سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: یەکڕیز نەبین بەهیچ شێوەیەک ناتوانین دەستکەوتەکانمان بپارێزین کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە رێوڕەسمى ساڵیادى کۆچى دواییکردنى (د. ڕۆژ نورى شاوێس)  پەیامێک ئاراستەى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان دەکات و دەشڵێت، "بە لێکترازان و دوورکەوتنەوە دڵنیاتان دەکەمەوە هیچ لایەنێک لە کوردستان هیچی دەستناکەوێت."

ئەمڕۆ سێشەممە (15/شوبات/2022)، بە ئامادەبوونى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و چەندین بەرپرسى باڵاى پارتى و یەکێتى لەگەڵ نوێنەرى لایەنە سیاسییەکانى تر رێوڕەسمى ساڵیادى کۆچى دواییکردنى (د. ڕۆژ نورى شاوێس) لە هەولێر بەڕێوەچوو.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، لە میانى پێشکەشکردنى وتارێک لە رێوڕەسمەکەدا، سەبارەت بە یەکڕێزى سیاسیی لایەنەکانى ڕایگەیاند، "سەرەڕای هەموو جیاوازییەکانمان، جەخت لەوە دەکەینەوە بەیەکڕیزیی، بەیەکبوون، بەیەکدەنگیی،پێکەوە دەبێت هەموو هەوڵەکانمان بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی هەرێمی کوردستان." 

 

دەقی وتارەکەى نێچیرڤان بارزانى،  سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

هەموو لایەکتان بەخێربێن بۆ مەراسیمی ساڵیادی کۆچی دوایی هەڤاڵ و تێکۆشەر و پێشمەرگە و خۆشەویستی هەموو لایەکمان کاکە رۆژ. 

ئەمڕۆ هەموومان لێرە کۆبووینەتەوە بۆ رێزگرتن و دەربڕینی وەفا و خۆشەویستی بۆ ئەو تێکۆشەرە، بۆ ئەو خەباتکارە کە بە خەباتی خۆی، بە دڵسۆزیی خۆی بۆ کوردستان، بۆ حیزبەکەی، بۆ رێبازەکەی، هەتا دوایین هەناسەی ژیانی مایەوە و وەفاداربوو بۆ ئەو خەباتە، بۆ ئەو رێبازە، بۆ کوردایەتی و بۆ حیزبەکەی.

یادی ئەو خۆشەویستە هەمیشە دەمێنێتەوە، بە سەربەرزی یادی دەکەینەوە، هەموو ئەو قارەمانێتی و ئەو خۆشەویستییەی ئەو هەیبوو لەناو دڵی پێشمەرگەی کوردستان، لەناو دڵی کوردستانییان و دڵی هەڤاڵانی خۆی. ئەمڕۆ یادی ئەو مامۆستا گەورەیە دەکەینەوە، من وەکو شەخس، ماوەیەک شەرەفی ئەوەم هەبووە وەکو جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ کاکە رۆژ ئیشم کردووە، پێش ئەوەش، پێش ئەوەش لە دوای ساڵی 1987 کە کاکە ئیدریس کۆچی دواییکرد، هەر لەو کاتەوە ئێمە (پێشتریش ناسیومە) ئیدی لەو کاتەوە وەکو کار، بەیەکەوە بووین، لە هەموو قۆناخەکانیدا کابرایەکی جیددی بووە، هەمیشە هەوڵیداوە بە دڵسۆزی و وەفاداری بۆ وڵات و حیزبەکەی خۆی کاربکات، ئەگەر سەیری مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین، دوای نسکۆی ساڵی 1975، بەتایبەتی پێش کۆنگرەی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی لە قۆناخێکی زۆر سەختدابوو، بە هەموو جۆرێک هەوڵدەدرا کە پارتی گۆشەگیر ببێت، بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدار کە پارتی گۆشەگیر ببێت هەم لە رووی سیاسییەوە، هەم لە رووی سەربازی و هەموو روویەکەوە. 

من بەو نەوەیە دەڵێم: نەوەی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەو نەوەیەی کە لە دوای نسکۆی ساڵی 1975 و بەتایبەتی لەدوای کۆنگرەی نۆ، دەستیان بە خەبات کرد و نەوەستان هەتا ئەو کاتەی کە حیزبەکەیان بە سەرکەوتوویی هێنایەوە قۆناخی خەبات و تێکۆشان. ئاسان نەبوو، دەتوانم بڵێم ئەوکاتە من زۆر زۆر گەنج بووم، بەڵام دەمبینی. هەندێک لەو هەڤاڵانە کۆچی دواییان کردووە یادیان بەخێر، هەندێک لەو خەباتکەرانە، لەو شۆڕشگێڕانە ئێستا لێرە دانیشتوون کە جێگەی شانازی من و هەموو ئەندامانی ئەم حیزبەن، کە چۆن بە تێکۆشان و خۆ ماندووکردن، لە قۆناخی سەختی خەباتی شاخ، لە قۆناخی دوای راپەڕین و هەتا ئەمڕۆش، سەربەرزانە بە سەرکەوتوویی قیادەی حیزبەکەیان کردووە و توانیان دەستکەوتی گەورە هەم بۆ گەلەکەیان، هەم بۆ پارتی و هەمیش بۆ کوردستان بەدەستبهێنن، هەموویان جێی شانازین، یادی ئەو خۆشەویستانە بەخێر، هیوای تەمەن درێژی و سەرکەوتن بۆ ئەو خۆشەویستانەی لێرە دانیشتوون، کە لێرەن و تەشریفیان هێناوە، بەبێ ئەوەی ناوبێنم، خۆیان تەشریفیان هێناوە، شانازی بەو نەوەیە دەکەین کە لەو قۆناخە سەختانەدا ئاڵای خەبات و تێکۆشانیان هەڵگرت و پارتییان بە سەربەرزی گەیاندە ئەمڕۆ. 

ئەزموونی کەسی خۆم لەگەڵ کاک دکتۆر رۆژ کە جێگری سەرۆکوەزیران بووم، دەتوانم لە چەند دێڕێکدا بیڵێم. کاک دکتۆر رۆژ، هەوڵی بەردەوامی ئەوەبوو، کە حکومەتێکی موئەسەساتی لەم وڵاتە دروستبکات، بەردەوام تێکۆشانی دەکرد بۆ ئەوەی ئەساسی حوکمڕانییەکی دروست و موئەسەساتی لەم وڵاتەدا دابمەزرێ. 

لە دانوستاندنەکان کاکە رۆژ هەمیشە هەوڵی دەدا ئەو شتانە پەیدا بکات کە هاوبەشن، بۆ ئەوەی هەموو لایەک لە دانوستاندنەکان خۆیان بە براوە بزانن، ئەوەش شتێکی زۆر تایبەت بوو، من خۆم لە دانوستاندنەکاندا لە ناوخۆ و دەرەوە و بەغداش، هەوڵمدەدا کاکە رۆژم لەگەڵدابێ، چونکە ئەو هەوڵیدەدا شتێک بدۆزێتەوە کە هەموو لایەک هەست بە سەرکەوتن بکەن. زۆر پەرۆش و خەمخۆری یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بوو. بەبیرمدێ لە گەرمەی شەڕی ناوخۆ لەگەڵ خوالێخۆشبوو کاکە فەلەکەدین، ئەو وەختە مەقالەیەکیان نووسی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆ و پێشنیازی ئەوەشیان کرد، کە دەبێ پارتی و یەکێتی ببن بە یەک حیزب. تا ئەو رادەیە رۆیشت، لە پەرۆشی و خەمخۆری خۆیەوە، بۆ یەکڕیزی کورد، کە ئەوکاتە و ئێستاش مەرجی سەرکەوتنی هەموومانە، کە کورد دەبێ یەکڕیزبێ، یەکدەنگبێ بۆ دەستکەوتەکان نەک بۆ پۆست و پایە. دەبێ هەموومان بەیەکەوەبین، چونکە باوەڕی ئەو بەڕێزە وابوو کە قۆناخی زۆر سەختمان لەپێشە. 

دکتۆر رۆژ باوەڕی وابوو کە تائێستا (زۆر بەداخەوە)، کە ئەو فکرەی کە دەبێ دەستوور دادوەربێ، لە بەغدا جێگیر نەبووە، ئەگەر ئێمەش یەکڕیز نەبین، بەهیچ شێوەیەک ناتوانین دەستکەوتەکانی خۆمان بپارێزین و پەرەی پێبدەین. زۆر جیددی بوو لەسەر ئەوەی کە دەبێ ئەو دەستکەوتانە بە یەکڕیزی بپارێزین و پەرەیان پێبدەین و پێکەوە خەبات بکەین بۆ ئەو ئامانجانەی کە ئێمە لە پێناویدا زۆر قوربانیمان داوە. چ پارتی و چ یەکێتی و چ لایەنە سیاسییەکانی دیکە، هەموومان پێکەوە، ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە لە سایەی خەباتەی تێکۆشەرانی وەکو کاکە رۆژ و هەڤاڵانی ترە و ئەو پێشمەرگە قارەمانانەن کە خوێنی خۆیان بەختکرد، لەپێناو ئازادی و سەرفرازی و بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان. دەبێ ئێمە لەسەر ئەو نەهجە بەردەوامبین، چونکە رێگەیەکی یەکجار دوورمان لەپێشە. 

کاک رۆژ، فەرماندەیەکی (بەتەواوی واتا) سەربازی بوو، داستانەکانی بەرگریی و خۆڕاگری (وەکو کاک فازڵ هێمای بۆ کرد)، هەر لە بادینانەوە هەتا دەگاتە قەرەداخ و شوێنەکانی تری کوردستان، شاهێدی ئەوەن کە کاکە رۆژ چەند سەرکەوتووبوو لە مەیدانی خەباتی سەربازیشدا. 

کاک رۆژ، خەڵکی شاری خۆشەویستی سلێمانی بوو، لە باوک و دایکەوە، خانەوادەیەکی خەباتکار و تێکۆشەربوون، کابرایەکی خەڵکی سلێمانی مەجلیس خۆشبوو، لەگەڵ ئەوەشدا کابرایەکی هەتا بڵێی کوردستانی و کوردپەروەر بوو. هەموو هەوڵێکی دەدا بۆ یەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کورد. کە سەرۆکی پەرلەمان بوو، هەوڵی جیددی ئەوەبوو کە ئەو یاسایانە تێپەڕێنێت کە کاریگەری هەبوو لەسەر ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. ئەمانە هەمووی ئەو یادەوەرییە خۆشانەن، ئەو شتانەن کە یادی کاکە رۆژ وەکو ئەو تێکۆشەر و خەباتکارە بە زیندوویی لەلای هەموو تێکۆشەر و خەباتکارێکی رێبواری ئەم کوردستانە دەمێنێتەوە، جا هەر لایەنێک بن. 

من دڵنیام لەوەی کە نەک تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان، شانازی بەو رۆڵەیەی دەکات، دڵنیام لەوەی لایەنەکانی دیکەش ئەو رێز و خۆشەویستییەیان بۆ کاکە رۆژ هەیە و دەمێنێتەوە. من دەمدیت لە دانوستاندنەکانی خۆمان، لەگەڵ برایانی یەکێتی و لایەنەکانی تر کە چ رێز و ئیحترامێکیان هەبوو بۆی. 

لەم رۆژەدا، دووبارە سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین، سەری رێز بۆ خەبات و ماندووبوون و تێکۆشانی کاکە رۆژ دادەنەوێنین، یادی ئەو بەڕێزە بەخێر.. هەمیشە بە تێکۆشان، بە خەبات و بەرخۆدانی لە یاد و یادەوەری هەموو تێکۆشەرێک و دڵسۆزێکی ئەم کوردستانە دەمێنێتەوە. جەخت دەکەینەوە، ئەو رێبازەی کە کاکە رۆژ خەباتی بۆی کرد و ئێمە بەردەوامدەین، تەئکید دەکەینەوە لەسەر ئەوەی کە، بە یەکڕیزی، بە یەکبوون و پێکەوە هەموو لایەکمان، دەبێ هەوڵ و تێکۆشانمان بەردەوامبێت بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەموو جیاوازییەک، سەرەڕای ئەوەی کە مومکینە بۆچوونی جیاوازیشمان هەبێ، بەڵام مەرجی سەرکەوتنمان، مەرجی تێپەڕاندنی ئەم قۆناخەشمان تەنیا و تەنیا یەکڕیزییە، بە پێکەوەبوون زۆر دەستکەوتمان دەستدەکەوێ، دڵنیاتان دەکەم بە لێکترازان و لێکدوورکەوتنەوە هیچ لایەنێک لە کوردستان، هیچ شتێکی دەستناکەوێ. 

بەهیوای ئەوەی کە کوردستان هەر ئاوەدانبێت، ئینشائەڵڵا بەرەو باشتریش بڕاوت، ئەم قۆناخە سەختەش تێبپەڕێ و کوردستان ئاوەدانبێت و ئێوەش هەر لە خۆشیدا بن.

یادی کاکە رۆژیشمان بە خێر.. بەخێربێن هەموو لایەک سەرچاوان.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین