ڤیان ده‌خیل داوایه‌ك له‌ كازمى و كۆمیسیۆن ده‌كات کوردستانی

نوچه‌نێت

ڤیان ده‌خیل په‌رله‌مانتارى پێشوو له‌ راگه‌یێندراوێكدا، داوا له‌ مسته‌فا كازمى ده‌كات وه‌ك فه‌رمانده‌ى گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌كاربهێنێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ شنگال یارى به‌ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت، داوایش له‌ كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات بنكه‌كانى ده‌نگدان له‌ ده‌ره‌وه‌ى شنگال دابنێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ سێى تشرینى یه‌كه‌م ڤیان ده‌خیل په‌رله‌مانتارى ئێزیدى له‌ خوولى رابردووی په‌رله‌مانى عێراق، راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژارنه‌كان له‌ شنگال چه‌ند داوایه‌ك له‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات.

ئه‌و راگه‌یێندراوه‌ى ڤیان ده‌خیل دواى ئه‌وه‌ دێت، كه‌ چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال رێگرییان له‌ كاندیدانى پارتى دیموكراتى كوردستان كرد بوو، له‌وه‌ى بچنه‌ ناو شنگال و بانگه‌شه‌ بۆ خۆیان بكه‌ن.

ڤیان ده‌خیل له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "ده‌بێت هه‌نگاوى به‌ په‌له‌ بنرێت بۆئه‌وه‌ى هه‌لى یه‌كسان له‌ شنگال به‌ ته‌واوى كاندیده‌كان بدرێت" ڤیان بێ ئه‌وه‌ى ناوى په‌كه‌كه‌ بهێنێ ده‌ڵێ، "هێزێكى چه‌كدارى ناعێراقى كه‌ له‌ودیو سنوور هاتووه‌، رێگرى له‌ كاندیدانى حزبێكى كوردستانى عێراق ده‌كه‌ن بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، كه‌ ده‌ستوورى عێراقى فیدڕاڵ رێگه‌ى پێداون".

دواتر ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئێزیدییه‌ ده‌ڵێ، "داوا له‌ فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ین، بایه‌خێكى تایبه‌ت به‌ شنگال و بدات و ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌كاربهێنێت بۆئه‌وه‌ى رێگرى بكات له‌وه‌ى یاریكردن  و كاریگه‌ریى له‌سه‌ر بژارده‌كانى ده‌نگده‌ر دابنرێت جا له‌ هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ بێت" پێشیوایه‌ به‌رپرسیارێتیش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى تیمى چاودێرانى نێوده‌وڵه‌تى.

ڤیان ده‌خیل پێشنیاریش بۆ كۆمیسیۆن ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى بنكه‌ى ده‌نگدانى جێگره‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى شنگال دابنێت، بۆئه‌وه‌ى مافى ده‌نگده‌رانى شنگال زامن بكرێت.

هه‌فته‌ى رابردوو ئه‌سیل نوجه‌یفى پارێزگارى پێشووى مووسڵ له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاند، په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال خۆى به‌ ته‌واوى سه‌پاندووه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌نگده‌ران ده‌سه‌پێنێ ده‌نگ به‌ كامه‌ كاندید بده‌ن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین