ڕۆڵى نێچیرڤان بارزانى لە بەهێزکردنى پەیوەندییە ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان و بەریتانیا میدیا

نوچەنێت:

رۆژى هەينى (17)ى ئەيلوولى (2021)، سەرۆك نێچيرڤان بارزانى لە كۆشكى سەرۆكايەتیى حكوومەتى بەريتانيا لەگەڵ بۆريس جۆنسۆن، سەرۆك وەزيرانى بەريتانيان كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەيەکەدا باسيان لە سەقامگيرى ناوچەيى و زيادبوونى هەڕەشەى تيرۆر و پەرەپێدانى پەيوەندى ئابوورى و ئەمنى دوولايەنە كرد.

هەروەها  گفتوگۆيان لەسەر پەيوەندييەكانى عێراق و هەرێمى كوردستان لەگەڵ وڵاتانى ناوچەكە و دۆخى ئاوارەكان لە هەرێمى كوردستان كرد، كە ژمارەيان نزيكەى مليۆنێك ئاوارە دەبێت، لە بەشێكى ترى ئەو كۆبوونەوە باسيان لە دۆخى تازەى ئەفغانستان و لێكەوتەكانى كرد.

جۆنسۆن حەزدەكات سەردانى هەولێر بكات

لە كاتى پێشوازيكردنى لە سەرۆك نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان جۆنسۆن ستايشى سەردانەكەى كرد بۆ لەندەن، جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، بەريتانيا بە بايەخەوە لە پەيوەندييەكانى لەگەڵ هەرێم و عێراق دەڕوانێت، كە ئەو پەيوەندييە ماوەى (30) ساڵە بەردەوامە، لەو كاتەوەى بەريتانيا لە مانگى نيسانى (1991) بەشداربوو لە سەپاندنى ناوچەى دژە فڕين. لە بەشێكى ترى ئەو كۆبوونەوەیە، سەرۆك وەزيرانى بەريتانيا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "وڵاتەكەى بەردەوام دەبێت لە هاوكارى و بەهێزكردنى ئەو پەيوەندييانە".

جۆنسۆن لەو كۆبوونەوەيە، ئاماژەى بەوە كرد، "ئەو پەيوەندييە مێژووييە، پێويستە پەرەى پێبدرێت، بەتايبەت لە بوارى ئابوورى، ئەوەش دەرفەتێكە هاتۆتە پێش، بۆيە پێويستى بە سەردانى دوولايەنى شاندەكان هەيە."

لە بەشێكى ترى قسەكانى سەرۆك وەزيرانى بەريتانيا باسى لە سەردانێکى پێشووى خۆى بۆ هەولێر كرد و ڕايگەياند، "يادگارييە جوانەكانى سەردانیکردنم بۆ هەولێر (2015) لە ياد نەچووە،"هەروەها ستايشى رۆڵى سەرۆك نێچيرڤان بارزانى كرد،  لە هەوڵەكانى بۆ چارەسەركردنى كێشەكانى عێراق و سەقامگيرى ئەو وڵاتە.

دەربڕينى ئامادەيى بۆ چارەسەركردنى كێشەكان لەگەڵ بەغدا

لاى خۆشيەوە سەرۆك نێچيرڤان بارزانى سەردانەكەى بۆ لەندەن و كۆبوونەوەى لەگەڵ جۆنسۆن بە گرنگ وەسف كرد بۆ بەهێزكردنى پەيوەندييەكانى نێوان هەردوولا، لە سايەى ئەو پێشهاتە تازەكانى ناوچەيەکە.

هەروەها سوپاسى "سەرۆك وەزيران و حكومەتى بەريتانيا و هاوپەيمانى نێودەوڵەتى كرد، بۆ پاڵپشتى سياسى و سەربازى و مرۆيى بۆ عێراق و هەرێمى كوردستان".

لە بەشێكى ترى قسەكانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان جەختى لەسەر ويستى پەرەپێدانى بوارەكانى هەماهەنگى لەگەڵ بەريتانيا كردەوە، بەتايبەت بوارى ئابوورى و وەبەرهێنان، كە دەرفەتى پێويست لەبەردەستە".

سەبارەت بە پەيوەندى نێوان هەولێر و بەغدا و كێشە هەڵپەسێردراوەكانى نێوانيان، نێچيرڤان بارزانى ئاماژەى بە بەردەوامى گفتوگۆى ئەرێنى نێوانيان لەگەڵ لە بەغدا كردەوە، جەختيشى لەسەر ويست و ئامادەيى هەرێمى كوردستان كردەوە بۆ چارەسەركردنى كێشەكان لەسەر بنەماى دەستوور.

دواى كۆبوونەوەكە كە نزيكەى كاتژمێرێكى خايەند، نێچيرڤان بارزانى لەلاپەڕەى خۆى بڵاويكردەوە، " خۆشحاڵ بووم کە ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە لەندەن کۆبوومەوە، چەند بابەتێکی گرنگمان تاوتوێ کرد، وەک پەیوەندیيه‌كانی بەریتانیا و ھەرێمی کوردستان، ھەڕەشەی تیرۆر و سەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سوپاسی سەرۆک وەزیران دەکەم بۆ پشتگيريى بەڕێزیان بۆ پته‌وكردنى پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عیراق، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووريدا."

لاى خۆشەوە جۆنسۆن بە رۆژنامەنووسانى راگەياند، "باسمان لە بەرەوپێشبردنى پەيوەندى ئابوورى لەگەڵ هەرێمى كوردستان كرد، خۆشحاڵيش بووم بە بينينى نێچيرڤان بارزانى."

بۆريس جۆنسۆن لە بەشێكى قسەكانى رووى لە سەرۆك نێچيرڤان كرد و گووتى، "ماوەيەكى زۆرە نەبينيوى، خۆشحاڵ بووم بە بينينتان، دەمەوێت بزانى پەيوەندى بەريتانيا لەگەڵ ئێوە زۆر گرنگە، سەردانەكەتان بەگرنگ دەزانم، دەمەوێت پەيوەندييەكانمان لەگەڵ هەرێمى كورستان بەهێز بێت، پەرە بە پەيوەندیى ئابوورى بدەين لەگەڵ هەرێمى كوردستان."

ئەو ديدارە دووەم ديدارى سەرۆكى هەرێمى كوردستانە لەگەڵ جۆنسۆن، ديدارى يەكەميان لە هەولێرى پايتەخت بوو لە (2015).

يەكەم سەردانى نێچيرڤان بازرانى بۆ بەريتانيا لە مانگى ئايارى (2014) بوو، ئەوكات سەرۆك وەزيرانى هەرێمى كوردستان بوو، لەگەڵ ژمارەيەك بەرپرسى بەريتانيا كۆبووەوە.

كۆبوونەوە لەگەڵ نەديم زەهاوى وەزيرى پەروەردەى بەريتانيا

رۆژى هەينى، سەرۆك نێچيرڤان بارزانى لەگەڵ نەديم زەهاوى وەزيرى پەروەردەى بەريتانيا کۆبۆوە، كە كوردێكى بەرەگەز عێراقييە، تازە وەك وەزيرى پەروەردە دەستبەكار بووە، لەو كۆبوونەوەیەدا بارزانى بەبۆنەى دەستبەكاربوونى وەك وەزيرى پەروەردە پيرۆزبايى لێكرد و هيواى سەركەوتنى بۆخواست، گوتيشى، "مايەى شانازييە بۆ يەكەمجار كوردێک دەبينين پۆستێكى گرنگى لە بەريتانيا وەرگرتووە، لە چەندين بوارى ژيانى ئيدارى و سياسى سەركەوتوو بووە".

هەر لەو كۆبوونەوەيەدا سەرۆك نێچيرڤان بارزانى، جەختى لەسەر گرنگى سوودوەرگرتنى هەرێمى كوردستان لە ئەزموون و سەركەوتنەكانى بەريتانيا كردەوە، لە بوارى پەروەردە و فێركردن، بەتايبەت جەختى لەسەر گرنگى فێركردنى پێشەيى و گرنگى بۆ هەرێمى كوردستان كردەوە.

لاى خۆشيەوە زەهاوى خۆشحاڵى خۆى بەسەردان و ديدارى سەرۆك نێچيرڤان بارزانى دەربڕى، رايگەياند "لەو ساتەوەى دەستبەركار بووە، ئەوە يەكەم شاندى فەرمى دەرەوەى بەريتانيايە ديدارى لەگەڵ دەكات، هەروەك جەختيشى لەسەر ئامادەيى بەريتانيا كردەوە، بۆ هەماهەنگى لەگەڵ هەرێمى كوردستان و عێراق لە بوارى پەروەردە، هەرێمى كوردستانيش دەتوانێت وەك وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سوود لە ئەزموونمان وەربگرێت". 

كۆبوونەوەكان لەگەڵ وەزير و پەرلەمانتار و سياسيەكان

لەگەڵ گەيشتنى بۆ لەندەن لە ڕۆژى چوارشەممەى رابردووە، بارزانى زنجيرەيەك ديدارى لەگەڵ وەزيران و پەرلەمانتاران و كەسايەتييە سياسيەكان ئەنجام دا.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، رۆژى پێنجشەممە لەگەڵ ليز ترۆس، وەزيرى دەرەوەى بەريتانيا كۆبۆوە، باسيان لە ئاسايشى عێراق و مەترسى گەڕانەوەى داعش كرد، هەردوولاش جەختيان لەسەر فراوانكردنى هەماهەنگى ئابوورى هاوبەش كردەوە.

لە بەشێكى ترى دیدارەکە باسيان لەو فاكتەرانە كرد، كە دەبێتە گەڕانەوەى داعش و مەترسییەکانى، هەروەك باسيان لە هەڵبژاردنى مانگى داهاتووى عێراق و پێشبينييەكانى پەيوەست بە پرۆسەى سياسى و داهاتووى عێراق و پەيوەندى نێوان بەغدا و هەولێر و دۆخى ئاوەرەكان و پێكهاتەكان لە عێراق و هەرێمى كوردستان كرد.

هەر لەو كۆبوونەوە گفتوگۆ لەسەر لێكەوتەكانى ئەو ناوچەيە بەگشتى و كۆمەڵێك پرسى ترى جێى بايەخى هەردوولا كرد، هەردوولاش هاوڕابوون كە سەقامگيرى عێراق بۆ ناوچەكە و جيهان گرنگە.

هەر لەو سەردانەى سەرۆك نێچيرڤان بارزانى چاوى بە جۆن مێجەر، سەرۆك وەزيرانى پێشووترى بەريتانيا كەوت، لەو كۆبوونەوە باسيان لە دۆخى سياسى و ئەمنى عێراق و ناوچەكە بەگشتى و ئێستاى هەرێمى كوستان و دەستەكەوتەكانى لە (30)ساڵى رابردوو بەدەستى هێناوە كرد، كە دواتر سەپاندنى ناوچەى دژەفڕين و پەناگەى ئارام بوو بۆ گەلى كوردستان.

رۆژى پێنجشەممەش، سەرۆكى هەرێمى كوردستان لەگەڵ جۆن ماكفول سەرۆكى ئەنجومەنى لۆردانى بەريتانيا كۆبووە، باسيان لە  رووداوەكانى عێراق و هەرێمى كوردستان و ناوچەكە و هەڵبژاردنەكانى مانگى داهاتووى عێراق كرد، لە بەشێكى ترى ئەو كۆبوونەوانەدا، باسيان لە پەيوەندى نێوان هەرێمى كوردستان و بەريتانيا و جەنگ دژى تيرۆر و پەتاى كۆڕۆنا و دۆخى ئاوارەكان لە هەرێمى كوردستان كرد.

هەروەها سەرۆك نێچيرڤان لەگەڵ ژمارەيەك پەرلەمانتارى بەريتانيا كۆبۆوە، باسيان لە پێشهاتەكانى دۆخى ئێستاى هەرێم و عێراق و ناوچەكە كرد، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە هەڵوێستى هەرێمى كوردستان كرا بۆ چارەسەركردنى كێشەكان و پارێزگاریکردن لە ئاسايش و سەقامگيرى ئەو ناوچەيە.

لە ڕۆژى چوارشەممەى رابردوو، سەرۆك نێچيرڤان بارزانى لەگەڵ بێن والاس، وەزيرى بەرگرى بەريتانيا كۆبوونەوە، باسيان لە دۆخى ئەمنى عێراق و ناوچەكە و مەشقى پێشمەرگە و هەماهەنگى دژ بە داعش و مەترسى گەڕانەوە داعشيان كرد، هەردوولا هاوڕابوون كە داعش مەترسيیەكى راستەقينەيە لەسەر ئاسايشى عێراق و ناوچەكە، تا ئێستاش عێراق و هەرێم بۆ رووبەڕووبوونەوەى داعش پێويستيان بە هاوكارى كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هەيە.

بەريتانيا لە هەولێرى پايتەختى هەرێمى كوردستان کونسوڵخانەيەكى هەيە هەروەها لەگەڵ ژمارەيەك سەربازى وڵاتەكەى لە چوارچێوەى هاوپەيمانى نێودەوڵەتى دژى داعش، كە بەريتانيا ئەندامێكى سەرەكييە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە