئێرانییەکان؟

عەبدوڵڵا ئاکرەیى: دواى ئەو دوو کۆبوونەوەیە، بەیانى نێوەڕۆکەى نانخواردنێک هەیە کە شاندى هەرێمى کوردستانیش بەشدار دەبن لەو نیوەڕۆخوانە، لەوێشدا بە دڵنیاییەوە گفتوگۆکردن لەسەر تەوەرەکان دەکرێتەوە.

بە شێوەیەکى گشتى بە کەشوهەوایەکى دۆستانە پێشوازییەکى زۆر گەرم لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و شاندى هەرێمى کوردستان کرا.

س: رووداو

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە