کوردستان – بەریتانیا؛ پێگەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی بەریتانیای مەزندا میدیا

نوچەنێت:

سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەریتانیا و بەستنی لووتکەی کوردستان – بەریتانیا، بۆ مێژووی کوردستان و پێگە جوگرافیاییەکەی لەم کاتەی ئێستادا، سەردانێكی گرنگ و پڕ بایەخە و گۆڕانکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەدوادا دێت. ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای داوەتنامەی فەرمیی بەریتانیا دێت کە لە 9/6/2021 بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی نێردرا، کاتێک وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە فەرمی سەرۆکی هەرێمی بانگهێشتی لەندەن کرد.

پرۆسەی شرۆڤەسازیی لەبارەی ئەجێندای سەردانی سەرۆکی هەرێـمی کوردستان بۆ لەندەن، پێویستی بە دەستنیشانکردنی پرسە گرنگەکانی ناوچەکە هەیە، بەتایبەت ئەو پرسانەی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی نێوان هەردوولادا باسکران، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەو کاتەی کە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت: " ئەمڕۆ گفتوگۆیەکی نایابم لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و بەریتانیا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لە هەنبەر بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووریی پابەند دەبێت. " لە وەڵامدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند پرسێکی گرنگی خستە سەر مێزی دانوستانەکانی ناوچەکە، بەتایبەت کاتێک باسی گۆڕانی کەشوهەوا، مافی ئافرەتان، مەشقی سەربازی، پرسی پیشمەرگە، ڕۆڵی بەریتانیا لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە 1991 و کێشەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان کرد.

ئەگەر لێکدانەوە بۆ وتەکانی ئەوکاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەوا گرنگیی سەردانە مێژووییەکە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان ڕوونتر دەبێتەوە و ڕۆڵی سیاسەت و پرۆژە ستراتیژییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەدا ئاشکرا دەبن.

دیداری لووتکەی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا جیاوازترە لە ڕێکەوتی هەر سەردان و پێوەندییەکی دیکەی نێوان ئەو دوو لایەنە، چونکە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدا سەردانی بەریتانیا دەکات، کە بەریتانیا چیتر ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا نییە و لە هەمانکاتدا، حکوومەتی لەندەن لە سۆنگەی سیاسەتی بەریتانیای مەزنەوە گفتوگۆ  لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا دەکات.

جوڵە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گەیشتە زلهێزترین و، سەربەخۆترین وڵاتی رۆژئاوای ئەورووپا. 

دوای بێ هیوایییەکی زۆر لە داهاتووی بارودۆخی کوردستان و، لە قاڵبدانی پێگەی هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزە هەرێمییەکان، ئاراستەی جوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و، سەردانە فەرمییەکانی، بۆ فەرەنسا و بەریتانیا بێ هیوایی گۆڕی بە هیوا، هیوای بە داهاتووی کورد لەو ئاییندە پڕ گۆڕانکارییە گەشاندەوە، پێگەی هەرێمی کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەبیرهەمووان هێنایەوە. 

ئەوانە ئێمە نایڵێین، شرۆڤەی جوڵەکانی سەرۆکن دەیخەنەڕوو کە هەمیشە سەردێر و ناونیشانی ناوەندە جیهانییەکان بووە، لە قسەکردنیان لەو گۆرانکارییانەی کە لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوەڕوانکراون.

دەستەواژەی بەریتانیای مەزن (Global Britain) لەو کاتەدا بە مانای چی دێت و هۆکاری ناونانی سیاسەتی بەریتانیا دوای دەرچوونی لە یەکێتیی ئەورووپا بەو ناوە چییە؟ بۆچی ڕۆڵی بەریتانیای مەزن بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ و جیاوازترە بەراورد بە ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم؟ 

                                                   **** **** **** ****

پێگەی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی بەریتانیای مەزن (لەچەرچڵەوە بۆ جۆنسۆن)

دەستەواژەی بەریتانیای مەزن، ناوی جووڵە و ئاراستەی ستراتیژیی وڵاتی بەریتانیایە دوای دەرچوونی لە یەکێتیی ئەورووپا. ئەم دەستەواژەیە دوای سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕێککەوتننامەی سایکس – بیکۆدا، لە ساڵی 2016 لە لایەن بۆریس جۆنسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەودەمی بەریتانیاوە ئاشکرا کراو دواتر بوو بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دوای ناساندنی دەستەواژەی (Global Britain)ــی بۆریس جۆنسۆن، لە ئێستادا کە باس لە سیاسەتی تازەی بەریتانیا دەکرێت، ئەوا ڕۆل و کاریگەریی بەریتانیا، هەروەها ئاراستەی سیاسەتی ئەو وڵاتە بەسەر سیاسەت و نەخشەسازیی وینستۆن چەرچڵەوە پێناسە دەکرێت. ڕووداوەکانی سەدەی بیست و یەکەم و گرنگیی هەرێمی کوردستان لە دیدگای بەریتانیای مەزنەوە، بە چەندین ڕووداوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریاوە پێوەستە.

کات و ساتی میوانداریکردنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە لووتکەی لەندەن، هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانی چەندین هاوکێشەی جیۆسیاسی و ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا، بەتایبەت لووتکەی پوتین و بایدنی سێ مانگ لەمەوبەر و چوونی شا عەبدوڵڵای ئوردن بۆ ئەمریکا، هەروەها دیداری ئەم دواییەی بەشار ئەسەد و پوتینە لە مۆسکۆ و هاوکات کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆگان و پوتینە لەسەر پرسی سووریا و دواتریش کۆبوونەوەی ئەردۆگان و بایدن دێت لە جنێڤ لە 22ــی ئەیلولدا.

لەوەیش گرنگتر، گرنگیی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لەندەن، دوای سەردانەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیماڕات و ئوردن و دواتریش میوانداریکردنی سەرۆکی فەرەنسا لەهەرێمی کوردستان دێت. کەواتە بۆ زانینی جووڵەکانی بەریتانیای مەزن و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی پرۆژەکانی سەرۆکی هەرێم لە گۆرانکارییەکاندا، گرنگە بزانرێت کە بەریتانیا بە نیازی چییە و هەرێمی کوردستان چۆن جووڵە دەکات و هاوسەنگی دەپارێزیت.

ناو و پرۆژەی وینستۆن چەرچڵ (بەریتانیای مەزن) ناوێکە کە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نامۆ نییە و لە مێژوودا بە ئەندازیار و نەخشەسازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داینەمۆی ئاسایشی وزەی ناوچەکە دادەنرێت. هەروەها دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا لەسەر ڕێچکەی بەریتانیای مەزن، بە واتای دروستبوونی جەمسەرێکی سەربەخۆی زلهێز دێت، جگە لە جەمسەرەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لە لایەک و چین و ڕووسیا لە لایەکی ترەوە. هۆکارەکانی ئەم گرنگییەیش ئەمانەن:

- لە سەدەی بیستەمدا، ویسنتۆن چەرچڵ، توانی پیشەسازیی وزە لە خەڵووزەوە بۆ پیشەسازیی نەوت بگۆڕێت، بەڵام سیاسەتی جۆنسۆن گۆڕینی پیشەسازیی نەوتە بۆ وزەی جێگرەوە و پێڕەوکردنی سیاسەتی سفر کاربۆنییە و بۆ ئەو مەبەستەیش، لە مانگی 11ــی 2021 سەرۆکایەتیی گرنگترین کۆبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوای ناسراو بە COP26 دەکات. کەواتە لووتکەی بەریتانیا – کوردستان هەڵگری پرۆژەی سیاسی و ئابووریی نێوان هەردوولایە، بەتایبەت لە هاوسەنگکردنی پرسەکانی ئاسایشی وزە و پرسی سەربازی و گرێبەستی ئابووری و هاتنی کۆمپانیای بەریتانی بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان.

- گۆڕان لە سیاسەتی بەریتانیا و خوێندنەوەی ئاراستەی جووڵەی سیاسیی ئەو وڵاتە، لە ڕاپۆرتێکی حکوومەتی بەریتانیادا، بە ناوی Global Britain in a competitive age، بەڕوونی ئاراستەی جیهان کرا، کە تێیدا بنەما سەرەکییەکانی ئەو ڕاپۆرتە: بوون بە هاوپەیمانێکی سەرەکی و ستراتیژیی ئەمریکا و کۆمپانیاکانی ئەورووپا و دەرەوەی ئەورووپا کە جێگەی بایەخی بەریتانیا دەبن، هاوکات ئاماژەیشی بەوە کردبوو کە ڕکابەرایەتیی چین دەکەن لەبارەی سیستەمی جیهانی و بواری تەکنەلۆژیا، بەڵام بۆ هەمیشە ڕووسیا بە هەڕەشە دەبینن بۆ سەر ئاسایشی بەریتانیا. ئەمەیش بە مانای گرنگیی دوو ناوچەی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێن بۆ بەریتانیا، ئەوانیش، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی کەناڵی سوێسە. هۆکاری بە گرنگ بینینی ئەو دووناوچەیە، خۆبەندە بە مێژووی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیاوە، بەتایبەت لە پرسی وزە و فرۆشتنی چەک و گرێبەستی بازرگانیدا.

ئاراستەی جوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و، سەردانە فەرمییەکانی، بۆ فەرەنسا و بەریتانیا بێ هیوایی گۆڕی بە هیوا.

- لە مێژووی بەریتانیادا، ڕووداوی جەنگی یەکەمی جیهانی، ئامانجی بەریتانیا بووە بۆ ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و ڕێگریکردنی لە هێڵی بەغدا – بەرلین و هاوکات ئامانجی لە جەنگی دووەمی جیهانی شکستپێهێنانی ئەڵمانیا بووە سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هەمانشێوە دووبارە گەڕانەوەی بەریتانیا بۆ ناوچەکە، سەرباری ئەوەی کە خۆنوێکردنەوەی مێژووی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیایشە، لەندەن بە پرۆژە و جووڵەی جیاواز لە ئاستی ناوچە پڕ وزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (عێراق، ئوردن و شامی گەورە) سیاسەت دەکات.

- پێش دەرچوونی لە یەکێتیی ئەورووپا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ترێزا مەی، سەردانی سعوودیە و ئوردنی کرد، ئەمەیش بە واتای دوووبارە گەڕانەوەی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوور لە یاسا و بەندەکای یەکێتیی ئەورووپا، دێت. هەروەها گرێبەستی سەربازی و ئابووریی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو (سعوودیە، بەحرەین و ئیمارات)ـدا کرد، ڕێککەوتنێکی بازرگانیشی لەگەڵ تورکیا گەڵاڵەکرد.

- لاوازیی سیاسەتەکانی ئەمریکا دوای جەنگی تیرۆر، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، فەرەنسای ناچارکرد بە ڕوانگە و بارگەیەکی نوێی سیاسییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی سووریا و لوبنان و فراوانخوازییەکانی ڕووسیا و تورکیادا بکات، بۆ بەریتانیایش، جووڵەکانی لە عێراق، میسر و ئوردن، دووبارە کارکردنیەتی بۆ بەستنەوەی کێڵگەکانی وزەی بەغدا بە ئوردن و ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستەوە.

- بۆ ئابووریی بەریتانیای مەزن، گرێبەستی ئابووری، سەربازی، وزەی ئەتۆم و گازی سروشتی، بنەما سەرەکییەکانی بەهێزکردن و گەشەپێدانی ئابووریی لەندەنن، دوای دەرچوونی لە یەکێتیی ئەورووپا، بۆ ئەو مەبەستە بەریتانیا هەوڵ بۆ گرێبەستی فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە ئەنجام دەدات، لە هەمانکاتدا دەیەوێت ببێت بە هێزی سەرەکیی ناتۆ و ڕێچکەی سیاسەتەکانی ناتۆ بگرێتەبەر، لە جیاتی پێڕەوکردنی ڕێچکەی ئەورووپا، بە سەرکردایەتیی فەرەنسا و بەشداریی کارای ئەڵمانیا.

                                                   **** **** **** ****

پرۆژەکانی نێچیرڤان بارزانی لە لووتکەی لەندەندا

پێگەی بەریتانیای مەزن دوای دەرچوونی لە یەکێتیی ئەورووپا و کاریگەرییەکانی لەسەر سیستەمی ئابووریی و جیهانیی، هاوکات ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە یەکلاکردنەوەی کێشە ناودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، پێناسە و سەردێڕی پرۆژەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە لووتکەی کوردستان – لەندەندا، دەخاتەڕوو، بەتایبەت خشتەی ئەجێندای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆک وەزیران، وەزیری بەرگری، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا.

هەرچەندە لە ڕابردوودا، پێوەندییەکانی کورد و ئینگلیز هاوشێوەی یاریی شەترەنج بوون لەسەر نەخشەی سایکس بیکۆ (رۆژهەڵاتی ناوەراست)، بەڵام دوای ڕووداوەکانی 1991 و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش و پاڵپشتیی بەریتانیا بۆ هێڵی دژەفڕین، سیاسەتی بەریتانیا لە بەرانبەر هەرێمی کوردستاندا گۆڕا. بە مانایەکی تر بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکلا بوویەوە کە هیچ پرۆژەیەک و جووڵەیەک بێ بەشداریی بەریتانیا سەر ناگرێت. بۆیە بە سەرنجدان لە وێستگەی پێوەندییەکانی بەریتانیا - کوردستان، ڕۆلی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەیشەوە ڕوونتر دەبێت.

جوڵە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گەیشتە زلهێزترین و، سەربەخۆترین وڵاتی رۆژئاوای ئەورووپا. 

پرۆژەکانی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک فەرماندەی هێزی چەکدارەکانی هەرێم و سەرۆک و سەرپەرشتیاری جووڵە دیپلۆماسییەکانی کوردستان، بە مانای گۆڕانی جۆری پێوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێم دێت لە پێوەندیی مرۆییەوە بۆ پێوەندیی ئابووری و بازرگانی و دیپلۆماسی، بەتایبەت دوای ئەوەی بەریتانیا لە 2014 هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد لە جەنگی دژی داعشدا، بەڵام بەهێزیی پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، دوای سیاسەتی بێباکانەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بوونەتە هۆی گرنگیدانی زیاتری بەریتانیا بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و هاوسەنگکردن و یەکلاکردنەوەی کێشە چەقبەستووەکان. 

ئەمانەی خوارەوە لە پرۆژە گرنگەکانی سەرۆک دەبن لە لووتکەی لەندەندا:

-  کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ وەزیری بەرگری، بە مانای هاوکاریی و هەماهەنگیی زیاتری بەریتانیا و کوردستان دێت، لە ڕووبەرووبوونەوەی داعش و هاوکاریی سەربازیی نێوان هەردوولا، بەتایبەت لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بەهێزبوونی بەریتانیا وەک هێزی سەرەکیی ناتۆ. هەروەها پرسی مانەوەی هێزەکانی ڕۆژئاوا و سیاسەتی سەربازی ئەمریکا لەعێراق وهەرێمی کوردستان، جێگەی بایەخی پرۆژەکانی سەرۆکی هەرێمن بۆ پاراستنی سنوورەکانی کوردستان و هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەریتانیا، بە تایبەت دوای دانووسانەکانی ڤیەننا و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سعوودیە.

-  ناوهێنانی پرسی گۆرانی کەشوهەوا لە لایەن سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە هەولێر، دەرخەری ئەو ڕاستییەن، کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگی وزە و گازی سروشتییە و هەرێمێکی گرنگی ستراتیژییش دەبێت بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا زلهێزەکانی بەریتانیا. هۆکاری گرنگیدانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پرسی وزە لەگەڵ بەریتانیا، پێوەستە بە دیدگای جۆنسۆن سەبارەت بە سەرکردایەتیکردنی لووتکەی G7 لە دوو مانگی داهاتوودا و پێویستیی بەریتانیایە بە وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

-  لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی وزەی جیهانیدا، کە لە مانگی ئەیلولدا بڵاوکراوەتەوە هاتووە، لە ساڵی 1973 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێژەی ٪36.7ــی کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهانیی پێکدەهێنا، بەڵام لە 2020ــدا، ئەو ڕێژەیە بۆ تەنیا ٪30.8 دابەزیووە و لە بەرانبەردا ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و وزەی دۆستی ژینگە، لەو ماوەیەدا لە ٪2.1ـەوە بۆ ٪16.1 بەرزبووەتەوە و کوردستانیش یەکێکە لە ناوچە سەرەکییەکانی سەر نەخشەی وزەی جیهانی لە پرسی گازی سروشتی و تێپەڕبوونی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە بۆ بازاڕەکانی دەرەوە. بە مانایەکی تر ستراتیژیە جاڵجاڵۆکیەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پرسەکانی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وڵاتێکی وەک بەریتانیا جێگەی گرنگی تایبەتن، چونکە کوردستان دوای ڕووداوەکانی 2014، خاوەن ڕێککەوتنی ستراتیژی گرنگی بواری وزەیە لەگەڵ زلهێزەکانی ناوچەکەدا.

-  ئاسایش و سەقامگیریی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا بەریتانیاییەکان و کارکردنیان لە کوردستان، پەڕەیەکی تری پرۆژەکانی سەرۆکە بۆ بەریتانیا، بەتایبەت لە بوارەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی جێگرەوە و کۆمپانیای بواری بازرگانی و پیشەسازی و تەندروستی، تەکنەلۆژیای بەریتانی ، ئەم جۆرە پرۆژانەش مایەی خواستی بەریتانیا دەبن، لە پێناوی برەودان بە ڕێککەوتنە بازرگانییەکان لە دەرەوەی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا.

-  پرۆژەی ئاشتکردنەوە و چارەسەرکردنی گرفتە چەقبەستووەکان، پرۆژە گرنگەکەی سەرۆکی هەرێمە و جێگەی بایەخی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیایشە لە لووتکەدا، هەروەها ئەو ڕۆڵەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەیگێڕێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێگەی بایەخی بەریتانیایە، بەتایبەت لە کێشە دووایینەهاتووەکانی بەغدا و ململانێ ئاڵۆزەکانی سووریا، ئەم گرنگییەیش دوای سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بۆ ئیمارات و هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی تورکیا و ئیمارات دێت و گرنگیی ئەو پرۆژەیەی زیاتر کرد لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە جیهانییەکەیەوە.

-  بەهێزبوونی ئاستی پێوەندییەکانی کوردستان و فەرەنسا بۆ بەریتانیا، جێگەی بایەخە، چونکە پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە داهاتوودا دەبنە سەردێڕی میدیاییەکان کاریگەرە و بینی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیە لە پرسی باکوور و ڕۆژائاوای سووریا و ڕێککەوتنی سێلایەنەی ڕووسیا – تورکیا - ئەمریکا لە سەر خاکی سووریا، بۆ بەریتانیا، جووڵە و سیاسەتە ژیرانەکانی سەرۆک، مایەی سەرنج دەبن.

-  پتەوبوونی پێوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی هەمیشەییی ئەنجوومەنی ئاسایش (بەریتانیا و فەرەنسا)، بەهێزی پرۆژە سیاسی و ستراتیژییەکانی کوردستان بۆ داهاتووی ناوچەکە دەخاتەڕوو.

- پرسی پێشمەرگە و مەشقپێکردنیان، بۆ داهاتووی کوردستان گرنگە، بەتایبەت کە بەریتانیا خاوەنی چەکی بەهێز و کوالێتیی بەرزی تەکنەلۆژیای سەردەمە.

-  ڕاگرتنی هاوسەنگی لەگەڵ ڕووسیا و ئێران لە لایەک و فراوانبوونی ئاستی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئوردن لە لایەکی ترەوە و واژۆکردنی ڕێککەوتنەکانی بواری ئابووری و وزە، لە پرۆژە گرنگەکانی سەرۆک نێچیرڤان بازرانین لە پێناوی ڕێگریکردن لە ڕێککەوتنێکی تری مێژوویی دژی دابەشکردنی کوردستان، هاوشێوەی سەدەی بیستەم، ئەمەیش لە داهاتوودا ئەنجامی جووڵەکان یەکلای دەکەنەوە و پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکەن، بەتایبەت دوای چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەی ئارامی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان.

رۆندک فارس: ماستەر لە ئابوورى پێوەر و ئامارى پێشکەوتوو، قوتابى دکتۆر لە ئابوورى سیاسى

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە