ڕاگەیێندراوێک لە پارێزگاى هەولێر لەسەر لافاوەکەى دوێنێ شەو کوردستانی

نوچەنێت:

پارێزگاى هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "كاتژمێر 4ی به‌یانیه‌وه‌ لافاو له‌ بەشێکى زۆرى سنووری پارێزگای هه‌ولێر دروست بوو و بەداخەوە جگه‌ له‌ زیانی مادی زیانی گیانیشى لێکەووتەوە."

ئەمڕۆ هەینى (17)ى کانوونى یەکەمى (2021)، پارێزگاى هەولێر لەسەر دروستبوونى لافاوەکەى دوێنێ شەو ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تیێدا هاتووە، "جگه‌ له‌ زیانی مادی زیانی گیانیشى لێکەووتەوە."

 

ده‌قی راگه‌یێندراوەکەى پارێزگاى هەولێر:

درەنگانێکى ئەمشەو لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و دەریای سور کە بووە هۆى دروست بوونى شەپۆلێکی بەخورى باران لە شاری هەولێر و له‌ نزیک كاتژمێر 4ی به‌یانیه‌وه‌ لافاو له‌ بەشێکى زۆرى سنووری پارێزگای هه‌ولێر دروست بوو و بەداخەوە جگه‌ له‌ زیانی مادی زیانی گیانیشى لێکەووتەوە.

داواکارین لە هاوڵاتییان ئه‌گه‌ر بۆ كاری زۆر زه‌روور نه‌بێت ڕێگاكانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی هه‌ولێر به‌كار نه‌هێنن، هەروەها لە سنوور سەرجەم ناحیە و قەزا و گوندەکانى هەولێر لە هەرشوێنێک هەستیان بەمەترسى بەرزبوونەوەى ئاو و کاریگەریەکانى باران کرد ڕاستەوخۆ پەیوەندى بە قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحیە و شارەوانى و لایەنە بەرپرسەکانى ئەم شوێنانەوە بکەن، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ جارێکى تر شەپۆلێکی بەخورى باران سنوورى پارێزگاى هەولێر بگرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم تیمەکانى دەزگاکانى (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، هاتوچۆ، تەندروستى، بەرگرى شارسانى، شارەوانیەکان، ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگا) و سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکان خراونەتە ئامادەباشییەوە.  هەر بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حومەتى هەرێمى کوردستان بەووردى چاودێرى دۆخەکە دەکات و چه‌ند جارێک لەڕێگەى پەیوەندى تەلەفۆنیەوە پارێزگارى هەولێرى ڕاسپاردووە لەڕێگە دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بە پەلە بە ھانای زیانلێکەوتووانەوە بچن و ھەرچی پێویست بێت بۆ ھاوکاریکردنیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان ئەنجامی بدەن.

پارێزگاى هەولێر

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین