بڵند نەورەس: سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە کۆنفرانسەکاندا میوانێکى ژمارە یەکە و بۆچوونەکانشى گوێ لێگراون
نوچەنێت:
لە چوارچیوەى کۆڕبەندى دیپلۆماسى ئەنتاڵیا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى چەند دیدار و کۆبوونەوەکى ئەنجامدا و لەگەڵ هەر یەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار و مهولوود چاوشئۆغلو وهزیرى دهرهوهى توركیا کۆبووەوە و شارەزایەک لە بوارى ڕاگەیاند و سیاسى دەڵێت، ئەو کەسانەى بۆ کۆڕبەند و کۆنفرانسەکان بانگهێشت دەکرێن، بۆ نموونە کۆڕبەندى ئەنتاڵیا هەر لەخۆوەوە بانگهێشت ناکرێن، سەیرى کەڵکەبوونى ئەزموونیان دەکرێ، وە ئایا ئاراستەى بیرکردنەوە و دونیابینیان لە چ ئاستێکدایە، وە چۆن دەتوانن ببن بە ئەندامێکى کارا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر ئاستى جیهاندا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەم ڕووەوە، لەم ئاراستەیەوە توانیویەتى زۆر سەرکەوتوانە ڕۆڵ ببینێت.
بڵند نەورەس، شارەزا لە ڕاگەیاند و بوارى سیاسى لە دیمانەیەکى دا لەگەڵ رووداو لە (11-3-2022) دەربارەى بەشداریکردنى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆڕبەندى ئەنتاڵیا دەڵێت، ئێمە دەتوانین بڵێین سەرۆکى هەرێمى کوردستان ڕۆڵە میحوەریەکە دەبینێ، ئێستا دۆسیەى دیپلۆماسى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە لەلاى جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستانە، وە جیاواز کە ئەمڕۆ ئەو ڕۆڵەى بۆ هەرێمى کوردستان دەبینێت، لە هەندێ بۆنەى جیاواز جیاواز بینیوومانە کە توانیویەتى نێوەندگیرى بکات لە نێوان دوو لایەنى ترى دەرەوەى عێراقیشدا.
دەقى دیمانەى بڵند نەورەس، شارەزا لە بوارى ڕاگەیاندن و سیاسى:
رووداو: بەپێى ئەو مژارانەى لە دیدارى دیپلۆماسى ئەنتاڵیاى ئەمجارە باس دەکرێت، گرنگى و بایەخى ئەم دیدارە چییە؟
بڵند نەورەس: هەڵبەتە هەموومان کە شاهیدحاڵى ئەوەین کە جەنگێکى گەورە لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەرپابووە، ئەم جەنگە لە دواى شکستهێنانى ئەو گفتوگۆ دیپلۆماسییانە هات، کە ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕووسیا هەوڵى زۆرى دا تا ڕازى بکات نەکەوێتە شەڕەوە لەگەڵ ئۆکرانیا، وە گفتوگۆیەکى زۆر کرا دەرئەنجام بینیمان کە شەڕەکە درستبوو، وە ئەو ئەگەرانەى کە چاوەڕوان دەکرێ لە داهاتوودا، ئەگەر ئەم شەڕە بەردەوام بێ ڕەنگە زیاتر تەشەنەى بکات، تەشەنەکردنى شەڕیش دەبێتە هۆى زیانگەیاندن بە کۆى جیهان، بەتایبەتى بۆ وڵاتێکى وەک رووسیا، کە دووەم هێزى سەربازییە لەسەر ئاستى جیهان.
بۆیە دەبینین کە وڵاتان بە شێوەیەک لە شێوەکان دەیانەوێ ڕۆڵێکى خێر بگێڕن، تاوەکو بتوانن ئەم گرژى و شەڕە هیچ نەبێ بیکوژینەوە یاخود کەمى بکەنەوە. تورکیا هەم لەبەر پێگە جوگرافییەکەى هەم لەبەر ئەو پەیوەندییە کۆن و ستراتیژییانەى کە پێشتر هەیبووە لەگەڵ رووسیا و ئۆکراینا، نەیتوانیوە خۆى یەکلایی بکاتەوە بۆ بەرەیەک، وە ئەگەر ئەم شەڕە درێژە بکێشێ و بەرەکان جیاببنەوە، تورکیا و هەموو وڵاتان ناچار دەبن بچنە یەکێک لەبەرەکان، لەبەر ئەوە باشترین ڕێگە چارەسەر ئەوەیە بتوانن لە ڕێگەى دیپلۆماسیەت و گفتوگۆوە دابنیشنەوە و چارەسەرێکى ئەم کێشەیە بکەن.
بە بڕواى من دیدارى ئەمجارەى ئەنتاڵیا بەتایبەتى تەرخانکراوە بە پلەى یەکەم بۆ کێشەى نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا، ئەگەر تورکیا بتوانێ ڕۆڵێکى نێوەندگیرى بەتوانا ببینێت دەبێتە دەستکەوتێکى گەورە هەم بۆ تورکیا، وە هەم بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە شێوەیەکى گشتى، تورکیا لەگەڵ ئۆکراینا ناتوانێ بچێتە بەرەى دژە رووسیا یان بە پێچەوانەوە، لەبەر ئەوەى پەیوەندییەکى دوورودرێژى هەیە لەگەڵ ئۆکرانیییەکان، وە لە دروستکردنى هەندێ شوێنى مانەوە و باڵەخانەى ئەو خەڵکانەى قەوقاز لەسەر ئەرکى تورکیا کراوە لە ئۆکراینا.
هەروەها پەیوەندییەکى پتەوى کۆمەڵایەتی هەیە لە نێوان تورکیا و ئۆکرانیا هەیە، وە ئاڵوگۆڕى بازرگانیش هەیە لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا. لەبەرامبەردا تورکیا ناتوانێ پشت لە رووسیا بکات، بەوپێیەى رووسیا دوو لەسەر سێى غازى تورکیا دابین دەکات، وە ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان هەشت ئەوەندە زیاترە لە چاو ئۆکرانیا، وە پێگە ستراتیژییە گەورەکەى رووسیا گرنگى خۆى هەیە، بۆیە ڕۆڵى ناوەندگیرى تورکیا بۆ ئەوەیە، هەم هەردوو دەوڵەت بخاتەسەر ڕێچکیەکى تر وە ئارامییەک لە ناوچەکە دروست بکات، چونکە بیرمان نەچێت، مەسەلەى جەنگ تەنها هەر ئەوەندە نییە لە نێوان دوو وڵاتدا جەنگ دروست ببێت، لێکەوتەکانیمان بینى، کە لێکەوتەى زۆر مەترسیدارى چاوەڕواننکراوە ئەگەر لە داهاتوودا ئەم شەڕە بەردەوام بێت، لەڕووى ئابوورى و وزە و خۆراک و ئاسایشى هاووڵاتییەوە لە هەموو جیهاندا، بۆیە پانێڵەکانى کۆڕبەندى ئەنتاڵیا زیاتر چڕبۆتەوە لەو بابەتانەى کە پرسى گشتین و زۆرترین خەڵک لەسەر ئاستى گرنگى پێدەدات، وە پەیوەستى هەیە پێیانەوە.
کەواتە گرنگى کۆڕبەندەکە لەوەدایە کە توانیویەتى بە پلەى یەکەم ئەم دوو وڵاتە لەسەر ئاستى وەزیرى دەرەوە کۆبکاتەوە، وە چاوى جیهان لەسەر ئەوەیە کەبزانین ئەنجامەکان بەرەو کوێ دەگات.
رووداو: یەکێک لەو مژارانەى کە لەم دیدارەدا باس دەکرێت پرسى ئاسایشە، ڕۆڵى کوردستان و عێراق لە پاراستنى ئاسایشى ناوچەکەدا چى بووە و وەدەتوانێ چى بکات؟
بڵند نەورەس: هەموومان دەزانین کە عێراق لە ساڵەکانى ڕابردوودا بە بۆنەى شەڕى داعشەوە بەتایبەتى تووشى گرفتێکى زۆر گەورە بوویەوە، ئەو شەڕە کە بوو بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشى هەموو جیهان، وە لەڕێگەى داعشەوە بنکەیەک دروستکرا کە لە هەموو جیهانەوە تیرۆریست بێن و لێرە کۆببنەوە، وە ئەمە ئاسایشى جیهانى خستە مەترسییەوە، چونکە بابەتەکە بە تەنها هەر ئەوە نەبوو کە عێراق و هەرێمى کوردستان لەبەر لێشاوى داعش ڕانەوەستن، داعش لەوێ ڕابوەستێ، نەخێر ئاسایش گرێدراوە بە یەکەوە، بابەتى ئاسایش بابەتێکى زۆر جددیە لەسەر ئاستى هەموو دونیا و گرنگییەکى زۆرى پێدەدەرێت.
هەموومان بینیمان لەشەڕى داعش بە قارەمانیەتى هێزى پێشمەرگە و بە ڕابەرایەتیى سەرۆک بارزانى، کورد توانى ئەفسانەى داعش تێکبشکێنى، بێگومان نکۆڵى لەوە ناکرێ کە ئەوە چەند لایەنێکى ترى هەیە. یەکێک لە لایەنەکان ئەوەیە کە ئیرادەى خەڵک و پێشمەرگەى کوردستان بەشێک بوو لە تێکشاندنى تیرۆریستان، لایەنێکى ترى ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە هێزانە بوو، کە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى کە بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان نواندى، توانى هاوکارى و هەمانگى هاوپەیمانان بۆ هەرێمى کوردستان دەستەبەر بکات، وە لایەنێکى ترى ئەوەیە کە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و عاقڵمەندانى جیهان لەسەرى کۆکن، کە ئەم ڕەوتە مرۆڤ کوژییە، لە هەر شوێنێکى سەر زەوى بن، دەبێ لە شێوەیەک لە شێوەکان نەمێنن.
بۆیە عێراق و هەرێمى کوردستان لەو ناوچە جوگرافیەى هەرە ستراتیژیەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەرکەوتەى ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ کۆمەڵێک دەوڵەت لە چواردەورى خۆیاندا، کە هەر یەک بۆ خۆیان خاوەنى ئەجنداى جۆراوجۆرى تایبەت بە خۆیانن، بۆیە پەلهاویشتنى ئەو کێشە ئەمنیانە بۆ وڵاتانى تر ئەنجامى وەک سووریاى لێدەکەوێتەوە، هەروەک بینیمان، لەبەر ئەوە پرسى ئاسایش پرسێکى زۆر گرنگە، هەرێمى کوردستانیش لە ناو شەڕەکەدا بوو، بە تەواوى بەرکەوتنى هەبوو، وە تێگەیشتنێکى واقیعى زیاتریان هەیە لەوەى کە شتێکى تیۆرى دووریان هەبێ بۆ بابەتى تیرۆر.
دەتوانین بڵێین هەرێمى کوردستان ڕۆڵێکى گرنگى هەیە، بەو ئەزموونەى هەمانبووە لەشەڕى داعش، وە شەڕى تیرۆر بەتایبەتى، دەکرێ هەنگاوەکان یان کەرەستەکانى بگوازرێتەوە بۆ وڵاتانى تر کە هەمان مەترسییان هەیە.
رووداو: کەواتە کورد چۆن دەتوانێ لە بەڕێوەچوونى کۆڕبەندێکى وا دا یاخود کۆنفرانسێک وەکو کۆنفرانسى ئاسایشى میونشن، سوود لەو دیدار و کۆبوونەوانە وەربگرێ بۆ بەردەوامبوونى ئەو هاوکاریانەى کە پێویستیەتى بەتایبەت لەڕووبەڕووبوونەوەى داعش و تیرۆردا؟
بڵند نەورەس: بێگومان هەر دیدار و کۆنفرانسێک لەسەر ئاستى جیهان کە دەکرێت، وەکو لەسەرەتادا گوتم، رەهەندەکانى رەهەندى گشتیین، رەهەندەکانیش داهاتوویین، بۆیە کاتێک جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەشدارى لەم دیدارانە دەکات، ئەجنداى کار دەستنیشان دەکرێ، وە ئەو خاڵانەى قسەى لەسەر دەکرێ، جێگەى گرنگى کۆمەڵگەى نێودەڵەتى و هەموو جیهانە، بۆیەم لەم ڕێگەیەوە ئێمە وەکو هەرێمى کوردستان، ئەولەویەتى خۆمان هەیە، دەزانین کە لە کوێدا پێویستمان بەوە هەیە کە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەگەڵماندا هاودەنگ بێت، لە کوێدا دەتوانین بە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بڵێین کە ئەگەر خوانەخواستە شکستێک ڕووبدات، شکستەکە لێرە ڕاناوەستێ و بەردەوامى دەبێت.
ئەزموونى هەرێمى کوردستان، ئەزموونێکى زۆر پتەوى لەڕووى سیاسى و دیپلۆماسییەوە تۆمارکردووە، وە ئەم ئەزموونە وایکردووە کە ئێمە لەڕیگەى هەر سیاسەتى دیپلۆماسى خۆمانەوە لە چەندین ئابلۆقەى سیاسى و ئابوورى گەورە دەربازمان ببێت. ئەمە شاهێدى ئەوە دەدات کە سەرکردایەتیى سیاسى کوردستان زۆر بە دانایی مامەڵەیان کردووە، توانیویانە خۆیان لە ناو تێگەیشتنەکانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بدۆزنەوە، وە بەرژەوەندى هاوبەش بدۆزنەوە لە نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەتایبەتى وڵاتە زلهێزەکان، لە ئەنجامیشدا هەموو وڵاتانى جیهان بۆ ئەوە کاردەکەن بتوانن ئاسایش و ئارامى بۆ هاووڵاتیانى وڵاتەکەى خۆیان دەستەبەر بکەن، لەبەرامبەریشدا بتوانن ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەى کە هەیە لەڕووى بازرگانییەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان بتوانن سوودمەند بن تێیدا، وە بچنە ناو چوارچێوە گەورەکەى بازاڕى جیهان، هەر لەو ڕێگەیشەوە بتوانن ببنە ئەندامێکى کارا لەناو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دا.
بەڵام ئێمە با زۆر سەرڕاست بین، هەندێ وڵات هەیە کیانى خۆى هەیە، بەڵام لەسەر ئاستى جیهان ڕۆڵەکەى بەقەد ڕۆڵى هەرێمى کوردستان نییە لەنێو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دا.
رووداو: ڕۆڵى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دیپلۆماسییەتەدا چییە؟
بڵند نەورەس: ئێمە دەتوانین بڵێین سەرۆکى هەرێمى کوردستان ڕۆڵە میحوەریەکە دەبینێ، وە ئەم ڕۆڵە درێژکراوەى ڕۆڵەکانى جەنابى سەرۆک بارزانییە، ئێستا دۆسیەى دیپلۆماسى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە لەلاى جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستانە، وە جیاواز کە ئەمڕۆ ئەو ڕۆڵەى بۆ هەرێمى کوردستان دەبینێت، لە هەندێ بۆنەى جیاواز جیاواز بینیوومانە کە توانیویەتى نێوەندگیرى بکات لە نێوان دوو لایەنى ترى دەرەوەى عێراقیشدا، وە نموونەش هەیە لەسەر ئەو بابەتە.
کاک نێچیرڤان بارزانى بەوە ناسراوە کە ستراتیژییەتێکى نەرمى هەیە، وە لەگەڵ دانوستاندن و نێوەندگیرى و ئاشتى دایە، واتە سەرۆکى هەرێمى کوردستان دیدگایەکى ئاشتیخوازانەى هەیە، وە دیدگایەکى کوردستانیانە کە تەوزیفى کردووە لەناو عیلاقاتى خۆیدا لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکاندا لە ناوخۆى عێراق و دەرەوە و لەسەر مەحفەرى نێودەوڵەتى، بۆیە ئەم ڕۆڵەى، هەوڵ و ئەندامیەتیەى پێدەبەخشێ کە دەبینین لە هەموو کوڕبەند و کۆبوونەوە و دیدارە فەرمییەکانى لەسەر ئاستى جیهان دەکرێ، میوانێکى شایستە و ژمارە یەکە، هەروەها بۆچوون و دیدگاکانیشى گوێ لێگراون.
خۆى ئەم کۆڕبەندانە کە دەکرێت بە شێوەیەکى گشتى، مەسەلەن دەگوترێ لە کۆڕبەندى دیپلۆماسى ئەنتاڵیا سەرووى دوو هەزار کەس لە سیاسى و ئەکادیمی و بازرگان و ئابووریناس بەشدارن، ئەم کەسانە هەر لەخۆوەوە بانگهێشت ناکرێن، سەیرى کەڵکەبوونى ئەزموونیان دەکرێ، ئەو خاڵانەى وەردەگیرێن لە کارى سیاسى و حوکمڕانى خۆیاندا کردوویانە، وە ئایا ئاراستەى بیرکردنەوە و دونیابینیان لە چ ئاستێکدایە، وە چۆن دەتوانن ببن بە ئەندامێکى کارا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر ئاستى جیهاندا, لەبەرئەوە وەرگرتنى بۆچوون و ڕا، ئەو بۆچوونەى سەرچاوەکەى لە ئەزموونکردنەوە وەرگرتووە، دەتوانم بڵێم ئەمە کرۆکى سەرەکى هەموو کۆنگرە و کۆڕبەندێکە، کە لەسەر ئاستى جیهاندا دەکرێت، بۆ ئەوەى هاوبەشییەک هەبێ لە ناو دیدگاکاندا، وە کۆبکرێتەوە و ڕێکبخرێت، تا بتوانن لە کۆتایی دا میساقێک یان دیدگا و بۆچوونێکى گشتى لێدەربێنن، وە ئەم ڕایە بتوانرێ بەرجەستە بکرێ و کارى پێبکرێ. سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەم ڕووەوە، لەم ئاراستەیەوە توانیویەتى زۆر سەرکەوتوانە ڕۆڵ ببینێت.
رووداو: لەگەڵ دیپلۆماسىی دا، ڕۆڵى وزە لە بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى دەرەوە چییە؟
بڵند نەورەس: بێگومان دەتوانم بڵێم ئابوورى کلیلى سیاسەتە، بابەتى وزە لە هەرێمى کوردستان بابەتێکى جددیە، چاوى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى سەرە، وە ئێمە هەتاوەکو ئێستا توانیومانە هەرێمى کوردستان بخەینەسەر نەخشەى وزەى جیهانى. ئێستا بابەتێک هەیە زۆر باس دەکرێ بەتایبەتى دواى ئەوەى ئەو شەڕە لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا دروست بوو، قسەیەک هەیە لەسەر ئەوەى کە غازى هەرێمى کوردستان دەبێتە جێگرەوەى غازى رووسیا.
رووداو: پێتوایە ئەمە ڕووبدات، ڕووسیا ڕێگە بەمە دەدات؟
بڵند نەورەس: ئەمە ڕێککەوتنێکى نێودەوڵەتى دەوێ، وە ئەمە تێگەیشتنێکى هەمەلایەنى دەوێ، ئەو وڵاتانەشى کە پێویستیان بە غاز هەیە. رووسیا دوو لەسەر سێى غازى سروشتى غازى سروشتى بۆ نموونە تورکیا دابین دەکات، وە دەبینین ئەڵمانیا سێ بەشى ئو غازەى بەکاردەهێنێ لە ڕووسیاوە بۆى دێت. ئەوروپا بە شێوەیەکى گشتى غازى سروشتى لە رووسیا وەردەگرێ.
ئێمە ناتوانین بڵێین کە غازى هەرێمى کوردستان دەبێتە بەدیلى غازى رووسیا، ئەمە زۆر واقیعی نییە، بەڵام دەتوانین بڵێین کە غازى سروشتى هەرێمى کوردستان دەبێتە هۆى چارەسەرکردنى کەمى غاز لە هەندێ وڵات و ناوچەى تر، ئەمەیش کارێکى مافى هەرێمى کوردستان، بەڵام دەبێ ڕێگاکان بە دانایى و زیرەکانە دروست بکرێ، هەروەک چۆن دۆسیەى نەوتى کوردستان توانرا بە دانایانە و زیرەکانە چارەسەرکرا، وە توانیمان ببین بە خاوەنى نەوت و بیبینە دەرەوەش.
رووداو: بەڵام دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق ئەمەى ڕەتکردۆتەوە، ئایا ئەوە کێشە دروست ناکات؟
بڵند نەورەس: دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق ڕاستە ڕەتیکردۆتەوە، بەڵام بڕیارى دامەزراوە فەرمییەکانى هەرێمى کوردستان بڕیارێکى زۆر ڕوونە، وە ئەو بەیاننامەى کە هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بەیەکەوە دەریانکرد، زۆر بە ئاشکرا دەڵێن ئەم بڕیارە قابیلى قبووڵ کردن نییە لەسەر ئەرزى واقیع، وە بڕیارێکى سیاسى بووە، لە ئەنجامى فشارێکى سیاسى ئەم بڕیارە دژى هەرێمى کوردستان دراوە، لەبەر ئەوە ئەوەى هەرێمى کوردستان کردوویەتى دەستوورییە و دەستوور ڕێگەى پێداوە، کە نەوتى خۆى دەربێنێت، لە هەمانکتیشدا دەستوور ڕێگەى پێداوە کە گرێبەست بکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیانەى کە نەوت دەردێنن و دەینێرنەدەرەوە، فرۆشتنەکەشى لەلایەن هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدرێت، خۆ ئەلتەرناتیف لە نێوان حکوومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان دا هەبووە، مەسەلەن چانسێک دراوە بە حکوومەتى عێراق، کە گوتوویانە ئێمە وەکو کوردستان هەموو نەوتەکەتان ڕادەست دەکەین، شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستانمان پێ بدەن، حکوومەتى عێراق گووتویەتى ئەم ئیمکانیاتەمان نییە و پێمان ناکرێ.
بەڵام باشە ئێمە نەوتى خۆشمان دەفرۆشین، ئەوەى کە دەمێنێتەوە بماندەنێ، وە لەسەر (200) ملیار دینارەکە ڕێککەوتن ئەویش بەوشێوەیەى کە دەبینین و پچڕ پچڕ دەینێرن. لەلایەکى ترییشەوە دەڵێن ئێمە هەموو داهات و نەوتى خۆمان با سەربەخۆ بێت، بەغدا دیسان دەڵێت ناتوانین.
هەمووئەوانە زۆر ڕوونە، کە فشارێکى سیاسى لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە، وە ئەم فشارە بە ئاراستەیەکدا کە لە نە خزمەتى عێراق دایە نە لە خزمەتى هەرێمى کوردستان دایە، وە حکوومەتى عێراقى دابەشبووە، هەندێکیان کە دڵنیان لەوەى ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکى سیاسییە بەرامبەر بە هەرێمى کوردستان کراوە، وە دادگا فیدراڵیى عێراق کە بەرزترین دادگایە خراوەتە هەڵوێستێکى ئیعراجەوە، بەڵام پاساوى یاسایى بوونى بۆ دەهێننەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەرێمى کوردستان بۆچوونى زۆر ڕوونە، کە خۆشبەختانە لایەنە سیاسییەکانى کوردستانیش بە هەموو پارت و کەسایەتییە سیاسییەکانیشەوە کۆکن لەسەر ئەوەى لەگەڵ سەرۆکایەتیى هەرێم و حکوومەتى هەرێم و پەرلەمانى کوردستان و دادگا بەڕێزەکانمان کۆکن لەسەر ئەوەى کە ئەمە بڕیارێکى سیاسییە، وە ئەمە وەکو سزایەکە بەرامبەر هەرێمى کوردستان بەکاردێت، بۆیە قابیلى جێبەجێکردن نییە لەسەر ئەرزى واقیع.
س: رووداو
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment