باڵیۆزى ئیتالیا سوپاسى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

باڵیۆزى ئیتالیا لە عیراق، "سوپاسى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ ئه‌و پشتگیرییه‌ى له‌ ماوه‌ى كاركردنیدا له‌ عیراق لێى كراوه‌ و هیواى بره‌ودانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى له‌گه‌ڵ ئیتالیادا خواست."

ئەمڕۆ یەکشەممە (28)ى تشرینى دووەم (2021)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ برۆنۆ ئه‌نتۆنیۆ باڵیۆزى ئیتالیا له‌ عیراق كرد.

باڵیۆزى ئیتالیا لە دیدارەکەدا، "پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كرد بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى شه‌وى ڕابردوو له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆرستانى داعشدا له‌ سنوورى گوڵه‌جۆ شه‌هید بوون و هاوخه‌میى خۆى له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاریاندا ده‌ربڕى."

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێم، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، هیواى سه‌ركه‌وتنى برۆنۆ ئه‌نتۆنیۆ خواست له‌ ئه‌ركى تازه‌یدا، هەروەها "سوپاسى هه‌وڵ و كاره‌كانى له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئیتالیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستاندا و پشتگیرى و یارمه‌تییه‌كانى ئیتالیاى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد."

هاوکات سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، لەسەر هێرشەکەى دوێنێ شەوى داعش بۆ سەر هێزەکانى پێشمەرگە ڕاشیگەیاند، "ده‌سه‌لمێنێت كه‌ داعش مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه‌ و ده‌بێ به‌ هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیى هاوبه‌شى سوپاى عیراق و پێشمه‌رگه‌ به‌ پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ره‌نگارى ببینه‌وه‌."

لە کۆبوونەوەکەى نێوان سەرۆکى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى ئیتالیا پرسى "دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ یه‌كڕیزى و ته‌بایى له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستاندا، به‌تایبه‌تیش گرنگیى یه‌كهه‌ڵوێستیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا، دۆخ و پێشهاته‌كانى"، تاوتوێ کرا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین