سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: تا پارتى مابێ، نابێ هیچ کەرکووکییەک هەست بە بێکەسی بکات کوردستانی

نوچەنێت:

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدانى پارتى لە کەرکووک، ڕایدەگەیێنێت، لەسەردەمى  پاشایەتییەوە لە عێراق بەردەوام کەرکووکییەکان ئازار دەدەرێن و  هەوڵى گۆڕینى دیمۆگرافى ئەو شارە دراوە و دەشڵێت، "بەڕاستى ئێوە ماندوو کراون و هێشتاش هەر ماندوو دەکرێن."

ئەمڕۆ سێشەممە پێنجى تشرینى یەکەمى (2021)، نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتى بانگەشەى  پشتیوانیکردن لە کاندیدانى پارتى لە کەرکووک وتارێکى پێشکەشکرد و تێیدا ڕاگەیاند، "کوردستانیبوون و کەرکووکیبوون زۆر سەختە، لەبەر ئەوە هەموومان بە هەست و سۆز و عەقڵەوە کەرکووکین، ئێمە وەک پارتی دەمانەوێت کەرکووک بحەسێتەوە."

نێچیرڤان بارزانى لە وتارەکەى، لە  هەولێر ئاماژەى بەوەشکرد، شەڕى پارتى لەسەر کەرکووک، شەڕ بووە لەسەر ناسنامەى نیشتمانیى و مێژوویى کەرکووک، هەروەک مەخموور و شنگال و خانەفین، بەبێ ئەوەى دژى هیچ نەتەوەیەک بین. دەشڵێت، "داوای ئێمە بۆ نەوتی کەرکووک نییە، داوامان لەسەر ناسنامەی کەرکووکە، ئێمە نامانەوێت شەڕێکی نەتەوەیی بە کەرکووکییەکان بکەین، نامانەوێت شەڕی نەتەوەیی لە کەرکووک بکرێت، کە بە پێچەوانەی هەموو شۆڤێنییەک، دەمانەوێت، ئارامی، خزمەتگوزاری، ئاوەدانی و هاوبەشیی راستەقینە لە کەرکووک هەبێت."

جێەجێبەجێکردنى ماددەى (140)، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە چارەسەر دەزانێ و دەڵێت، "نامانەوێت بە شەڕ و کودەتا چارەنووسی کەرکووک یەکلایی بکرێتەوە، بەڵکو لە رێگەی ماددەی (140)وە دەمانەوێت مافەکانیان یەکلایی بکرێتەوە." 

سەبارەت بەوانەى ڕێگرن لە جێبەجێکردنى ماددەى (140)، نێچیرڤان بارزانى گووتى، "ئەوانە دژى دەستوورن، دژى ئاشتى و سەقامگیری و پێکەوەژیانن، هەروەها دژى ئیرادەى ئازادى گەلى عێراقن کە (80%)یان دەنگیان بە دەستوورداوە."

لە وتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانى، باسى لەوەشکرد، کە پارتى نایەوێ هیچ نەتەوە و لایەنێک بشکێت، بەڵکو "هەموومان خۆمان بە سەرکەوتوو بزانین لە کەرکووک، ئەمەیە سیاسەتى و دیدگاى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان." 

گووتیشى، "ئەوەندەى پێمان کرابێ لە بودجەى هەرێمى کوردستانەوە، خزمەتگوزاریمان بۆ کەرکووک دابینکردووە، تا ئەو کاتەى ئیدارەیەکى شەرعى و هاوبەش لە کەرکووک هەبوو، لەسەر فەرمانى سەرۆک بارزانى، زۆر پڕۆژەمان بۆ کەرکووک جێبەجێ کرد." 

جێگری سەرۆکی پارتی راشیگەیاند، "دەبێت کار بۆ چەسپاندنی ناسنامەی کەرکووک بکەین، هەروەها تاوەکو پارتی، سەرکردایەتی و سەرۆکەکەی مابێت، نابێت هیچ کەرکووکییەک هەست بە بێکەسی بکات."

نێچیرڤان بارزانى، جەختى لەوەشکردەوە، کە "پەیوەندیی نێوان کەرکووک و پارتى، پەیوەندیى وەفادارى و دڵسۆزیە،  لەبەر ئەوە بە کەرکووکییە خۆشەویستەکان دەڵێم لە هیچ کات و ساتێکدا پەیوەندى پارتى و کەرکوو ناپچڕێ و بەردەوامیش دەبێت."

هەروەها ئەوەشى گووت، "کەس نییە باسی مێژووی خەباتی کەرکووک و کوردایەتی لە کەرکووک بکات و ناوی شەهیدەکانی پارتی نەزانێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین