چۆن خاڵ و نیشانەکانى سەر پێست دەگۆڕێن بۆ شێرچەنجە؟ تەندرووستی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت:

پزیشکێکى شارەزا لە پێست و جوانکارى ، دەربارەى دروستبوونى خاڵ و جۆرەکانى دەڵێت، هەندێ خاڵ مەترسى هەیە ببێتە هۆى شێرپەنجە، وەک خاڵى ڕەش و قاوەیى.

دکتۆرە سەرگوڵ مەغدید، پسپۆڕى نەخۆشییەکانى پێست و جوانکارى لەسەر هۆکارەکانى دروستبوونى خاڵ لەسەر پێستى مرۆڤ و جۆر و زیانەکانى بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "خاڵ ناوە زانستیەکەی (نیڤا) كة بریتیيە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵە خانەیەکی ئاسایی پێست کە ژمارەی خانەکانیان زیاد دەبێت."

تا ئێستا هۆکاری دروستبوونی خاڵ نەزانراوە، بەڵام بۆ ماوەیی رۆڵێکی گرنگی هەیە لەگەڵ هۆکاری ژینگەی، بەتایبەت بەرکەوتنی زۆری تیشکی خۆر و تیشکی سەروو وەنەوشەی.

بە وتەى ئەو پزیشکە دروستبوونى خاڵ دوو کاتى هەیە، "کە منداڵ لەدایك دەبێت، جۆری دووەم بەپێی کات دروست دەبێت. لەهەندێ حاڵەت کاتێک گۆرانی هۆرمۆنی روودەدات و دووگیانی و وەرگرتنی دەرمانی هۆرمۆنی و کیمیایی ئەو حاڵەتانە لەناکاو خاڵەکان زیاد دەکات."

دکتۆرە سەرگوڵ مەغدید دەشڵێت، "جۆرەکانی خاڵ بەگوێرەی خانە رەنگیەکان دەگۆرێت کە لەکوێی پێست دروست دەبن، بە گوێرەی چینەکانی پێست جۆرەکانی خاڵ دیاری دەکرێت. بۆ نموونە هەندێ خاڵ فلاتن و تەنیا رەنگیان هەیە، یاخود بەرزن و رەنگیان هەیە یاخود بەرزن و رەنگیان نییە. ئەوانە بەگوێرەی کۆبوونەوەی خانەکان دەست نیشان دەکرێت."

سەبارەت بەوەى چ جۆرە خاڵ و نیشانەیەک کە لەسەر ئەندامێکى مرۆڤ دروست دەبێت، دەبنە جێگەى مەترسى، 

دکتۆرە سوهام ئامێدى پسپۆڕى نەخۆشییەکانى پێست و جوانکارى و مامۆستاى زانکۆ، بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "ئەو خاڵانەى ڕۆژ لێیدەدات مەترسى لەسەرە، خآڵ پەیوەندی بە رۆژەوە هەیە خاڵێک کە لەسەر دەم و چاوە، جیاوازە لە خاڵێک لە سینگ و پشتی دروست دەبێت. ئەو خاڵەی رۆژی پێدەکەوێت دەبێت کەسەکە ماوە ماوە سەرنج بدات بزانێت رەنگی گۆرایە، ئەگەر خاڵ یەك رەنگ بوو ئەوە مەترسی نییە، بەڵام ئەگەر بووە دوو رەنگ مەترسی دەبێت. دوو خاڵەکە لەناکاو قەبارەی زیاد کرد، سێ دەستی بە خورانکرد، یاخود خوێنی لێ هات واتا ئەو خاڵە دەگۆرێت بۆ نەخۆشی شێرپەنجە." 

دکتۆرە سوهام ئامێدى زیاترى روونیکردەوە، "مەترسی هەیە خاڵ ببێتە شێرپەنجە وەکو خاڵی رەش و قاوەهی بەتایبەت ئەو جێگایانەی خۆریان بەردەکەوێت. هەروەها خاڵ ئەگەر هیچ ئەو نیشانانەی تێدانەبوو کە باسمان کرد مەترسی نییە و لابردنی پێویست نییە، بەڵام ئەگەر ئەو نیشانانە دەرچوون دەبێت بەزووترین کات لابردرێت. "

سەبارەت بەوەى کە خاڵ و نیشانەکان هۆکارن بۆ دروستبوونى شێرپەنجە، ئەو دکتۆرە دەڵێت، "ئەو كەسەى خاڵی زۆرە دەبێت سەردانی دکتۆر بکات سێ مانگ جارێك تاکو دکتۆر پشکنینی بۆ بکات چونکە ئەوانە زیاتر ئامادەن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە. بەتایبەت ئەو کەسانەی زیاتر لە دەرەوەن زیاتر خۆریان بەر دەکەوت پێویستە دژە رۆژ بەکاربێنن."

دەربارەى جۆرەکانى، دکتۆرە سوهام ئامێدى دەڵێت، "پێست دابەشدەبێت بۆ شەش جۆر، جۆرى یەکەم و دووەم لەسەر پێستى ئەو کەسانە دروست دەبێ کە پێستیان سپیە و چاویان رەنگی شین و سەوزە ماددەی میلانینیان کەمە، بچنە بەر هەتاو پێستیان دەوەستێ، چونکە پێستیان ناتوانێت میلانین دروست بکات کە میلانین ماددەیەکە پارێزگاری لە پێست دەکات."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین