بۆچى ئیمارات هەوڵى گەڕانەوەى بەشار ئەسەد دەدات بۆ گۆڕەپانى سیاسى؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

جوناپان هارفى

لە (20)ى تشرینى  یەکەمى مانگى رابردوو، محەمەد بن زاید و بەشار ئەسەد  لە پەیوەندییەكى تەلەفۆنى  پرسە ناوچەیى و نێودەوڵەتییەكان و هەماهەنگى دوو لایەنەیان تاوتوێکرد.

لە نۆى تشرینى دووەمە ئەمساڵ، عەبدوڵا بن زایدى وەزیرى دەرەوەى ئیمارات سەردانى دیمەشقى كرد و چاوى بە بەشار ئەسەدى سەرۆكى سووریا كەوت، بەمەش رووبەڕووى ئاڵنگەرى جیهانى عەرەبى بۆوە، كە بڕیاریان دابوو هیچ هەماهەنگیەك لەگەڵ بەشار ئەسەد نەكەن، بەگوێرەى هەواڵەكان شاندى ئیمارات و سووریا باسیان لە هەماهەنگى وەبەرهێنان و چەند بابەتێكى تر كردووە.

لەسەرەتاى (2020) ئەبوو زەبى پەیوەندییە دەرەكییەكانى لەگەڵ بەشار ئەسەد لەرێگەى پاڵپشتى ئابوورى دەستپێكردەوە، لە پێناو سەپاندنەوەى دەسەڵاتى حكومەتى دیمەشق. لە مانگى حوزەیرانى (2021) وەزارەتى ئابووریى ئیمارات ئاشكراى كرد ئامارى بازرگانى نێوان هەردوو وڵات (272) ملیۆن دۆلارە.

ئەو پەیوەندییانە ئاماژەن، كە ئیمارات بە ئاشكرا سەرپێچى ئەمریكا و یاساى قەیسەڕ دەكات، كە بەسەر ئەو  ئەو وڵاتە دەسەپێندرێت مامەڵە لەگەڵ دیمەشق بكات، دواى سەردانى وەزیرى دەرەوەى ئیمارات بۆ دیمەشق ئەنتۆنى بلینكینى وەزیرى دەرەوەى ئەمریكا رایگەیاند، "ئەمریكا دژ بە هەوڵەكانى ئاساییكردنەوەى پەیوەندییەكانە لەگەڵ بەشار ئەسەد"، لەگەڵ ئەوەش واشنتن چاوپۆشى لەو پەیوەندییە لاوەكیەى ئەبوو زەبى لەگەڵ ئەسەد كردووە، كە ئاماژەیە بۆ هەوڵەكانى ئیمارات بۆ ئاسایكردنەوەى پەیوەندییەكانى لەگەڵ ئەسەد.

پاڵنەرەكانى ئیمارات

لە سەردەمى ئیدارەى دۆناڵد ترامپ و باراك ئۆباما ئیمارات پەیوەندى ئاسایى لەگەڵ دەسەڵاتى ئەسەد هەبوو، بەڵام لە ئیدارەى بایدن هەوڵى دا پەیوەندییەكانى زیاتر بكات، ئەو كارەشى بۆ فراوانكردنى هەژموونى خۆیەتى لەو ناوچەیە.

سروشتى ئیمارات وایە پاڵپشتى كەسایەتییە ستەمكارەكان دەكات، بەتایبەت ئەوانەى دژ بە ئیسلامیى سیاسى دەوەستنەوە، بۆیە ئەسەد لە دیدى ئەبوو زەبى، كەسێكى نمونەییە تاوەكو بەشدارى بنیاتنانەوەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باشوورى ئەفریقیا بكات. 

لە سەرەتاى ململانێیەکانى (2011) لە سووریا، ئیمارات پاڵپشتى گرووپە عەلمانییەكانى دەكرد بۆ ئەوەى هەوڵى دوورخستنەوەى ئیسلامییەكان بدات، ئەوەش پێچەوانەى سعوودییەى هاوپەیمانى بوو، بەڵام دواتر هەنگاو بەهەنگاو هەڵوێستى بەرانبەر حكومەتى سووریا گۆڕا.

لە مانگى ئەیلوولى (2015) حكومەتى ئیمارات پشتیوانى لە دەستوەردانى هێزە ئاسمانییەكانى رووسیا كرد، كە  رۆڵى باڵاى هەبوو بۆ بەهێزكردنەوەى دەسەڵاتى ئەسەد بەسەر سووریا.

لە كانوونى یەكەمى (2018) سوپاى سووریا كۆنتڕۆڵى چەند ناوچەكى خاكى وڵاتەكەى كردەوە، دواى ئەوە ئیمارات باڵیۆزخانەى خۆى لەو وڵاتە كردەوە، دواتریش بەحرێنیش هاوشێوەى ئەبوو زەبى باڵیۆزخانەى خۆى  لە دیمەشق كردەوە.

لە سەردەمى پەتاى كۆڕۆنا ئیمارات بە پاساوى هاوكارى مرۆیى هەماهەنگییەكانى لەگەڵ سووریا زیاتر كرد، ئێستاش ئیمارات كار دەكات بۆ كەمكردنەوەى ئاڵۆزییەكانى لەگەڵ ئێران، كە هاوكارێكى سەرەكى ئەسەدە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر كاركردنى پڕاگماتیانەى ئەبوو زەبى، هەرچەندە یاساى قەیسەرى ئەمریكى هەبوو، بەڵام ئیمارات هەوڵى داوە پاڵپشتییەكانى بۆ حكومەتى ئەسەد تەنیا مرۆیى نەبێت، بەڵكو بەدرێژایى ساڵى (2020) ئیمارات چەند ئەفسەرێكى هەواڵگرى سوورى ڕاهێنانى پێکردن لەسەر سیستەمى زانیارى و پەیوەنییەكان و ئاسایشى كۆمپیوتەر و تۆڕەكان راهێنان، لە هەمان كاتیش كۆمپانیا ئیماراتییەكان سووتەمەنى سوپاى سووریان دابین كردووە.

پاشەكشەى هەژموونى ئەمەریكا

ئیمارات لە چەند كاروبارێكى جیاوازى ناوچەیى رووبەڕووى ئەمریكا دەبێتەوە، لەبەرانبەردا لە چین و رووسیا نزیك دەبێتەوە، چونكە پێى وایە واشنتن هاوپەیمانێكى گرنگە پێویستە پارێزگارى لە پەیوەندییەكانى نێوانیان بكات، هۆكارى یاریكردنى ئیمارات بۆیە بەو جۆرە، لەبەر ئەوەیە ئەگەر تەنیا پشت بە واشنتن ببەستێت تموحە بێسنوورەكانى بۆ فراوانبوونى هەژموونى بەسەر ئەو ناوچەیە سنووردار دەبێت.

دواى كشانەوەى ئەمریكا لە ئەفغانستان و شكستهێنانى لە كەمكردنەوەى ئاڵۆزییەكانى لەگەڵ ئێران و دانانى پلانى كشانەوەى لە عێراق لە (31)ى كانوونى ئەمساڵ، ئەبوو زەبى پێى وایە واشنتن هاوپەیمانێكى متمانە پێكراو نییە، ئەوە وادەكات ئەگەرى كشانەوەى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەهێزتر بێت.

وڵاتانى ناوچەكە لە رێكارەكانى ئەمریكا بەرانبەر حكومەتى سووریا بێهیوا بووینە، دواى ئەوەى بەرپرسانى ئوردنى رەزامەندى ئەمەریكایان بەدەستهێنا بۆ كردنەوەى پەیوەندیى بازرگانى و كردنەوەى دەروازەى سنوورى وڵاتەكەیان لەگەڵ سووریا، لە سێی كانوونى یەكەمى ئەمساڵ شا عەبدوڵا بۆ یەكەم جار دواى ئاڵۆزییەكانى سووریا لەگەڵ بەشار ئەسەد بە تەلەفۆن قسەیان كرد.

ئیمارات لە هەموو وڵاتانى عەرەبى زیاتر هاندەر بوو بۆ دووبارە بنیاتنانەوەى پەیوەندییەكان لەگەڵ سووریا، لە مانگى ئایارى ئەمساڵ عەبدوڵا بن زایدى وەزیرى دەرەوەى ئیمارات رەخنەى لە یاساى قەیسەر گرت و رایگەیاند، "ئەو یاسایە دۆخى سووریاى ئاڵۆزتر كردووە، رێگرە لەبەردەم گەڕانەوەى سووریا بۆ كۆمكارى وڵاتانى عەرەبى".

لەو قۆناغەى ئێستا ئەمریكا پەیوەندییەكانى لەگەڵ ئەسەد دەست پێناكاتەوە، بەڵام نزیكبوونەوەى ئیمارات ئاماژەیە بۆ ئەوەى وڵاتە عەرەبیەكانى هاوپەیمانى پەیوەندییەكان لەگەڵ سووریا دەستپێبكەنەوە، ئەو كاتە واشنتن ناتوانێت رێگرى لەو پەیوەندییانە بكات.

ئەو هەوڵەى ئیمارات گێڕانەوەى بەشار ئەسەدە، نەك وڵاتى سووریا

بەدەر لە جووڵەكانى ئوردن، ئەو هەنگاوانەى ئیمارات هاندەرە بۆ وڵاتانى تر، سعوودییە و میسڕ لە هەوڵى هەنگاونانن بۆ دروستكردنەوەى پەیوەندى لەگەڵ بەشار ئەسەد، عومان لەسەر ئاستى باڵا پارێزگارى لە پەیوەندییەكانى كردبوو لەگەڵ دیمەشق رۆڵى نێوەندگیرێكى بیلایەن لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەبێنێت، بەڵام ئێستا گۆڕانكارى ریشەیى كردووە، سعوودیە ئێستا لە هەموو كات زیاتر ئێران قبوڵ دەكات، وڵاتانى تر لە داهاتوو مامەڵەى زیاتر لەگەڵ هەژموونى تاران لە سووریا دەكەن، بەڵام هەموو وڵاتانى عەرەبى رازى نین پەیوەندیان لەگەڵ ئەسەد ئاسایى بكەنەوە، پێشتریش قەتەر لەپێش فەڵەستین زۆر بەتوندى ئاساییكردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئیسرائیل رەتكردەوە، بۆیە ئەگەرى هەیە ئاساییكردنەوەى پەیوەندییەكانى لەگەڵ ئەسەدیش رەت بكاتەوە.

بۆ ئاسییكردنەوەى پەیوەندییەكان پێویست دەكات ئیمارات مامەڵە لەگەڵ وڵاتە نەیارەكانیش بكات، ئیمارات ئێستا پاڵپشتى ئەسەد دەكات، هەروەها هاوكارى لاوەكى ئەو گروپانەش دەكات كە لەگەڵ توركیا  لە ئیدلیب ململانێیانە، بەڵام لێكنزیكبوونەوەى ئەو دواییەى ئەنقەرە و ئەبوو زەبى ئاماژەیە بۆ دووركەوتنە لەو ململانێ توندەى لە سووریا هەیانبوو.

لە ئێستادا پرسیارى گرنگ ئەوەیە، دواى شەڕى سووریا كێ پاڵپشتى ئاوەدانكردنەوەى ئەو وڵاتە دەكات؟ هەرچەندە كارى لە پێشینەى دەسەڵاتى ئەسەد راستكردنەوەى باردۆخى ئابوورى وڵاتە، كە گەیشتۆتە دۆخێكى مەترسیدار، پێویستى بە رزگاركردنى خێرایە بۆ ئەوەى دڵنیا بێت لە كۆنتڕۆڵكردنەوەى تەواوى وڵاتەكەى، هەرچەندە ئیمارات پاڵپشتى ئەسەد دەكات، بەڵام ئەگەرى ئەوە هەیە تا ئەمەریكا دان بە دەسەڵاتى سووریا دانەنێت، نەتوانێت بەچڕى بەشدارى ئاوەدانكردنەوەى ئەو وڵاتە بكات.

سەبارەت بە رووسیاش، حكومەتى سووریا وەك وڵاتێكى پاشكۆ بۆ یەكێتى سۆڤیەتى نوێ بەكار دەهێنێت، لەو نێوەندەدا چین خاوەنى سەرمایەكى زۆرە، بەڵام لەو قۆناغەى ئێستا هیچ بەرژەوەندییەكى گەورەى لە سووریا نییە، ئەگەر پاڵپشتیش بكات جگە لە هەندێك هاوكارى زۆر لاوەكى، هیچ هاوكاریەكى گەورەى ناكات.

هەرچى هاوپەیمانەكانى ئەسەدیشن ئەوان گرنگى بە مانەوەى دەسەڵاتەكەى دەدەن، بیاتنانەوەى سووریا كارى لە پێشینەیان نییە، ئەگەر وڵاتانیش رێگە بە مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتى ئەسەد بدەن، ئەوە هیچ كاریگەرییەكى نابێت بۆ باشتربوونى دۆخى سوورییەكان كە نزیكەى (10) ساڵە گیرۆدەى ئەو ململانێ توندە بووینەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین