ماکرۆن دەیەوێت لەم شەش مانگەدا وەرچەرخانی گەورە لە یەکێتیی ئەوروپادا بکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ نۆرەی فەرەنسایە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا، لەم ماوەیەدا حکومەتی فەرەنسا لە ڕووانگەی خۆیەوە کار بۆ جێبەجێکردنی هەستیارترین بڕیارەکانی برۆکسل  دەکات.

کۆمەڵێک فایلی گرنگ لەبارەی پرسە گرنگەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر مێزی حکومەتەکەی ماکرۆنن، گرنگترینی ئەوانە بریتین لە: پرسی کۆچبەری، وەرچەرخان بەرەو وزە خاوێنەکان، دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ ئەو کەموکورتییانەی لە ئەنجامی برێکست دروست بوون، و هەروەها بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی هاوبەشی ئەوروپا. ئەمە ئەو بابەتە گرنگانەن کە حکومەتەکەی ماکرۆن پلانی هەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکات بە چەند ڕێوشوێنێک کە پێدەچێت واقیعی ئەوروپا بگۆڕن.

لە بەرامبەردا، ئەم سەرۆکایەتی وەرگرتنەی فەرەنسا، لەکاتێکدایە کە ئەو وڵاتە لە چاوەڕانیی کێبەرکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسادایە کە بڕیارە مانگی نیسانی داهاتوو ئەنجامبدرێت، بەشێک لە چاودێران وایدەبینن ماکرۆن هەوڵدەدات سەرۆکایەتیی ئەوروپاش بەکاربهێنێت بۆ پشتیوانیی هەڵمەتی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی خۆی.

 

سەرۆکایەتییەک و چوار بنەما

 سەرۆکایەتیی فەرەنسا بۆ یەکێتیی ئەوروپا دوای ئەوە دێت کێشوەری ئەوروپا ساڵێکی پڕ لە پاشەکشەی بەڕێ کردووە، کە تەنانەت سەرۆک ماکرۆنیش نکووڵی نەکرد لەو پاشەکشە ئەوروپییە لە وتارەکەیدا، کاتێک وتی "ئێمە لە چرکەساتێکی ئەوروپاداین کە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵنگاریی تەندروستی و ئابووری، هەڕەشەی هیزە دوژمنکارەکان و گۆڕانی ژینگە، بەڵام وەڵامی شایستە بۆ ئەم ئاڵنگارییانە ئەوەیە بە ئەوروپایی بمێنینەوە".

وەڵامی ئەم ئاڵنگارییانە لە ڕووانگەی (ئەلیزێ) وە، وەک ماڵپەڕە فەرمییەکەیان ڕوونی کردووەتەوە، لەسەر چوار پرەنسیپی بنەڕەتی دەبێت: بەهێزکردنی سەروەریی ئەوروپا، چەسپاندنی گواستنەوە بەرەو وزەی خاوێن، پشتیوانیی دیجیتاڵیزەکردن، و پتەوکردنی لایەنی کۆمەڵایەتی و مرۆیی یەکێتییەکە.

بۆ بەهێزکردنی سەروەریی یەکێتیی ئەوروپا، یەکەم شت کە ماکرۆن تیشکی خستەسەر بابەتی کۆچ بوو، بەوەی دەیەوێت چاودێریی سنوورەکانی ئەوروپا پتەوبکرێن، و ڕێککەوتننامەی نوێی ئەوروپا تایبەت بە کۆچ جێبەجێ بکرێت، و یاساکانی ناوچەی شنگن هەمواربکرێنەوە بەجۆرێک چاودێریی سنوورە ناوخۆییەکانی ئەوروپا بگەڕێنرێنەوە. ئەوە بوو ماکرۆن بەم شێوەیە ئەو نیازەی دەربڕی "پاسەوانیی سنوورەکانمان مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ مسۆگەرکردنی ئاساییشی ئەوروپاییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی کۆچ و خۆدورگرتن لەو تراجیدیایانەی تێیاندا ژیاین".

ڕێککەوتنامە نوێیەکەی ئەوروپا تیشکدەخاتە سەر کۆت و بەندی زیاتر لەسەر ڕێڕەوە سنوورییەکانی دەرەوەی ئەوروپا، تۆمارکردنی پەنابەران، وەرگرتنی پەنجەمۆری پەنابەر، پشکنینی پزیشکیی کەسی پەناخواز، خێراکردنی داخوازییەکانی پەنابەری، جێبەجێکردنی پرەنسیپی شایستەیی پەنابەر، دیاریکردنی ڕێوشوێنی خێرا بۆ دورخستنەوەی ئەوانەی شایستەی پەنابەری نین، بۆ نموونەی ئەوانەی کەیسی وڵاتەکانیان بەشێوەیەکە کە کەمتر لە 20%یان شایستەی پەنابەرین، وەکوو ئەوانەی لە تونس و مەغریبەوە دێن.

لە بابەتی ژینگەشدا، ماکرۆن دەیەوێت دەقی ڕێککەوتننامەی سەوزی یەکێتیی ئەوروپا جێبەجێ بکات، بەڵام ڕەنگە ئەمە ڕووبەڕووی چەند لایەنێکی گەورەی ناو یەکێتیی ئەوروپای بکاتەوە کە نایانەوێ ئەمە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت، بۆ نموونە پۆڵەندا و هەنگاریا، کە یەکەمیان بە مافی خۆی دەزانێت لەم قۆناغەدا سوود لە کانە خەڵووزییەکانی وەربگرێت و دووەمیشیان دەیەوێت کێڵگە گازییەکانی بۆ بەرژوەندیی خۆی بەکاربهێنێت.

ماکرۆن بە نیازە دەست بۆ بابەتێکی دیکەی مشتومراوی ببات، ئەویش هاوتاکردنی کرێی فەرمانبەر و کرێکارە لەناو وڵاتانی یەکێتییەکەدا، ئەم بابەتە مشتومڕی درێژ لەنیوان ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا دروست دەکات و لەناو هەر یەک لە وڵاتانیشدا مشتومر لەنێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا دروستدەکات و مەترسیی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی ناڕەزایی کرێکاران لەناو هەندێک لە وڵاتانی ئەندامدا دروستدەکات.

 

ماکرۆن سەرۆکایەتیی ئەوروپا بەکاردێنێ

 بەشێک لە چاودێران وای دەبینن سەرۆکی فەرەنسا دەیەوێت سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بۆ یەکێتیی ئەوروپا لە بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا و بیخاتە سەر خەرمانەی دەستکەوتەکانی، هەر ماکرۆنیش بوو ساڵی 2017 دا دروشمی هەڵبژاردنەکەی بریتی بوو لە "بەرەو بەهێزکردنی ئەوروپا لەسەر ئاستی جیهاندا".

کلەیر دۆمیمی، توێژەر لە سەنتەری مارک بلۆکی ئەڵمانی-فەرەنسی لە بەرلین، بە جەخت کردنەوە لەمە دەڵێت "ئەم سەرۆکایەتییە مەیدانێکی ئەرێنی دەبەخشێتە ماکرۆن بۆ زەقکردنەوەی دەستەکەوتەکانی لەسەر ئاستی کیشوەری ئەوروپا، ئەمەش جیای دەکاتەوە لە کێبڕکێکارەکانی و هەروەها هەلی خستنەڕووی داواکاری و بیرۆکەی نوێی دەخاتە بەردەم".

دەبێ بڵێین ئەم لایەنە بۆ ماکرۆن وەکوو شمشێرێکی دووسەرە وایە، چونکە لەلایەکی دیکەوە بەسەر ماکرۆندا فەرز دەبێت کە بەڵێنەکانی سەر ئاستی ئەوروپای بەر لە وادەی هەڵبژاردنەکان جێنەجێ بکات، بەمجۆرەش چارەنووسی هەڵبژاردنەکەی دەکەوێتە دەست لایەنە ئەوروپییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی کە دەکرێ هاوڕا نەبن لەوەی ئەو نەخشەڕیگایەی ئەو بگرنەبەر.

سەرچاوە: تەرەتەی عەرەبی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین