وەزیرێکی ژن بە باشترین وەزیری ساڵ دەستنیشان کرا دیمانە و راپۆرت

و: سنوور یاسن: تایبەت بەنوچەنێت

هەمیشە گوێمان لێبووە و بینیوومانە بەجێگەیاندنی ئەرکەکان بەشێوەیەکی تەواو و رێکوپێک ئەگەر هەموو جارێکیش نەبێت، جارێک هاندان و پاڵپشتی بەدواوە دێت، ڕەنگە ئەو کەسە خەڵات بکرێت و دەستخۆشی لێبکرێت بۆ ئەوەی ببێتە هاندانی زیاتری بۆ ئەنجام دانی کاری زیاتر و باشتر، بۆ ئەوەی وەک نموونەیەکی جوان سەیر بکرێت، کەس لێهاتووەکان ویستى ئەوەیان بۆ دروست بێت کاری زیاتر و باشتر بکەن و بیانەوێت کارەکانیان بەرەو پێشەوە ببەن.

لە بەرامبەر خزمەتە بەردەوامەکانی لە بواری تەندروستیدا، دکتۆر حەنان محەمەد ئەلکواری، وەزیری تەندروستى قەتەر، خەڵاتی باشترین وەزیری ساڵی پێبەخشرا لە ڕێوڕەسمى هەشتەمین ساڵەی خەڵاتکردنی باشترین وەزیری ساڵدا. دکتۆر حەنان خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری بەڕێوەبردنی چاودێریی تەندروستیدا، لە زانکۆی بڕونێل لە بەریتانیا بەدەستهێناوە، ئەو کاری زۆری لە بواری پزیشکیدا کردووە، توانیویەتی کەرتی تەندروستی لە قەتەر بەرەو پێشەوە ببات، پلان و کارە تەندروستییەکانى ڕەنگدانەوەی هەبووە لە ژیانی تەندروستی هاووڵاتیانی قەتەریدا.

لە کانوونی دووەمی (2016) دکتۆر حەنان ئەلکوارى، وەک وەزیری تەندروستی گشتیی قەتەر دەستنیشانکرا. هەروەها لە (2007)وە بەڕێوەبەری کۆمپانیای پزیشکی حامەدە. 

دکتۆر حەنان چەندین کار و پۆستى دیکەى لە پاڵ کاری وەزاریدا هەیە لەوانەش:

ــ سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی سیستەمی تەندروستی ئەکادیمی.

ــ سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی پەیمانگای چاودێری تەندروستی حەمادە.

ــ هاوسەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاری هاوبەشی پزیشکی وێڵ کۆرنێڵە.

ــ جێگری سەرۆکی دەستەی پەیمانگای پزیشکی قەتەرە.

ــ ئەندامی دەستەی ڕێجێنتەکانی زانکۆی قەتەرە.

ــ لە تشرینی یەکەمی (2018) وەک ئەندامێکی نێودەوڵەتی لە ئەکادیمیای نەتەوەیی پزیشکی ئەنجوومەنی گەشەپێدان و داهێنان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڵبژێردراوە.

هەروەها لە ئاژانسی ڕۆیتەرز وەک ڕۆژنامەنووس و نووسەرێکی تەندروستی سەربەخۆ کاری کردووە. هاوکات کارى بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ئەنجامداوە. دکتۆر حەنان، وەزیری تەندروستی گشتیی قەتەڕ بەرپرسیارە لە هەموو ئەو بابەتانەى دەکەوێتەژێر بەرپرسیارێتى وەزارەتی تەندروستی گشتی وەک:

ــ چاودێری کوالێتی و کاریگەری ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لەلایەن دابینکەرانی خزمەتگوزاری تەندروستی کەرتی گشتی و تایبەتەوە پێشکەش دەکرێن.

ــ چاودێریکردنی بەرنامەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی، وەک ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، تەندروستی پیشەیی، سەلامەتی خۆراک، سەلامەتی ژینگەیی.

ــ ئامادەکاری و گەشەپێدانی ستراتیژیەتیى تەندروستی نیشتمانی و تەندروستی گشتی قەتەر و چاودێریکردنی پێشکەوتنەکانیان.

لە چوارچێوەی کۆنفڕانسی لوتکەی حکومەتەکانی جیهان لە دوبەی خەڵاتی باشترین وەزیر بە وەزیری تەندروستی گشتیی قەتەر دکتۆرە حەنان بەخشرا، لە ڕێوڕەسمەکەدا نوێنەرانی وڵاتان، حکومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان ئامادەبوون. دکتۆر حەنان ئەلکواری لە وتەیەکدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە وەرگرتنی خەڵاتەکە و سوپاسی میری قەتەر، کارمەندانی تەندروستی، هاووڵاتیان، و هەموو ئەو کەسانەی کرد کە کاریان کردووە بۆ دەستنیشانکردن و خەڵاتکردنی ئەو وەک باشترین وەزیری ساڵ، دڵنیایی دا لە کارکردنی زیاتر و باشتر لە پێناو بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی و دابینکردنی باشترین تەندروستی بۆ هاووڵاتیان، خزمەتکردنی بەردەوام لەم ڕووەوە.

ئەلکوارى  وەک چۆن لە کاتی دەستنیشانکردنی وەک وەزیری تەندروستی گشتیی قەتەڕ چەندین بەڵێنی دابوو و لە ماوەی وەزیراتیدا بەڵێنەکانی بەجێگەیاند لە بواری تەندروستیدا لە پێناو دابین کردنی باشترین تەندروستی بۆ هاووڵاتیان.

دکتۆر حەنان لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا باسی پێشکەوتنەکانی قەتەری کرد و گوتی، "قەتەر لە هەموو بوارەکاندا پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و بووەتە هێمایەکی جیهانی بۆ پەرەپێدانی گشتگیر و بەردەوام". هەروەها وەزیری تەندروستی گشتی سوپاسی هەموو کارمەندانی تەندروستی و هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە لە وڵاتەکەدا کاردەکەن، ئەنجامدانی هەر کارێکی باشی بەرز نرخاند کە خزمەت بە هاووڵاتیان بکات، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە کەرتی تەندروستی سەرکەوتوو بووە لە دابینکردنی خزمەتگوزاری کارا، بەردەوام، داهێنەرانە بۆ دانیشتوان.

قەتەر لە (2021)دا، لە لایەن پەیمانگای لێگاتمی بەریتانی پلەى پێنجەم باشترینی جیهانی لە بواری تەندروستیدا پێبەخشرابوو. کۆنفڕانسی جیهانیی حکومەتەکان ئەمساڵ لە (15-12) شوباتی (2024) بە دروشمی "پێکهێنانی حکومەتەکانی داهاتوو" لە دوبەی بەڕێوەچوو، چەندین سەرۆک وەزیران، وەزیرانی جیاواز و شاندی جۆراوجۆر بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین