رەنج هادى: بەریتانیا ئومێدێکى زۆرى لەسەر نێچیرڤان بارزانى هەڵچنیووە میدیا

نوچەنێت:

لە دواى سەردانییە فەرمییەکەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ شانیشینى یەکگرتووى بەریتانیا و دیدارى لەگەڵ بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیرانى ئەو وڵاتە لە (17)ى ئەیلوولى (2021)، بە گرنگترین روودواى سیاسى دادەنرێت لەم ساڵدا، لە دواى سەردانەکەى ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆمارى فەرەنسا بۆ هەرێمى کوردستان لە (29)ى ئابى (2021)دا.

بە بۆچوونى پسپۆڕیکى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى بۆ بەریتانیا، تەواوکەرى ئەو زنجیرە سەردانە دیپلۆماسیییە کە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ماوەیەکە کارى لەسەر دەکات، دەشڵێت، نێچیرڤان بارزانى، سەرەتا لە پاریس دەستیپێکرد، دواتر گەیشتە بەریتانیا، لەڕاستیدا ئەگەر لەڕووى دیپلۆماسییەوە سەیرى بکەین ئەم دیدارەى سەرۆک نێچیرفان بارزانى و سەرۆک بۆریس جۆنسۆن بایەخێکى ئێجگار گەورەى هەیە.

لە میانى دیمانەیەکى لەگەڵ رووداو لە (17-9-2021)دا، رەنج هادى،  لە بارەى ڕۆڵى نێچیرڤان بارزانى لە لێکنزیکردنەوەى لایەنە سیاسییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان و چارەسەرکردنى کێشەکان ئاماژە بەوەدەکات، بەریتانیا بەریتانیا ئومێدى زۆرى لەسەر نێچیرڤان بارزانى هەڵچنیووە، بە دیاریکراوی ئەگەر لێی بڕوانین مامەڵەکردنى بەریتانیا لەگەڵ کورد و سەرۆکى کورددا ئەوە دەگەیێنێت کە ئومێدێکى زۆرى بە سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەیە، وە کارێکى زۆر لەسەر بە سیستەماتیکردنى پرۆسەى سیاسى کوردستان دەکرێ، ڕاستە لە چوارچێوەى عێراقێکى فیدراڵ دا مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکات، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ ئەوەى دەیبینین، دەیەوێ جۆرێک جۆرەکان مامەڵەى ڕاستەوخۆ هەبێت لە نێوان کورد و بەریتانیا، وە ئومێدێکى باشى لەسەر بونیادنراوە، وەکارى جددى لەسەر دەکرێ بەتایبەتى لەڕووى ئەمنى و سیاسییەوە.

دەشڵێت، کارەکتەرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کارەکتەرێکى بەهێزە، دەتوانێ لە ڕێگەى ئەو پەیوەندییە شەخسییەى کە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا بۆریس جۆنسۆن هەیەتى، دەکرێ کۆمەڵێک ئامانج و دەستکەوتى باشى دەستبەر بکرێ لە کۆبوونەوەکەى هەردوو سەرۆک دا.

 

دەقى دیمانەى رەنج هادى، شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان:

ــ چۆن دەڕوانیتە سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى، سەردانى هەرێمى کوردستان بۆ بەریتانیا، وە شێوازى پێشوازیى لێکردنى و ئەو دیدار و کۆبوونەوانەى کە لە بەریتانیا ئەنجامى داوە؟

رەنج هادى: سەردانەکەى بۆ بەریتانیا تەواوکەرى ئەو سەردانانەیە کە بەڕێز جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ماوەیەکە کارى لەسەر دەکات، لەسەرەتاوە لە پاریس دەستیپێکرد، دواتر گەیشتە بەریتانیا، لەڕاستیدا لەڕووى دیپلۆماسییەوە سەیرى بکەین بایەخێکى ئێجگار گەورەى هەیە، وە ئەو پەیوەندییە مێژووییەى کە بەریتانیا لەگەڵ کورددا هەیبووە لە ڕابردوو، وە گرنگە کە هەمیشە کورد ڕاستەوخۆ کار لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى خۆى بکات لەدەرەوەى سنوورەکانى هەرێمى کوردستان، ئەوە هەنگاوێکى گرنگە و جێى بایەخێکى زۆرە لەڕووى دیپلۆماسییەوە، هەروەها لەڕووى بە کوردستانیکردنى ئەو پارچەیەى کە پێیدەگوترێت بەشى باکوورى عێراق. 

ــ بەریتانیا چۆن دەڕوانێتە هەوڵەکانى نێچیرڤانى بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە عێراق بۆ لێکنزیکردنەوەى لایەنەکان و چارەسەرکردنى کێشە و ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان؟

رەنج هادى: هەڵبەتە بەریتانیا ئومێدى زۆرى هەڵچنیووە لەسەر ئەمە، بە دیاریکراوی ئەگەر لێی بڕوانین مامەڵەکردنى بەریتانیا لەگەڵ کورد و سەرۆکى کورددا ئەوە دەگەیێنێت کە ئومێدێکى زۆرى بە سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەیە، وە کارێکى زۆر لەسەر بە سیستەماتیککردنى پرۆسەى سیاسى کوردستان دەکرێ، ڕاستە لە چوارچێوەى عێراقێکى فیدراڵ دا مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکات، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ ئەوەى دەیبینین، بەریتانیا دەیەوێ بە جۆرێک لە جۆرەکان مامەڵەى ڕاستەوخۆ هەبێت لە نێوان کورد و بەریتانیا، وە ئومێدێکى باشى لەسەر بونیادنراوە، وەکارى جددى لەسەر دەکرێ بەتایبەتى لەڕووى ئەمنى و سیاسییەوە، گرنگترین هەنگاویان کە ناویانناوە، ئەوەى ئێستا بەریتانییەکان کارى لەسەر دەکەن یەکگرتنەوەى هێزى پێشمەرگەیە لە ناو حکوومەتى هەرێمى کوردستان دا، هەروەها کارەکتەرى سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش کارەکتەرێکى بەهێزە، دەتوانێ لە ڕێگەى ئەو پەیوەندییە شەخسییەى کە لەگەڵ سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسۆن هەیەتى، کە پەیوەندییەکى مێژوویى هەیە لەگەڵ کورددا، دەکرێ کۆمەڵێک ئامانج و دەستکەوتى باشى هەبێت ئەم دیدارە.

ــ چۆن دەتوانرێ پەیوەندییە سیاسییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیا بەهێز بکرێ؟

رەنج هادى: لەڕاستیدا پەیوەندى نێوان کورد و بەریتانیا پەیوەندییەکى گرنگە، بە دیاریکراوى بۆ بەریتانیا، هێندەى ئەوەندەى گرنگە بۆ کورد، بەریتانیا لەڕووى مێژوویی وجودێکى دانەبڕاوى هەبوو لە عێراق، لەڕووى سیاسییەوە پێگەیەکى گرنگى هەیە، لەڕاستیدا ئەم پەیوەندییانە لە کەناڵى دیپلۆماسییەوە سوودى لێوەردەگیرێ، هەماهەنگییەکى باش هەیە ئێستا لە نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیا، بۆ نموونە لە مەشقپێکردنى سەربازییدا، هەروەها خواستى بەریتانیا و ئەو گۆڕانکارییانەى لە بە دیموکراسیکردنى زیاترى کۆمەڵگەى کوردییدا، بێگومان بەریتانیا مامەڵە لەگەل مۆدێلێکى دیموکراسى سەرکەوتوو دەکات لە کوردستاندا، ڕاستە مۆدێلێکى زۆر سەرکەوتوو نییە لە عێراق دا، بەڵام دەکرێ بڵێین مۆدێلى دیموکراسى لە کورستان دا مۆدێلێکى زۆر زۆر سەرکەوتووە لە ناوچەکەدا، دەکرێ بڵێین باشترین مۆدێلى سەرکەوتوویى سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا.

بەریتانیا ئێستا کار لەسەر ئەو مۆدێلە دەکات، چونکە هەروەک دەزانن لەڕێگەى کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە باشتر و گرنگتر پەیوەندیى ئابوورى و سیاسى دروست دەکرێ، بۆیە لە ئێستادا کار لەسەر ئەو پەیوەندییانە دەکرێ جا لەڕووى سیاسى بێ یان ئابوورى و هاوکارى مەشق و ڕاهێنانى سەربازیى بێت، یاخود ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر بێت، لەڕابردوودا کوردستان توانیویەتى پەیوەندی و هەماهەنگییەکى باشى هەبێ لەگەڵ بەریتانیا، هەروەها یارمەتیدەرێکى باش بێت لە ڕووبەڕووبووونەوەى داعش و پرسى تیرۆر، هەموو ئەو هەڕەشە و مەترسیانەى کە لەسەر تەواوى دونیا هەبوو، کوردستان لەڕیزى پێشەوە بووە، ئەوەش هۆکارى سەرەکییە کە جێگەى بایەخ بە نیسبەت بەریتانیا.  

مامەڵەکردنى سەرۆکى بەریتانیا لەگەڵ سەرۆکى کورددا ئەوە دەگەیێنێت کە ئومێدێکى زۆرى بە سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەیە.

ــ ئەو شێوازى پێشوازى لێکردنەى لە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەبووە لە ئەمڕۆ و دوو ڕۆژى ڕابردوو لە بەریتانیا، شتێکى ئاساییە بۆ هەرێمێکى وەکو هەرێمى کوردستان یان نیشانەى بایەخ پێدانێکى تایبەتە لەلایەن بەریتانیاوە؟

رەنج هادى: ئەگەر سەرەنج بدەى لە سەرەتاى قسەکانم ئاماژەم بەوەکرد، کە بەریتانیا مامەڵەى لەگەڵ کوردستان دا هەمیشە لە چوارچێوەى عێراقێکى فیدرال دا کردووە، بەڵام لەم سەردانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەوەمان بەروونى بە گوێ درا ڕاستە لە چوارچێوەى عێراقێکى فیدرال دا مامەڵەتان لەگەڵ دەکەین، بەڵام دەبینین بە ناڕاستەوخۆ خواستێکى زۆر گرنگ هەیە کە پەیوەندییەکان ڕاستەوخۆتر بێت لە کەناڵیکى ترى دیپلۆماسى کوردییەوە بێت وەک لە کەناڵێکى عەرەبییەوە، بۆیە ئەو مامەڵەکردنە مامەڵەیەکى مێژووییە لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەم سەردانییە لە بەریتانیا گرنگى و بایەخى خۆى هەیە لەڕووى پرۆتۆکۆڵییەوە، بۆیە ئەوە دەردەخات خواستى کورد بۆ بەرەوپێشەوەچوون و بە دیموکراسیکردنى کۆمەڵگەى  کوردى گرنگە و هەنگاوى باشى ناوە، وە قۆناغێکى دڵخۆشکەرە بەنیسبەت بەریتانیاشەوە، بۆیە ئەم جۆرە لە پێشوازى و ئەم جۆرە لە گەرموگوڕییە پەیامێکە لە گوێی کورددا کە بە گرنگییەوە کارتان لەسەر دەکەین و هاوکار و دڵسۆزێکى باشتان دەبین لەڕووى ئابووری و سیاسى بێت یاخود ئەمنى.

س: رووداو

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە