ئه‌مریكا جارێكى تر ئاماده‌یى بۆ گفتوگۆكردن نیشان ده‌دات ئێران

نوچه‌نێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئێمە ئامادەین لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پەیداکردنی ڕێوشوێنێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی هەر دوو وڵات بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی گفتوگۆ بکەین.

بە پێێ ڕاپۆرتی "سپۆتنیک"، ڕۆژی سێشەم نید پرایس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمریکا داوا لە ئێران دەکات گفتوگۆی ڕێکخەر و کارا دەست پێ بکات بۆ دیاریکردنی ڕێگایەک بۆ گەڕانەوەی هەر دوو وڵات بۆ ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، کە پێشتر بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی تاران داڕێژراوە.

پرایس وتیشی: هەروا کە دوێنێ وتم، سەبارەت بە پرسی ئێران، ئێمە بەڵێن دەدەین هەوڵی دیپلۆماسى بدەین بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی هەر دوو وڵات بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

نوێنەری ئەمریکا وتی، هەوڵ دەدەین لەگەڵ وڵاتانی گرووپی "پێنج کۆی یەک" (ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەڵمانیا) لە نزیکەوە لە پەیوەندیدا بین.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە: ئێمە ئامادەین لەگەڵ ئێران سەبارەت بە تاوتوێکردنی ڕێگاکان بە مەبەستی گەڕانەوەی هەر دوو لایەن بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی گفتوگۆ بکەین.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: هەڵبەت ئێمە ئاگادارین کە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە بێ بەشداری هەموو لایەنەکان لە گفتوگۆکاندا ناکرێ.

پرایس وتی: لە لایەن ئێمەوە، ئەو دیپلۆماسییە بە وردی لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتانی ئەورووپیی هاوئاهەنگ دەکرێ. بە شێوەیەکی بنەمایی و هۆشیارانە دەبێت و ئامانج ئەوەیە کە دڵنیا بینەوە ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک لە داهاتوودا لەگەڵ سێ وڵاتی یەکێتی ئەورووپا و بە شێوەیەکی بەربڵاوتر لەگەڵ گرووپی پێنج کۆی یەک هاوئاهەنگی زیاتری دەبێت.

پرایس وتی ئەمریکا سەبارەت بە شێواز و چۆنیەتی دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران نەرمی دەنوێنێت.

هاوکات، وتی ئەمریکا لە دوو ئاستی ستراتیژی و تاکتیکیدا بەشێوەی گونجاو بەرچاوڕوونی دەاوە. لە ڕووی ستراتیژیکەوە ئەگەر ئێران بە تەواوەتی بگەڕێتەوە بۆ بەرجام و بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، ئێمەیش ئامادەین بگەڕێینەوە و بەڵێنەکان جێبەجێ بکەین.

پرایس لە درێژەدا وتی: لە ڕووی تاکتیکییەوە ئەگەر یەکێتی ئەورووپا، وەک نێوەندگیر کۆبوونەوەیەک ڕێک بخات، ئێمە ئامادەین لەگەڵ هاوپەیمانانی خۆمان و وڵاتانی ئەورووپیی لەو کۆبوونەوەدا بەشدار بین.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: ئێمە لەو بڕوایەداین کە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕوونادات مەگەر ئەوەی هەموو لایەنەکان سەبارەت بەو وردەکاریانە باس بکەن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین