ئێران: په‌یوه‌ندییمان به‌ هێرشه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر نییه‌

نوچه‌نێت

مه‌حمود عه‌باس زاده‌ سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى له‌ په‌رله‌مانى ئێران راگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ى هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌و هێرشه‌وه‌ نییه‌ كه‌ شه‌وى رابردوو كراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ولێرى پایته‌ختى كوردستان. لێدوانى ئه‌و به‌رپرسه‌ى ئێران له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ به‌رپرسانى ئه‌مریكى ده‌ڵێن هێرشه‌كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ بووه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 13ى ئادارى 2022 مه‌حمود عه‌باس زاده‌ سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى له‌ په‌رله‌مانى ئێران له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ره‌تیكرده‌وه‌ وڵاته‌كه‌ى په‌یوه‌ندى به‌و هێرشه‌وه‌ هه‌بێت، كه‌ شه‌وى رابردوو كرایه‌ سه‌ر هه‌ولێر.

عه‌باس زاده‌ ده‌ڵێ، "به‌گوێره‌ى ئه‌و ئاگادارییه‌ هه‌مانه‌ تا ئه‌م ساته‌ ناتوانین دووپاتى ئه‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێران رۆڵى له‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر هه‌بووه‌".

شه‌وى رابردوو به‌ 12 مووشه‌ك هێرشكرایه‌ سه‌ر هه‌ولێر، به‌ڵام هیچ زیانێكى گیانى له‌ هاووڵاتیان و ئه‌مریكییه‌كان نه‌بوو. چه‌ندان جارى تر له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا به‌ درۆن و مووشه‌ك هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ولێر، به‌ڵام وه‌ك تێبینى ده‌كرێت، میدیاى ئه‌مریكى باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئێران راسته‌وخۆ له‌ پشت هێرشه‌كه‌وه‌ بووه‌، نه‌وه‌ك ئه‌و میلیشیا عێراقییانه‌ى سه‌ربه‌ ئێرانن.

ماركۆ رۆبیۆ سیناتۆرى ئه‌مریكى له‌ لیژنه‌ى هه‌واڵگرى ئه‌نجومه‌نى پیرانى ئه‌مریكا له‌ تویتێكدا باسى له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و مووشه‌كانه‌ى شه‌وى رابردوو راسته‌وخۆ له‌ ناو خاكى ئێرانه‌وه‌ هاتوون، ئێستایش ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن دووپاتى ئه‌و زانیارییانه‌ بكه‌نه‌وه‌.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، به‌رپرسانى ئه‌مریكا پێیانوایه‌ ئه‌م هێرشه‌ له‌ تۆڵه‌ى هێرشه‌كه‌ى ئیسرائیل بووه‌ بۆ سه‌ر چه‌كدارانى ئێران له‌ سووریا. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین