هۆشیار سیوەیلى: سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى بۆ بەریتانیا پێگەى دیپلۆماسى کوردستان بەهێزتر دەکات میدیا

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە بارەى کۆبوونەوەى لووتکەى لەندەن لە نێوان سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا دەڵێت، سەردانەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ پایتەختى شانیشینى یەکگرتووى بەریتانیا، سەردانێکى گرنگە، چونکە بەریتانیا وڵاتێکى گرنگە، وە پەیوەندییەکى لەمێژینە و کۆن لە نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیادا هەبووە، بەمەش پەیوەندییەکان دەچنە قۆناغێکى باشتر.

هۆشیار سیوەیلى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە میانى دیمانەیەکدا لەگەڵ رووداو لە (16)ى ئەیلوولى (2021)، دەشڵێت، ئەم سەردانەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، درێژەپێدەرى ئەو هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسیانەیە کە لەوەو پێشدراوە ناویەتى و بەردەوامیش دەبێت، گومانیشم نییە کە پێگەى هەرێمى کوردستان بەهێزتر دەکات، وە لەو کۆبوونەوانە باسى هاوبەشى و هاوکارى نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیا کراوە و دەکرێت لە بوارە جیاوازەکان، کە لەسەر بنەماى بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە.

 

دەقى دیمانەى هۆشیار سیوەیلى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان:

ــ ئێستا وڵاتانى دونیا وەک ئەکتەرێکى سیاسى کاریگەر مامەڵە لەگەڵ کورد و هەرێمى کوردستان دەکەن لە ناوچەکە، ئەو نهێنیە چییە کە ئەو مامەڵەیە لەگەڵ هەرێمى کوردستان و سەرکردەکانى دەکەن؟ 

هۆشیار سیوەیلى: بێگومان سەردانەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ لەندەن، پایتەختى شانیشینى یەکگرتووى بەریتانیا، سەردانێکى گرنگە، چونکە بەریتانیا وڵاتێکى گرنگە، وە پەیوەندییەکى لەمێژینە و کۆن لە نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیادا هەبووە، بێگومان ئەو پەیوەندییە لە بەتایبەتى لە (1991) بە ئاقارێکى باش پەرەى سەند، کە سەرۆک وەزیرانى ئەو کاتە جۆن مێجەر هەموومان دەزانین ڕۆڵەکى باڵاى لەدەرچوونى بڕیارى (688) و دامەزاندنى ناوچەى دژەفڕین هەبوو، ئەم پەیوەندییە بەردەوام بوون و پەرەیاسەند، ئەوەبوو لە (2005) جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى، سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا تۆنى بلێرى بینى، وە لە (2014) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، کە ئەوکات سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بوو، سەردانى لەندەنى کرد، سەرەڕاى بینین و چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمەڵێک لە کاربەدەست و بەرپرسى بەریتانیا بۆریس جۆنسۆن کۆبووەوە، کە ئەوکاتە سەرۆکى شارەوانى لەندەن بوو، دواتریش بۆریس جۆنسۆن سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و تەنانەت سەردانى بەرەکانى جەنگى دژى داعشى کرد.

لە (2017) بەریتانیا و هەرێمى کوردستان هەردوولا هەوڵیاندا کە سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى بەریتانیا بکات، بەڵام ئەوکاتە لەبەر کۆمەڵێک هۆکارى سەرینەگرت، وە سەردانەکە دواخرا بۆ ئێستا. سەردانى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەریتانیا لە زۆر ڕووەوە، لە ڕووى سیاسى، ئەمنى، وە لەڕووى ئابووریشەوە گرنگییەکى تایبەتى هەیە، زۆر گرنگە ئاماژە بەوەبدەم، کە زۆربەى هەرە زۆرەى کۆمپانیا گەورەکانى نەوتى جیهان لە عێراق دەکێشنەوە یان کشاینەوە، لەوانەى کۆمپانیا نەوتى بەریتانى، کە لە کێڵگەى نەوتى رومێلە بەشداربوو و گرێبەستى لەگەڵ عێراق هەبوو، ل کێڵگەى کەرکووک کە لە هەمووى گرنگترە بە نیسبەت ئیمەوە، بەریتانیا دواى ئەوەى کە گرێبەستەکەى لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق تەواو بوو، بڕیاریدا ئەو گرێبەستە نوێ نەکاتەوە و لە کێڵگەى نەوتى کەرکووک بکشێتەوە، بێگومان هەموو ئەوانە زیاتر ڕۆشنایی دەخەنە سەر پێگە و گرنگى هەرێمى کوردستان لەبوارى نەوت و ئابوورى بە شێوەیەکى گشتى، هەروەک ئاماژەشم پێدا بوارى ئەمنى و بەرگرى، یەکێکن لەو بوارانەى کە پێشتر پەیوەندیى پتەو لە نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیادا هەبووە و ئێستاش بەردەوامە.  

ــ ئەندامێکى پەرلەمانى بەریتانیا وتارێکى بۆ رووداو نووسیووە، باس لەوە دەکات کە لە (2014) و دواى سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى بۆ بەریتانیا، هیوایەک هەبوو بۆ ئەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیا زۆر زیاتر بێت، بەڵام دواتر شەڕى داعشى بەسەردا ئەوەش کەمێک لە کارەکانى ڕاوەستاند، پێتانوایە دواى ئەم سەردانەى نێچیرڤان بارزانى بەریتانیا و جارێکى تر کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیرانى بەرگرى و دەرەوەى بەریتانیا پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و بەریتانیا چى لێدێت؟ 

هۆشیار سیوەیلى: گومان لەوە نییە کە پەیوەندییەکان دەچنە قۆناغێکى باشتر وەکو باسمکرد لە بوارانەى کە ئاماژەم پێدا، وە ڕۆڵى هەرێمى کوردستان و پێگەى کوردستان لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەکە و نێودەوڵەتى پێگەیەکى گرنگە، هەروەکو زانیمان ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسان و کاربەدەستان و سیاسەتمەدار و سەرۆک وەزیرانى عێراق ماوەیەک لەمەوپێش سەردانى هەرێمى کوردستانیان کرد، وە بۆ ئەوەى لە نزیکەوە ڕاوبۆچوون دەربارەى پرۆسەى سیاسى بەتایبەتى دەربارەى هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق بگۆڕنەوە، لەسەر ئاستى ناوچەیى دیسانەوە ئەو جموجۆڵە دیپلۆماسییە هەبووە و بەردەوامە، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش لەبیرمان نەچێت، پێشتر سەرۆک ماکرۆن سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانى کرد.

ئەم سەردانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، دیسانەوە بۆ بەردەوامى و درێژەپێدەرى ئەو هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسیانەیە کە لەوەو پێشدراوە و بەردەوامیش دەبێت، وە من گومانیشم نییە کە پێگەى هەرێمى کوردستان بەهێزتر دەکات، وە لەو کۆبوونەوانە باسى هاوبەشى و هاوکارى نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیا کراوە و دەکرێت لەسەرجەم بوارە جیاوازەکاندا، کە لەسەر بنەماى بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە.

ــ ئێوە بینیتان لە رێوڕەسمەکە، هەر لە فڕۆکەوخانەوە ئاڵاى کوردستان هەڵکرا، کاتێ گەیشتە وەزارەتى بەرگرى بەریتانیا پێشوازییەکى زۆر پرۆتۆڵى و سەربازیى لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرا، ئەمە دەلالەت لە چى و چۆنى دەبینین؟

هۆشیار سیوەیلى: لەبیرمان نەچێت ئێمە بە پێى دەستوورى عێراق، هەرێمێکین لەچوارچێوەى وڵاتێکى سەربەخۆ، وە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، واتە بەپێى یاساى نێودەوڵەتى ئێمە ئەو سەروەرییەمان نییە کە یاساى نێودەوڵەتى داویەتى بە دەوڵەتانى ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمى کوردستان لەبەر گرنگى پێگەکەى و بوونى بەرژەوەندیى هاوبەش لە نێوان هەرێمى کوردستان و بەشێکى زۆر لەو وڵاتانەى کە هەرێمى کوردستان پەیوەندى لەگەڵیاندا هەیە، پەیوەندییەکان بەهێز و بەردەوامن، پێشتریش لەکاتى پرۆسەى سیاسى عێراق لە (2003) و (2005) بەدواوە، پێگەى هەرێمى کوردستان زانر دەربارەى دروستکردنەوە و بودنیادنانەوەى عێراق لەسەر بنەمایەکى تەندروست و ڕاست بەتایبەتى ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە داڕشتن و تێپەڕاندنى دەستوور تا دەگاتە شەڕى داعش و دەگاتە ئێستا ئەو پەیوەندییانە بەردەوامن، هەموو ئەم پەیوەندى و گرنگى پێدانە نێودەوڵەتییانەى بە هەرێمى کوردستان، دەلالەت لە پێگەى هەرێمى کوردستان و بوونى بەرژەوەندى هاوبەش دەکاتلە نێوان هەرێمى کوردستان و ئەو دەوڵەتانەى کە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە.

لەبیریشمان نەچێت سەردانەکەى جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ لەندەن لە کاتێکدادێت کە دڵەڕاوکێیەکى زۆر هەیە لەسەر ناوچەکە، دواى ئەوەى ویلاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا لە ئەفغانستان کشانەوە، دیسانەوە سەردانى سەرۆک ماکرۆن بۆ هەولێر وە سەردانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ لەندەن دیسانەوە دڵنیایی کردنەوەیەکە لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە کە هەرێمى کوردستان تاڕادەیەک جیاوازە لەگەڵ ئەفغانستان، وە گرنگى پێدانەکەى دەوڵەتان بە هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت.  

ــ ئێوە زۆر لە بەریتانیا زۆر ژیاوى ئێستاش کە بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستانى، پێتوایە بەریتانیا لە چ بوارێک دەتوانێ پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان پەرەپێبدات، وە دەتوانێ لە چ بوارێکدا هاوکارى هەرێمى کوردستان بکات؟ 

هۆشیار سیوەیلى: بەریتانیا وڵاتێکى گرنگە، چونکە ئەندامێکى هەمیشەیى ئەنجوومەنى ئاسایشە و خاوەنى ڤیتۆیە، بەریتانیا ڕۆڵێکى گەورە لە گۆڕەپانى نێودەوڵەتى دەگێڕێت، لەبەرئەوە پەیوەندییەکى پتەوى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا هەیە، زۆرجار دەگوترێ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا بەبێ بەریتانیا هیچ بڕیارێکى چارەنووساز و گرنگ نادات، بۆ نموونە ئەمڕۆ هاوپەیمانییەتێکى نوێ دروست بوو لە نێوان ئەمەریکا و بەریتانیا و ئوستورالیا لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى، لەبەر ئەوە ڕۆڵى بەریتانیا لەڕووى سیاسى و سەربازی و لە هەمان کاتدا گرنگە. کوردستان دەیەوێ پەیوەندییە ئابوورییەکانى لەگەڵ بەریتانیا بەهێز بکات وەکو ئاماژەم پێدا دواى ئەوەى کۆمپانیاى نەوتى بەریتانیا لە بەشەکانى ترى نەوتى عێراق دەکشێتەوە، وە هیوادارین بە شێوەیەکى گشتى کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەتى ئەو وڵاتە گرنگى زیاتر بە ژێرخانى کوردستان بدەن و زیاتر وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان دا بکەن.

ــ زۆربەى ئەوانەى بۆچوونیان لەسەر بەریتانیا یان وتاریان نووسیووە لەسەر پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و بەریتانیا دەڵێن، لە سێ بواردا هەرێمى کوردستان و بەریتانیا دەتوانن پەرە لە پەیوەندییەکانیان بدەن، سیاسى، ئەمنى، ئابوورى، ئێستا باسى پەرەپێدانى پەیوەندیى کولتووریش دەکرێ، بەریتانیا لەڕووى کولتوورییەوە چۆن دەتوانێ پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان پەرەپێبدات، لە کاتێکدا خۆتان دەزانن بەریتانیا لە عێراق بووە، وە هەر خۆشى عێراقى دروستکردووە و بۆ ماوەیەکى زۆریش لێرە بووە و شارەزاى کولتوورى عێراقە، چۆن دەتوانێ لەڕووى کولتوورییەوە هاوکارى هەرێمى کوردستان بکات؟ 

هۆشیار سیوەیلى: وەک ئاماژەتان پێدا بەریتانیا کۆنترین دەوڵەت بووە لە ناوچەکە وە لە هەندێ قۆناغ دا کاریگەرى سلبى لەسەر دۆزى کورد و کورد هەبووە بە شێوەیەکى گشتى، بەڵام دواى (1991) بێگومان ئەو ڕۆڵە گۆڕا بۆ ڕۆڵێکى پۆزەتیڤ و بونیادنەر دەربارەى کوردستان و هەرێمى کوردستان، لەڕووى کولتوورییەوە لەبیرمان نەچێت کە ژمارەیەکى زۆر لە پەنابەرانى کورد، کە پێشتر پەنابەر بوون هەندێکیان هێشتا پەنابەرن، بەشێکى زۆریان هاووڵاتیى بەریتانین و لەو وڵاتە دەژین و ڕۆڵیان لە بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنى ئەو وڵاتە هەیە، وە ژمارەیەکى زۆر لەوانەى کە پێشتر لە بەریتانیا بوون ئێستا گەڕاونەتەوە هەرێمى کوردستان و ڕۆڵیان لە ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەى هەرێمى کوردستان هەیە، وە دروستکردنى ئەو پردە کولتووری و ئابوورییە هەیە کە لە نێوان هەرێمى کوردستان و بەریتانیادا هەیە، لەبەر ئەوە لەڕووى کولتووریشەوە بێگومان دەکرێ بەریتانیا هاوکارییەکى باشى هەرێمى کوردستان بکات، وە ئەو پەیوەندییە لەوەوپێش هەبووە پتەوتر و بەهێزترى بکات.

ــ هەندێجار وا هەست دەکرێ کە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان بەراورد بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ فەرەنسا و ئەمەریکا، پەیوەندیى سیاسى لەگەڵ بەریتانیا کەمترە، پێتوایە دواى ئەم سەردانە ئاستى پەیوەندییەکانى هەولێر و لەندەن بچێتە ئاستى پەیوەندییەکانى هەولێر لەگەڵ پاریس و واشنتن؟

هۆشیار سیوەیلى: ڕەنگە ئەولەویەتى بەریتانیا جیاواز بووبێت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و فەرەنسا، هێندەى کە پەیوەندى بە سیاسەتى دەرەوە هەیە، بەڵام ئەوە ئەوە ناگەیێنێ بەریتانیا گرنگى بە هەرێمى کوردستان نەداوە یاخود پەرەپێدان و پەرەسەندن نەبووە ئەوە گرنگ نییە، چونکە شتێکى ئاشکرایە کە پەیوەندییەکان لەسەر بنەماى بەرژەوەندى دادمەزرێت، بەریتانیا بەرژەوەندى لە هەرێمى کوردستان هەیە، بەریتانیا لەبەر پاراستنى بەرژەوەندییەکانى لە هەرێمى کوردستان لەو بڕوایەدام کە پەرە بە پەیوەندییەکانى دەدات لەگەڵ هەرێمى کوردستان، وە ئەم سەردانەى کاک نێچیرڤان بارزانى دیسانەوە هەنگاوێکى ترە بۆ پێشخستنى و پەرەپێدانى ئەو پەیوەندییانە لە ئایندەدا. 

س: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە