هاوپه‌یمانى عه‌زم خالید عوبه‌یدى بۆ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كاندید ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌ركردایه‌تى هاوپه‌یمانى عه‌زم به‌ سه‌رۆكایه‌تى خه‌میس خه‌نجه‌ر ئاشكراى كرد، هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان خالید عوبه‌یديیان بۆ سه‌رۆكایه‌تى خولى داهاتووى په‌رله‌مان كاندید كردووه‌، كه‌ پێشتر وه‌زیرى به‌رگريى عێراق بووه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ دووى كانوونى دووه‌م قاسم فه‌هداوى سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانى عه‌زم، له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى ئاشكراى كردووه‌، هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان خالید عوبه‌یدییان بۆ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كاندید كردووه‌.

هه‌ر چه‌نده‌ پێشتر باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى پێشووى په‌رله‌مان و سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم كاندیدى سوننه‌یه‌، بۆ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان، به‌ڵام فه‌هداوى ده‌ڵێ، “كێشه‌یه‌ك له‌ كاندیدكردنى حه‌لبووسى نییه‌، به‌ڵام ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وان ئه‌گه‌ر براوه‌ى یه‌كه‌مى سوننه‌یش بن پۆسته‌كه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنن".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى عه‌زم دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ عوبه‌یدى تاكه‌ كاندیدى ئه‌وانه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و ئاشكرایشى ده‌كات كه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانى تر رێكده‌كه‌ون بۆئه‌وه‌ى كاندیده‌كه‌یان سه‌ر بكه‌وێت.

به‌گوێره‌ى ئه‌و توافووقه‌ سیاسیه‌ى له‌ عێراق له‌دواى 2003 وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت، سه‌رۆكایه‌تى كۆمار بۆ كورد، سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت بۆ شیعه‌ و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانیش بۆ سوننه‌یه‌. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین