لۆبى توركى لە ئۆباماوە بۆ ترامپ شیکاری

نوچەنێت

وەرگێڕانى: ئيسماعيل تەها

توركيا تا ئێستا بەشێكە لە ململانێ ئاڵۆزەكانى ناوچەکە، کە لە دە ساڵى ڕابردوو بەشێوەيەكى چڕ لە ئەمەريكا سەرقاڵى لۆبى كردن بووە. سايتى"ساسە پۆست" لە ژێر ناوى "حەج بەرەو واشنتن" كۆمەڵێك دۆسیەى گرنگى لەسەر لۆبيەكان بڵاوكردۆتەوە، لەوانە لۆبى توركيا، وە ئەو زانيارييانەى لەو ڕاپۆتە هاتووە بە گوێرەى رێساى داتاكانى وەزارەتى دادى ئەمەريكاى سەر یاساى"فشار"، (750) بەڵگەنامەى ئەو كۆمپانيایەى تێدايە، کە لە بەرژەوەندى لۆبى توركى كاریان كردووە، ئەجێنداى ئەو لۆبيە چى بووە؟ تا ئێستا چى دەستكەوتووە و چۆن كارى كردووە؟

 لۆبى توركى چۆن لەگەڵ دەزگا جۆراوجۆرەكانى ئەمەريكا كاردەكات؟

لۆبى ئيسرائيل لە واشنتن، گەورەترين لۆبييە لەو وڵاتە، جگە لەوەى قەبار و هاوكارييەكى زۆر گەورەيان هەيە، بناغەیەکى كۆمەڵايەتى و سياسى بەهێزيان لە ناوخۆى ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمەريكا هەيە، ئەو لایەن و کەسایەتییانەى كار بۆ ئەو لۆبيە دەكەن و  بەرگرى لە بەرژەوەنديیەكانى ئيسرائيل دەكەن، بەرژەوەندى تايبەتيان لەگەڵ ئيسرائيل هەيە، ئەو كەسانەش بە پلەى يەكەم جولەکەکانى ئەمەريكين.

ئەو جياوازييەى لە لۆبى ئيسرائيلى هەیە لە هيچ گروپێكى ترى فشارى عەرەبى، ياخود رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بوونى نيیە، نە لە ئێران و توركيا و وڵاتانى كەنداوى عەرەبى، یاخود باكوورى ئەفريقيا، لۆبى وڵاتەکانى دیکە ئەگەرچى لەلايەن وڵاتەكانيانەوە راستەوخۆ ئاراستە دەكرێن،  بەڵام ناتوانن هیچ فشارێکى کاریگەر لە ئەمريكا لەبەرژەوەندى خۆیان دروست بکەن ئەو .

بەڵام لە ڕووى قەبارە و نفوزەوە لۆبى توركى لە دواى لۆبى ئيسرائيلى، يەكێكە لە گەورەترين و بەهێزترين لۆبيەكان لە واشنتن، تەنيا لۆبى ئيماراتى پێشبڕكێ لەگەڵ لۆبى توركى دەكات، بڕى ئەو پارەیەى لۆبى توركى بۆ فشارى سياسى لە نێوان ساڵانى 2010 تا 2020 سەرفىی کردووە نزيكەى (33 مليۆن و 650 هەزار دۆلار)ى ئەمريكى بووە، ئەو بڕە كەمترە لەو ژمارەى لۆبى ئيماراتى لە نێوان ئەو ماوەيە سەرفى كردەوە، كە بڕەكەى دەگاتە  (133 مليۆن و 716 هەزار دۆلار).

بەهێزترين لۆبى لە ئەمەريكا لۆبى ئيسرائيلييە

لۆبى توركى لە ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمەريكا لەسەر چەند ئاستێك كاردەكات: كۆشكى سپى، كۆنگرێسى ئەمەريكى، راگەياندنى ئەمەريكى، ناوەندەكانى لێكۆڵينەوە، دواتر بەوردى باسى هەموو شوێنەكان دەكەين.

 فشارەكانى لۆبى توركى لە كۆشكى سپى

لە كۆشكى سپى دەست پێدەكەين، كە لە چوار ساڵى رابردوو، واتە: لە نێوان ساڵانى (2016 تا 2020) لۆبى توركى رۆڵى لە دروستکردنى پێوەنديیەکى باش بۆ بەرژەوندى توركيا بینى، هەروەها كارى لەسەر زیاتر  لە دۆسەيەك كردووە، توركيا چۆن كۆشكى سپى خستە بەرەى خۆى؟

لۆبى توركى لە سێ قوناغ توانى دەنگى توركيا بگەیێنێتە ترامپ، سەرەتا زۆر بەجدى لەگەڵ خودى ترەمپ دەستى پێكرد لە رێگەى گرێبەستى سياسى لەگەڵ كەسە نزيكەكانى، يەكەم جار لەگەڵ "مايكل فلين"، كە یەکێک بوو لە سەربازە نزیکەکانى ترامپ بوو لە کاتى لە بانگەشەكانى هەڵبژاردن، هەروەها لە راوێژكارانى ترامپ بوو بۆ ئاسايشى نەتەوەيى و سياسەتى دەرەوە، دواى سەركەوتنى ترامپ بۆ سەرۆكايەتیی ئەمەریکا، ئەو ژەنەڕاڵە كرا بە راوێژكارى ئاسايشى نەتەوەيى، پاشان لادرا، دواتر زيندانيكرا و رووبەڕووى لێكۆڵينەوەكانى "رۆبەرت مۆلەر" بوويەوە، بەهۆى تێوەگلانى لە دەستوەردانى رووسيا لە سياسەتى ئەمريكا و هەڵبژاردنەكانى سەرۆكايەتى ساڵى 2016، بەڵام لە مانگى تشرينى دووەمى 2020  ماوەيەكى كەم بەر لە دەرچوونى ترامپ لە كۆشكى سپى، بڕیارى لێبوردنى بۆ دەركرد.

ئەو ژەنەڕاڵە ئەردۆغانى خۆشنەدەويست، چەندینجار قسەى لەسەر ئيسلام كردبوو، بە "شێرپەنجەى پيس"وەسفى كرد بوو، بەڵام بيروباوەڕەكان لە واشنتن بە پارە دەكڕدرێن، خزمەتگوزارييەكانى فلين بۆ توركيا دواى مانگێك لە كودەتا شكستخواردووەكەى مانگى تەمووزى 2016 دەستى پێكرد، خزمەتکردنى فلین بە تورکیا، بەردەوام بوو تا سەرەتاى مانگى نۆڤەمبەرى هەمان ساڵ، دواى ئەوەى دۆناڵد ترامپ بوو بەسەرۆكى ئەمريكا، فلين كرا بە راوێژكارى ئاسايشى نەتەوەيى ترامپ، ئەوە يەكەمین پەیوەندى بەهێزى توركيا بوو لەگەڵ تيمى ترامپ، تێچووى ئەو گرێبەستە (530) هەزار دۆلار بوو.

ناكۆكى توركيا و ئيسرائيل كاريگەرى لەسەر لۆبى توركى لە ئەمەريكا هەيە

لە قۆناغى دووەم، بەناوى"كۆمەڵەى ئابووریى مەعريفى توركى"بۆ توركيا و پارتى "دادوگەشەپێدان"ى فەرمانڕەوا كليلێكى زێڕينيان بۆ دابين بكات، ئەمەیش لە پێناو چوونە ناو كۆشكى سپى و پارتى كۆمارى لە رێگەى كۆمپانياى" گروپى مۆنتى ئەديفيسۆرى" بۆ فشارى سياسى.

ئەو جوڵەيەى لۆبى توركى زۆر زيرەكانە بوو، "كۆمپانياى مۆنتى" کە خاوەنداریەتییەکەى دەگەڕاوە بۆ خێزانێكى گرنگى  سياسى كۆمارى، خاوەنى سەرەكى "دۆگلاس بيكرە"، سياسيەكى ئەمەريكيە لە پارتى كۆمارى، لە ئيدارەى بۆشى كوڕ كارى كردووە، بەڵام ناوى بيكر ناوى باوكيشى بووە، كە "جيمس بيكەرى" کەسایەتیى ديارى  كۆمارى بوو، كە لەگەڵ بۆشى باوك و بەرلەويش لەگەڵ "رۆناڵد ريگان" كارى كردووە، چەندين پۆستى جۆراوجۆرى لە وەزارەتى دەرەوە و وەزارەتى گەنجينەى ئەمەريكى وەرگرتووە، یەکێک بووە لە گەورە فەرمانبەرانى كۆشكى سپى.

كۆمپانياى بيكر كارى لەسەر پێوەندى لەگەڵ تيمى بانگەشەى ترامپ كرد بۆ هەڵبژاردنەكانى سەرۆكايەتى ئەمريكا، لە قۆناغى گواستنەوەى دەسەڵاتيش بۆ دۆناڵد ترامپ لەگەڵ ئەو تيمە بەردەوام بوو، چونكە قۆناغى گواستنەوەى دەسەڵاتيان بۆ دۆناڵد ترامپ وەرگرتبوو، لە نێوان سەركەوتنى ترامپ لە مانگى نۆڤەمبەرى 2016 وەرگرتنى پۆستى سەرۆكايەتى لە كانوونى دووەمى 2017، دۆسەكانى ئەو كۆمپانيايە لە داتاكانى وەزارەتى دادى ئەمريكا دەرى دەخات لەبەرامبەر ئەو خزمەتانە (104هەزار دۆلار)ى لە نێوان مانگى ئابى 2016 و شوباتى 2017 وەرگرتووە. 

قرناغى سێيىەم بۆ پێوەندى توركيا لەگەڵ كۆشكى سپى، لە رێگەى "رۆدى جۆلنيانى" بوو، كە ئەویش سياسيەكى كۆمارى بوو، سەنتەرى كاركردنى لە نيۆرك بوو، لە هەڵبژاردنەكانى 2008 سەركەوتنى گەورەى بەدەست هێناوە، ناوى لەسەرەوەى ليستەكەى دۆناڵد ترامپ بوو، دواى هاتنەناوەى بۆ تيمى یاسایى ترامپ، لەگەڵ دەستپێكى جەنگى دوورخستنەوەى ترامپ بە سەركردايەتیى ديموكراتەكان جۆليانى بووە بەرگريكارێكى سەرسەختى ترامپ و سياسەتەكانى.

لە راپۆرتەكانى پێشووى سايتى "ساسەپۆست" دەربارەى فشارەكان لە بەرژەوەندى توركيا لە دۆسە جۆراوجۆرەكان باسمان كردووە، لەوانە: دۆسەى رادەستكردنى فەتحوڵا گولەن، پرسى بانكى توركى "هالك بانك" لە دادگاى فيدڕاڵى ئەمەريكا. 

 پێنج زانيارى خێرا دەربارەى جۆليانى و توركيا

جۆليانى لەگەڵ رەجەب تەيب ئەردۆغان كۆبۆوە بۆ دۆزينەوەى چارەسەرێکى دیپلۆماسى بۆ پرسى "هالك بانك"، دواتر پێشنيارێکى خستەڕوو، تاوەکو دۆناڵد ترامپ پرسى گۆڕينى قەشە "ئەندرۆ برانسوون" بە رەزا زەڕابى پياوى كارى ئێرانى بگۆڕيت، كە تۆمەتباربوو لە پرسى "هالك بانك"ى توركى.

ترامپ داواى لە جۆليانى كرد هەمان پێشنيار بداتە ريكس تيلرسنى وەزيرى دەورەوەى ئەو كاتى ئەمەریکا،  بەڵام تيلرسن رۆڵى خۆى لەو پێشنيارە پشتگوێخست، بە پاساوى ئەوەى ئەو پرسە لەدەستى وەزارەتى دادى ئەمەريكايە.

هەروەها جۆليانى فشارى خستە سەر وەزارەتى داد و نووسينگەى داواكارى گشتیى ئەمەريكا و براين هۆكى نێردەى تايبەتى ئەمريكا بۆ ئێران.

بەگوێرەى رۆژنامەى واشنتن پۆستى ئەمەريكى، جۆليانى پرسى ڕەوانەكردنەوە و رادەستكردنى فەتحوڵا گولەنى چەند جارێك خستۆتە بەردەم ترامپ، ئەوەش بووە هۆى تووڕەبوونى فەرمانبەرانى كۆشكى سپى، تا كار گەيشتە ئەوەى داوايان لە جۆليانى كرد، جارێكى تر بۆ پرسى توركيا بە تەنيا گفتوگۆ لەگەڵ دۆناڵد ترامپ نەكات.

ناكرێت باسى ئەو پەیوەنديیە تايبەتەى نێوان هەردوو سەرۆكى ئەمەريكا و توركيا نەكەين، كە پاڵى بە ترامپەوە وەنا دواى هێرشەكەى جۆبايدنى كانديدى ديموكراتەكان بۆ سەرۆكايەتیى ئەمەریکا، دناڵد ترامپ رەجەب تەيب ئەردۆگان بە"ياريزانى شەتڕەنج" لەسەر ئاستى جيهانى وەسف بکات، لە بەرامبەر ئەو وەسفە جۆن بوڵتونى راوێژكارى پێشووى دۆناڵد ترامپ بۆ ئاسايشى نەتەوەيى، گوتى: ئەو وەسفكردنە خزمەتكردنى تاكە كەسى دۆناڵد ترامپە (بەيوەندى شەخسيە) بۆ چەند سياسيیەك، يەكێك لەوانە رەجەب تەيب ئەردۆغانە، بۆ ئەو قسەى جۆن بۆڵتن پێويستى دەكرد لۆبى توركى هەوڵى بڵاوكردنەوەى بابەتێك بدات لە رۆژنامەكانى ئەمەريكا، تا ڕەخنە لەو قسانەى جۆن بۆڵتون بگرێت و رەتى بكاتەوە، وەک بانگەشەيەكى بێ بنەما ناوى ببەرن.

 دروستکردنى فشار لە كۆنگرێس

بە درێژايى ساڵانى رابردوو، لۆبى توركى پەیوەندى لەگەڵ كۆنگرێس لە هەموو ئاستەكاندا نەپچڕا، بەردەوام بوو لەگەڵ ئەندامانى هەردوو ئەنجوومەنى پيران و ئەنجوومەنى نوێنەران، هەروەها لەگەڵ سەرۆكى ليژنەكان و سەركردەى پارتەكان لە هەردوو ئەنجوومەن.

لۆبى توركى چالاكييەكانى لەگەڵ فەرمانبەرانى ناو كۆنگرێس بەهەموو ئاستەكانى بەردەوام بوو، لەوانە بەڕێوەبەرى نووسينگەى كۆنگرێس و بەرێوبەرى ليژنەكان وەك: ليژنەى تايبەت بە پەیوەنديیەكانى دەرەوەى ئەمەريكا لەگەڵ وڵاتى تر، هەروەها ئەو پێوەندييە هەبوو لەگەڵ يەكێك لە كۆمپانياكانى لۆبى، كە لە بەرژەوەندى توركيا كارى لەگەڵ ناز دۆراك ئۆغلۆ دەركرد، ئەو ئافرەتە ئەمەريكيیە بەڕەگەز توركە لە كۆنگرێس كارى دەكرد، گوێى لە دانيشتنەكانى كۆنگرێس گرتبوو دەربارەى ديموكراسى توركيا و پەیوەنديیەكانى نێوان توركيا و ئەمەريكا، هەروەها دوو فەرمانبەرى تر بە پلەى راوێژكار لە دۆسیە جۆراوجۆرەكانى وەك ئاسايشى نەتەوەيى و سياسەتى دەرەوە و  كاروبارى سەربازى كاريان دەكرد، هەندێك فەرمانبەرانى كۆنگرێسيش بە سيفەتى "ياريدەرى ياسادانان" كە بەرپرس بوون لە نووسينەوەيى ياساكان و رەشنووسى سەرەتا و كۆتايى.

بەگشتى دۆسیەكانى توركيا لە هەموو ئاستە گشتيەكان پێوەندى لەگەڵ كۆنگرێس هەبووە، بەڵام تەركيزى تايبەتى لە سەر ليژنەكانى پێوەندى دەرەوە و هێزە چەكدارەكان و هەواڵگرى و دارايى بوو، كە ئەوانە ليژنەى سەرپەرشتيارن بۆ رەوانەكردنى هێزەكانى ئەمەريكا بۆ دەرەوە و گرێبەستى چەك و هاوكارى و پاڵپشتى سەربازى و دارايى بۆ وڵاتانى تر.

گرنگە ئاماژە بە چۆنيەتى پەیوەندى لۆبى توركى بکەین لەگەڵ ئەو لايەنانەى كاريان لەگەڵ كردوون، سەرەتاى ئەو پێوەندييانە لەرێگەى نامەى ئەليكترۆنى و پێوەندى تەلفۆنى دەستى پێدەكرد،  بە كۆبوونەوەى راستەوخۆ و رووبەڕوو كۆتايى دەهات، دەكرێت بڵێين: لۆبى توركى هەموو ميكانیزمەكانى بەكارهێناوە، لۆبى ئيماراتيش هاوشێوەى لۆبى توركى كاريكردووە، بەڵام لۆبييەكانى تر، زياتر كار لەسەر پێوەندى ئەليكترۆنى دەكەن، كەمتر پشت بە كۆبوونەوەى راستەوخۆ دەبەستن.

لۆبى توركى بايەخى بە دۆسيەكانى دەرەوەيە لە ئەمەريكا

ئەوەى پێويستى بە هەڵوەستكردنە، لۆبى توركى لە ساڵانى سەرۆكايەتیى ترامپ سەرنجى لەسەر پارتى كۆمارى بوو، نيمچە پشتگوێخستنى تەواوى ديموكراتەكانى هەبوو، لەگەڵ ئەوەى ئەوان لە ئەنجوومەنى نوێنەران زۆرينە بوون، دواى 2018 پێشبينيەكان بۆ داهاتووى توركيا ــ ئەمەريكا، كەمتر گەشبينى تێدا دەبيندرا، پێوەنديەكە بەرەو ئاڵۆزى دەچوو.

 ناوەندەكانى لێكۆڵينەوە و راگەياندنى ئەمريكى

بە شيكردنەوەى دۆسیەكانى لۆبى توركيا لە واشنتن، تێبينى كاريگەرى لۆبى توركى لەسەر راگەياندن دەكرێت، کە پەیوەنديان لەگەڵ دەزگاكانى لێكۆڵينەوەى ئەمەريكا تا ئەندازەيەك لاوازبووە.

بە رووانين لەسەر بڵاوكراوەى ناوەندە گەورەكانى لێكۆڵينەوە لە چەند ساڵى رابردوو، زیاتر ئەو ناونيشانانە دەبينين، كە موژدەى "نزيكبوونەوەى كەوتنى ئەردۆغان" دەدەن و رەخنە لە سياسەتەكانى توركيا لە سووريا دەگرن، هەروەها ڕەخنە لە نمايشەكانى توركيا لە دەرەوەى سنوورەكانى خۆى لە لیبيا و عێراق و سۆماڵ دەگرن.

بەڵگەنامەكانى لۆبى توركيا تەركيزيان لەسەر حكومەت و كۆنگرێسە، كەمترین و لاوازتريان پەیوەندیان لەگەڵ ناوەندەكانى لێكۆڵينە هەبووە، لە كاتێكدا ئۆپۆزیسيۆنى توركى پەیوەندى بەهێزى لەگەڵ ئەو ناوەندانە هەيە، بەتايبەت چەپەكان و لايەنگرانى ئيسرائيل.

لەو پشتگوێخستنەى توركیا بۆ كاركردن لەگەڵ ناوەندەكانى لێكۆڵينەوە و راگەياندنى ئەمەريكا، جياوازى لۆبى توركى لەگەڵ شێوازى لۆبى ئيماراتى دەردەكەوێت، بۆ نموونە: لە فشارى سياسى، ئيماڕات بەشێوەى چڕ و بەردەوام لەگەڵ كۆمەڵێك ناوەندى لێكۆڵينەوەى خاوەن لايەندارى حيزبى، يا سەربەخۆ پەیوەندى بەردەوامى هەيە، لە ناو راستەڕەوەكان بۆ پەیوەندى ئەمەريكا و هەماهەنگى لەگەڵ كۆمپانياكانى زەمالەى لێكۆڵينەوە، ئەوە جگە لە پێشكەشكردنى گەشتى لێكۆڵينەوە بۆ ئەو لێكۆڵەرانەى سەردانى دەوڵەتى ئيمارات دەكەن و لەگەڵ بەرپرسانى ئيماڕاتى كۆدەبنەوە.

 ديارترين دۆسیەكانى لۆبى توركى 

لەو بەشەدا قسە لەسەر ئەجێنداى لۆبى توركى لە واشنتن و پرس و دۆسیەكان دەكەين، كە لە چەند ساڵى رابردوو پێوەى سەرقاڵن، كە دەكرێت ئەو ئەجێندايانە بن كە عەقڵى دەوڵەتى توركى و باڵەكانى دەرەوەى پێوەى سەرقاڵن، ئەو پرسانەى لۆبى توركى دەيخاتە بەردەم سياسيیەكانى ئەمريكا جۆراوجۆن لە نێوان پرسى ناوخۆى و ناوچەيى و نێودەوڵەتى، هەندێك پرس لەگەڵ هەندێكى تر تێكەڵ دەبێتەوە.

پرسى رادەستكردنى "فەتحوڵا گولەن"ى پياوى ئايينى و سياسى توركى، كە تۆمەتبار بوو بە تێوەگلان لە كودەتاكەى 2016، بە ئەندازەى ئەوەى پرسێكى ناوخۆيى تايبەت بە توركيا بوو، بووە بە پرسێكى نێودەوڵەتيش، جەنگى توركيا لە دژى رێكخراوەكەى فراوان بوو لەسەر ئاستى جيهان، لە پاكستانەوە، تا ئەفريقيا و بەلقان و ئەوروپا، پاشان ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا.

ئەو پرسە ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكاى بەتايبەت گرتەوە، لەبەر مانەوەى گولەن لەو وڵاتە، بۆيە رادەستكردنەوەى بە توركيا پرسێكى یاسایى ئەمريكا و دەسەڵاتى دادوەرى و وەزارەتى دادى ئەمەريكييە، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتى دەرەوەى ئەمەريكا.

ئەو تێكەڵبوونەوەى نێوان رەهەندى ناوچەيى و نێودەوڵەتى، روونتر لە پرسى كوردەكانى سووريا و گروپە چەكدارە كوردييەكان لە باكورى سووريا دەركەوێت، كە توركيا ئەو گروپانە بە"تيرۆرست" دادەنێت، لە چەند ساڵى رابردوو كۆتايى پێهێنان و پرۆژەى رێڕەوى جوگرافى نێوان ئەو گردبوونەوە كوردييانە لە باكورى عێراق لەگەڵ هاوتاكانيان لە سووريا كردويانە.

لە بنەچەوە ئەو پرسە پرسێكى نێودەوڵەتيیە، ئەمەريكا راستەوخۆ گرنگى پێدەدات، چونكە هێزە كوردييەكانى هاوپەيمانى بەكارهێنا لەبرى خۆى بۆ جەنگان لەگەڵ"رێكخراوى دەوڵەتى ئيسلامى لە وڵاتى عێراق و شام"داعش.

بازنەكانى فشارى توركى چەندين دۆسەى جۆراوجۆر دەگرێتەوە، لەوانە: پرسى كورد و ناكۆكى مێژوويى دەربارەى "كۆمەڵكوژى ئەرمەن"  و  هەڵگرتنى بەرپرسيارێتى لەلايەن توركياوە، تا دەگات بە هەوڵى كودەتا شكسخواردووەكە  و هەوڵەكانى دەوڵەتى توركيا لە دژى "فەتحوڵا گولەن" و رێكخراوەكەى، ئەوە جگە لە دۆسەى یاسایى و سياسى تر، هەروەها پرسى "هالك بانك" توركى لە دادگاكانى ئەمەريكا.

لەوانەيە گرنگترين كێشە لە دەيەى رابردوو بە ڕەهايى گۆڕانى ستراتيژى ئەمريكا بێت لە هاوپەيمانى رۆژئاوا بۆ دۆستێكى سەركێش، كە هەوڵى دەرچوون دەدات لە رێڕەوى خۆى، ديارترين ئەنجامەكانى  ئەو ناكۆكيیە سووربوونى توركيا بوو لەسەر كڕينى سيستەمى مووشەکى بەرگرى ئێس 400 رووسى.

 ئەرمەن .... ژانەسەرى توركيا لە كۆنگرێس

لۆبى ئەرمەنى ساڵانە كار لەسەر دەركردنى ياسايەك دەكات لە كۆنگرێس، بۆ ئيدانەى كۆمەڵكوژيەكانى 1915 دژى ئەرمەنى لەلايەن دەسەڵاتى عوسمانيەوە، كە ئەو كۆمەڵكوژيانە بە تاوانى "پاكتاوى رەگەزى" دابنێت و بەرپرسيارێتى بخاتە ئەستۆى دەوڵەتى عوسمانى کە ميراتگرى راستەوخۆى ئەو دەوڵەتە، توركياى نوێيە، توركياش لە سەرەتاى دامەزراندنييەوە ئەو بانگەە و لێكەوتە قانوونيانە رەتدەكاتەوە، بۆيە لۆبى ئەرمەنى بەردەوام هەوڵى دەركردنى ئەو ياسايە دەدات، تا ئەمريكا حكومەتى توركيا پابەند بكات بە دانپێدانانى رەسمى بەوەى ئەو"كۆمەڵكوژيیە" "پاكتاوى رەگەزى" بووە.

لە 2007 لۆبى ئەرمەنى كارى لەسەر دەركردنى ياسايەكى گەورە كرد، كە دان بە داواكارييەكانى بنێت، وەزارەتى دەرەوەى توركيا گرێبەستێكى زيرەكانەى لەگەڵ كۆمپانياى "نيوسنر بۆ پێوەنديیەگشتيیەكان" كرد، كە ئەو كۆمپانيايە پەيوەستە بە جووەكانى ئەمەريكا و لۆبى ئيسرائيلى لە ئەمەريكا.

ئەرمەنەكان بەربەستى بەردەم توركيان

ئامانج لەو گرێبەستە ئەوە بوو لۆبى ئيسرائيلى و  كۆمەڵگەى جووى ئەمەريكى فشار لە دژى جوڵەكانى لۆبى ئەرمەنى لە كۆنگرێس بكەن، سەردار كيلتيش باڵيۆزى توركيا لە واشنتن، لەو كاتەوە كارى دەكرد لە باڵيۆزخانە، دواتر لە 2014 كرايە باڵيۆزى توركيايە لە ئەمريكا.

پاشان كۆمپانيەكى تريان بەكرێگرت بە ناوى"30 پوينت ستراتيجز" بۆ ئەوەى كار لەسەر هەمان دۆسیە بكات، لە بەرامبەر خزمەتەكانى بڕى (495 هەزار دۆلار)ى پێدرا.

لۆبى ئەرمەنى ساڵانە پرۆژە دەداتە كۆنگرێس بۆ ئەوەى كوشتارى ئەرمەنەكان بە "پاكتاوى رەگەزى" دابنێت و بەرپرسيارێتى بخاتە ئەستۆى دەوڵەتى عوسمانى و كۆمارى نوێى توركياش بەرپرسيارێتى هەڵبگرێت.

توركيا بۆ پێوەندى لەگەڵ لۆبى هاوكارى ئيسرائيلى دروستكرد، دوو كۆمپانياى بە كرێ گرتووە، نعۆم نيوسەر  فەرمانبەرى ئيدارەى جۆج بۆشى كوڕ بەرپرسيەتى، رێكخەرى كارەكانە لەگەڵ كۆشكى سپى و كۆمەڵگەى جووى ئەمريكى.

توركيا پێوەندى لەگەڵ لۆبى ئيسرائيلى هەيە، بە ئامانجى بەكارهێنان و كۆكردنەوەى فشار لە دژى لۆبى ئەرمەنى و ياساكانى دژ بە توركيا.

ئەو كۆمپانيايە فشارى خستە سەر لۆبى پاڵپشتى ئيسرائيلى بۆ ئەوەى پاڵپشتى توركيا بكات، لە دانانى پارتى كرێكارانى كوردستان (پەكەكە) بە تيرۆرست، هەروەها لەگەڵ رێكخراوەكانى هەلى هاوكارى توركى ــ ئيسرائيلى گفتوگۆيان لەسەر ئەو دۆسەيە كرد. ئەو كۆپانيايە بەشێوەيەكى چڕ لەبرى توركيا لەگەڵ رێكخراوى جووەكانى پاڵپشتى ئيسرائيل لە ئەمريكا وەك: ئايباك و بيناى بريس و پێوەندى نەهێشتى ناوزڕاندن دروستكرد.

ئەو كۆمپانيايە كارى كرد لەسەر هەماهەنگى كۆبوونەوەكانى عەبدوڵا گولى سەرۆكى ئەوكاتەى توركيا، هەروەها لە كۆبوونەوەيەكى تر ئەحمەد داود ئۆغلۆ بە سيفەتى راوێژكارى ئەردۆغانى سەرۆكوەزيران ئامادە بوو، پاشان بە سيفەتى وەزيرى دەرەوە، هەروەها دوو كۆبوونەوەى بۆ ديبلۆماسانى تر لە وەزارەتى دەرەوەى توركيا لەگەڵ هەندێك رێکخراوەكان رێكخست.

 هەوڵى ڕادەستكردنەوەى فەتحوڵا گولەن بە توركيا

دواى كودەتا سەربازييە شكستخواردووەكەى توركيا لە 2016دا، دەوڵەتى توركيا دەستى بە جوڵەكردن كرد بۆ يەكلاكردنەوەى رێكخراوى گولەن و دەستگيركردنى بەرپرسەكانى لە ناوە و دەرەوەى توركيا، ناوى فەتحوڵا گولەنى سەرۆكى ئەو رێكخراوە لە سەرەوەى ليستى تۆمەتباران بوو، كە توركيا بە داڕشتنى پيلانى كودەتا تۆمەتبارى كردبوون.

لۆبى توركى لە دۆسەى فەتحوڵا گولەن كۆمەڵێك كۆمپانياى گەورەى بەكارهێنا، ديارترينيان سێ كۆمپانيا بوو بەشێوەى تايبەت كارييان لەسەر رادەستكردنى فەتحوڵا گولەن و ياساغكردنى رێكخراوەكەى لە ئەمريكا دەكرد.

كۆمپانياى يەكەم ژەنەڕاڵ مايكل فلين خاوەندارييەتى دەكرد، يەكەم راوێژكارى ئاسايشى نەتەوەيى سەرۆك ترامپ بوو، مەترسى ئەو گرێبەسە لەگەڵ فلين لە سروشت و پاشخانى كارمەندانى ئەو كۆمپانيايە بوو.

خودى فليين ژەنەڕاڵێكى خانەنشين بوو، ماوەى (33) ساڵ لە خزمەتى سەربازى و بەڕێوبەرى ئاژانسى هەواڵگرى بەرگرى بوو، هاوڕێكانيشى لە كۆمپانيەكەى لەوانە: جيميس ووڵسى سەرۆكى ئاژانسى هەواڵگرى ناوەندى ئەمريكى (سى ئاى ئەى) ئەمريكى بوو لە نێوان ساڵانى 1993 و 1995 لەگەڵ ليبراين مەكولى بەرێوبەرى پێشووى يەكێتى كردەوە نێودەوڵەتييەكان لە"نووسينگەى لێكۆڵينەوەكانى فيدڕاڵى ئەمريكى" ئێف بى ئايى، كارى كردبوو، لەگەڵ دەرچوونى  لە"ئێف بى ئابى" دەست بەجێ دەستى بەكارەكانى كرد لەبەرژەوەندى توركيا.

ئەو كۆمپانييايە لێكۆڵينەوەى بنەڕەتى لە رێكخراوى گولەن و چالاكيیەكانى لە ناو ويلايەتە يەكگرتووەكان كرد، تاوتوێى رادەستكردنەوەى گولەنى كرد بە توركيا بۆ داداگايى كردنى. 

جۆلن لە 1999 لە ولايەتە يەكگرتووەكان دادەنيشێت، لە 2014وە بە ڕەسمى ناكۆكە لەگەڵ پارتى دادوگەشەپێدانى فەرمانڕەواى توركيا، حكومەتى توركيا بە رەسمى داواى رادەستكردنەوەى كرد، ئەردۆغان ئەوى بە زيانگەياندن بە حكومەت و راگەياندن و دادگاى تۆمەتباركرد. 

 پوختەى چالاكى و خزمەتەكانى مايكل فلين بۆ توركيا

كۆمپانياى فلين هەڵمەتێكى راگەياندنى رێكخست، واى وێنا دەكرد، كە فەتحوڵا گولەن مەترسيەكى شاراوەيە، هاوشێوەى ئايەتوڵا خومەنى بەر لە شۆڕشى ئێرانى ساڵى 1979.

جێبەجێكردنى بە دواداچوونێكى ريشەيى بۆ چالاكييەكانى رێكخراوى فەتحوڵا گولەن لە ويلايتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا و زنجيرە قوتابخانەكانى سەر بەو ڕێكخراوە لەو وڵاتە.

توركيا لە رێگەى لۆبيەوە هەوڵى رادەستكردنى گولەن دەدات 

لەدواى هەوڵى كودەتا سەربازييەكە لە توركيا تيمى كۆمپانياى فلين لەگەڵ مەولود چاوەش ئۆغلۆ و بيرات بەيرەق وەزيرى ئەوكاتەى وزەى توركيا و زاواكەى ئەردۆغان كۆبوونەوە، بۆ تاوتوێكردنى رادەستكردنەوەى فەتحوڵا گولەن.

فلين بابەتێكى نووسى تێيدا داواى رادەستدەكردنەوەى فەتحوڵا گولەن دەكرد، پاڵپشتى توركياى دەكرد، لێكۆڵەرى تايبەتى ئەمريكى رۆبەرت مۆلەر ئەو بابەتەى بە گرنگ وەسفكرد لە هەوڵەكانى توركيا بۆ دروستكردنى كاريگەرى لەسەر رايگشتى توركى دەربارەى كودەتا سەربازييەكەى لە توركيا و لێكەوتەكانى و بەرپرسيارانى ئەو كودەتايە.

فلين ئەو پلانەى ئيدارەى ئۆبۆما داينابوو بۆ پڕچەكردنى يەكينەكانى پاراستى گەلى كوردى لە ئيدارەى ئەمريكا و هاوكارييەكانى لەگەڵ يەكينەكان بە ئامانجى وەرگرتننەوەى شارى رەقە لە رێكخراوى داعش، فلين هاوكارييەكانى لەگەڵ توركيا شاردەوە لەو رووەوەى پێچەوانەى ياساكانى ئەمريكايە، بەڵام دواتر لە كاتى لێكۆڵينەوەكانى مۆلەر دانى بەوە دانا.

 185 قوتابخانەى رێكخراوى گولەن... لۆبى توركى چۆن مامەڵەى لەگەڵ كرد؟

رێكخراوى فەتحوڵا گولەن زنجيرەيەك قوتابخانەى لە ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا هەيە، كە 185 قوتابخانەیە، دەسەڵاتدارانى توركيا ئەو قوتابخانانەى بە رووكارى شوشتنەوەى پارە و قازانجكردن لە هەندێك هاوكارى حكومەتى ئەمريكى بۆ قوتابخانەكانى گولەن لە ئەمريكا تۆمەتبار دەكرد.

لێكۆڵينەوەكانى توركيا ژمارەى قوتابخانەكانى گولەنييان بە 200 قوتابخانە دياريكرد، كە 81 هەزار ئەمريكى تێيدا دەخوێنن، سولێمان سويلۆى وەزيرى ناوخۆى توركيا باس لەوە دەكات ئەو رێكخراوە ساڵانە 800 مليۆن دۆلارى لەهاوكارييەكانى ئەمريكيا بۆ قوتابخانەكانيان دەست دەكەوێت، بە گوێرەى خەمڵاندنەكانى تۆڕى "سي بى ئێس" لە نێوان ساڵانى 2010 بۆ 2017 ئەو قوتابخانانە  زياتر لە "دوو  مليار و سەد مليۆن دۆلارى" پاڵپشتى لە حكومەتى ئەمريكيا وەرگرتووە. 

لە مانگى ئابى 2015 توركيا هەوڵيدا لە رێگەى یاساوە ئەو قوتابخانانە رووبەڕووى دادگا بكاتەوە، گرێبەستێكى لەگەڵ كۆمپانياى(أمستردام بارتنرز) كرد بۆ فشاكردنى سياسى و پارێزەرى، ئەو كۆمپانيايە ستراتيژيەتيەتێكى فراوانى هەبوو، تێيدا پێوەندى لەگەڵ راگەياندنى ئەمريكى هەبوو، داواى ياسايى لە چەند دادگايەك كرد لە ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا، كە ئەو قوتابخانانەى تێدا بوو، هەروەها لەگەڵ داواكارى گشتى ئەو ويلايەتانە و بەرپرسانى وەزارەتى داد لەو وڵاتە پێوەندى دروستكرد.

ئەو كۆمپانيايە لێكۆڵينەوەيەكى فراوانى دەربارەى ئەو قوتابخانانە و ژمارەيان و چالاكيەكانى ئامادەكرد، تا ئێستا كار بۆ توركيا دەكات، ئەو پارەيەى تا كۆتايى 2019 وەريگرتووە (2 مليۆن و 250 هەزار دۆلار) بوو.

لە مانگى مارسى 2016 توركيا گرێبەستێكى لەگەڵ كۆمپانياى (ميركۆرى) بۆ پێوەندى گشتى ئيمزاكرد، ئەمەیش لە پێناو زیاتر برەودان بە كارەكانى كۆمپانياى ئەمستردام دەربارەى فەتحوڵا گولەن و قوتابخانەكانى، كە هەڵمەتەكانى ئەو كۆمپانيايە بۆ فشار دروستكردن لەسەر فەتحوڵا گولەن، كاریگەرى لەسەر كۆنگرێس و راگەياندنى ئەمەريكى دانا، بە گوێرەى بەڵگەنامەكانى كۆمپانياى وەزارەتى دادى ئەمەريكى، تێچووى ئەو خزمەتانە (57 هەزار دۆلار)ى ئەمەريكى بووە.

 كورتەيەك دەربارەى قوتابخانەكانى گولەن و هەڵمەتەکانى لۆبى توركى لە دژييان

لۆبى توركى پێیوايە ڕێکخراوەکەى گولەن (200) قوتابخانەى هەيە و (81) هەزار قوتابى وانەى تێدا دەخوێنن، (6500) تورك لە ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمەريكا بە سيفەتى مامۆستا ئەندامى ئەو رێكخراون. چەند سەرچاوەيەكیش باس لەوە دەكەن ئەو رێكخراوە پشكى لە مووچەى ئەوكەسانە هەيە كە كارييان لە قوتابخانەكان پێدەدەن.

ئەو قوتابخانانە بەوە تۆمەتبار دەكرێن، بوونەتە شوێنى شووشتنەوەى پارە و قازانج بەرێگەى نایاسایى، بەڵام قوتابخانەكانى گولەن ئەوە ڕەتدەكەنەوە كە هيچ پێوەندييەكیان بەو رێكخراوە هەبێت.

يەكێك لە راوێژكارەكانى گولەن دەڵێت: ئەو قوتابخانانە لەو كەسانەوە دەستى پێكرد، كە لايەنگرى بزووتنەوەى گولەن بوون، ئەوان تەنيا هەڵسەنگاندن بۆ شێوازى كارييان دەكەن.

رۆدى جۆليانى نزيك لە ترامپ و پارێزەرى دۆناڵد ترامپ، فشارى كرد  بۆ ئەوەى كۆشكى سپى نامەيەك بۆ وەزيرى دەرەوە بنێرێت دەربارەى قوتابخانەكانى گولەن و چالاكييەكانى، بەڵام ريكس تيلرسن ئەو نامەى پشتگوێخست.  هەوڵەکانى لۆبى تورکى، بۆ دروستکردنى فشار و بەدەستهێنانى ئامانجەكانيان سەركەوتوو نەبوو، چ لەو رووى داخستنى قوتابخانەكان، ياخود بەڕێوبردنيان بدرێتە لايەنێكى تر.

  كوردەكان؛ پرسێكن بە ئەندازەى تەمەنى كۆمارى توركيا

ريشەى پرسى كورد لە توركيا، لە دامەزراندنى كۆمارى توركياى نوێ بە سەرۆكايەتى كەمال ئەتاتورك دەست پێدەكات، پرسێكە بە درێژايى چەندين دەيەى رابردوو نوێ دەبێتەوە، بۆ تێگەيشتن لە ناكۆكى توركى ــ ئەمەريكى لەسەر دانانى گرووپە چەكدارەكانى كوردى سووريا، دەبێ بگەڕێينەوە بۆ 2011 و ساتەوەختى سەرهەڵدانى شۆرشەكانى سووريا، لە چوارچێوەى بەهارى عەرەبى و ئەو جەنگە ناوچەييانەى لە سووريا هەڵیگرسا، پاشان فراوانبوونى چالاكييەكانى رێكخراوى داعش.

كورد بەشێكە لە هەوڵەكانى لۆبى توركى

لەگەڵ گەشەکردنى رێكخراوى داعش، ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمەريكا لە بريكارێك دەگەڕا بۆ ئەوەى شەڕ لە برى ئەمەريكا بكات، ئەو هەلەش بۆ گرووپە چەكدارەكانى كورد نموونەيى بوو، بۆ ئەوەى ئەركى شەڕكردن لەگەڵ ئەو رێكخراوە بگرنە ئەستوو، بەو مەرجەى لە بەرامبەردا هاوكارى چەك و مەشقى سەربازى لەلايەن ئەمەريكاوە بەدەست بهێنن. 

گرووپە كوردييەكان ئەو هەلەيان لەدەست نەدا، كە رێگەى خۆشدەكرد بۆ بەهێزكردنى پێگەيان لە باكوورى سووريا، بۆ ئەوەى راستەوخۆ لەسەر باشوورى سنوورى توركيا بوەستنەوە، ئەوەش بۆ هەموو رەوت و دەزگاكانى دەوڵەتى توركيا، بوونى ناوچەيەكى ئارام، يا سەربەخۆ لە باكورى سورويا بۆ كورد هێڵى سوورە، لەدیدى توركيا دەبێتە بنكەى هەماهەنگى  كوردەكان و گەشەكردنى هێرشەكان لە ناوخۆى توركيا بە پاڵپشتى ئەو سنوورانە، خاڵێكى تريش دەوڵەتى توركيا زۆر لێى دەترسا بەستانەوەى ناوچە كوردييەكانى سووريا بوو بە ناوچە كوردييەكانى باكوورى عێراق. 

لە چوارچێوەى جەنگى نێودەوڵەتى دژى رێكخراوى داع، پاڵپشتيیەكانى ئەمەريكا بۆ هێزە كوردييەكان چڕبووييەوە، ئەوەش بوو هۆى بەردەوامى ناكۆكى و شڵەژانى پەیوەنديیەكانى ئەمەريكا و توركيا.

بەڵام گرنگتر لەوە، كردە سەربازييەكانى توركيا بوو لە باكورى سووريا لە ماوەى ساڵانى رابردوو، كە بە ئامانج گرتنى هێزەكانى داعش و هێزە كوردييەكان دەستى پێكرد، توركيا نەيارەكانى وەك يەك سەیر دەکات و بە (گروپە تيرۆرستيیەكان) ناوى دەبردن، پاشان هێرشەكانى بەتايبەت بەرەو هێزە كوردييەكان دەستپێكرد بۆ دەركردنى لە زنجيرە سنوورييەكانى خۆى لە باكوورى سووريا. 

نوێترين پرۆسەى سەربازیى تورکیا (كانى ئاشتى) بوو، دەنگدانەوەيەكى گەورەى دايەوە، بەتایبەتى دواى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى نێوان رەجەب تەيب ئەردۆغان  ودۆناڵد ترامپ، کە تێیدا ترامپ رەزامەندى دەربڕى لەسەر داواكەى ئەردۆغان، کاتێ فەرمانى بە كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكا لە باكورى سووريا كرد، توركيا پڕۆسەكەى لە دژى هێزە كوردييەكانى هاوپەيمانى ئەمريكا بەكردەيى لە 9ى ئۆكتۆبەرى 2019 لە باكورى رۆژهەڵاتى سووريا دەستپێكرد، ترامپ بە كوردى گوتى: "ئێوە لە جەنگى دووەمى جيهانى، هەروەها لە نۆڕماندى هاوكارى ئێمەتان نەكرد" وەك ئاماژەيەك بۆ ئەوەى ئەمەريكا هيچ شتێكى كورد قەرزار نيیە. 

زۆربەى كۆمپانياكان لە بەرژەوەندى لۆبى توركى كارييان لەسەر دۆستەكانى كورد دەكرد، هەندێكيان تەركيزيان لەسەر ئەو پرۆژەياسايە بوو كە ليندسى گرام لە"یاساى رووبەڕووبوونەوەى دوژمنكارانەى توركى" كارى لەسەر دەكرد، كە پرۆژە یاسایەک بوو، تموحى ئەوەى هەبوو سزاى زياتر بخاتە سەر بەرپرسانى توركيا، لەوانە سەرۆك كۆمار و جێگرەكەى، وەك وەڵامدانەوەيەك بۆ جوڵەكانى توركيا لە باكوورى سووريا، بەگوێرەى ئەو دەقە ياساييە سزا بەسەر هەموو ئەوانە بچەسپێنێت كە بەشدارن لە ئاڵۆگۆڕى ئەو چەكانەى توركيا بەكارى هێناوە لە پرۆسە سەربازييەكانى دژى كۆمەڵگەى كوردى لە سوورىا، بەڵام ئەو ياسايە هيچ هەنگاوێكى نەنا.

 فشارى پێچەوانەوە ... كوردەكانى توركيا سۆزى واشنتن ڕادەكێشن

لە سەر ئاستى ناوخۆیى ململانێكانى نێوان هەندێك لە گرووپە چەكدارەكانى كورد و دەوڵەتى توركيا، گەيشتە خاڵى لێك جيابوونەوە، لەگەڵ گفتوگۆ و دانووستانى نهێنى بەردەوام، لە 2012 حكوومەتى توركيا ڕايگەياند، لەگەڵ پارتى كرێكارى كوردستان (پەكەكە) بە سەرۆكايەتیى عەبدوڵڵا ئۆجەلانى رێبەر و يەكێك لە دامەزرێنەران ئەو پارتە لە دانووستاندن دايە، پارتى كوردى ئۆپۆزسيۆنى تورك و پارتى گەلى ديموكرات، رۆڵى نێوەندگيريان بينيى لە نێوان دەوڵەت و ئۆجەلان.

لەو ساڵانە بوارێك لە ژيانى سياسى كوردى توركيا دروستبوو، بەڵام هەر زوو دانووستاندنەكان لە ناوەڕاستى 2015 كۆتايى پێهات، سەرلەنوێ پەنجەى تۆمەت بەرەو پارتى گەلانى ديموكرات و سەركردايەتيەكەى درێژكرايەوە، جارێك بە فێڵكردن و جارێك بە لايەنگرى بۆ ئەو كۆمەڵانەى وەك پەكەكە، كە توركيا بە گرووپى تيرۆرستيان دادەنێت.

كوردەكانيش لە رێگەى لۆبييەوە بەربەست لەبەردەم هەوڵەكانى توركيا دروست دەكەن

پارتى گەلان، نووسينگەيەكى لە واشنتن هەيە، نوێنەرايەتى بەرژەوەنديیەكانى ئەو حيزبە دەكات، لە ساڵانى رابردوو لەگەڵ بەرەوپێشچوونە ناوخۆیى و ناوچەييەكان هەنگاوى دەنا. پێويستە ئاماژە بە كەمى تێچوونى نووسينگەى نوێنەرايەتى ئەو پارتە بكەين، بە بەراورد بە چالاكيەكان و فراوانى پێوەندييەكانى لە واشنتن، لە 2012 تا نيوەى 2020 تەنيا (171)هەزار دۆلارييان سەرفكردووە، لە بوارى فشارى سياسى ئەو ژمارەيە باس ناكرێت.

بەڵگەنامەكانى وەزارەتى دادى ئەمەريكى پەیوەندى بەردەوامى ئەو حيزبە لەگەڵ لايەنە حكوميەكانى ئەمەريكا ئاشكرا دەكەن، لەوانە بەرپرسانى باڵا لە ئاستى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەريكا، ئەوانەى لە دۆسیەى توركيا و سووريا و كاروبارى كوردى كاردەكەن، بۆ نموونە كۆبوونەوەيان لەگەڵ نووسينگەى بەرپرسانى دەرەوە بۆ گفتوگۆكردن دەربارەى ئەوەى ناويان نا (وێرانكردن و كۆمەڵكوژى، كە حكوومەتى ئەردۆغان و داود ئۆغلۆى سەرۆك وەزيران لە كوردستانى توركيا) ئەنجاميان دا، وەك ئاماژەيەك بۆ پرۆسەكانى توركيا لە شارە كوردييەكان.

رووداوە ناوخۆييەكان لە توركيا رەنگدانەوەى لەسەر چالاكييەكانى پارتى گەلان لە واشنتن هەبوو، لەگەڵ دەستگيركردنى سەڵاحەدين دەميرتاش لە مانگى نۆڤمەبەرى 2016 بە تۆمەتى (بانگەشەكردن بۆ تيرۆر) ئەو نووسنگەيە هەڵمەتێكى ترى دەست پێكرد بۆ ئەوەى فشارى سياسى لە كۆنگرێس دروست بكات بۆ قسەكردن لەسەر ئەو پرسە، ئەوکات لەگەڵ سيناتۆرى كۆمارى جۆن مەكين پێوەنديان هەبوو، كە سەرۆكى ليژنەى هێزە چەكدارەكان بوو، لە نووسينگەكەى تاوتوێى ڕاپرسى دەستوور لە توركيا و ئەنجامەكانيان كرد.

 پوختەيەك دەربارەى لۆبى پارتى گەلانى ديموكرات (هەدەپە) لە واشنتن

هەدەپە پەیوەندى لەگەڵ وەزارەتى دەرەوە و بەرگرى ئەمەريكا و ئەنجوومەنى ئاساييشى نەتەوەيى لە كۆشكى سپى دروستكرد. هەروەها پەیوەندى لەگەڵ ژمارەيەك لە ئەندامانى كۆنگرێس دروستكرد، بەتايبەت ئەوانەى گرنگيان بە كاروبارى توركيا دەدا، هەروەها پێوەنديان لەگەڵ ئەو كەسانەش هەبوو، كە لە ليژنەكانى دەرەوە كارييان دەكرد.

ئەمە بێجگە لەوەى توانیان پەیوەندى لەگەڵ نەيارە ناوچەييەكانى توركيا دروست بکەن، جارێك لەگەڵ قونسڵى ميسڕى لە واشنتن كۆبوونەوە، هەروەها پەیوەندیان لەگەڵ هەر یەکە لە باڵيۆزخانەى يۆنان و باڵيۆزخانەى قوبرس و لۆبى ئەرمەنى درووستكرد.

پێشووتریش پەیوەندى لەگەڵ ليژنەى جووى ئەمرەيكى دروستكرد بوو، كە يەكێكە بوو لە باڵەكانى لۆبى ئيسرائيلى لە ئەمەريكا و  رۆن ديرمير باڵيۆزى ئيسرائيلى و دەزگاى لێكۆڵينەوەى ئيسرائيلى لە ئيسرائيل بە ناوى(ميتفيم). هەروەها پەیوەندییەکى بەهێز و ديدارى بەردەوامیان لەگەڵ ناوەندەكانى لێكۆڵينەوە سەر بە راستڕەوەكان و هاوكارانى ئيسرائيل هەبووە، هەندێك جار دروستكردنى پێوەندييەكان بە رێنمايى ئيسرائيل بوو. 

نووسينگەى پارتى گەلانى ديموكرات و  لۆبى كوردەكانى عێراق شكستيان هێنا لە هاندانى ئيدارەى ئەمەريكا بۆ سەپاندنى سزاكان بەسەر توركيا، لە وەڵامى ئەو دەستوەردانە سەربازييانەى توركيا لە باكورى سوريا دەيكرد، توركياش هەوڵەكانى سەركەوتوو نەبوو بۆ كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكا لە سووريا.

 بانكى حكومى توركيا و لێكەوتەكانى حكوومەتى ئەمەريكا

لە مانگى مارسى 2016 ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا رەزا زەڕاب بازرگانى زێڕى ئێرانى ــ توركى دەستگيركرد، ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا بەهاوكارى كردن لەگەڵ (هالك بانك) تۆمەتبارييان كرد، بە رەوانەكردنى پارەيەكى زۆر بۆ ئێران، بە بەكارهێنانى ئێران و توركيا و ئيمارات، تەهران هاوكار بوو بۆ تێپەڕاندنى سزاكان، لەگەڵ بەرەوپێشچوونى، ئەو پرسە فراوانتر دەبوو بۆ ئەوەى محەمەد هاكان ئەتيلا بگرێتەوە، كە پياوێكى بانكى توركييە، لەو بانكە كارى دەكرد، کە لە لايەن ئەمەريكاوە تۆمەتباركرا بە ئەندازيار و  پلانداڕێژەرى ئەو پرۆسەيە 

توركيا بۆ چارەسەرى ئەو كێشەيە، بڕياريدا داواى هاوكارى لە "دۆستەكانى ترامپ" بكات، بۆ دروستکردنى فشارى سياسى، گرێبەستێكى لەگەڵ كۆمپانياى (بالارد بارتنرز) كە پەیوەنديیەكى بەهێزى لەگەڵ ترامپ هەبوو، وە لە کاتى بەشداریکردنى لە بانگەشەكانى سەرۆكايەتى ئەمەریکا، بڕى (250) هەزار دۆلارى بەخشى بوو بۆ سەرخستنى ترامپ.

ئەو كۆمپانيايە خزمەتگوازرى فشارى سياسى لەسەر ئاستێكى فراوان پێشكەش بە لايەنە حكووميە جۆراوجۆرەكان كردبوو، نمايشێكى لە دەزگاكانى راگەياندنى ئەمرەيكى لە سەر ئەو پرسە پێشكەش بە توركيا كرد، بە گوێرەى دۆسیەى ئەو كۆمپانيايە لە سايتى وەزارەتى دادى ئەمەريكا، بڕى گرێبەستەکانى ئەو كۆمپانيايە لەگەڵ باڵيۆزخانەى توركيا و هالك بانك، (5) ملیار و (12) هەزار دۆلار بووە. 

وەك لە سەرەتادا باسمان كرد، دەستوەردانى وۆردى جۆليانى لە بەرژەوەندى توركيا، بۆیە هەر زوو داواى  ئازادكردنى رەزا زەڕاب کردبوو، بە ئاڵۆگۆڕکردنى بە ئەندرۆ برۆنسوونى قەشەى ئەمەريكى، كە ئەوكاتە لە توركيا دەستگيركرابوو، پاشان فشارى لەسەر وەزارەتى داد و دادگاى فيدڕاڵى سەرپەرشتيار لەسەر دۆسیەى هالك بانك دروستكرد.

 كورتەيەك لە جەنگى هالك بانك و هەوڵەكانى لۆبى توركى 

كۆمپانياى "بالارد بارتنرز" بەردەوام بوو لەگەڵ وەزارەتەكانى: دەرەوە، بەرگرى، گەنجينەى ئەمmريكى، ئەوە جگە لە نووسينگەى ترامپ و نوسينگەى جێگرى سەرۆك.

رۆدى جۆليانى فشارى خستە سەر وەزارەتى داد و داواكارى گشتیى ئەمەريكى بۆ كۆتايى هێنان بەو دۆسەيە. ئەدرۆغان-یش فشارى دەخستە سەر ترامپ بۆ ئەوەى چارەسەرى ئەو پرسە بكات، ترامپ بەڵێنى پێدا دواى دەربازبوونى لەو دوو فاكتەرە چارەسەرى بكات.

بە كردەيى داواكارى گشتى بۆ دادگاى بەرپرسيار لەو دۆسەيە بە فەرمانى ترامپ دوورخراييەوە، باس لەوە دەكرێت ئەو داواکارى گشتییە سەرپەرشتى ئەو دۆسەو لێكۆڵينەوانەى دەکرد، کە پەيوەستبوون بە هەردوو ياريدەرى سەرۆك دەكرد.

  گرێبەستى سیستەمى بەرگرى (ئێس 400) توركیا و دووركەوتنەوەى لە رۆژئاوا

گرێبەستى كڕينى سيستەمى بەرگرى (ئێس 400)ى رووسى بەرجەستەكردنێكى روون بوو بۆ ئاڕاستە نوێكانى توركيا، گرنگترينيان گۆڕينى ئاراستەى بوو لە رۆژئاوا و دەرچوونى لە پێگەى هاوپەيمانە كۆنەكانى لە ناويياندا ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمەریکا و دۆستەكانى لەو ئەوروپا بۆ هێڵێكى سياسى زياتر سەربەخۆ، كە تواناى هاوپەيمانى هەبێت لەگەڵ نەيارەكانى ئەمەريكا،  وەك رووسيا بە هەموو شێوە و جۆراوجۆرەكانى، لەگەڵ ناكۆكى زەمينى لە رووبەڕووبوونەوەکانى لە سووريا و ليبيا، یان ململانێى ئەرمەنى ـــ ئازربايجانى.

ئەو گۆڕانكاريييە ستراتيژيەى هەڵسوكەوتى توركيا، لە گۆڕانكارى دۆسیەكانى لە وەزارەتى بەرگرى و پيشەسازى دروستكردنى چەك بەدیکرا، كە ساڵانێكى درێژ بەر لە گەيشتنى پارتى دادوگەشەپێدان بۆ  دەسەڵات، دەوڵەتى توركيا  ماوەیەکى زۆر بوو هەوڵى گرێبەستى چەكى دەدا بۆ ئەوەى ببێتە هاوبەشێك لە بونيادنان و گەشەپێدانى چەكى توركى، نەك تەنيا كڕيارێكى ئاسایى چەك.

دۆسيەى سيستەمى مووشەكى بەرگرى ئێس 400 ى رووسى بەشێكە لە لۆبى توركى

لۆبى توركى لە واشنتن، لە چەندین دۆسیەى جیاواز هەوڵى دروستکردنى فشارى دەدا، گرنگترين هۆکار ئەوەى لە پێشەوە باسمان كرد، ئەو فشارە بۆ رازيكردنى ئەمەريكيەكان بوو، بۆ ئەوەى توركيا سيستەمى بەرگرى رووسى بكڕێت، چونكە توركيا پێويستى پێى هەيە، ئەمەیش دواى ئەوەى ويلاتە يەكگرتووەكان و ناتۆ ڕەتيان كردەوە هاوكارى توركيا بكەن لە دابینکردنى سيستەمى بەرگرى پاتريۆتى (ئاسمانى ئەمەريكا).

كڕينى سيستەمى بەرگرى (ئێس400) لەلايەن توركياوە، ڕەتكردنەوەى توندى ئەمريكاى لێكەوە، دواجار بازنەى سزا جۆراوجۆرەكانى سەر توركيا فراوانتر کرد، ديارترين سزاش، ڕێگریکردن بوو لە فرۆشتنى فرۆكەى جەنگى (ئێف 35)، هەرچەندە توركيا بەشدارى كۆنى هەبوو لە پرۆگرامى دروستكردنى ئەو فڕۆكەيە، كە لە 2001 دەستى پێكردبوو، سزاكان لەو سنوورە نەوەستان، بەڵكو كۆنگرێس سزاى ترى پێشنيازكرد، كە ڕێگرى بكات لە نوێكردنەوەى فرۆكە شەڕكەرەكانى (ئێف16)، ياخود كڕينى پارچەى نوێ، هەرچەندە پێشتر توركيا بەشدار بووە لە دروستكردنى.

بەشێوەيەكى گشتى زۆربەى ئەو كۆمپانيانەى بۆ دۆسیەى پڕچەکردنى توركيا کاریان دەکرد لۆبى تورکى بەكاردەهێنان، زياتر تەركيزيان لەسەر دۆسیەى (ئێس 400) بوو.

لە 2010 دا، توركيا گرێبەستێکى لەگەڵ مۆريس ماكفين ژەنەڕاڵى خانەنشينکراوى هێزى ئاسمانى مۆركرد، ماوەيەك بەر لە خانەنشينكردنى سەركردەى هێزە ئاسمانييەكان بوو لە هاوپەيمانى ناتۆ لە شارى ئيزميرى توركى، بۆ ئەوەى نووسينگەيەكى نوێنەرايەتى كۆمپانياى بەرگرى بكاتەوە، كە وەزارەتى بەرگرى توركيا پشكى تێيدا هەبوو، بۆ دروستكردنى پەیوەندى لەگەڵ كۆمپانيا گەورەكانى بوارى بەرگرى، پەیوەندى ماكين لەگەڵ توركيا بۆ ماوەى دوو ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام لە مانگى مارسى 2012 كۆتايى هات، لە بەرامبەردا (289)هەزار دۆلارى وەرگرت.

پاش مۆريس ماكفين، فەرح ئۆزباك هات، گرێبەستێكى مۆرکرد لەگەڵ نووسينگەى جێگرى وەزارەتى پيشەسازييەكانى بەرگرى و بەرپرسى هەماهەنگى گرێبەستەكان دەستبەسەرداگيراوە سەربازييەكانى توركيا، باس لەوە دەكرێت فەرح عەقيدێكى ئەمەريكى و ياساناسێكى تايبەت بە كاروبارى سەربازييە.

فەرەح لە هەوڵەكانى پێشووى بەردەوام بوو، جێگەى خۆى لە پێوەنديەكانى لەگەڵ كۆمپانيا گەورەكانى ئەمريكا كردەوە، پارێزگارى بەردەوامى لەو پێوەندييانە لەگەڵ بەرپرسانى سەرپەرشتيارى گرێبەستە سەربازييەكان و گۆڕينى چەك و پێداويستى ئەمريكى دەكرد.

فەرح ئۆزباک دروستکەرى پەیوەندى نێوان توركيا و سەركردەكانى پرۆگرامى هاوبەشى دروستكردنى فرۆكەى جەنگى (ئێف35) بوو، كارى لەسەر تێپەڕاندى بەربەستەكان دەكرد، كە پێشخستنى گرێبەستەكانى كڕينى فڕۆكەكانى دوادەخست، ئەوەش بە گوێرەى دۆسیەكانى پێگەى وەزارەتى دادى ئەمەريكى لە 2012 تا 2015 بڕى (291)هەزار دۆلارى وەرگرتووە.

هەوڵەكانى توركيا بەردەوام بوو بۆ هەماهەنگى راستەوخۆ دەربارەى گرێبەستەكانى چەك تا مانگى ئابى 2018، كاتێك توركيا كۆتايى بەو گرێبەستە هێنا لەگەڵ ئەو تاکە نوێنەرەى کە پەیوەندییەکانى لەگەڵ كۆمپانياكانى بەرگرى ئەمەريكا بەرێودەبرد، لەگەڵ كۆتايى هاتنى 2018 توركيا هەوڵێكى زۆرى دا بۆ رازيكردنى ئەمەرييكيەكان، بۆ ئەوەى سيستەمى بەرگرى رووسى بكڕێت بۆ بەرگرى كردن لە پێگەى خۆيى دژى ئەو مەترسيانەى لە ئاسۆ دەرکەوتوون و رووبەڕووى دەبنەوە.

حكوومەتى توركيا گرێبەستێكى لەگەڵ كۆمپانياى (فينابل) كرد، كە كارى لە دژى چەند ياسايەك دەكرد، كە گۆنگرێس لە 2019 بە ئامانجى سزادانى ئابوورى و سەربازیى توركيا، بۆ رێگرى لەو رێڕەوەى توركيا كارى تێدا دەكرد، ئەو كۆمپانيايە(247)هەزار دۆلارى وەرگرت لەبەرامبەر ئەو خزمەتانە.

 كورتەيیەكى خێرا دەربارەى لۆبى توركى و دۆسیەى پڕچەكکردن لە ئەمەريكا

كڕينى سيستەمى (ئێس400) رووسى دەرگاى فشار و سزا يەك لە دواى يەكەگانى كۆنگرێسى ئەمەریكى بەرووى توركيا دا كردەوە، ئەمەیش لە پێناو رێگریکردن بوو لە هەنگاونان بەرەو ئەو ئاراستەيە.

سزا چاوەڕوانكراوەكانى سەر تەتوركيا  تەنها ئابوورى نین، سەربازيشن، لەوانە توركيا كڕينى (ئێف35) کە نوێترين فرۆكەى شەڕكەرى ئەمريكایە نايگرێتەوە، رێگە بە توركيا نادرێت لە نوێكردنەوە و پێداچوونەوەى فڕۆكەى (ئێف16) بەشدار بێت.

ئەمە وایكرد توركيا لە سەرەتاى 2010 تا 2020 بە شێوەى راستەوخۆ (1) مليۆن  و (58) هەزار دۆلار لە فشارى سياسى بۆ دۆسەیى چەك کڕین و پيشەسازى بەرگرى سەرف بكات.

نوێنەرانى توركيا بەشێوەیەکى بەردەوام لەگەڵ كۆمپانيا گەورەكانى بوارى بەرگرى وەك: لوكهيد، ماترن، بووينج، كۆمپانياى رايسيونى بەرهەمهێنەرى چەكى ئاڕاستەكراوى پێشكەوتوو بەردەوام بوون.

لۆبى توركى لەگەڵ لايەنە جۆراوجۆرەكانى بوارى چەك و گرێبەستەكانى چەك وەك ئاژانسى ئاسايشى بەرگرى، نووسينگەى جێگرى وەزيرى بەرگرى بۆ دەستبەسەرداگرتن و بەردەوامى و ئاژانسى داربا بۆ پێشكەوتووترين تەكنەلۆژياى ئەمەريكى بەردەوامبن، بە ئامانجى بەكارهێنانيان بۆ بەكارهێنانى سەربازى.

 ئۆپۆزسيۆنى توركى و پەیوەندى گەرمى لەگەڵى ڕاستڕەوى ئەمەريكا و ئيسرائيل

بەڵگەنامەكانى توركيا چيرۆكى سياسى ئۆپۆزسيۆنى توركيمان لە واشنتن لە چەند ساڵى رابردوو بۆ دروستكردنى پەیوەندى گەرم لەگەڵ راستڕەوى ئەمەريكى و لۆبى هاوكارى ئيسرائيليمان لە واشنتن پێ ئاشنا دەكەن، ئەو سياسيەش يۆرتر ئۆزجانە، لە ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا نوێنەرى پارتى گەلى كۆمارييە، كە گەورەترين پارتى ئۆپۆزسيۆن و پارێزەرى بەهاكانى كەمالييە لە توركيا.

ئۆزجان لە 2013 نووسينگەى ئەو پارتەى لە واشنتن كردەوە، لە ماوەى ئەو چەندە ساڵە كەمەدا، توانى پەیوەندييەكى فراوان لە ناو كۆنگرێسى ئەمەريكا دروستبكات، هەروەها پارێزگارى لە پەیوەندى ڕاستەوخۆى بە وەزارەتەكانى دەرەوە و بەرگرى ئەمەریکا، بەهەمان شێوە بە كۆشكى سپى بكات.

بە وردبوونەوە لەو بەڵگەنامانەى ئەو حيزبە لە سەرەتاى دروستكردنى نووسينگەى پارتەكەى، پێوەندى بەردەوامى لەگەڵ لايەنە هاوكارەكانى ئيسرائيل هەبووە، بۆ نموونە كاتێك سەرۆكى ئەو پارتە سەردانى واشنتۆنى كردووە لەگەڵ (رێكخراوى جووەكان) كۆبۆتەوە، خودى ئۆزجان لەگەڵ گەورە بەرپرسانى (ئەيباك) و (بيناى بريس) هەموو رێكخراوەكانى هاوكارى كۆبوويتەوە، پاشان لە كۆنگرەى ساڵانەى ئەيباك لە 2018 بەشدار بووە.

پەیوەندييەكانى ئەو حيزبە لەگەڵ لۆبى هاوكارى ئيسرائيلى درێژبۆتەوە بۆ ناوەندەكانى لێكۆڵينەوە، لە 2014 ئۆزجان ئامادەى كۆنگرەى ساڵانەى "پەيمانگەى جوو" دەبێت بۆ ئاسايشى نەتەوەيى ئەمەريكى، بەشدارى لە كۆبوونەوەكانى ئەو پەيمانگايە كردووە، كە رێكخراوێكى لێكۆڵينەوەى ئەمەريكى بووە، هەروەها برەوى بە سياسەتەكانى ئيسرائيل و پاڵپشتى ئەمەريكى دەدا بۆ رێكخراوەكەيان.

دەربارەى ئەو پەیوەنديش لەگەڵ راستڕەوى ئەمەريكى، ديارترين كەسى بريتى بوو لە "جۆن هانا"ى ياردەرى پێشووى "ديك چينى" جێگرى جۆرج بۆشى سەرۆكى پێشووى ئەمەريكا، كە لەو سەدەيە ديارترين كەسى راستڕەوى نوێى ئەمەريكى و ئەندازيارى جەنگى ئەمريكا بوو لە عێراق و ئەفغانستان.

هانا ئێستا كار لە ناوەندى بەرگرى لە ديموكراتەكان دەكات، كە ناوەندێكى لێكۆڵينەوەيە (پاڵپشتى سياسەتى جەنگ) دەكات، کە ئەجێنداكانى هەماهەنگە لەگەڵ لۆبى ئيسرائيلى.

يۆزجان ئێستا لە نووسينگەى ئەو پارتە توركيە بەبەردەوامى لەگەڵ ناوەندەكان و لێكۆڵەران كاردەكات، ئەوە جگە لەو لێكۆڵەرانەى تايبەت بەكاروبارى توركيا لە ناوەندكانى ترى نزيك لە ئيسرائيل كاردەكات، وەك ناوەندى "پێشكەوتنى ئەمەريكى"، "پەيمانگەى ئينتربرايزى ئەمەريكى"، "پەيمانگەى واشنتن بۆ سياسەتەكانى ڕۆژهەڵاتى نزيك".

 پوختەيەك لە چالاكييەكانى پارتى گەلى كۆمارى لە واشنتن

پارتى گەلى كۆمارى بەشێوەيەكى چڕ لە پەیوەندى دابوو لەگەڵ لۆبى ئيسرائيل، وەك (ئەيباك) و باڵيۆزخانەى ئيسرائيل لە واشنتن. ئەو حيزبە پارێزگارى بەهێزى كردووە لەگەڵ لێكۆڵەرانى كاروبارى توركيا لە چەند ناوەندێكى لێكۆڵينەوەى ئەمەريكى، بەتايبەت ناوەندەكانى تايبەت بە راستڕەوەكان. هەروەها پەیوەندى راستەوخۆى هەبوو لەگەڵ وەزارەتەكانى دەرەو و بەرگرى و كۆشكى سپى.

پارتى گەلى کۆمارى نووسينگەى هەماهەنگى لەگەڵ ئەو وەفدانەى توركيا هەبووە، کە لەگەڵ بەرپرسانى دەرەوە و كۆشكى سپى و لۆبى ئيسرائيلى کۆبوونەتەوە، هەروەها نووسينگەيەى پارتى گەلى كۆمارى چەند جارێك لەگەڵ "ماكانجو" راوێژكارى "جۆبايدن"ى جێگرى باراك ئۆباما بۆ كاروبارى ئەوروپا و ئۆڕاسيا  كۆبوويتەوە.

ئۆزجان رۆژێك بەر لە هەوڵى كودەتاكەى 2016دا، لەگەڵ وەزارەتى بەرگرى كۆبوويەوە، هەفتەيەك پێشتريش لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى ئەمەريكا كۆببووە.

 كۆمپانيا گەورەكان لۆبى توركى بەڕێوەى دەبەن

لە ساڵانى رابردوو، كۆمپانيا گەورەكان بۆ بەڕێوەبردنى چالاكييە جۆراوجۆرەكانى لۆبى توركى چەندین گرێبەستيان لەگەڵ كرا، بۆ بەكرێگرتنى چەند كۆمپانيایەکى بچووك بۆ  خزمەتگوزارى دروستکردنى فشارى دياريكراو، گرنگترينيان: (كۆمەڵەى جيبهاردت) بۆ فشارى سياسى، گرنگى ئەو كۆمپانيايە لە دامەزرێنەرەكەى دا بوو، كە "ريتشارد جيبهارد" ئەندامى ديموكراتى كۆنگرێس بوو، كە زياتر (28)ساڵ خزمەتى هەبوو، بۆ ماوەى (14) ساڵ سەرۆكى ديموكراتەكان بوو لە ئەنجومەنى نوێنەران خزمەتى هەبوو.

ئەو كۆمپانيايە لە 2008 دەستى بەخزمەتى توركيا كرد لە بەرامبەردا لە نێوان 2010 تا 2016 بڕى (19) ملیۆن و (197) هەزار دۆلارى وەرگرت، كۆمپانياى جيبهارد بەشێكى فراوانى چالاكيەكانى لە ماوەى ئەو ساڵانە بەڕێوەبرد، پاشان رۆڵى كۆمپانياى "گرين بيرگ توريجى" وەرگرت، ئەو كۆمپانيايە گرێبەستى لەگەڵ كۆمپانيا نوێكانى فشار ئەنجامدا، بۆ پێشوازى لەو گۆڕانكارييانەى لە ماوەى ئەو ساڵانە لە گۆڕەپانى سياسى دواى هاتنى ترامپ لە 2017 كراوە.

تيمى ئەو كۆمپانيايە كۆمەڵێك ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران و پيرانى پێشوون، كە ساڵانێكى زۆر لە كۆنگرێس كارييان كردبوو، "رۆدى جۆليانى" كە پێشتر باسمان كرد، لە تيمى ئەو كۆمپانيايە بوو، تا ئێستا خزمەتەكانى بەردەوامە، كۆى ئەو پارەيەى لە مانگى نيسانى 2020 وەريگرتووە (6) مليۆن و (400) هەزار دۆلار بووە. هەروەها ئەو دوو كۆمپانيايە سەرپەرشتى زۆرێك لە كۆمپانيا بچووەكانيان كردووە، كە بە گشتى لە واشنتن كارييان لە ئەجێنداى توركى كردووە.

 توركيا بريكارەكانى بە هەڵبژاردن دياريدەكات

لۆبى توركى توانى بگاتە كەسايەتيیە گەورەکان و لە بەرژەوەندى خۆى بەكاريان بهێنێت، ديارتريينيان: "بورتر جۆس "كە (ئاژانسى هەواڵگرى ناوەندى ئەمريكا سى ئاى ئەى) لە نێوان ساڵانى 2004 و 2006و "دينيس هاستيريتى" كۆمارى وتەبێژ بەناوى ئەنجومەنى نوێنەران لە 1999 تا 2007 كە يەكێك بوو لە گرنگترين کەسایەتییە كۆمارييەكان.

توركيا بۆ خزمەتگوزارييەكانى گرێبەستى لەگەڵ (ديكستين شايبرۆ) لە مانگى فبرايرى 2009 بەست، ئەو پەیوەندييە تا نيوەى 2015 بەردەوام بوو، بڕيى تێچووى گرێبەستەکەش گەيشتە (2) مليۆن (295) هەزار دۆلار.

هەروەها گرێبەستى لەگەڵ "تاونر فرنش" فەرمانبەرى پێشووى كۆنگرێس كرد، لە نووسينگەى "بيتى سيشنز" ئەندامى كۆمارييەكان، كە سەرۆكى يەكێك لە گرنگترين ليژنەكانى نوێنەران بوو، كە بەرنامە و ئەجێنداكانى كارى ئەو ئەنجومەنەى بە تەواوى رێك دەخست، ئەوەى شايەنى باسە شينز سەرۆكى پێشووى كوتلەبازى توركيا بوو لە كۆنگرێس.

لۆبى توركى گرێبەستى لەگەڵ كۆمپانياى (كاپيتۆڵ كاونسڵ) لە مانگى تشرينى دووەمى 2015 بەست، بەڵگەنامەكان پەیوەندى بەردەوامى لەگەڵ نووسينگەى سيشنز و خودى شيسنز دەردەخەن، بۆ ئەوەى ئەو كۆمپانيايە بە هەمان شێوەى "جيم ماكرى" كاربكات، كە لە نێوان 1988 تا 2009 ئەندامى كۆمارييەكان بوو.

كۆمەڵەى داشليمان هەيە، كە لە مانگى ئابى 2017 تا كۆتايى 2018 كارى بۆ بەرژەوەندى توركيا كردووە، لە بەرامبەر خزمەتەكانى بڕى 648 هەزار دۆلارى وەرگرتووە، ئەو كۆمپانيايە بە "تۆماس داشلى" جيا دەكرێتەوە، كە سەرۆكى زۆرينەى ديموكراتەكانە لە ئەنجومەنى پيران لە نێوان ساڵانى 2001تا 2003، داشلى لەو كۆمپانيا دەگمەنانەيە كە كارى لەگەڵ توركيا كردووە لەگەڵ ديموكراتەكان لە كۆنگرێس دواى سەركەوتنى ترامپ.

 توركيا و ڕاگەياندنى ئەمەريكى

توركيا چۆن هەماهەنگ بوو بۆ ئەوەى ڕاگەياندنەكان لە ويلايەتەيەكگرتووەكانى ئەمەريكا نوێنەرايەتى ئەو بكەن، چونکە كۆمپانياكان بەتەواوى سەرپەرشتى پرۆسەكان و پێوەندى ڕاگەياندنى ئەمەريكى دەكرد لەبرى باڵيۆزخانەى توركيا.

توركيا هەوڵى نزيكبوونەوە لە راگەياندنەكان دەدات

لە ناوەڕاستى 2014 پەیوەندى لەگەڵ كۆمپانياى (ئەلبتاك) دەستى پێكرد، كە بۆ ماوەى ساڵێك كاروبارى راگەياندنى باڵيۆزخانەى توركياى لە واشنتن بەڕێوەبرد، كارى لەسەر بڵاوكردنەوەى بابەتەكانى بەرپرسانى توركيا دەكرد، لەوانە رەجەب تەيب ئەردۆغانى سەرۆك كۆمار و ئەحمەد داود ئۆغلۆى سەرۆك وەزيرانى ئەوكات، برەوى بە چالاكيەكانى باڵيۆزخانە و هەوڵە دیبلۆماسيیەكانى توركيا دەدا لە دۆزە جۆراوجۆەكانى جيهان.

سەرپەرشتيکردنى هەڵمەتى ڕاگەیاندنى لەو جۆرە، تێچووێكى زۆرى هەبوو، ئەو كۆمپانيايە (1) ملیۆن (420) هەزار دۆلارى بۆ  ساڵێك وەرگرت.

دواى ئەو كۆمپانيايە، كۆمپانياى (ئەبكۆ) دێت لە مانگى ئابى (2016) خزمەتگوزاریەکى بۆ سێ مانگى دواى كودەتاکە پێشكەش كرد، بە تێچووێكى زۆر كە بڕەكەى گەيشتە (741) هەزار دۆلار، پاشان كۆمپانياى (بيرسۆن ماستيلر) دێت کە بەردەوام بە نوێنەرايەتى توركيا لە رووى راگەياندن، برەوەى بە چالاكييە رۆشنبيرى و سياسيەكانى باڵيۆزخانەى توركيا دەدا، كە تێچووى ئەو گرێبەستە بۆ شەش مانگ (1) ملیۆن (100) هەزار دۆلار بوو. هەر ئەو كۆمپانيايە لەڕووى راگەياندنەوە پەیوەندى تەواوى بە باڵيۆخانەى توركيا هەبوو، راوێژى راگەياندنى بۆ سەردانەكانى ئەردۆگان لە مانگى ئايارى 2017 پێشكەش دەكردن.

 جوڵە ناسياسيیەكانى توركيا

دۆسیەكانى توركيامان لەلايەنى بازرگانى و پيشەسازى لە توركيا بەراورد كرد، کە چەندين چالاكى برەودان و راگەياندنیان جێبەجێكردووە، لەوانە گرێبەستى كۆمەڵەى هەناردەكردنى توركيا، كە ئەنجومەنێكە پێكهاتووە لە (65) يەكێتى هەناردەكردن، لە رووى بەڕێوەبردن و دارايى پەيوەست نيیە بە حكوومەتى توركيا، ئەو كۆمپانيا ئەمەريكيە گرێبەستى لەگەڵ كردوون بۆ ئاگاداربوونيان لە هەواڵەكانى كردنەوەى ناوەندى بازرگانى لە ئەستەنبۆڵ، ئەو كۆمپانيايە لەگەڵ دەيان دەزگاى راگەياندنى ئەمەريكى بۆ هەماهەنگى لەگەڵ ئەو ئەنجوومەنە كارى لەگەڵيان كردووە، تێچووى (363) هەزار دۆلار بوو.

گرێبەستێك هەيە بۆ پەیوەندى پيشەسازى پۆڵا و ئاسنى توركى، بە ئامانجى برەو دان بە گرنگى پێوەندى توركى ئەمريكى لەو پيشەسازييە، تێچووى ئەو پەیوەندييە (87) هەزار دۆلاربوو.

ئەو گرێبەستەى جێگاى هەڵوەستە ردنە، گرێبەستى كۆمپانياى "بورووسان مانسمان" بوو، كە كۆمپانياى ئاسان و ماددەى رەقى توركيیە، دروستكردنى بۆڕى پۆڵايينە، بە ئامانجى گرێبەست بۆ لادانى ناوى ئەو كۆمپانيايە لە نووسراوى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەريكا، كە باجى زياترى خستبووە سەر كۆمپانياكانى توركيا، بە داوايەك لەو كۆمپانيا توركييە، كە پاڵپشتى لە حكوومەتى توركيا هەيە بۆ دروستكردنى بەرهەمەكانى، دۆسیەكان باس لەوە دەكەن ئەو كۆمپانيايە هيچ خزمەتگوزارييەكى سياسى پێشكەش نەكردووە، بۆيە وردەكارى چالاكييەكانى نیيە، جگە لە تێچووەكانى كە بڕەكەى(200) هەزار دۆلار بوو.

سێ گرێبەستى دیکەى كۆمپانياى (فەن بارتنرز) هەيە، يەكێكيان بۆ برەودانە بە ئەنجوومەنى هەناردەكاران و گرنگى بەرهەمەكانى توركيا لە بازاڕى ئەمەريكى، کە بڕى (84) هەزار دۆلارى تێچووە.

دوو گرێببەستى ترى هەيە، يەكيان لەگەڵ وەزارەتى گەشتوگوزارى توركى، ئەوەى تر لەگەڵ نووسينگەى رۆشنبيرى و گەشتوگوزار لە کونسوڵخانەى توركيا لە نيۆیۆرك، هەردووكيان بۆ بپێشخستنى بە گەشتوگوزارە لە توركيا، کە  تێچووى ئەو گرێبەستە گەیشتە  (821) هەزار دۆلار.

سەرچاوە: ساسە پۆست

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین