ماكرۆن هانى ڕوحانی ده‌دات ئێران

نوچه‌نێت

ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆ کۆماری فەڕەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران، داوای کرد ئێران هەڵوێستی خێرا و ڕوون بنوێنێ بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "بی بی سی فارسی" ڕۆژی سێشەم ماکرۆن لە گفتوگۆ لەگەڵ حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران نیگەرانی جدی خۆی سەبارەت پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە دەربڕی و داوای لەو وڵاتە کرد لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هاوکاریی بکات.

ڕوحانی لەو پەیەوەندییە تەلەفوونییەدا جارێکی تر جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی دووبارە دانوستانی لەسەر ناکرێتەوە.

سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند تەنیا ڕێگا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکایە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە سەردەمی دۆناڵد ترامپدا بووە هۆی کەمبوونەوەی پابەندی ئێران بە مەرجەکانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی.

هەروەها ڕوحانی سەبارەت بە پەسەندکردنی هەر جۆرە بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران لە ئەنجومنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێوەدەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هۆشداری دا.

ڕوحانی وتی، "هەر جۆرە کردەوە یان هەڵوێستێکی ناگونجاوی ئەنجومەنی بڕیاردەران دەتوانێ کێشە و گرفتی نوێ بێنێتە ئاراوە و دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات".

ئەنجومەنی بڕیاردەرانی وزەی ئەتۆمی ئەم هەفتەیە بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە وکەمبوونەوەی هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کۆبووەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکان ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک لە لایەن یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپیی ئامادە کراوە کە ئیدانەی سیاسەتەکانی ئێران دەکات.

ئێران پێشتر ڕەتی کردبووەوە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکات.

ئەمریکا ڕایگەیاند ئێمە لەو وەڵامە بێ هیوا بووین، بەڵام ئێستاش ئامادەی هاوکاری دووبارەین بۆ دەستپێکردنی دیپلۆماسییەکی ئامانجدار بە مەبەستی گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین