موقته‌دا سه‌در : كورد به‌رگرى له‌ مافى كه‌مینه‌كان و سوننه‌ و شیعه‌ ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ تویتێكدا ده‌ڵێ، "ئه‌مڕۆ شوێنێك بۆ تایفه‌گه‌ریى و میلیشیاكان نییه‌" ده‌شڵێ، "هه‌ر یه‌كه‌ له‌ كورد و سوننه‌ و شیعه‌ ده‌بێت، به‌رگرى له‌ مافى یه‌كتر و كه‌مینه‌كان بكه‌ن".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ هه‌شتى كانوونى دووه‌م موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در تویتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا دووپاتى له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ده‌كاته‌وه‌.

له‌سه‌ره‌تاى تویته‌كه‌ى موقته‌دا سه‌در هاتووه‌، "ئه‌مڕۆ شوێنێك بۆ تایفه‌گه‌ریى و ره‌گه‌زپه‌رستى نه‌ماوه‌، به‌ڵكو حكومه‌تێكى زۆرینه‌ى نیشتیمانى ده‌بێـت و تێیدا شیعى به‌رگریى له‌ مافى كه‌مینه‌كان و سوننه‌ و كورد ده‌كات".

سه‌در له‌ تویته‌كه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێـت و ده‌ڵێ، "كوردیش به‌رگرى له‌ مافى كه‌مینه‌كان و سوننه‌ و شیعه‌ ده‌كات، سوننه‌یش هه‌روه‌ها به‌رگرى له‌مافى كه‌مینه‌كان و شیعه‌ و كورد ده‌كات".

سه‌در دواى ئه‌م قسانه‌ دێته‌ سه‌ر بابه‌تى گه‌نده‌ڵى و میلیشیاكان ده‌ڵێ، "ئه‌مڕۆ شوێنێك بۆ گه‌نده‌ڵى نییه‌ ته‌واوى پێكهاته‌كان پاڵپشتى چاكسازى ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆ شوێنێك بۆ میلیشیاكان نییه‌، هه‌موو پاڵپشتى سوپا و پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ن".

له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێ، "بڕیارمان عێراقى، شیعى، سوننى، كوردى، توركمانى، مه‌سیحى، فه‌یلى، شه‌به‌كى، ئێزیدى و سابئى ده‌بێت".

ره‌وتى سه‌در به‌ 75 كورسى براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق و پێداگریى له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ ده‌كاته‌وه‌.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین