د. محەممەد جەلال: نێچیرڤان بارزانى وەکو کەسێکى دەوڵەتمەدار، لەسەر دیپلۆماسیەتى دەرەوەى هەرێمى کوردستان میدیا

لە بارەى داهاتووى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و بەریتانیا، بەتایبەتى لە دواى سەردانە فەرمییەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەریتانیا، د. محەممەد جەلال، مامۆستاى زانکۆى و شارەزا لە سیاسەتى بەریتانیا پێیوایە، ئەو سەردانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هەلێکى گرنگ دروست دەکات بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و بەریتانیا، بەتایبەت دواى ئەوەى کە بەریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپا دەرچوو لە ڕێگەى برێکزیتەوە، ئێستا بەریتانیا زۆر بە جددى بە دواى دەرفەتى کارى نوێى و هەلى وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕى بازرگانى دەگەڕێ هەروەها دۆزینەوەى بازاڕى تازە بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکانیان، هەرێمى کوردستان لەو بوارەدا دەتوانێ پێگەیەکى گرنگى هەبێت بۆ ئەوەى لە بوارى نەوت و وزە و گازى سروشتى و لە چەندین بوارى تردا هەلى کار و بازرگانى بۆ بەریتانیا بەدەست بێنێت.

د. محەممەد جەلال لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رووداو لە (17)ى ئەیلوولى (2021) دا، گووتیشى، ئەم سەردانەى بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ لەندەن، سەردانێکى ئێجگار گرنگە، وە بەو شێوازە فەرمى و گەرمییەى کە پێشوازی لێکرا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە کورد و هەرێمى کوردستان بکەر و ئەکتەرێکى گرنگن لە عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، هەروەها کورد وەکو هاوپەیمان و هاوبەش و دۆستێکى نزیک لە بەریتانیا دەبیندرێت. ئەم پێشوازیکردنە لە بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پەیامێکە بۆ عێراق وڵاتانى هەرێمى و ناوچەکە، کە هەرێمى کوردستان کیان و قەوارەیەکى گرنگە لە تێڕوانینى زلهێزەکان بەتایبەتى بەریتانیا.

 

دەقى دیمانەى د. محەممەد جەلال، مامۆستاى زانکۆ و شارەزا لە کاروبارى سیاسەتى بەریتانیا:

ــ سەرۆکى هەرێمى کوردستان ماوەى سێ ڕۆژە لە بەریتانیا و ئێستاش کۆبوونەوەى نێچیرڤان بارزانى و بۆریس جۆنسۆن دەستیپێکرد، بۆ تاوتوێکردنى پرسە گرنگەکانى ناوچە و بەهێزکردنى پەیوەندى هەولێر و ولاتێکى وەک بەریتانیا، ئەو هەنگاوە سەرۆکى هەرێمى ناویەتى چ گرنگییەکى هەیە بۆ پاشەڕۆشى هەرێمى کوردستان؟ 

د. محەممەد جەلال: بەڕاستى ئەم سەردانەى بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ لەندەن، سەردانێکى ئێجگار گرنگە، وە بەو شێوازە فەرمى و گەرمییەى کە پێشوازی لێکرا بەڵگەیە لەسەر هەندێ شت، یەکێکیان ئەوەیە کە کورد و هەرێمى کوردستان بکەر و ئەکتەرێکى گرنگە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دووەم، کورد وەکو هاوپەیمان و هاوبەش و دۆستێکى نزیک لە بەریتانیا دەبیندرێت. ئەم پێشوازیکردنە لە بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پەیامێکە بۆ عێراق وڵاتانى هەرێمى و ناوچەکە، کە هەرێمى کوردستان کیان و قەوارەیەکى گرنگە لە تێڕوانینى زلهێزەکان بەتایبەتى بەریتانیا.

ــ کورد چۆن و لە چ لایەنێکەوە دەتوانێ سوود بەریتانیا وەربگرێ، هەم لە سیاسەت و ئەزموونى، هەم لە پێگە جیهانییەکەى؟

د. محەممەد جەلال: بە بڕواى من گرنگە هەرێمى کوردستان و بەڕێز جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بتوانێ جەخت لە هەندێ خاڵ بکاتەوە، یەکەم: جێبەجێکردنى ماددەى (140) و ساغبوونەوەى ناوچە دابڕێندراوەکان و بەدەستهێنانى بەریتانى بۆ ئەوە. دووەم: بەدەستهێنانى پشتگیرى بەریتانیا، ئەگەرچى بەریتانیا ئەو ڕۆڵەى هەر بینیووە، بۆ بەدەستهێنانى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، تاوەکو بەغدا نەتوانێ یارى بەم پرسەوە بکات، خاڵێکى تریش کە یەکجار گرنگە ئەوەیە کە بەڕێز جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، داواى پشتگیریکردنى زیاترى پێشمەرگە بکات لە بەریتانیا، بە ڕاهێنان و مەشق پێکردینان، هەروەها بۆ دابینکردنى چەک بۆ بەگژداچوونەوەى داعش و هەر میلیشیایەکى تر کە لە عێراق سەر هەڵدەدات.

ــ ئەو کاتەى ئێوە لە بەریتانیا دەژیان، بێگومان زۆرجار دیمەنى ئەو سەرکردانەت بینیووە کە هاتوون بۆ داونینگ ستریت، ئەمڕۆ کە ئەو دیمەنەى کە بینیتان ئێوە هەستان بەچیکرد لە کاتى پێشوازیکردن لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان؟

د. محەممەد جەلال: دواین سەردانى بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەریتانیا لە (2014) بوو ماوەیەک پێش سەرهەڵدانى داعش، لە دواى ئەوە بەتایبەت دواى پرۆسەى رێفراندۆم، کە بەریتانیا بەپێى پێویست پشتگیرى لەو پرۆسەیە نەکرد، جۆرێک لە ساردبوونەوە دروست بوو، بەڵام دواى ئەوەى سەرۆک مەسعود بارزانى، سەرۆکى پێشووى هەرێمى کوردستان، دەسەڵاتەکانى بە کاک نێچیرڤان بارزانى، بەریتانیا بە گەرمى پێشوازییان لەو هەنگاوە کرد، چونکە کاک نێچیرڤان بارزانى وەکو کەسێکى دەوڵەتدار، کە پێگەیەکى گرنگى هەیە لە هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە.

ــ ئێوە باسى سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەریتانیا کرد لە (2014)دا، ئەو کاتەى سەرۆک وەزیرانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بوو، ئەوکات پەرلەمانتارێکى بەریتانیا دەڵێت: هیوایەکى زۆرباش هەبوو بۆ باشتربوونى پەیوەندیى هەردوولا، ئێستا لەگەڵ ئەو سەردانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەریتانیا، دەتوانین بڵێین دیسان ئەو هیوایە سەرهەڵدەداتەوە و ڕۆڵى دەبێ لە پێشخستنى پەیوەندیى نێوان هەردوولا؟

د. محەممەد جەلال: بەڵێ هەلێکى گرنگ لەبەر دەستدایە بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و بەریتانیا، بەتایبەت دواى ئەوەى کە بەریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپا دەرچوو لە ڕێگەى برێکزیتەوە، ئێستا بەریتانیا زۆر بە جددى بە دواى دەرفەتى کارى نوێى و هەلى وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕى بازرگانى دەگەڕێ هەروەها دۆزینەوەى بازاڕى تازە بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکانیان، هەرێمى کوردستان لەو بوارەدا دەتوانێ پێگەیەکى گرنگى هەبێت بۆ ئەوەى لە بوارى نەوت و وزە و گازى سروشتى و لە چەندین بوارى تردا هەلى کار و بازرگانى بۆ بەریتانیا بەدەست بێنێت، چونکە بەریتانیا ئەو قەیدوقیودانەى پێشووى یەکێتیى ئەوروپا بەسەرەوە نەماوە، جگە لەمە هەرێمى کوردستان لە بوارى خوێندنى خوێندنى باڵا، ئاڵوگۆڕى کولتوورى و رۆشنبیرى، هەموو ئەوانە بەلاى بەریتانیاوە گرنگە و پەیوەندییەکانى بەریتانیا و هەرێمى کوردستان بەهێز دەکات، لە ماوەى چەند هەفتەى ڕابردوو وەزیرێکى پێشووى بەریتانیا وە سەرۆکى زانکۆى کوردستان لە هەولێر دامەزرا.

هەموو ئەوانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و بەریتانیا بەرەوپێشووە بچن، جگە لەوە بەریتانیا خۆى دەزانێ، کە زمانى دووەمى ئێستاى هەرێمى کوردستان تەقریبەن بۆتە زمانى ئینلگیزى، کە نەوەى تازەى کورد گرنگى زۆر بە زمانە نوێیەکان دەدەن لەوانەش زمانى ئینگلیزى، دڵنیام لەڕێگەى هێزى نەرمەوەش بەریتانیا حەز دەکات هەژموونى خۆیان لەناوچەکە زیاتر بسەپێنن، جگە لەوەش وەک دەزانن پەیوەندیى بەریتانیا بە عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە پەیوەندییەکى دێرینە، بەریتانیا خۆى هەوڵى دا ویلایەتى مووسڵ بلکێنێت بە عێراقەوە، کە زیاتر بەمەبەستى ئەوە بوو کە پێکهاتەى کورد زیاتر بتوانێ بڵانس و هاوسەنگى شیعەى عێراق بکات، چونکە بەریتانیا پێى خۆش نییە عێراق بە ئاسانى بچێتە ژێر هەژموونى ئێرانەوە، بوونى پێکهاتەى کوردى لە عێراق ئەم هاوسەنگییە ڕادەگرێت، بەبڕواى من جارێکى تر مێژوو دووبارە بووەوە، بەریتانیا چى مەبەست بوو لەسەرەتاى سەدەى بیستەم، بە نیسبەت پێگە و ڕۆڵى کورد جارێکى تر لە سەدەى بیست و یەکدا دووبارە بۆتەوە، ئەمانە هەمووى بەلاى بەریتانیاوە گرنگە، هەر بەو هۆکارەشەوەیە کە بەریتانیا بە بەردەوامى دەڵێ ئێمە هەرێمێکى بەهێزمان دەوێ لە ناو عێراقێکى دیموکراتى، فیدرالى یەکگرتوودا. 

ـــ لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوو، هەموو ئەو کەسانەى قسەیان کردووە لەسەر سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەریتانیا، لە پەرلەمانتارانەوە تا مامۆستایانى زانکۆ، باس لە پێشخستنى پەیوەندیى هونەرى دەکەن بەتایبەتى لەبوارى فلیمى سینەمایی دا، بۆچى بەریتانیا دەیەوێ لە بوارى هونەری دا پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان باشتر بکات؟

د. محەممەد جەلال: بە هۆکارى ئەوەى کە گەلى هەرێمى کوردستان نوخبەیەکى شارەزایە بە زمانى ئینلگیزى و پێیخۆشە زمانى ئینگلیزى بزانێ، بە حوکمى ئەوەى بەریتانیا ئەو هێزەى سەرەتاى سەدەى بیستەمى نەماوە، دەتوانێ لە ڕێگەى هێزى نەرمەوە (سۆفت پاوەر) هەژموون و نفووز و پێگەى خۆى لە هەرێمى کوردستان زیاتر بەرەوپێشبەرێ، وە لە هەمان کاتدا گەنجانى هەرێمى کوردستان، نەوە تازەکەى زۆر پێیانخۆشە بۆ نموونە بچن لە بەریتانیا و ئەمەریکا بخوێنن، دەیانەوێ زمانى ئینگلیزى فێربن، بۆیە ئەمە دەرگایەکى گەورەیە بۆ بەریتانیا لەو ڕێگەیەوە بتوانێ هونەر و رۆشنبیرى و کوولتوور و نووسین و کتێب و سینەما و فلیم زیاتر لە هەرێمى کوردستان پەرە پێبدات.

ـــ مادەم بەریتانیا دەیەوێ هەژموونى خۆى زیاتر بڵاوبکاتەوە، ئێمە چۆن دەتوانین لەگەڵ ئەو خوێندکارانەى کە دەنێردرێتە بەریتانیا سیاسەتمەدارى بەهێز لە بەریتانیا پەروەردە بکەین، وەک دەزانین بەریتانیا لەڕووى سیاسەتەوە زۆر بەهێزە؟

د. محەممەد جەلال: بەڕاستى پێگەیاندنى ئەو گەنجانە لەدەرەوەى وڵات، دواى گەڕاندنەوەیان بۆ هەرێمى کوردستان و سوود لێوەرگرتنیان لە ئەزموون و شارەزایی و زمان و فێربوونى کولتوورى بەریتانیا بێگومان دەتوانرێ بەم هۆیەوە پەیوەندییەکى بەهێز دروست بکەن لەو ماوەییەى کە لە بەریتانیا، بەم پەیوەندییە و زمان و تێگەیشتنە لە فەرهەنگ و کولتوورى بەریتانی دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان، ببن بە دیپلۆماتکارێکى کارا و بەرپرسى بە توانا، بێگومان ئەمە پەیوەندییەکانى بەریتانیا و هەرێمى کوردستان زیاتر بەرەوپێش دەبات.

ـــ بۆچوونى ئێستاى بەریتانیا بەرامبەر بەریتانیا چییە، چ جیاوازییەکى هەیە لەگەڵ مارگرێت تاچتەر کە دەیگووت: سنوورى عێراق رێگرە لەبەردەم چارەسەرکردنى کێشەى شارستانییەتەکان؟

د. محەممەد جەلال: بەریتانیا دەتوانێ ڕۆڵەکى گەورە بگێڕێ بە فشارخستنەر بەغدا بۆ ئەوەى ئەو ئامانجانەى کە هەیە جێبەجێ بکرێ لە چوارچێوەى دەستووردا، بۆ نموونە هەر دوێنێش لۆردێکى بەریتانیا ئاماژەى بەوەدا کە پێویستە بەریتانیا بەشێوەیەکى ئاشکراتر پشتگیرى لە هەرێمى کوردستان بکات، بەریتانیا تاڕادەیەکى زۆریش ئەو ڕۆڵەى بینیووە، ئەوە نییە بڵێى نەیکردووە، بۆ نموونە لە سەردانى سەرۆک کۆمارى عێراق بۆ بەریتانیا لە ماوەى ڕابردوودا، وەزارەتى دەرەوەى بەریتانیا جەختى لەوەکردەوە کە دەبێ نوێنەرى هەرێمى کوردستان لە شاندەکەدا بێت، ئەمانە هەمووى بەڵگەن لەسەر ئەوەى کە بەریتانیا دەیەوێت هەرێمى کوردستان پێگەیەکى بەهێزى هەبێت لە چوارچێوەى عێراقێکى یەکگرتوودا.

ـــ بۆریس جۆنسۆن کورد و پێشمەرگەى باش دەناسێ، هەروەها سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە و لە چایخانەى مەچکۆ چاى خواردۆتەوە، بە بۆچوونى ئێوە، ئەم کابینەیەى بۆریس جۆنسۆن، کە کوردێکى تێدایە، دواى کۆبوونەوەى وى لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، دەتوانین بڵێین پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەریتانیا بەرەوپێشووەچووە یان باشتر دەبێت؟

د. محەممەد جەلال: لەو بڕوایەدام کاریگەریەکى زۆرى دەبێت، وەک ئاماژەتان پێدا، ئەو کاتەى بۆریس جۆنسۆن سەرۆکى شارەوانى لەندەن بوو، لە مانگى (1)ى (2015) سەردانى هەولێرى کرد، جگە لەم دیدارەى ئەمڕۆ، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى پێشتریش سەردانى لەندەنى کردبوو، لەگەڵ بۆریس جۆنسۆن کۆببووە، وە بیریشم دێت لە کاتى رووداوەکانى دواى رێفراندۆمەکە، کە کاتێک پەرلەمانى بەریتانیا هەندێک لێکۆڵینەوەى کرد لەسەر هەڵوێستى بەریتانیا بەرامبەر رێفراندۆم، کە ئەوکات بۆریس جۆنسۆن وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا بوو، بە ئاشکرا گووتى، ئێمە دۆستى نێچیرڤان بارزانی-م و لە نزیکەوە دەیناسم و کەسێکە من لە نزیکەوە کارم لەگەڵ کردووە.

بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە پەیوەندییانە کاریگەرى زۆرى هەیە بۆ نموونە حەز دەکەم ئاماژە بە شتێکى تریش بدەم، بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان زۆرجار هەوڵدەدات بە شێوازێکى دیپلۆماسى دۆستانە مامەڵە لەگەڵ دۆستانى هەرێمى کوردستان بکات، بۆ نموونە کە باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق دەستى لە کارکێشایەوە، بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە ئۆتۆمبێلى خۆى بردى بۆ ناوچە گەشتیارییەکانى کوردستان. نموونەیەکى تر وەک ئاگادارن ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆکى فەرەنسا بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن سەردانى هەولێرى کرد، بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان دیسان بە ئۆتۆمبێلى خۆى پیاسەکى بەناو شارى هەولێردا پێکرد و دواتر گەیاندییە شوێنى مەبەست. 

هەموو ئەو جۆرە پەیوەندییانە وەکو بڵێی پەیوەندییەکى شەخسى تایبەتى هەیە، بە دڵنیاییەوە کاریگەرییەکى ئێجگار زۆرى هەیە لەسەر بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان، بەڵام لە هەمان کاتیداش دەبێ زانین کە سیاسەتى دەرەوەى وڵاتان عادەتەن سیاسەتێکى جێگیرە، بەڵام ئەمەى کە لە سەردانى بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان ڕوویدا، شتیکى تازە بوو، بەرییانیا بە شێوەیەکى زۆر گەرموگوڕ پێشوازی لە بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد، شێوازى پێشوازیکردنەکە لە فڕۆکەخانە، هەروەها لەبەردەم وەزارەتەکانى بەرگرى و دەرەوەى بەریتانیا، بەم شێوازە ئاشکراییە، شتێکى کەم وێنە بوو، ئەمانە هەمووى بەڵگەى گرنگن لەسەر ئەوەى کە بەریتانیا دەیەوێ پەیامێکى زۆر روون و ئاشکرا بە بەغدا بدات، تەنانەت پەمێکى زۆر ڕوون و ئاشکرا بە وڵاتانى هەرێمى بدات.

بەڕاستى هەرێمى کوردستان گرنگە کە جەخت بکاتەوە لەسەر مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى داعش، لەسەر مەترسییەکانى ئەو میلیشیانەى کە لە عێراق دا خەریکە گەشە دەکەن و پێشدەکەون، دەکرێ بەریتانیا ڕۆڵەکى زۆر گەورە ببینێ لە ریفۆرم و چاکسازى لە هێزى پێشمەرگە کورستان بۆ پێشخستنى هێزى پێشمەرگە لە بوارى چەک و مەشق پێکردن و چەندین بوار و شێواز و ڕێگەى ترەوە.

ـــ ئەو هەموو پەیوەندییەى سەرۆک نێچیرڤان باررزانى هەیەتى لەگەڵ سەرۆکى وڵاتان، وەک بۆریس جۆنسۆن، ئیمانوێل ماکرۆن و بەرپرسانى ئەڵمانیا و ئەمەریکا ئەو پەیوەندییانە دەتوانن چ زەمینیەک بۆ پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان خۆش بکەن، بەتایبەت لەڕابردوو کاتێ کار گەیشتە ئەوەى کە هەڕەشەى لە ناوبردن لەسەر قەوارەى دەستوورى هەرێمى کوردستان بکەن لەلایەن بەغداوە؟

د. محەممەد جەلال: بەڕاستى ئەوە دەرفەتێکى ئاڵتوونییە، بە بڕواى من دواى سەرهەڵدانى داعش پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ فەرەنسا، ئەمەریکا، بەریتانیا و وڵاتانى زلهێز پێینایە قۆناغێکى ترەوە، لەوەى کە لە قۆناغى دۆستایەتییەوە چووینە قۆناغى هاوبەشى و شەریک، کە لە شەڕێکى هاوبەشدا بەشدارین لەگەڵیاندا، لەبەر ئەوە هاتنەکایەى ئەم دەرفەتە دەبێ زۆر بە جوانى بقۆزرێتەوە و سوودى لێوەربگیرێت بۆ ئەوەى دۆزى ڕەواى کورد و هەرێمى کوردستان و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد سوودێکى ئێجگار گەورەى لێ ببیێنێ، ئەم جۆرە گرنگیپێدانە مەرج نییە بەردەوام بێت، ڕەنگە گۆڕانکارى دروست بێت لە هەڵوێستەکاندا، بەڵام گرنگە هەرێمى کوردستان وەکو وڵاتى پێکەوەژیان و تەبایى، وەکو وڵاتى هەموو پێکهاتەکان، لە هەمان کاتدا وەکو بناغەیەکى سەرەکى بۆ چەسپاندنى دیموکراسیەت و مافى مرۆڤ ببیندرێت، ئەمە لاى ئەمەریکا و بەریتانیا و ڕۆژئاواییەکان پێگە و گرنگى هەرێمى کوردستان بەرەو زیاتر و زیاتر دەبات، هەر لەم هۆکارەش ئەم وڵاتە زلهێزانە پێداگیر دەبن کە دەبێ ئەم هەرێمە بپارێزن لە چوارچێوەى عێراقێکى فیدرالى یەکگرتوودا.

ڕەنگە هەموو ئەو هەوڵانە وردە وردە زەمینە خۆش بکات، کە لە داهاتووێکى دوورتردا هەرێمى کوردستان بتوانێ سەربەخۆیى خۆى بەدەست بێهێنێت، بەڵام وەک ئاماژەم پێدا بەڕاستى بەدەستهێنانى پشتگیرى بەریتانیا بۆ جێبەجێکردنى ماددەى (140) ئێجگار گرنگە، چونکە ماوەیەکى زۆرە بەغدا خۆى نادات بەدەستەوە لەسەر ئەو پرسە، هەروە بەدەستهێنانى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان کە ئەمەش زۆر گرنگە، فشارى بەریتانیا بۆ سەر بەغدا، کە هەشیانبووە وەک من ئاگادارم بەردەوام بێت، وە لە هەمان کاتدا پڕچەککردن و ریفۆرم و چاکسازیى لە هێزەکانى پێشمەرگە کە زۆر گرنگن، کە دڵنیام بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەکەى لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا ئاماژەى پێدەدەدات.

ـــ وەک بینیمان کۆبوونەوەى سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئاڵاى کورداستانیش لە تەنیش ئاڵاى عێراق لە پشت سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دانراوە، ئەوە سیاسەتەکە کە پێشتریش هەبووە یان گۆڕانکارە لە سیاسەتى بەریتانیادا؟

د. محەممەد جەلال: سەبارەت بە بەریتانیاوە ئەوان لە چوارچێوەى عێراق دا هەرێمى کوردستان دەبینن، وە بە حوکمى ئەوەى تا ئێستا کوردستان نەبۆتە وڵاتێکى سەربەخۆى تەواو ئەوان ناچارن کە ئاڵاى عێراق دابنێن، ئەگەر تێبینى بکەن هەر لەڕابردوودا پێش ئەوەى بەریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپا دەربچێت، ئاڵاى بەریتانیا لە تەنیش ئاڵاى یەکێتیى ئەوروپا دادەنرا ئێستا کە بەریتانیا دەرچووە لە یەکێتیى ئەوروپا ئەگەر تێبینى بکەن لە وێنەکاندا ئاڵاى یەکێتیى ئەوروپا لادراوە، هەروەها لە ڕوانگەى یاساى نێودەوڵەتى و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەرێمى کوردستان تا ئێستا بەشێکە لە عێراقى فیدرال، ئەوان ناچارن ئاڵاى عێراق دابنیێن، ئەگەرنا وا نەکەن، ئەمە ماناى ئەوەیە ئەوان دان بە سەروەرى عێراق نانێن، وە ئەوە لە پرۆتۆکۆڵى دیپلۆماسییدا بە نەگونجاو دەبیندرێت.

ـــ مەبەست ئەوە نەبوو بۆچى ئاڵاى کوردستان لە تەنیشت ئاڵاى عێراق دانراوە، مەبەستمان لەوە بوو کە دانانى ئاڵاى کوردستان لە پشت سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، ئەمە گۆڕانە لە سیاسەتى دەرەوەى بەریتانیا بەرامبەر هەرێمى کوردستان یان پێشتریش هەر هەبووە؟

د. محەممەد جەلال: ئەگەر لەبیرتان بێت لە (2005)دا، کاتێ دەستوورى عێراق لە مانگى (10)ى (2005)دا پەسندکرا، کە ئەو کات بەڕێز کاک مەسعود بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بوو چوو بۆ لەندەن، بە فەرمى پێشوازى لێکرا و لە تەنیشت تۆنى بلێر، سەرۆک وەزیرانى پێشووى بەریتانیا قسەى کرد، دواى پەسندکردنى دەستوورى عێراق، ئەوان هەرێمى کوردستان بە کیانێکى ئاسایی دەبینین، بەڵام لە هەمان کاتدا دانانى ئاڵاى کوردستان زۆر گرنگە و بەڵگیەە لەسەر ئەوەى کە حاڵەتێکى تایبەت و پێگەیەکى تایبەت، وە سیفەت و خەسڵەتێکى تایبەت بە کوردستان دەدەن لە چوارچێوەى عێراقێکى یەکگرتوودا، بەڵێ دانانى ئاڵاى کوردستان هەر خۆى ئەویش پەیامە، وە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى بەریتانیا بە تێڕوانین و بە چاوێکى تر سەیرى هەرێمى کوردستان دەکات، وە دەزانێ کە ئەمە کیان و قەوارەیەکى جیاوازە لەگەڵ عێراقى عەرەبى.

ـــ دواى کۆبوونەوەى ئەمڕۆ هەردوو سەرۆکەکان، شانسى پێشکەوتنى پەیوەندییەکانى بەریتانیا و هەرێمى کوردستان تا چۆن دەبینى؟

د. محەممەد جەلال: زۆر بە ئەرێنى دەیبینم، وە لەو بڕوایەدام پەیوەندییەکان گەشەسەندنى زیار بە خۆیەوە دەبینێ، بەتایبەت بەریتانیا حەز دەکات پەیوەندییەکانى ئابوورییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان پتەو بکات، وە کرانەوەى ئەو دەرگایانە لە بەریتانیا بۆ ئەوەى پێگى ئابوورى لە هەرێمى کوردستان باشتر بکات دڵنیام پەیوندییەکانى هەرێمى کوردستان و بەریتانیا بەرەوپێشتر دەبات، وە دڵنیام پێگەى هەرێمى کوردستانیش لە عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست تۆکمەتر و پتەوتر دەکات.

ــــ بۆریس جۆنسۆن ئەمڕۆ لەسەرەتاى دیدارەکەى لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانى گووتى: دەمەکى درێژە تۆم نەبنیووە و زۆر خۆشحاڵم کە لێرەى، دەمانەوێ پەیوەندییەکانمان بەهێز تر بکەین، دەتوانین چۆن لەو پەیامە بگەین؟

د. محەممەد جەلال: بەڵێ ئەوە ئاماژەیەکە وەک لەومەوبەر باسمکرد، پەیوەندییەکى دۆستانە لەسەر ئاستى شەخسى دروستبووە، وە باسمکرد لە (2014) بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانى سەردانى لەندەنى کرد، دواتر لە مانگى (1)ى (2015) بەڕێز بۆریس جۆنسۆن سەردانى هەولێرى کرد، ئەمەیش کاریگەرى زۆرى دەبێ لەسەر پەیوەندییەکان، چونکە لەسەر ئاستى کەسیش هەردوو سەرۆک یەکترى دەناسن، وە بەڕێز نێچیرڤان بارزانى وەکو کەسێکى دەوڵەتمەدار کاریگەرییەکى ئێجگار گەورەى هەبووە، ئەگەر تێبینى بکەن بەردەوام هەوڵیداوە سیەفەتێکى کەسى بە دیپلۆماسییەکان بدات، بۆ نموونە لە سەردانییەکەى بەڕێز ماکرۆن بۆ هەولێر، هەروەها لە کاتى دەست لەکارکێشانەوەى باڵیۆزى بەریتانیا لە بەغدا، ئەمانە هەمووى جۆرێک لە خۆشەویستى و هاوڕێیەتى دروست دەکات لە نێوان ئەم کەسایەتییانەدا.

س: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە