كورد له‌ رۆژئاواى كوردستان هه‌وڵى دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د ده‌دات کوردستانی

نوچه‌نێت

ئیلهام ئه‌حمه‌د هاوسه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سووریاى دیموكرات ئاشكراى ده‌كات، هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى دانوستاندن له‌گه‌ڵ رژێمى به‌شار ئه‌سه‌د و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ دیالۆگى سوورى- سوورى تاكه‌ رێگه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ دووى ئه‌یلوول رۆژنامه‌ى “عه‌ره‌بى جه‌دید” له‌ راپۆرتێكدا لێدوانى ئیلهام ئه‌حمه‌دى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هاوسه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سووریاى دیموكراته‌ "مه‌سه‌ده‌" كه‌ ئه‌مه‌شیان باڵى سیاسى هێزه‌كانى سووریاى دیموكراته‌.

ئیلهام ئه‌حمه‌د له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى یاسادانانى هه‌رێمى جه‌زیره‌ گوتوویه‌تى، "رێككه‌وتنى سوورى- سوورى تاكه‌ شوێنگره‌وه‌یه‌ بۆ وه‌ستاندنى ده‌ستوه‌ردانى وڵاتانى تر" له‌و رووانگه‌یه‌وه‌ ئاشكراى ده‌كات هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى كه‌ناڵى گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ رژێمى سووریا و هاوكات نایشارێته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌درێت فشار بخرێته‌ سه‌ر ئه‌مریكا بۆئه‌وه‌ى زیاتر پاڵپشتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆسه‌ر له‌ رۆژئاواى كوردستان بكات.

رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، پێشتر ئیلهام ئه‌حمه‌د دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ به‌رژوه‌ندى رۆژئاواى كوردستان نییه‌ و ته‌نانه‌ت پێیوابووه‌ كشانه‌وه‌كه‌ كار له‌ ستراتیژى ئه‌مریكا له‌ ته‌واوى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌كات.

ده‌رویش خه‌لیفه‌ چاودێرى سیاسى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر ئه‌و لێدوانه‌ى ئیلهام ئه‌حمه‌د داوه‌ و گوتوویه‌تى، "هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ مه‌سه‌ده‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ رژێم نه‌پچڕاندووه‌" به‌ڵام وه‌ك پلانى دووه‌م سه‌یرى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ رژێم ده‌كات به‌ تایبه‌تى له‌و كاته‌ى رێگه‌ به‌ هێزه‌كانى توركیا بدرێت هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان.

پێشتر چه‌ندان جار به‌ چاودێرى رووسیا هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانى رۆژئاواى كوردستان دانوستاندنیان له‌گه‌ڵ رژێمى به‌شار ئه‌سه‌د كردووه‌، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌ دانیشتنه‌كان ئه‌نجامێكى روونى نه‌بووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین