ناكۆكى ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئێران و عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌ركرده‌یه‌كى میلیشیاى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق، گاڵته‌ به‌ ئیره‌ج مه‌سجدى باڵیۆزى ئێران له‌ عێراق ده‌كات، چاودێرانیش ده‌ڵێن كێشه‌یه‌كى قووڵ له‌نێوان ئێران و ئه‌م میلیشیایه‌ هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 13 تشرینى دووه‌م ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ له‌ راپۆڕتێكدا ئاشكراى كردووه‌، كێشه‌یه‌كى قووڵ له‌نێوان میلیشياى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق و به‌رپرسانى ئێران هه‌یه‌ و دواى سه‌ردانه‌كه‌ى ئیسماعیل قائانى بۆ عێراق له‌ ناوه‌ڕاستى هه‌فته‌ى رابردوو كێشه‌كه‌ ئاشكرا بووه‌.

شه‌وى رابردوو ئه‌میر تائى سه‌ركرده‌ له‌ عه‌سائیى ئه‌هلى حه‌ق تویتێكى توانجئامێزى له‌سه‌ر ئیره‌ج مه‌سجدى باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. تێیدا ده‌ڵێ، "ئیره‌ج مه‌سجدى كارى خۆى وه‌ك باڵوێز بیرچووه‌، بۆیه‌ وه‌ك نامه‌به‌ر كار ده‌كات".

دواى ماوه‌یه‌كى كورت ئه‌م په‌یامه‌ى سه‌ركرده‌كه‌ى میلیشیاى ئه‌هلى حه‌ق سڕاوه‌ته‌وه‌. فراس ئه‌لیاس چاودێرى سیاسى بۆ كه‌ناڵى ئه‌لعره‌بیه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، كێشه‌یه‌كى قووڵ له‌نێوان به‌رپرسانى ئێران و قه‌یس خه‌زعه‌لى هه‌یه‌.

وه‌ك ئه‌و چاودێره‌ باسى ده‌كات ئه‌و كێشه‌یه‌ لە دوای كوشتنى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران دروست بووه‌ ، چونكه‌ دواى ئه‌و رووداوه‌ ئێران دووباره‌ رۆڵى به‌سه‌ر سه‌ركرده‌كانى میلیشیاكان دابه‌شكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچ رۆڵێكى به‌ قه‌یس خه‌زعه‌لى نه‌داوه‌. 

له‌دواى ئه‌مه‌یش جارێكى تر كاتێك ئێران له‌ دوایین رۆژانى ده‌سه‌ڵاتى دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مریكاى داواى له‌ میلیشیاكان كرد بیانوو نه‌ده‌نه‌ ده‌ست تره‌مپ كه‌چى عه‌سائیب هێرشى كردووه‌ته‌ سه‌ر ناوچه‌ى سه‌وز.

هه‌فته‌ى رابردوو رۆژێك دواى ئه‌و هێرشه‌ى كرایه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ى كازمى، ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران سه‌ردانى عێراقى كرد و سه‌رچاوه‌ عێراقییه‌كان ده‌ڵێن قائانى سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ى كردووه‌ و دواتریش داواى له‌ میلیشیاكان كردووه‌، ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن قبووڵ بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌یش به‌ دڵى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق نابێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین