بەريتانيا چەند داواكارييەك ئاڕاستەى هەرێمى كوردستان دەكات میدیا

نوچەنێت:

ئێوارەى چوارشەممە(15)ى ئەيلوولى (2021) نێچيرڤان بارزانى، سەرۆكى هەرێمى كوردستان لەگەڵ بێن والاس و جيمس هيبى وەزيرى هێزە سەربازييەكان و مارك برايسۆن باڵيۆزى بەريتانيا  لە عێراق كۆبوونەوە، لەو كۆبوونەوە، باسيان لە دواين پێشهاتىى شەڕى دژى داعش لە عێراق و مەترسى گەڕانەوەى ئەو ڕیکخراوە كرد، هەردوولا هاوڕابوون داعش تا ئێستا مەترسيەكى راستەقينەيە، کە هەڕەشە لە ئاسايش و سەقامگيرى عێراق و ناوچەكە و جيهان دەكات، بۆيەش تا ئێستا عێراق و هەرێمى كوردستان پێويستيان بە هاوكارى و پاڵپشتى نێودەوڵەتى هەيە بۆ رووبەڕووبوونەوە و كۆتايهێنان بە داعش.

هەروەها لەو كۆبوونەوەیە هەردوولا جەختيان لەسەر هەماهەنگى و هاوكارى نێوان هێزى پێشمەرگەى كوردستان و عێراق بە پاڵپشتى هاوپەيمانى نێودەوڵەتى بۆ شەڕى دژى تيرۆر كردەوە، هەروەها باسيان لە هەنگاوەكان كرد بە ئاڕاستەى يەكخستنى هێزى پێشمەرگەى كوردستان.

لە بەشێكى ترى كۆبوونەوەكە گفتوگۆيان لەسەر دۆخى ئاسايشى عێراق و ناوچەكە بە شێوەيەكى گشتى كرد، هەر لەو كۆبوونەوەيە گفتوگۆكرديان لەسەر ئەو پرسە هاوبەشانە كرد، كە  جێى بايەخى هەردوولان.

وەزيرى بەرگرى بەريتانيا ئاماژەى بە بەردەوامى بەشدارى هێزەكانى وڵاتەكەى لە چوارچێوەى هاوپەيمانى نێودەوڵەتى بۆ كۆتاييهێنان بە داعش کرد، هەروەك جەختيشى لەسەر هاوكاريكردنى عێراق و هەرێمى كوردستان كردەوە بۆ رێگريكردن لە سەرهەڵدانەوەى تيرۆر، لە بەشێكى ترى قسەكانى ستايشى رۆڵى هێزى پێشمەرگە و قوربانيەكانى كرد لە شكستهێنان بە تيرۆرستانى داعش. 

لاى خۆشيەوە نێچيرڤان بارزانى ستايشى رۆڵى بەريتانيا و پاڵپشتييەكانى بۆ عێراق و هەرێمى كوردستان كرد لە شەڕى دژ بە داعش، ئاماژەشى بە بوونى راوێژكاران و تيمى راهێنەرانى مەشقى سەربازى بە هێزى پێشمەرگەى كوردستان كرد.

كۆبوونەوەى لەگەڵ بۆرس جۆنسۆن و وەزيرى دەرەوەى بەريتانيا

سەردانە فەرميەكەى نێچيرڤان بارزانى بۆ لەندەن سێ رۆژ دەخايەنێت، لەو چوارچێوەيە رۆژى هەينى لەگەڵ بۆريس جۆنسن سەرۆكوەزيران و ليز ترۆس وەزيرى دەرەوەى بەريتانيا كۆدەبێتەوە، لەو كۆبوونەوەيە باس لە فراوانكردنى هەماهەنگى و هاوبەشى نێوان عێراق و هەرێمى كوردستان و بەريتانيا دەكەن. 

لەو كۆبوونەوانەى نێچيرڤان بارزانى لەگەڵ بەرپرسانى بەريتانيا گفتوگۆ لەسەر بەهێزكردنى پەيوەندييەكانى هەرێمى كوردستان لەگەڵ بەريتانيا و شەڕى دژ بە تيرۆر و ئاسايش و سەقامگيرى عێراق و ناوچەكە بەگشتى دەكەن.

يەكەم سەردانى نێچيرڤان بارزانى بۆ بەريتانيا لە مانگى ئايارى (2014) بوو، كە ئەوكاتە سەرۆك وەزيرانى هەرێمى كوردستان بوو، لەو سەردانەى لەگەڵ ژمارەيە لە بەرپرسانى بەريتانيا كۆبووەوە.

بەريتانيا قونسوڵخانەيەكى لە هەولێر هەيە، ژمارەيەك سەربازى بەريتانيا لە هەرێمى كوردستانن لە چوارچێوەى هاوپەيمانى نێودەوڵەتى بۆ شەڕى داعش، كە بەريتانيا ئەندامێكى سەرەكى ئەو هاوپەيمانيەيە.

پاڵپشتى بەريتانيا بۆ هەرێمى كوردستان

رۆژى يەكشەمەى رابردوو ديڤد هنت قونسڵى نوێى بەريتانيا لە هەرێمى كوردستان لەگەڵ نێچيرڤان بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەکەدا جەختى لەسەر پاڵپشتى وڵاتەكەى كردەوە بۆ هەرێمى كوردستان.

هەر لەو كۆبوونەوە هەردوولا جەختيان لەسەر بەهێزكردنى پەيوەندى دوولايەنە و فراوانكردنى بوارەكانى هەماهەنگى و هاوبەشى نێوان بەريتانيا و هەرێمى كوردستان كردەوە.

هەروەها کونسوڵى بەريتانيا باسى لە پلان و بەرنامەى خۆى كرد، بۆ بەهێزكردنى پەيوەندييەكانى وڵاتەكەى لەگەڵ هەرێمى كوردستان، كە خۆى تيمەكەى كار لەسەر جێبەجێكردنى دەكەن.

لە بەشێكى ترى قسەكانى کونسوڵى بەريتانيا ئاژەى بە پاڵپشتى بەردەوامى وڵاتەكەى بۆ هەرێمى كوردستان و عێراق كردەوە، باسى لە هەماهەنگى و هاوكارى نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگرى وڵاتەكەى كرد.

هەر لەو كۆبوونەوەيە هەردوولا رێككەوتن لەسەر فراوانكردنى بوارى بازرگانى و بەگەڕخستنى سەرمايەكانیان و چالاكى كەرتى تايبەت لەنێوان هەردوولا.

رۆژى چوارشەممە جيمس گاليگا بەرێوبەرى بازرگانى لە باڵيۆزخانەى بەريتانيا لە بەغدا بە فەرمى داواى لە وەزارەتى كارەباى هەرێمى كوردستان كرد كۆمپانياكانى وڵاتەكەى لە پرۆژەكانى كەرتى كارەبا بەشدارى پێبكەن.

وەزارەتى كارەباى هەرێمى كوردستان راگەيندراوێكى بڵاوكردەوە، كە تێيدا هاتووە، گاليگا لەگەڵ  كەمال محەمەد ساڵح وەزيرى كارەباى هەرێمى كۆبۆبوونەوە، لەو كۆبوونەوەيەدا بە فەرمى داواى وەزيرى کارەبا كرد رێگە بدات كۆمپانياكانى وڵاتەكەى لە كوردستان بەشداربن لە پڕۆژەكانى كارەبا لە هەرێمى كوردستان، بەتايبەت لە بوارى بەرهەمێنانى كارەبا لە رێگەى وزەى خۆر.

وەزيرى كارەبا لەو ديدارە ژمارەيەك پڕۆژە و پلانى خستەڕوو، كە دەكرێت كۆمپانيا بەريتيانيەكان لە وەبەرهێنانى تێدا بكەن، ئەو داوايەى بەريتانيا دواى چەند رۆژێك بوو لە كردنەوەى پڕۆژەى بەرهەمێنانى كارەبا لە رێگەى وەزەى خۆرەوە، لە قوتابخانەى كامبرێجى نێودەوڵەتى لە هەولێر.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە