موحسین عوسمان: گۆڕینی بەربژێرەکانی پارتی و یەکێتی یەک لە ئەگەرەکانە عێراق ناوچەکە و جیهان

بەهرە حەمەڕەش-نوچەنێت

ئەندامێکی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایوایە ئاماژەکان بۆ ئەوەن کۆبوونەوەی سبەی ئەنجومەن دوابخرێت و ئەنجام نەدرێت. لەو حاڵەتەدا کۆمەڵێک ئەگەری دیکە دەکرێنەوە یەک لەوان دووبارەکردنی هەڵبژاردنە.

ئەمڕۆ یەکشەممە(6/شوبات/2022   ) موحسین عوسمان، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ نوچەنێت سەبارەت بە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق گوتی" بەپێی ئەو هەواڵانەی کە تا ئێستا هەیە، لیستی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە ناکەن کە بڕیارە سبەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجامبدرێت، ئەگەر ئەوان بەشداری نەکەن ئەوا بژاردەی دیکە دێنە بەردەم لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتیش چوارچێوەی هەماهەنگی کە نوری مالیکی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لەگەڵیانە".

بڕیارە سبەی دووشەممە(  7/شوبات/ 2022) ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببنەوە. بە پێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی پێویستە لەم کۆبوونەوەیە سێ لەسەر چواری ئەندامانی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەکە بن. واتە( 220 لە کۆی 329) ئەندام بەپێچەوانەوە رێژەی یاسایی دانیشتنەکە تەواو نابێت.

لە بارەی ئەگەری ئامادەنەبوونی لیستی هاوپەیمانی(سەدر، حەلبوسی و پارتی)  موحسین عوسمان دەڵێت" ئەگەر هاوپەیمانی ئامادەی دانیشتنەکە نەبن و تا هەشتی مانگ پرسی سەرۆکۆمار یەکلا نەبێتەوە ئەوا دەبێت دووەم فراکسیۆنی پەرلەمان لە رووی چەندایەتییەوە بەم ئەرکە هەستێت". 

موحسین عوسمان ئاماژە بەوەش دەکات کە" لە هەڵبژاردندا ئەگەرەکان زۆرن، بۆی هەیە پرسەکە بە رێگایەک چارەسەربکرێت کە تا ئێستا نەخراوەتە راگەیاندنەکانەوە، بۆ نمونە باس لە گۆڕینی هەردوو بەربژێری پارتی و یەکێتیش دەکرێت، بۆی هەیە ئەوە یەک لە چارەسەرەکان بێت".

سەبارەت بە رۆڵی وڵاتانی هەرێمی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عیراق، موحسین عوسمان پێیوایە رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە" رۆڵی وڵاتی ئێران، وڵاتانی کەنداو، تورکیا و ئەمریکا و لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانیان لەم پرسەدا گرنگە، چونکە عیراق وڵاتێکە کە دەستوەردانی زۆری تێدادەکرێت". 

 لە بارەی دوا ئەگەری ئەم پرسە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنە، ئەو چاودێرە سیاسییە رایوایە" باسکردن لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بژاردەیەکی ترە، بەڵام باسکردنی ئەوە لە سەرەتادایە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین