ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان: بەشێک لە بریندارانى شەڕى داعش تا ئێستا هیچیان بۆ نەکراوە کوردستانی

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

لیژنەى کاروبارى پێشمەرگە لە پەرلەمانى کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستى پێشمەرگە کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنى بریندارانى شەڕى داعش، ئەندامێکى لیژنەى کاروبارى پێشمەگەر لە پەرلەمانى کوردستان بۆ نوچەنێت ئاشکراى دەکات، "بەشێک لەو پێشمەرگانەى لەشەڕى داعش برینداربوونە تاوەکو ئێستا هیچیان بۆ نەکراوە، کە ژمارەیان زیاتر (11) هەزار کەس دەبێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە (15)ى کانوونى یەکەمى (2021)، سەعید هەرکى، ئەندامى لیژنەى کاروبارى پێشمەرگە لە لێدوانێکى تایبەت بۆ نوچەنێت دەڵێت، "ئەو پێشمەرگانەى لەشەڕى داعش برینداربوونە، هەندێکیان پێویستیان بە دەست و قاچى دەستکردە، بەڵام تا ئێستا هیچیان بۆ نەکراوە."

سەعید هەرکى باس لەوەشدەکات، تەواوکردنى نەخۆشخانەى پێشمەگەر کە تایبەتە بە پێشمەرگە و خانەوادەکانیان تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەیان بووە، وەک خۆى دەڵێت، "بەهۆى دابیننەکردنى ئامێرى پزیشکى پێویست بۆ ئەو نەخۆشخانەیە، تا ئێستا نەخۆشخانەکە نەکراوەتەوە، کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دروستکراوە، نوسراو بۆ ئەنجوومەنى وەزیران کراوە، بەڵام نەکەوتۆتە بوارى جێبەجێکردن."

سەبارەت بە ژمارەى بریندارانى شەڕى داعش، ئەو ئەندامەى لیژنەى کاروبارى پێشمەرگە روونیکردەوە، "کۆى گشتیى بریندارانى شەڕى داعش (11137) هەزار بریندارە، ((2227 هەزارى ئەفسەرن، (8910)شیان پێشمەرگەن، بۆ سەرجەم بریندارەکان جارێکى تر پشکنین کراوە، کە (4668)هەزار پێشمەرگە کەمئەندامی تەواو دەرچووە."

ئەو دەشڵێت، "بەشێک لەو پێشمەرگانەى ناویان بە کەم ئەندام نەهاتۆتەوە، ناڕەزاییان دەربڕیووە، ئێستا دووبارە بەشی تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە لیژنەیەکی باڵای دروست کردووە، کە لە حەوت کەس پێکهاتووە رۆژانە پشکنین بۆ (45) پێشمەرگە ئەنجام دەدەن."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین