كورد و سوننه‌ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

چاودێرانى سیاسى بۆ رۆژنامه‌ى ئێندپێندنت باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كورد و سوننه‌ ئه‌مجاره‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ ته‌وافووقى ناو ماڵى شیعه‌ تێكده‌شكێنن، چونكه‌ به‌ هۆى ئه‌وه‌ى سه‌در براوه‌ى یه‌كه‌مه‌ ده‌توانێ چاوه‌ڕوانى لایه‌نه‌ شیعه‌كانى تر نه‌كات و به‌ رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ كورد و سوننه‌ حكومه‌ت پێكبهێنێت.

كورد و سوننه‌ هانده‌ر ده‌بن سه‌در به‌ ته‌نیا حكومه‌ت پێكبهێنێ

 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 31ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" رۆژنامه‌ى ئێندپێندنتى عه‌ره‌بى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق ده‌كات، پێشبینى ده‌كات ئه‌م جاره‌ پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت وه‌ك جاره‌كانى پێشووتر نه‌بێت. له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، "له‌وانه‌یه‌ جیاوازییه‌كى گه‌وره‌ى كورسییه‌كانى په‌رله‌مان له‌نێوان ره‌وتى سه‌در و لایه‌نه‌ شیعه‌كانى تر، دۆڕانى لایه‌نه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران له‌ سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌ هاوپه‌یمانى فه‌تح، هانده‌ر بێت له‌وه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت ملكه‌چى پێكهێنانى رێككه‌وتنه‌كانى پێشووى ناو ماڵى شیعه‌ نه‌بێت".

ئێندپێندنت باس له‌وه‌ ده‌كات به‌گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌ى چاودێرانى سیاسى یه‌كێك له‌ سیناریۆكان ئه‌وه‌یه‌ ره‌وتى سه‌در سه‌ركه‌وتوو بێت، له‌وه‌ى هێزه‌ كوردییه‌كان و سوننییه‌كان بۆ لاى خۆى رابكێشێ، به‌مه‌یش حكومه‌ت پێكده‌هێنێ.

ره‌وتى سه‌در:
ئه‌گه‌ر براوه‌ و دۆڕاو رێكبكه‌ون
هه‌ڵبژاردن چ سوودى هه‌یه‌!

 

ئه‌میر كه‌نانى سه‌ركرده‌ له‌ ره‌وتى سه‌در به‌ دوورى زانیوه‌ ئه‌مجاره‌ ره‌وتى سه‌در به‌ شێوازى رابردوو حكومه‌ت به‌ ته‌وافووقى شیعه‌ پێكبهێنێ و ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر براوه‌ و دۆڕاو رێكبكه‌ون سوودى هه‌ڵبژاردن چییه‌؟!" سه‌در له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كه‌وتووه‌ته‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ شیعانه‌ى كه‌ خۆیان به‌ “چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى” ناو ده‌بن، كه‌چى ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى سه‌در له‌ دژى رێككه‌وتنى گشتگیر ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و "چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى" به‌ ناوێكى وه‌همى ناو ده‌بات.

ئه‌حمه‌د شه‌ریفى توێژه‌رى سیاسى له‌ لێدوانێكى بۆ ئێندپێندنت دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، جارێكى تر ره‌وتى سه‌در بۆ ته‌وافووقى ناو ماڵى شیعه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌، یان ناچێته‌وه‌ ناو "چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى" بۆیه‌ به‌ دوورى نازانێ به‌ شێوازى نوێ ره‌وتى سه‌در رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و سوننه‌كان بكات.

مونقز داغر توێژه‌رى سیاسى پێیوایه‌ ئه‌مجاره‌ یه‌كگرتووى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و سوننییه‌كان له‌ ناوخۆیان زیاتر هانده‌ر ده‌بێت، بۆئه‌وه‌ى سه‌در بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ته‌وافووقى شیعه‌ حكومه‌ت پێكبهێنێ. ئه‌و توێژه‌ره‌ ده‌ڵێ، "ئه‌مه‌ تواناى ره‌وتى سه‌در زیاد ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و سوننییه‌كان هاوپه‌یمانى پێكبهێنێ، رێساى پێوێستبوون به‌ تاكه‌ قه‌واره‌ى شیعه‌ بشكێنێ" داغر پێیوایه‌ ئه‌مه‌یش هه‌لێكى گه‌وره‌یه‌ بۆ عێراق تا "ئه‌و ته‌وافووقانه‌ بشكێنێ كه‌ پێشتر له‌م وڵاته‌ حكومه‌ته‌كانى له‌سه‌ر پێكهاتوون". ره‌تیشى ده‌كاته‌وه‌ سه‌در به‌ مه‌رجه‌كانى لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى رازى بێت و ده‌ڵێ، "ئه‌وه‌ى له‌نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌ هه‌یه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ هاوپه‌یمانییه‌ك كۆبكرێنه‌وه‌".

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ى تێگه‌یشتنى زۆربه‌ى چاودێرانى سیاسى باسل حوسێن سه‌رۆكى سه‌نته‌رى كلوازا "kulwathacenter" پێیوایه‌ هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ لایه‌نه‌كانى پێكهاته‌ى سوننه‌ یان كورد یه‌كگرتوو بن، ئه‌و ده‌ڵێ، "هێشتا ناكرێت قسه‌ له‌سه‌ر یه‌كگرتوویى ماڵى كورد و سوننه‌ بكرێت، چونكه‌ دانوستاندن هه‌یه‌ هێشتا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنى كۆتایى، له‌گه‌ڵ بوونى بێ متمانه‌یه‌كى زۆر له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى ئه‌و پێكهاتانه‌".

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى باسل حوسێن باس له‌و كۆسپانه‌ ده‌كات، كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م ره‌وتى سه‌در بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، له‌وانه‌ "لێكدانه‌وه‌ى دادگاى فیدڕاڵى بۆ گه‌وره‌ترین فراكسیۆن و گه‌یشتن به‌ 165 كورسى له‌ په‌رله‌مان" باسل حوسێن دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و سوننه‌كان تا ئێستا ره‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ دژى به‌رژوه‌ندى لایه‌نێكى شیعه‌ بچنه‌ ریزى لایه‌نێكى ترى شیعه‌وه‌".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین