زریان ڕۆژهەڵاتى: بەهێزى کارنامەى دیپلۆماسى نێچیرڤان بارزانى، هاوسەنگى لە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان دروستکردووە میدیا

نوچەنێت:

لەسەر سەردانیکردنى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەتییکردنى شاندێکى باڵاى هەرێمى کوردستان، کە تێدا سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ چەند وەزیرێکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمى سوێندخواردنى سەرۆک کۆمارى نوێى ئێران، هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لە پاڵ ئاڵاى ئێران و کۆبوونەوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆمارى ئێران بۆ ماوەى (40)، چاودێرانى سیاسى و لێکۆڵەرەوان وەک پێشهاتێکى نوێ سەیرى دەکەن و بە گۆڕانى سیاسەتى ئێران بەرامبەر هەرێمى کوردستان دەزانن.

زریان ڕۆژهەڵاتى، بەڕێوەبەرى ناوەندی لێکۆڵینەوەى رووداو، لە دیمانەیەکى لەگەڵ رووداو لە (6-8-2021) پێیوایە ڕۆڵى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کاریگەرى زۆرى هەبووە باشتربوونى پەیوەندییەکانى ئێران و هەرێمى کوردستان و دەشڵێت لەڕاستیدا  شەخسى سەرۆکى هەرێم لە حەقیقەتدا کارنامەیەکى دیپلۆماتیکى بەهێزى هەیە، وە ئەو توانیویەتى لە ماوەى ڕابردوودا هاوسەنگییەک لە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ لایەنە جۆرجۆرەکانە لە ناوچەکە و لە ناوخۆى عێراق دا، هەتا لە ناوخۆى هەرێمى کوردستانیش دا لە نێو هێزە کوردییەکاندا دروست بکات.

 

دەقى دیمانەى زریان ڕۆژهەڵاتى، بەڕێوەبەرى ناوەندی لێکۆڵینەوەى رووداو:

ــ کۆبوونەوەکەى نێوان نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆمارى ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسى ماوەى (40) خولەکى خایاند، وەکو پێشتر ڕاگەیێندرابوو ئەو کەسانەى کە سەرۆک کۆمارى ئێران، ماوەى پێشوازیکردن لە سەرۆکى وڵاتان کورت مەودا بووە، بەڵام ئێستا کە ئەم کۆبوونەوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆمارى ئێران (40) خولەکى خایاندووە، نیشانەى چییە؟

زریان ڕۆژهەڵاتى: لەڕاستیدا بەر لە هەموو شتێک دەبێ باس لەوە بکەین کە شەخسى سەرۆکى هەرێم لە حەقیقەتدا کارنامەیەکى دیپلۆماتیکى بەهێزى هەیە، وە ئەو توانیویەتى لە ماوەى ڕابردوودا هاوسەنگییەک لە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ لایەنە جۆرجۆرەکانە لە ناوچەکە و لە ناوخۆى عێراق دا، هەتا لە ناوخۆى هەرێمى کوردستانیش دا لە نێو هێزە کوردییەکاندا دروست بکات، ئەمە وا دەکات کە زۆێک لە لایەن و دەوڵەتەکانیش بە پەرۆشتر بن، وە جۆرى ئەو پەیوەندییانەى کەوا لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەیەتیان ئەمە یەکێکە فاکتەرەکان.

بە شێوەیەکى گشتى ئەگەر سەیرى شێوازی پێشوازیکردنەکە و ئەو کۆبوونەوەیە بکەین کەوا کراوە لەنێوان سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆک کۆمارى ئێران دا، دەتوانین چەند فاکتەرێکى گرنگ باس بکەین، کە یەکێک لەو فاکتەرانە بایەخ پەیداکردنى تازەى هەرێمى کوردستانە بۆ ئێران لە قۆناغى دواى رووداوەکانى (تشرین)ەوە لە عێراقدا. 

ئەگەر سەیرى عێراق بکەن، ئەمڕۆ دەنگى ناڕەزایی بەرامبەر بە ئێران زیاتر لە جاران گوڕتر و بەهێزتر بووە، ئەمە فاکتەرێکە کە ئێرانییەکان زۆر بە گرنگییەوە سەیرى ئەم دۆخە دەکەن، ئەو رووداوانەى کەوا لە ئەفغانستان روودەدات، وەک تاڵیبان خەریکە ئۆتۆماتیکیین دەبێتەوە بە هێزێکى دیفاکتۆ لەوێ، لە ماوەى کورتخایەنیش نەبێ لە ماوەى درێژخایەن وا دەکات کە قوتبێکى سووننى لە سنوورە شەرقییەکانى ئێران لەبەرامبەر ئێران دا قووت بێتەوە، کەواتە کوێی بەدەست دەمێنێتەوە؟ ڕۆژئاواى ناوچەکەى و ئاسیای بەدەستییەوە دەمێنێتەوە، وە عێراقیش دەروازەى کەیستنە بە ڕۆژئاواى ئاسیا و دەریارى سپى، لەبەر ئەوە هەموو هەم و غەمێکیان خستۆتەسەر ئەوەى کە بتوانن چۆن چۆنى عێراق بپارێزن، ئا لەو چوارچێوەیەدا بایەخى هەرێمى کوردستان، وە سیاسەتى بەشێک لەلایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانیش لە ماوەى ڕابردوودا فاکتەرێک بوو بۆ ئەوەى ئێران پێچەوانەى قۆناغى گشتپرسییەکە، بە جۆرێکى دیکە مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکات، بێگومان هەم هەرێمى کوردستان زۆر پێویستى بە ئێران هەیە، هەم ئێرانیشی زۆر پێوستى بە هەرێمى کوردستان هەیە.

ــ ئەو پێوستییە زۆر گرنگانە چین؟

زریان ڕۆژهەڵاتى: بەر لە هەر شتێک کێشەى هەرە گەورەى هەرێمى کوردستان کێشەى سەقامگیرییە، ئێمە لەلایەکەوە مەسەلەى داعشمان هەیە کە لە سنوورەکانى باکوورى ڕۆژئاواى هەرێمى کوردستانەوە هەتاوەکو باشوورى سنوورەکانى هەرێمى کوردستان ئەم پرسە هێشتا بە شێوەیەکى زیندوو لە ئارادایە.

مەسەلەیەکى دیکەى ئەمنى ئەو شەڕەیە کە لە نێوان پەکەکە و تورکیا لە سنوورەکانى باکوورى تاوەکو باشوور لە دیوى ڕۆژهەڵاتى سنوورەکانى هەرێمى کوردستان لە ئارادایە، هەردوو مەترسییەکەش تۆزێک قابیلى کۆنتڕۆڵکردنن هەتاوەکو ئەو مەترسیەى کە ئێستا باسى دەکەم ئەویش مەترسى ئەو هێرشانەیە بەهۆى مووشەک و درۆنى وێڵەوە دەکرێتە سەر هەرێمى کوردستان. بۆچى دەڵێم درۆنى وێڵ، تەفریبەن زۆر کەس دەزانێ سەرچاوەکانى ئەم هێرشانە کویێە، وە لە چ لایەنێکەوە ئاراستە دەکرێت، لایەنى کەم ئەگەر ئاراستەیەکى ڕاستەوخۆش نەبێت، دەزانرێت کە ئەوە دەچێتە خزمەتى ئەجینداى کام دەوڵەت و کام لایەنى سیاسیییەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى هیچ لایەنێک ئامادە نییە بەفەرمى بەرپرسیاریێتى خۆیان ڕابگەینن، دەکرێ بڵێین ئەمە درۆنى وێڵە، وە ئەمە کێشەکى گەورەى نەک تەنها بۆ هێزێکى وەک هەرێمى کوردستان دروستکردووە، کێشەى بۆ دەوڵەتێکى وەک عێراق و سعوودیە دروستکردووە، سیستەمى بەرگریى جۆراوجۆرى هەیە لە وڵاتەکەیدا، کێشەى بۆ هاوپەیمانان دروستکردووە کە یەکێک بە بەهێزترین سیستەمەکانى بەرگریى مووشەکیان هەیە.

بۆیە ناتوانین لە شوێنێکى وەکو هەرێمى کوردستان یان عێراق یان شوێنێکىوەک ئەفغانستان بکەى، کە بەو هەموو کێشە ئەمنیەیەى کەوا لە ناوخۆیدا هەیەتى، هیچ پەیوەندییەکى لەگەڵ ئێران دا نەبێ، لە کاتێکدا زۆر کەیش ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران لایەنى کەم نفوزى ئەوەى هەیە دەتوانێ ڕێگر لەو رووداوانەى کەوا هەیە. 

ــ باسى چالاکى چەکداریت کرد، هەولێر بە درۆن و مووشەک هێرشى دەکرێتەسەر، ئەم سەرانەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەتوانێ کۆتایی بەو هێرشانە بێنێت؟

زریان ڕۆژهەڵاتى: قسەکانى ئیبراهیم ڕەئیسى لە کاتى وتارى سوێندخواردندا باسى شتێکى کرد تۆزێک سەرەنجڕاکێش بوو، گووتى: ئەو ئێمە ئەو توانایەى کەوا لە ناوچەکەدا هەمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ستەمى ئەو هێزە دەرەکیانەى کەوا لە ناوچەکەدا بەکاریدەهێنین نەک بۆ ناسەقامگیرکردنى وڵاتانى ناوچەکە، ئەمە بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ پەیامێکە بۆ عێراق و هەرێمى کورستان و ئەفغانستان، تەنانەت پەیامێکە هەتا بۆ یەمەن، کە بەڵێ ئێمە ئەو توانایانەى کە هەمانە بەکاریدەهێنین، بەڵام ئامانجەکەى بە شێوەیەکى سەرەکى ئێوە نین، ئامانجەکەى ئێمە ئەمەریکایە.

من پێموایە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە لە نێوان هەردوولار دروست بووە سەبارەت بەو ڕووداوانەوە، سەیرکە هەر دوێنێ ئەحمەد ئەسەدى، یەکێک لە فەرماندەکانى حەشدى شەعبى، وە یەکێک لە سەرکردەکانى هاوپەیمانى فەتح، لێدوانێکى سەرەنجڕاکێشى داوە، کە گوویەتى: هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق دەکشێنەوە، ئەمە بنکەى سەربازیى هەریریش دەگرێتەوە، وە ئێمە لە نیگەرانییەکانى براکانمان لە هەرێمى کوردستان تێدەگەین سەبارەت بە کشانەوەى ئەمەریکا لە عێراق، لەو ڕوانگەشەوە هەندێ لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ یەکترکردووە، ئەم قسەیە ئەگەر شیبکەیتەوە و دروست بێت، ماناى وایە لەسەرچى نەرمى نواندن و لێکتێگەیشتن کراوە.

ــ واتە لە ئێستاوە نەرمى تواندنێک لە نێوان ئەو لایەنانە دروست بووە بەرامبەر هەرێمى کوردستان؟

زریان ڕۆژهەڵاتى: شێوازى گوتارەکان گۆڕاوە، هەرچەندە ئێرە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە و سیاسەتى ئێرانیش هەموو کاتێک سیاسەتێکى دوو سەر بووە، سەیرکە لەلایەکەوە بە ئاڵایەکى گەورە و جوان پێشوازیت لێدەکات، لەلایەکى دیکەش وەک لە هەواڵەکان دیاربوو سەیر دەکەى لە ئۆفیسى سەرۆک کۆمارى ئێران ئاڵاى کوردستان دانانێن، ئەمە چییە؟ ئەمە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت تەنها یەک مەرجەع نییە کە بڕیار بدات لەسەر سیاسەتى دەرەوەى ئێران، بەڵکو فرە مەرجەعى هەیە، بۆ نموونە عەلى لاریجانى، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانى ئێران، ئەو کەسە بوو کە بە ئەندازیارى ڕێککەوتنى (25) ساڵەى ئێران و چین ناوى دەرکرد، ئێستا قالیباف یەکێکە لەو کەسانەى کە سەبارەت بە دۆسیەى ئەتۆمى و ڕێککەوتنى ستراتیژى درێژخایەن لە نێوان ئێران و سووریا ناوى لە گۆڕێدایە، ئەمە لە کاتێکدا ئێران وەزارەتى دەرەوەى هەیە، لە تەنیش ئەم وەزارەتەشەوە سوپاى پاسداران ڕۆڵەکى ئەکتیڤ و یەکلاییکەرەوەى هەیە لە سیاسەتى دەرەوە، وە غەیرى ئەوەش دواجار قسەى کۆتایی دەگەڕێتەوە بۆ ڕابەرى ئێران.

بۆیە دیدى جیاواز هەیە، ئەوان بە گوێرەى ئەوە سەیر دەکەن، دەڵێن: من دەتوانم ئەوەت بۆ بکەم ئەگەر لەگەڵ مندا ڕێکبکەوى، بۆیە ئەوە هەموو کاتێک هەیە لە سیاسەتى دەرەوەى وڵاتاندا بەتایبەت لە سیاسەتى دەرەوەى ئێران دا.        

ــ بەو پێیەى ئێستا سەرۆک کۆمارى ئێران لە باڵى نەریتخوازن، بە هەمان شێوە سەرۆک پەرلەمان و سەرۆکى دەزگاى داد، ئەمە تا چەند ئاسانکارى دەکات بۆ دروستکردنى پەیوەندییەکى بەهێز لەگەڵ هەرێمى کوردستان دا، ئەوەى کە چ گۆڕانکارییەک یاخود چ جیاوازییەکى دەبێت لەگەڵ سەردەمى رۆحانى دا؟ 

زریان ڕۆژهەڵاتى: لە ڕاستیدا لەسەردەمى رۆحانى دا، ڕەنگە وەزارەتى دەرەوە قسەیەکى کرد بێت بەڵام سوپاس قسەیەکى دیکەى کرد بێت، ئەمە لە کاتى گشتپرسییەکەشدا ئەم دوو قسەیە دیاربوو، بە قسەى بەرپرسارانى ئێرانى بە نیسبەت هەرێمى کوردستان، ڕەنگە ئەوە بۆ قۆناغێک کۆتایی بێ، چونکە ئێستا لە سیستەمى دەسەڵاتى ئێران خەریکە جێگر دەبێ، ڕابەرى ئێران خەڵکى مەشهەدە، سەرۆکى دەسەڵاتى داد خەڵکى مەشهەدە، سەرۆکى پەرلەمانى ئێران خەڵکى مەشهەدە، کە تۆ سەیرى ئەوانە دەکەى دەسەڵات لە نێوان مەشهەد و ئەسفەهان تەقریبەن لە نێوان ئەو دووشارەدا سیستەمى سیاسى ئێران دابەشبووە، ئەمە ماناى ئەوەیە ئەو حەوت سەرکردەیەى کەوا نزیکى یەکن زیاتر لەیەکتر کۆبوونەتەوە، بازنەکە بچووکتر بۆتەوە، هەتا لە رێوڕەسمى سوێندخواردنەکەدا کەسانێکى وەک ئەحمەدى نەژاد و خاتەمى و براکانى لاریجانى ئەوانە بەشداریان نەکرد.

ئەمە نیشانەیەکە لە یەک دەستبوونى دەسەڵات، وە ئەمە دەتوانێ ڕەنگبداتەوە لەسەر بڕیارانەى کەوا بە نیسبەت عێراق و هەرێمى کوردستانەوە هەیەتى، بەڵام خۆى پێشتریش بڕیارەکان سەبارەت بە عێراق و هەرێمى کوردستانەوە زیاتر سوپا و وەزارەتە ئەمنییەکان و ماڵى ڕابەر ئەو بڕیارانەیان داوە سەبارەت بە هەرێمى کوردستان و عێراق. سەیرکە لە ماوەى یەک مانگى ڕابردوو سێ بەرپرسى ئەمنى گەورەى سەردانى عێراقییان کردووە، لە هەر حسێنى تائیبەوە بگرە کە فەرماندەى ئیتلاعاتى سوپاى پاسدارانەوە تاوەکو وەزیرى هەواڵگرى و ئەو هەواڵانەى کەوا سەبارەت بە فەرماندەى سوپاى قودسیش هەیە، ڕۆڵەکە چەند هى لایەنە سیاسییەکانە دە ئەوەندەش ڕۆڵى دەزگا ئەمنییەکانە، وە سیستەمەکەش بۆ خۆى ئۆتۆماتیکییەن هەم سیستەمێکى دیاریکراوى لێ دروست بووە ئێستا، وە هەم سیستەمێکى ئەمنى رۆحانى لێ دروست بووە، رۆحانى بە ماناى مەلا، ئەمە ماناى وایە ناکۆکى لە بڕیارداندا تۆزێک کەمتر بێتەوە بەلایەنى کەم، بەڵام بە شێوەیەکى گشتی پێویستى ئێران بە هەرێمى کوردستان لە چەند ڕوانگەیەکەوەیە، لەڕوانگەى عیلاقاتى لەگەڵ عێراق دا، چونکە عێراق خەریکە بەرەو کرانەوەیەک دەچێت و بەڕووى جیهانى عەرەبى دەکرێتەوە.

ــ پێش ئەوەى باسى عێراق بکەین، باسى مەشهەدتان کرد، بۆ مەشهەد گرنگە لەدەسەڵاتى ئێران داو ە دەتوانێ چ گۆڕانکارییەک دروست بکات؟

زریان ڕۆژهەڵاتى: ڕابەرى ئێرانیش خەڵکى مەشهەدە.

ــ باشە ئەگەر ڕابەرى وڵاتێک خەڵکى ئەو شارە بێت دەتوانێ ئەوەندە کاریگەر و گرنگ بێت؟

زریان ڕۆژهەڵاتى: نا ئەو شوێنانە عادەتەن خۆیان شوێنێکى مەزهەبى و پێگەیەکى ئایینیان هەیە، وەک دەزانن سیستەمەکە سیستەمێکە ئاینییە، هەروەها بابەتى سەیدات و لە نەوەکانى پێغەمبەران، ئەوانە بەلاى ئەوانەوە گرنگە، وە ئەو ناوچەى خۆراسان بە شێوەیەکى گشتى ڕۆڵەکى مێژوویى هەبووە لە سیستەمى سیاسى لە ئێران دا، لە ئەبو موسلیمى خۆراسانییەوە بگرە هەتاوەکو ئەم قۆناغانەى ئێستاش، بمانەوێ و نەمانەوێ هەتا ئەیەتوڵڵا سیستانیش لە عێراق خۆى بە خۆراسانى دەزانێ، لە هەمانکاتیشدا لەگەڵ پێگە ئاینییەکە بابەتى جوگرافى و لۆکاڵییەکە دیسان ڕەنگى داوەتەوە، ئێستا یەکێک لەو ناڕەزاییانەى کەوا هەیە کە لە هەیکەلى دەسەڵاتدا خەریکە هەندێ کەس دووردەخرێنەوە، ئەمەش گفتوگۆى لە ناوخۆى ئێران دروستکردووە.

ــ ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ سەردانەکە و کۆبوونەوەکەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێتوایە لەم کاتەدا بەلەبەرچاوگرتنى دۆخى ناوخۆى ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسى چ چاوەڕوانییەکى لە هەرێمى کوردستان و سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەیە؟

زریان ڕۆژهەڵاتى: چاوەڕوانى ئەوان سەبارەت بە هەرێمى کوردستان، بەر لە هەموو شتیک لە پلانێکى گەورەدا من پێموا نییە ئێرانییەکان سەرەڕاى ئەو گوتارەى کەوا هەیانە لە حەقیقەتدا ئەوەندە دژى مانەوەى ئەمەریکا نین لە عێراق، بەڵام ئەوەندەى پێویستیان بەکارهێنانى گوتارى دژایەتى مانەوەى ئەمەریکا هەیە ئەوەندە پێوستیان بە واقیعى مانەوە یان نەمانەوەى ئەمەریکا لە ناوچەکەدا نییە، سەیرکە ئەوان لە ئەفغانستانیش هەبوون، بەڵام ئەو دژایەتییەى لە عێراق بەرامبەر ئەمەریکا دەیکەن لە گوتارەکانیاندا سەبارەت بە مانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا، ئەو دژایەتیەیان لە ئەفغانستان نەدەکرد، بگرە بە جۆرێک لە جۆرەکان دوو دڵیان بۆ دروستبووە، سەبارەت بەو بڕیارەى ئەمەریکا داویەتى، چونکە ڕەنگە پێیانوایە ئەمە گەمەیەک بێت بۆ گۆڕینى هاوسەنگى هێز لە ناوچەکە، ئەمە فاکتەرێکە بۆ ئەوەى کە بەشێک لە هێزە شیعیەکانى ناوخۆى عێراق بە دەورى خۆیایدا بهێڵێتەوە ئەمە هۆکارەکەیەتى، ئەساس بۆ ئێران مەسەلەى ڕێککەوتنە لەگەڵ ئەمەریکا، کە هەر کاتێ لەگەڵى ڕێکبەکەون ئەوکات ئەمەریکا بمێنێتەوە یاخود نەمێنێتەوە کێشە نابێت. 

ئەوەى گرنگە کە هەموو پێدراوەکان وا دەردەخەن کە دواجار حکوومەتى ئێران هەر ناچاربێت لەگەڵ ئەمەریکا رێکبکەوێت، دواجار بە ئەگەرى زۆر هەر ڕێکدەکەون، بەڵام یەکەم دەبێ لەو چوارچێوەدا سەیرى ئەو رووداوە بکرێ، دووەمیش لە چوارچێوەى سیاسەتى گشتیى ئێران بە نیسبەت عێراق دا، سەیرکە عێراق لە ڕووى جیۆپۆلۆتیکییەوە، ئەوە پەیوەندى بەوە نییە شیعە سەر حکوومە یان سوننە یاخود کورد، لەڕووى حکومى جوگرافیاوە عێراق هەمیشە تێدا هەیە ببێتە ڕکابەرى ئێران، کێشەى ئاو و نەوتى هاوبەشى لەگەڵ دا هەیە، کێشەى ڕێرەوەى لەگەڵى دا هەیە، یانى براش بن ئەوا براش لەسەر ماڵ لەگەڵ یەکتر شەڕ دەکەن، بێجگە لەوە مەسەلەى سەروەرى ئاینیى هەیە لەلاى نفوزى شیعە لە عێراق دا، کە ئایا مەرکەزیەتەکە نەجەفە یاخود قومە، هەموو ئەوانە ئەگەر تۆ کۆى بکەیەوە، ڕکابەرەیەکى جیوپۆلۆتیکى و کولتوورى بەهێزە هەیە، وە ئێرانییەکانیش هەموو کات لەوە ترساون، کە عێراق ئەو دۆستەى هەموو کات مەترسى ئەوەى تێدا بێت ببیتەوە بە دوژمن بۆى. ئەگەر ئاخیر وتەى محەمەد جواد زەریفى کە وتى ئێمە لە ڕاستیدا هیچ هاوپەیمانێکمان نییە ڕێک واتەى ئەوەیە، یانى ئەگەر عێراق ڕێک ئەو شوێنە بێت کە بە تەواوى هى ئێرانە ئەم قسەیەى زەریف چ واتایەکى هەیە کە زۆر پراگماتى ترە.

بۆیە ئەگەر لەو چوارچێوەیە سەیرى هەرێمى کوردستان دەکەن لەگەڵ عێراق دا، کە لە زەمانى شاوە ئێستاش وایە، کە هەبوونى پەیوەندیى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەتوانێ هاوسەنگى پەیوەندییەکانى بکات لەگەڵ بەغدا دا، خاڵێکى تر پەیوەندیى کێشەى ناوخۆیى شیعەوە هەیە، کە بەلاى ئێرانییەکانەوە هێڵى سوورە، بە بۆچوونى من ئەوان دەیانەوێ خۆیان زیاتر لەم بابەتە یارى بکەن، چوونى هێزە کوردییەکان بۆ ئێران، ویستیان تۆزێک یارى بکەن بە کارتى لایەنى شیعى، بۆ نموونە یەکێتى لەگەڵ فەتح جۆرێک نزیکبوونەوەى هەیە، پارتى بەهەمانشێوە جۆرێک نزیکبوونەوەى لەگەڵ سەدر هەبووە، ئەوە ئێرانییەکانى تۆزێک خستۆتە سەر ئەو هێڵەى کە یان دەبێ دژى بوەستێ و ڕێی لێبگرێ یان دەبێ ئیحتوای بکات، بۆ ئەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەر هاوپەیمانییەکى داهاتوو نەبێتە مەترسى بۆ سەر ئێران.

س: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە