کارەبا بەرامبەر بە ئاو.... دیپلۆماسیەتی تازەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شیکاری ئابوری

نوچەنیت

وێرای جیاوازی لە سیاسەتەکانیان، بە سەرپەرشتی ئەمریکا و لە ژێر درووشمی سیاسەتی دیپلۆماسیەتی کەشوهەوا، پرۆژەی کارەبا بەرامبەر بە ئاو لە نێوان ئوردن، ئیمارات و ئیسرائیل واژووکراو پێشبینی دەکڕیت پرۆژەکە کاریگەری لەسەر پیشەسازی وزە و گۆرانی ئەو پیشەسازییە بۆ وزەی جێگرەوە دروست بکات

لە کۆتای مانگی ڕابردوو، کۆربەندی COP26ــی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا لە گلاسکۆ بە ڕێوەچوو، ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانی ستراتیژی  بڕیارەکانی ئەو کۆربەندە بوو، دیاریکردنی شوێنی بەڕێوەچوونی کۆربەندەکانی داهاتووە. بە گوێرەی دوا بڕیاری بەشدارابووانی کۆربەند، لە ساڵی 2022 کۆربەندی COP27  لە میسر و کۆربەندی COP28  کە ساڵی 2023 دەبەسترێت لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت. هۆکاری گرنگی بەستنی کۆربەندنی تایبەت بە کەشوهەوا، پێوەستە بە سیاسەتی تازەی ڕۆژئاواییەکانی بۆ کردنەوەی بازاری تازە بۆ تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی وزە و هەروەها واژووکردنی گڕێبەستی تازەی ئابووری و بازرگانی.

یەکێك لە پرۆژە دیارەکانی ئەو ئامانجەی ئەمریکا و ئەورووپا  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واژووکردنی گڕێبەستی پڕۆژەی کارەبا بەرامبەر بە ئاوی نێوان ئیسرائیل - ئیمارات - شانشینی ئوردنە.

بە ئامادەبوونی جۆن کێری ، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری گۆڕانی کەشوهەوا، بەرپرسانی ئوردن، ئیمارات  و ئیسرائیل ڕێککەوتنی پڕۆژەی “کارەبا بەرامبەر بە ئاو”  تایبەت بە بەرهەمهێنانی وزەی هەتاوی  و دابینکردنی  ئاو واژووکرا.

ناوەڕۆکی پڕۆژەکە

بیرۆکەی سەرەکی پرۆژەی کارەبا بەرامبەر بە ئاو لەسەر بنەمای دوو ئامانجی سەرەکی دەبێت، ئەوانیش: پرۆژەی سەوز کە ئامانج بونیاتنان و دروستکردنی وێستەگی بەرهەمهێنانی وزەی هەتاویە لەسەر خاکی ئوردن بە بڕی مێگاوات  بۆ ئیسرائیل و لە بەرامبەردا حکوومەتی تەلئەبیب  لە ڕێگەی پرۆژەی شین، هەڵدەستێت بە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی پاڵێوراو بۆ ئوردن بە بڕی 200 ملیۆن مەتر سێجا و بڕیار وایە لە ساڵی 2022 دەرخستەی تێچووەکانی پرۆژە هاوبەشەکە بڵاو بکرێنەوە.

ئامانجی سەرەکی پرۆژەکە، دابینکردنی ئاوی پاکە بۆ ئوردن و هەروەها بەرهەمهێنانی وزەی پاک و دۆستی ژینگەیە بۆ ئیسرائیل، و بە گوێرەی بەندەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوچەکەدەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئامانجی پرۆژە

لێکەوتەکانی گۆرانی کەشوهەوا و دەرکەوتنی دیاردەکانی وشکە ساڵی، کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاسایشی ئاو  و ئابووری ئوردن دروستکردووە، بە جۆرێک لەسەر ئاستی جیهان، وڵاتی ئوردن دووەم وڵاتە کە تووشی گرفتی کەم ئاوی بۆتەوە و ساڵانە هەر تاکێکی ئوردنی تەنیا 80مەتر سێجای ئاو بەکار دەبات، بەراورد کردنی ئەو ڕێژەیە بە بڕی ستانداری جیهانی کە 500 مەتر سێجایە، زۆر کەمتر بۆتەوە، شانشێنی ئوردن خواستی دابینکردنی ئاوی پاک و پێویستی بۆ ولاتەکەی لە ڕێگەی ئەو پرۆژەیە دابین دەکات.

سەبارەت بە وڵاتی ئیسرائل، بۆ گەیشتن بە ئامانجی سفر کاربۆنی  تا ساڵی 2050، حکوومەتی تەل ئەبیب پێویستی بە بەرهەمهێنانی ڕێژەی ٪30ــی وزەی وڵاتەکەیەتی لە رێگەی وزەی دۆستی ژینگە، بۆ ئەمەیش پێویستی بە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرەی وزە هەیە بە رێژەی ٪17 تا ساڵی 2030، هەر بۆیەش لە رێگەی ئەو پرۆژەیە هەوڵدەدات بگات بە ئامانجە ستراتیژیەکەی.

دیدگای وڵاتانی بەشداربوو لە پرۆژەی کارەبا بەرامبەر بە ئاو

دەربارەی گرنگی پرۆژەی کارەبا بەرامبەر بە ئاو، جۆن کێری وتی" وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشەنگی وڵاتانی جیهانن  بۆ کەوتنە ژێر کاریگەری مەترسیەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هەربۆیەش بۆ رووبەڕوونەوەی ئەو مەترسیە، تاکە چارەسەر بەهێزکردنی پێوەندیەکان و کارکردنی پێکەوەییە"

هەروەها وتیشی" ئەم پرۆژەیە هاوبەشە، فاکتەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ گۆڕانی خێرایی پیشەسازی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"

عبدالله بن زايد آل نهيان وەزیری دەرەوەی ئیماڕات وتی" لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی وزە و ئاو  و بونیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموان، ئەو پرۆژەیە هاوکارێکی سەرەکی دەبێت بۆ ڕووبەروو بوونەوەی لێکەوتەکانی گۆرانی کەشوهەوا لەسەر جیهان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

آل نهيان ئەوەیشی زیاد کرد" شانازی دەکەین کە وڵاتی ئیمارات توانیویەتی بەشدار بێت لە دەستپێشخەری نێوان ئوردن و ئیسرائیل ، و بەشداریکردنی ئیمارات لە بەهێزکردنی پێوەندیەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی وزە و ئاوی ناوچەکە، ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت".

دووپاتیکردەوە کە ئەم پرۆژەیە هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئاشتی لەسەر ئاستی هەرێمی  و هاوکات باشترکردنی باری گوزەرانی خەڵکی ناوچەکە لە پێناو کردنەوەی ژیانێکی باشتر لە داهاتوودا.

هەروەها  سلطان الجابر وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای ئیمارات، گرنگی پرۆژەکەی بۆ دابینکردنی ئاسایشی کاڵاوە ئاشکرا کرد و وتی" گرتنە بەری رێکارەکانی کەشوهەوا بۆ پێشخستنی گەشەی ئباووری جیهانی، پێنگاڤێكی گرنگە بۆ دابینکردنی ئاسایشی کاڵای جیهانی"

جابری باسی لەوەیش کرد کە پرۆژەی کارەبا بەرامبەر بە ئاو، وەک پردێکی هەماهەنگی و هاوکاری دەبێت  بۆ دابینکردنی تەکنەلۆژیا و ماددەی پێویست و گەشەی ئابووری وڵاتانی ناوچەکە و جەختی لەوەیش کردەوە کە ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆی سوود وەرگرتنی زیاتر لە داهێنانە تەکنەلۆژیاییەکان بۆ کارکردنی پێکەوەیی و بەدەستهێنانی ئەنجامێک کە سوودی گشتی هەبێت.

سەبارەت بە گرنگی پرۆژەی هاوبەشی نێوانیان، وەزیری سەرچاوەکانی ئوردن وتی" پرسەکانی گۆرانی کەشوهەوا  و کۆچکردن، دوو پرسی سەرەکی و گرنگی شانشینی ئوردنن کە هەموو هەوڵیک دەخاتەگەر بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی مەترسیەکانی ئەو گۆرانکاریە ببێتەوە ، ئەم ئامانجەش لە رێگەی هاوکاری و هەماهەنگی هەمەلایەن دێتە دی".

هەرچی تایبەتە بە دیدگای ئیسرائیل بۆ گرنگی پرۆژەی کارەبا بەرامبەر بە ئاو بۆ ولاتەکەی، وەزیری  وزەی ئیسرائیل وتی" ئەم پرۆژەیە تەنیا تایبەت نیە بە پێوەندیەکانی نێوان ئوردن و ئیسرائیل، بەڵکو پرۆژەکە پەیامێکە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان و ناوچەکە کە دەتوانن لە رێگەی کارکردنی پێکەوەیی ڕووبەڕووی مەترسیەکانی گۆرانی کەشوهەوا ببینەوە"

پرۆژەی کارەبا بەرامبەر بە ئاو بە گرنگترین پرۆژەی هاوبەشی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل دادەنرێت و دوای رووداوەکانی ساڵی 1994، ئەمە یەکەم پرۆژەیە بەو ئاستە باڵایە پاڵپشتی بکڕیت  و بڕیار وابوو پرۆژەکە  لە گلاسکۆ و لە کۆربەندی COP26 واژوو بکرێت، بەڵام وڵاتی ئیسرائیل بەهۆی بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی و کاریگەری تێچووەکانی ئەو پرۆژەیە بۆسەر بوودجەی وڵاتەکەی، واژووکردنی ڕێککەوتنەکەی دواخست.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین