وەزارەتى تەندروستى هۆشداریى ده‌داته‌ خه‌ڵكى كوردستان کوردستانی
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیاندراوێكدا هۆشدارى بە خەڵکى هەرێمى کوردستان دەدات و دەڵێت: "بەداخەوە رێنماییەكانی تەندروستی لە زۆربەی شوێنەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێن بەتایبەتی بەكارهێنان و بەستنی ماسك و لێکدوورکەوتنەوە. وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات لە ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر".

دەقی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی:
هەر لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID19 لە جیهاندا، بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارەتیەوە وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ ڕاوێژكاران و پسپۆران و لایەنە پەیوەندارەکانی ئەم بوارە بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 23 ی مانگی یەکی ساڵی پارەوە بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ دۆخەكە كردووە و بەردەوام هەوڵی داوە دەستپێشخەری هەبێت لە گرتنەبەری ڕێكاری خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، بەڵام لەگەڵ كەمبوونەوەی رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا کە ڕێکارەکان و خۆپارێزی هۆکاری سەرەکی بوو هەم لە دواخستنی تەشەنەکردن و زوو کۆنتڕۆڵکردن و هێواشکردنەوەی بڵاوبوونەوە بەڵام بەداخەوە هەستێك لەلایەن هەندێک لە هاونیشتیمانیان وا دروستبووە گوایە نەخۆشی كۆرۆنا نەماوە و مەترسی ئەم ڤایرۆسە نەماوە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆكارێك و گرنگترینیان هێنانەوەی پاساوی ئەوەیە گوایە كۆمەڵگا بەرگری بەکۆمەڵ و بەگشتی دروستبووە دژی ئەم ڤایرۆسە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی زانستی پشتڕاستی بكاتەوە ئەمە جیا لەوەی خەڵكانێك هەر لەسەرەتاوە باوەڕیان بەبوونی ڤایرۆسەكە نەبووە بەمەش نەوەستان بەڵكو هەست و سۆزی خەڵكیان ڕادەكێشا و بابەتی تریان دەبەستاوە بە پرسی كۆڕونا و دژی ئەو ڕێكارانە بوون كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان و پاراستنی گیانیان و دەیگرتە بەر.


ئێستاش كە ژیان ئاسایی بۆتەوە لە کردنەوە هەموو شوێنەکانی کەرتی گشتی و تایبەت و کۆبوونەوەی ڕۆژانەی خەڵك و كردنەوەی مۆڵ و چایخانە و چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەكان و مزگەوت و گەشت کردن و زۆر شوێنی تر بەڵام بەداخەوە ڕێنماییەكانی تەندروستی لە زۆربەی شوێنەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێ بەتایبەتی بەكارهێنان و بەستنی ماسك و لێکدوورکەوتنەوە.


وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات لە ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر بەتایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن.

وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات لە ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر


هەر بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن بۆ ئەوەی بەكەمترین زیان و بە هاوكاری هەموولایەك ئەم دۆخە تێپەڕێنین بە سەلامەتی.


سوپاسی پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی تەندروستی دەكەین كە لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دان، هەروەها ڕۆلی هێزەکانی ناوەخۆ و دەزگاکانی میدیا و ڕاگەیاندن و لایەنە پەیوەندارەکان و مامۆستایانی ئایینی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەرز دەنرخێنین لەهۆشیاركردنەوە و جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
سڵاو بۆ گیانی پاكی قوربانیان لە پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی وەزارەتی  تەندروستی و هەموو ئەو کەسانەی کە گیانیان سپارد لە پێناو پاراستنی گیانی هاونیشتیمانیان لە هەرێمی كوردستان.
خوای گەورە كوردستان لە هەموو نەهامەتی و نەخۆشیەك بپارێزێت.


وەزارەتی تەندروستی
13ـی شوباتی 2021
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین