سەرقاڵیی ئەمریکا بە چینەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی لە بیردەباتەوە؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

ئەوەی هەستی پێدەکرێت ئیدارەی ئێستای ئەمریکا زیاتر سەرنجی لەسەر کۆتکردن و گەمارۆدانی چینە و بۆ ئەم مەبەستەش لەسەر ئاستی جیا جیا دەستی بە جموجووڵ کردووە، هەر لە هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی دژبەر و دەوروبەری چین، تاوەکو سەپاندنی سزا و گەمارۆی ئابووری لە چەند ئاستێکدا بەسەر چین دا.

وا دەردەکەوێت ئەم سەرقاڵییەی ئەمریکا بە چینەوە، سەرنجی کەم بکاتەوە لەسەر ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، کە دور نییە زلهێزەکانی دیکە بیقۆزنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەک کە ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەجێی بهێڵێت.

لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕۆژى شەممە ٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ لەکاتی بەشداری لە کۆڕبەندی مەنامە لە شانشینی بەحرەین هەوڵی دا دڵنیایی بداتە هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست کە ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیی ناوچەکە، سەرەڕای ئەوەی واشنتن ئاراستەی گرنگی پێدانەکانی گۆڕیوە بەرەو بابەتی مەترسییەکانی چین.

نازانرێ ئەم قسانەی ئۆستن تاوەکو چەندە کاریگەر دەبن لەسەر هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، چونکە لە وتەکەیدا ئاماژەی کرداریی تێدا نەبوو بۆ ئەم مەبەستە، وەکو ئاماژەی بڵاوکردنەوەی هێز لە ناوچەکە یان فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی ناوچەکە.

وڵاتانی کەنداو، کە بە شێوەی سەرەکی پشتیان بە چەتری سەربازیی ئەمریکا بەستووە بۆ پاراستنیان، بێ متمانەیی خۆیان نەشاردووەتەوە بەرامبەر ئەوەی دەوترێ ئیدارەی بایدن ناوچەی ڕۆژهەڵاتی لا گرنگە و سەرنجی لەسەریەتی، بە تایبەت دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان. ئەو وڵاتانە ئێستا بە چڕی کاردەکەن بۆ چالاککردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان ئێران و هێزە جیهانییەکان.

ئۆستن لە وتەیەکیدا کە لە بەحرەین پێشکەشی کرد وتی "با ڕاشکاو بین، پابەندیی ئەمریکا بە ئاساییشی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستەوە بەهێزە و گومانی تێدا نییە".

ئۆستن وتیشی، پێویست بە کاری پێکەوەیی و تەواوکاریی دەکات لەم ناوچەیە و لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان.

هەروەها ئاماژەشی بەوە کرد، کە ئەمریکا پابەندە بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، تەنانەت لەو کاتەش کە واشنتن کاردەکات لەسەر زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥.

ئۆستن هەروەها وتی "تا ئیستاش پابەندین بە گەیشتن بە ئەنجامێکی دیپلۆماسی بۆ پرسی ئەتۆمی. بەڵام ئەگەر ئێران ئاماد نەبیت بە جددی بەشداریی بکات، ئەوە دەڕوانینە هەموو بژاردە پێویستەکان بۆ پاراستنی ئاساییشی ویلایەتە یەکگرتووەکان".

پەیوەندییەکی ئاڵۆزاو

لەگەڵ گەیشتنی جۆ بایدن بە کورسیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئیدارەکەی ئاشکرایان کردووە کە سیاسەتێکی نوێ بەرامبەر ڕۆژهەلاتی ناوەراست پەیڕەو دەکەن، بە تایبەت بەرامبەر سعودیە. لەم میانەیەشدا کۆتاییان هێنا بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە لە جەنگی یەمەندا، هەروەها هەڵپەساردنی گرێبەستەکانی فرۆشتنی چەک بە ڕیاز، کە تا ئێستاش لە کۆنگرێس مشتومڕی لەسەرە.

لە شوباتی ٢٠٢١ سەرۆک بایدن پابەندیی خۆی دوپات کردەوە بەو بەڵێنەی کاتی هەڵبژاردن دابووی بە کۆتایی هێنان بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هەڵمەتی موشەکبارانکردنی پێنج ساڵەی یەمەن لەلایەن سعودیەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەکەی دەڵێن کە بە تەواوی کۆتایی ناهێنن بە پشتیوانیی سوپای ئەمریکا بۆ شانشینی سعودیە و هاریکاریی سعودیە دەکەن بۆ پتەوکردنی سیستمی بەرگریی خۆی.

وەکو ئاژانسی بلومبێرگ دەڵێت، بەرژەوەندییە جەوهەرییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا ڕوون و دیارن، ئەوەتا نەوتی کەنداو ئێستاش هەڵسوڕێنەری ئابووریی جیهانییە، تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش بڕی زۆری ئەم نەوتە نەکڕێت.

لە ڕووی جوگرافیاشەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سێ ڕێیانی سێ کیشوەری جیهانیدایە، کە ئەمەش دەبێتە هاندەرێکی دیکە بۆ ئەمریکا تا لە هێزە دژبەرەکانی بیپارێزێت.

ئەمریکا هەروەها ناشیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە سەرچاوە و هەناردەکەری هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا، جا لە وڵاتە "ناحەز"ـە خاوەن ئەتۆمەکان بێت یان ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، لە چل ساڵی رابردووشدا بەردەوام ئەم مەترسییە لەسەر ئەمریکا هەبووە!

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین