کورسی سەرۆککۆمار لە بەرژەوەندی کێ یەکلا دەبێتەوە؟ ناوخۆیی

بەهرە حەمەڕەش-نوچەنێت

لە دوای روخانی رژێمی بەعس پۆستی سەرۆککۆماری عیراق بۆ کوردە، لە ناو کوردیشدا بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووە، بەڵام تا ئێستا ئەم دوولایەنە نەگەیشتوونە رێککەوتن لەسەر بەربژێریک، ئەندامێکی پێشوی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: پێدەچێت لە یەکگەیشتنێکی رانەگەیێندراو هەبێت، چاودێرێکی سیاسی پێیوایە: لە کاتە کۆتاییەکاندا ئەگەری رێککەوتن هەیە.

بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عیراق، لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان یەکلا دەکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا لە ناو خودی یەکێتیش لەسەر پێشکەشکردنی ناوی کەسێک یەکلانەبوونەتەوە، هەریەک لە د.لەتیف رەشید و د.بەرهەم ساڵح دەڵێن: کە خۆیان بۆ ئەم پۆستە بەربژێردەکەن بەڵام راگەیاندنی فەرمی یەکێتی هیچیانی وەکو بەربژێری فەرمی یەکێتی نەناساندووە.

لە هەمان کاتدا پارتی دیموکراتی کوردستان، هوشیار زێباری وەک بەربژێری حزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عیراق راگەیاندووە، هەندێ را هەن دەڵێن" پارتی ڤیتۆی لەسەر بەرهەم ساڵح هەیە بۆیە بەبژێری جیاوازی خۆی راگەیاند".

بەرپرسێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە نوچەی گوت" مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەیەوێ لەگەڵ پارتی بگاتە رێککەوتن، بۆ ئەم مەبەستەش داوایان لە د.بەرهەم ساڵح کردووە کە ئەمجارە خۆی بەربژێرنەکات، بەڵام ئەو رەتیکرەدووەتەوەو دەڵێت: ئەگەری بەربژێری یەکێتیش نەبم وەکو کەسایەتییەکی سیاسی خۆم بەربژێر دەکەم".

بەرای ئەم بەرپرسەی یەکێتی" دۆخی یەکێتی هەستیارە و تەحەمولی قەیرانی زیاتر ناکات، بۆیە پێموایە لە کۆتاییدا تەنازول لە بەربژێرکردنی د.بەرهەم دەکرێت".

یەکێتی تەنازول لە بەربژێرکردنی د.بەرهەم دەکات

شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی پێشوی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ نوچەنێت سەبارەت بە یەکلابوونەوەی بەربژێری کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عیراق رایوایە" بەپێی ئەو یارییەی کە تا ئێستا یەکێتی لە رانەگەیاندنی بەربژێری خۆی بە فەرمی دەیکات، پێدەچێت لێکتێگەیشتنێکی رانەگەیێندراویان لەگەڵ پارتی هەبێت، لە بەرامبەر پۆستی سەرۆککۆمار پۆستێکی تر بدرێت بە یەکێتی، شیمانەی ئەوە دەکرێت، بە پێچەوانەوە بۆچی یەکێتی بە فەرمی بەربژێری خۆی راناگەیەنێت؟".

شادمان مەلا حەسەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە"یەکێتی تا ئێستا لە هیچ راگەیێندراوێکیاندا بەربژێری خۆیان رانەگەیاندووە. هەروەها گوێمان لە کۆمەڵێک لێدوان دەبێ کە دەگوترێت با پەیوەندی یەکێتی و پارتی نەکەینە قوربانی کەس و پۆستێک، وێڕای ئەوەش ئەو بەرەیەی کە راگەیێندراوە(سەدر، حەلبوسی، پارتی و هادی عامری) زۆرینەن ئەگەر یەکێتی لەگەڵ پارتی نەگاتە رێککەوتنێک و ئەو بەرەیەش پابەندبن بەو رێککەوتنەی هەیانە، ئەوا بەربژێری پارتی دەیباتەوە".

شادمان مەلا حەسەن: پێدەچێت لە یەکگەیشتنێکی رانەگەیێندراو هەبێت

دکتۆر یاسین ساڵح، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە ناکۆکی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لەسەر بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عیراق، بە نوچەی راگەیاند" ئەو ماوەیەی کە لەبەردەستە ماوەیەکی زۆر هەستیار و گەرموگوڕە، رەنگە شتی چاوەڕواننەکراوی تێدا رووبدات، مەرج نییە ئەوەی لە بەرچاوە سەداسەد راست بێت".

دەگوترێت لە یەکگەیشتنێکی رانەگەیێنراو لە نێوان یەکێتی و پارتی هەیە. ئایا ئەم ئەگەرە هەیە؟ د.یاسین دەڵێت"پێموانییە لە یەکگەیشتنی رانەگەیێندراو هەبێت، بەڵام دڵنیام سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی لە گرنگی دۆخەکە تێدەگەن و لە کۆتاییدا دەگەنە رێککەوتنێک کە لەبەرژەوەندی گەلی کوردستاندابێت هێشتا کات بۆ ئەم مەبەستە ماوە، ئەوەشمان لە بیربێ کە یەکێتی و پارتی مێژویەکی حوکمڕانییان بەیەکەوە هەیەو بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنیان لە ئەستۆیە".

ئێستا بەرەیەک هەیە کە بریتین لە (سەدر، پارتی، حەلبوسی و هادی عامری) پێتوایە هیچ لایەن و گروپی دیکە بڕۆنە ناو ئەم بەرەیە؟ د.یاسین رایوایە" ئەم تەحالوفە دانەخراوە و موقتەدا سەدر دەڵێت: حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکدەهێنین کەواتە دەرگا کراوەیە بۆ هاتنە ناوەوەی حزب و لایەنی سیاسی دیکە. هەروەها هەوڵێکی جددی هەیە لەسەر ئاستی شیعە، ئاغای قائانی دەیەوێت لایەنە شیعەکان لەیەک نزیک بکاتەوە، لە ناو هەرێمیش هەوڵ بۆ لەیەکنزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان هەیە تا هەموو لایەک بگەنە ئەنجامێک".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەگەری ئەوە هەیە هەموو لایەک بگەنە رێککەوتن و بەشداری لە حکومەت بکەن؟ د.یاسین حکومەتی ئەمجارەی عیراق بە حکومەتێکی جیاواز دەبینێت" پێموایە حکومەتی ئەمجارەی عیراق جیاواز دەبێت بەوەی کە بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز لە پەرلەمان دەبێت و مەرج نییە هەموو لایەنە شیعەکان بگەنە رێککەوتن، بە پێچەوانەی پارتی و یەکێتی کە هێشتا هیوای ئەوەهەیە رێکبکەون". 

لە ئەگەری رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی دۆخی کورد لە بەغدا لاوازدەبێت، ئەم چاودێرە سیاسییە گوتی" هێشتا هیوا بۆ ئاڵوگۆڕی بیرورا هەیە، بەڵام ئەگەر نەشگەنە رێککەوتن ئەوا مانای ئەوەنییە کە لێکترازان روودەدات لە خراپترین حاڵەتدا رەنگە ئەزمونی جاری پێشوو دوبارە بێتەوە". 

د.یاسین: ئەگەری رودانی شتی چاوەڕواننەکراو هەیە

هادی عامری بە بەرەی ئێران ناسراوە. چووەتە ناو ئەو بەرەیەی کە بە دڵخوازی ئەمریکا ناودەبرێن، لە کاتێکدا بەرژەوەندی و ئامانجە سیاسی و ئابورییەکانیان جیاوازە، ئایا ئەم دووبەرەیە دەتوانن لە تەحالوفێکدا پێکەوەبن، یان لە پێکهێنانی حکومەتدا کەسێک هەبێ کە دڵخوازی هەردوو لا بێت یان بتوانێ ئەم باڵانسە رابگرێت؟

دکتۆر یاسین پێیوایە" ئەمە دوو لایەنی هەیە، لایەنێک وەڵامەکەی ئەوەیە کە ئەمجارە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز لە پەرلەمانی عیراق دەبێت، لایەنەکی تر ئەوەیە کە زۆرجار ئەگەر بە فەرمیش نەبێت ئێران و ئەمریکا بە نافەرمی لەسەر کەسێک رێککەوتنیان هەبووە.  ئەمەی وا بڵاوە مانای ئەوەنییە کە سەداسەد وایە، چونکە سەدرو هەموو لایەک رەچاوی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانیان دەکەن و لە سیاسەتدا گفتوگۆو لەیەکنزیکبوونەوەی دژەکانیش ئەگەرە، لە عیراقدا هەژمونی جۆراجۆر هەن هاوشێوەی وڵاتانی دیکە هەر بۆیە ئەم بوارانە رەچاو دەکرێت".

جیا لە سەر ئاستی کورد کە لەسەر بەربژێرێک رێککنەکەوتوون، تا ئێستا لە ناو خودی یەکێتیش رێککەوتن لەسەر بەربژێرێک نییە، ئەمە چۆن یەکلا دەبێتەوە؟

د.یاسین ساڵح جەخت لەوە دەکاتەوە" پێموایە کاتێک یەکلادەبێتەوە کە یەکێتی و پارتی گەیشتنە رێککەوتن لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار".

پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عیراق راگەیاندووە، ئایا دوای ئەوە هێشتا ئەگەری رێککەوتن هەیە؟ د.یاسین دەڵێت" پارتی پێشترئامادەیی خۆی بۆ بەربژێری یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار راگەیاندووە، لە کاتێکدا بەربژێرەکە د.بەرهەم نەبێت، بۆیە لەوانەیە یەکێتی بیەوێت تەنازول لە بەربژێرکردنی د.بەرهەم بکات، بە پێچەوانەوە پارتی بەربژێری خۆی راگەیاندووەو چانسی بردنەوەشی بەهێزە". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین