هندستان: بەرنامەیەکى چالاکمان هەیە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمى کوردستان کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیدارێکیدا لەگەڵ باڵیۆزى نوێى هندستان لە عێراق، خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەو وڵاتە دەخاتەڕوو.

ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتى (25/تشرینى یەکەم/2021) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى،  سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە براشانت بایس باڵیۆزى هندستان لە عیراق کرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ براشانت بایس، "خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و بەتایبەتیش ڕەخساندنى دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى هندستانی دووپات کردەوە و سوپاسى ئەو دەرفەتانەى کرد کە تا ئێستا لەم بوارەدا لە کوردستان پێشکەشیان کردوون."

لەبەرامبەردا براشانت بایس ڕایگەیاند، "هندستان بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەکان و دەرفەتەکانى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى لە عیراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت."

باڵیۆزى هندستان دەشڵێت، "لەگەڵ تیمى کونسولخانەیان لە هەولێر بەرنامەیەکى چالاکیان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و بوارەکانى هاریکاریى هاوبەش هەیە و کارى لەسەر دەکەن."

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى هندستان دەشڵێت، "هەڵبژاردنەکانى عیراق و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانى حکوومەتى داهاتووى فیدراڵى عیراق، بنیاتنانى سیستمى دامەزراوەیى بۆ پاراستنى دیموکراسى، هەروەها پێگەیشتنى سیاسى و بەشداریى دەنگدەر لە پرۆسەى دەنگداندا بۆ گۆڕانکاریى ئاشتیانە"، تاوتوێکران.

ڕاگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێم روونیشیدەکاتەوە، هاوکات "کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیى لەنێوان پێکهاتەکاندا وێڕاى جیاوازیی ئایینى و نەتەوەیى لە هندستان و هەرێمى کوردستان، هەڵگرتنى کۆتوبەندى سەفەر بۆ هندستان، پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و لێکەوتەکانى لەگەڵ پرۆسەى ڤاکسین، گرنگیى گەشتى ڕاستەوخۆى ئاسمانیى نێوان هەردوولا و سەردانى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرى پزیشکى لە هندستان"، تەوەرێکى ترى کۆبوونەکە بووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین