پەیوەندییەكانى قەتەر و توركیا لە (20) ساڵى ڕابردوودا شیکاری

نوچەنێت:

لەگەڵ هاتنە سەردەسەڵاتى ئاكپارتى لە (2002) پەیوەندییەكانى قەتەر و توركیا لە بوارى سیاسى و ئابوورى و سەربازييەكان بەشێوەیەكى بەرچاو گەشەى كرد.

ئەزموونى ئەو دوو وڵاتە، لە هەموو وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەزموونێكى جیاوازترە، هەردوولا لەو پەيوەنديانەى نێوانيان سوودمەند بوونە.

توركیا و قەتەر لەسەر زۆربەى دۆسیە نێودەوڵەتى و ناوچەییەكان بۆچوونيان لێك نزیكە، لە (20) ساڵى رابردووش لە چەندین وێستگەى گرنگ پەیوەندییەکانیان بەردەوام گەشەى كردووە.

مێژووى پەیوەندى نێوانیان

لە (1979) بە فەرمى باڵیۆزخانەى هەردوو وڵات لە دەوحە و ئەنقەرە كرانەوە، لەسەر هەموو ئاستەكان پەیوەندییان دەستپێكرد، لە (2014) لیژنەى باڵاى ستراتیژى نێوانیان دروست كرد، لە كانوونى یەكەمى (2015) دەوحە میواندارى خولى یەكەمى ئەو ليژنەيەى كرد.

لەسەرەتاى دروستكردنى ئەو لیژنەیە تا ئێستا شەش جار كۆبۆتەوە، زیاتر لە (60) رێككەوتنیان لە بوارە جۆراوجۆرەكان واژۆكردووە.

بووژانەوەى بەرچاو

لە ساڵى (2002) ئەردۆغان لەگەڵ ژمارەیەك وەزیر سەردانى قەتەرى كرد، لەو كاتەوە پەیوەندى ئابوورى نێوان ئەو دوو وڵاتە زۆر بەرەو پێش چووە، ئەردۆغان لەو سەردانەى چەند رێككەوتنێكى لە بوارى وزە لەگەڵ دەوحە واژۆكرد.

لەسەرەتاى هاتنە سەردەسەڵات، ئاكپارتى دیدێكى تایبەتى بۆ بەرەوپێشبردنى سیاسەتى دەرەوەى وڵاتەكەى هەبوو، هەوڵى دا دووبارە سیاسەتى دەرەوە و هاوسەنگى هێزى توركيا رێك بخاتەوە، بەتايبەت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست چونكە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە سیاسەتى دەرەوەى حكومەتى ئاكپارتى بایەخى تایبەتى هەبوو، دیارترین بەرەو پێشچوون لەو قۆناغەش پەیوەندییەكانى نێوان دەوحە و ئەنقەرە بوو، دواتریش لەسەر ئاستى باڵاى هەردوو وڵات زۆرترين سەردان و ئاڵوگۆڕى ئابوورى دەستى پێكرد.

لە (2008) یەكەم كۆڕبەندى كارى توركیا ــ قەتەر بە ئامادەبوونى عەبدوڵا گول سەرۆكى ئەو كاتەى توركیا بەسترا، لە هەمان ساڵ یاداشتنامەى لێكتێگەیشتنیان بۆ دەستپێكردنى هەماهەنگى لە هەموو بوارەكان واژۆ كرد.

لە (2013) ئەردۆغان باڵەخانەى نوێى باڵیۆزخانەى وڵاتەكەى لە دەوحە كردەوە، لە (2014) كە بووە سەرۆك كۆمار قەتەر یەكەم وڵاتى عەرەبى بوو سەردانى كرد.

دامەزراندنى لیژنەى ستراتیژى

لە مانگى كانوونى یەكەمى (2014) ئەردۆغان و تەمیم بن حەمەد رێككەوتنى دامەزراندنى لیژنەى باڵاى ستراتیژى نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ كرد، یەكەم خولیش دەوحە میواندارى سەرۆكى توركیاى كرد، ئەوەش رێگەى خۆش كرد پەيوەندى سەربازى نێوانيان بەهێز بێت.

كۆبوونەوەى دووەمى ئەو لیژنەیە لە (2016) لە ترابزوونى توركیا بوو، كۆبوونەوەى سێیەم لە (2017) لە دەوحە بوو، كۆبوونەوەى چوارەم لە (2018) لە ئیستەنبوڵ بوو.

لە كۆبوونەوەى (25) تشرینى دووەمى (2019) حەوت رێككەوتنیان لە بوارەكانى ئابوورى و ئاوەدان كردانەوە و بازرگانى و پیشەسازى و تەكنەلۆژیا و تەندروستى و پلانى ستراتیژى و هەماهەنگى زانستى و خاوەنداریەتى فیكرى واژۆ كرد.

ئەو لیژنەیە ساڵانە لە ئاستى بەرز كۆدەبنەوە و پێكەوە راوێژ دەكەن، ئەوەش یەكێكە لە گرنگترین ئاماژەكانى پەیوەندیى فراوان و بەهێزى ئەو دوو وڵاتە.

رێككەوتنى سەربازى

لەو كاتەوەى لیژنەى باڵاى ستراتیژیى دامەزراوە، پەیوەندى نێوان لە هەموو ئاستەكان بەرەو پێشچووە، بەتایبەت لە بوارى بەرگرى و سەربازى.

لە (19) كانوونى یەكەمى (2014) هەردوولا رێككەوتنى هەماهەنگیان لە بوارەكانى مەشق و پیشەسازى سەربازى و جێگیركردنى هێزەكانى توركیا لەسەر خاكى قەتەر واژۆ كرد، واژۆكردنى ئەو رێككەوتنە لەسەر داواى سەرۆكى توركیا بوو، كە لەو ساڵە سەردانى قەتەرى كرد.

لە (10) شوباتى (2015) لیژنەى كاروبارى دەرەوە لە پەرلەمانى توركیا گفتوگۆى لەسەر ئەو رێككەونە كرد، لە پێنجى ئازارى هەمان ساڵ رەزامەندى لەسەر نیشان دا، بە گوێرەى ئەو رێككەوتنە هێزەكانى توركیا لە خاكى قەتەر بۆ هاوكارى ئەو وڵاتە جێگیر كران، هەروەها هەردوو وڵات مەشقى سەربازی هاوبەش پێكەوە بكەن.

لە مانگى كانوونى یەكەمى (2019) بە ئامادەبوونى بەرپرسانى باڵاى سەربازى هەردوو وڵات، بنكەى سەربازى خالیدى كوڕى وەلیدیان بۆ هێزەكانى توركیا لە قەتەر كردەوە.

كودەتا شكستخواردووەكەى توركیا

شەوى (15)ى تەمووزى (2016) لە توركیا هەوڵى كودەتایەكى سەربازى درا، لە سەرەتاى كودەتاكە قەتەر راگەيێندراوێكى بڵاوكردەوە هەر زوو جەختى لەسەر شكستخواردنى ئەو هەوڵە كردەوە، یەكەم وڵاتى عەرەبى بوو بە فەرمى راگەیێندراوى بڵاوكردەوە، هەر ئەو شەوە میرى قەتەر یەكەم سەرۆك  بوو پەیوەندى بە ئەردۆغان كرد و پاڵپشتى وڵاتەكەى بۆ توركیا دەربڕى و پیرۆزبایى سەركەوتنى لە ئەردۆغان و گەلى توركیا كرد، كە شكستیان بەو كودەتایە هێنا، لە بەشێكى قسەكانى گوتى، "بە توندى سەركۆنەى ئەو هەوڵە شكستخواردووە دەكەین، وڵاتى قەتەر بە سەرۆك و هاووڵاتيان لە هەموو بوارەكان پاڵپشتى كۆمارى توركیا دەكات بۆ گرتنەبەرى رێكارەكان لە پێناو پاراستنى شەرعیەتى یاسایى و سەقامگیرى توركیا و پارێزگارى لە دەستكەوتەكانى گەلى ئەو وڵاتە".

دواى دوو هەفتە لەو كودەتا شكستخواردووە، محەمەد بن عەبدورەحمان ئال سانى وەزیرى دەرەوەى قەتەر یەكەم بەرپرسى نێودەوڵەتى بوو سەردانى ئەنقەرەى كرد، دووبارە جەختى لەسەر پاڵپشتى وڵاتەكەى بۆ توركیا كردەوە.

شكاندنى گەمارۆى قەتەر

لە پێنجى حوزەیرانى (2017) سعوودیە و ئیمارات و بەحرێن و میسڕ، گەمارۆیەكییان خستە سەر قەتەر، چەند مەرجێكیان بۆ لادانى ئەو گەمارۆیە دانا، سەرەكیترین مەرج داخستنى بنكەى سەربازى توركیا بوو لە دەوحە، بەڵام توركيا وەڵامى يەكلاكەرەوەى دانەوە، خەلوسى ئاكارى وەزیرى بەرگرى توركیا رایگەیاند، "هەرگیز ئەو بنكەى توركیا لە قەتەر داناخرێت".

لە حەوتى حوزەیرانى هەمان ساڵ پەرلەمانى توركیا زۆر بەپەلە رەزامەندى لەسەر یاساى رێگەپێدانى چوونى هێزەكانى توركیا بۆ قەتەر دەربڕى.

وەڵامى توركیا تەنیا تایبەت نەبوو بە هەماهەنگى سەربازى، بەڵكو چەندین بارهەڵگر خواردن و ئاو و دەرمانى لە رێگەى دەریایى و ئاسمانى بۆ قەتەر رەوانە كرد، بەڵێنیشى دا هەموو پێداویستییەكانى پڕۆژەى دروستكردنى ياريگاى تۆپى پێى بۆ مۆنديالى جيهانى (2022) لە قەتەر دابین بكات.

پاڵپشتى لیرە

لە مانگى ئابى (2018) بەهاى لیرەى توركى پاشەكشەى كرد، قەتەر راستەوخۆ بە بڕى (15) ملیار دۆلار وەبەهێنانى لە توركیا دەستپێكرد.

ئەو دەستپێشخەرییەى قەتەر هەماهەنگى نێوان ئەو دوو وڵاتە لە باردۆخە تەنگەكان دەردەخات، ئەوەش بەهۆى پەيوەندى سیاسى و ئابوورى نێوانییانە، كە لەسەر بەها ئایینى و ئەخلاقییەكان بنیاتنراوە، كە لە ساتە ناخۆشەكان هاوكارى یەكترى دەكەن.

قەتەر لەو كاتە تەنگە لە رووى ئابوورييەوە پاڵپشتى توركیای كرد، ئەوەش وەڵامێك بوو بۆ ئەو رۆڵەى توركیا لە كاتى گەمارۆى سەر قەتەر بینى، كە هەموو پێداویستییەكانى بۆ دابین كرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین