مستەفا چاوڕەش: بە هەموو توانای خۆمانەوە پشتیوانی لە داواکانى نێچیرڤان بارزانى دەکەین بۆ چاکسازییەکانى ناو هێزى پێشمەرگە میدیا

نوچەنێت:

دواى ئەوەى وەزیرى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە رێوڕەسمى دەرچووانى خولى (6)ـى ئەفسەران و (16)ـى پێشمەرگەى کۆلێژى سەربازیى (3) قەڵاچوالان داواى لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هاوکاریان بێت لە یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە بۆ یەک لەشکر، بەرپرسى بەرپرسی یەکەی (70)ی هێزی پێشمەرگە لە دیمانەیەکدا دەڵێت، ئێمە هەموومان ئەو داوایە دەکەین و داوایەکی باشە، من بە باشی گوێم لە وتارەکەی بوو، سێجار جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە دەستی حیزب (یەکێتی و پارتی) لەنێو هێزی پێشمەرگەدا نەمێنێت و ئەم هێزە هێزی خەڵکی کوردستان بێت.

 مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەکەی (70)ی هێزی پێشمەرگە و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رووداو لە (22-5-2022) لە بارەى سەردانییەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە گرنگ و پیرۆز زانى و بۆ وتەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە هەڵگرتنى دەستى حیزب لە ناو لەشکرى کوردستان گووتیشى، بە هەموو توانای خۆمانەوە پشتیوانی لێدەکەین.

 

دەقی دیمانەى مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەکەی (70)ی هێزی پێشمەرگە:

ــ وەکو بەرپرسی رێکخستنی پێشمەرگەی یەکێتی، چۆن دەڕواننە بۆچوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە؟

مستەفا چاوڕەش: هاتنی جەنابی کاک نێچیرڤان بۆ سلێمانی و بە تایبەتیش ئەمڕۆ کە بەشداریکرد لە ئاهەنگی دەرچووانی خولی 16ـی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان، هاتنەکە خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی پیرۆزە کە لەگەڵ کاک بافڵدا هاتن، ئەو پێشوازییەی کە لێی کرا، بۆ یەکڕیزی خەڵکی کوردستانە.

ئەم هاتنە بەرز دەنرخێنین و هیوادارین ببێتە دەرگەیەک بۆ ئەو گرێکوێرانەی کە تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە، ئێمە هەموومان هەوڵبدەین پشتیوانی لە هاتنەکەی بکەین. ئەو قسە باشانەی بۆ یەکڕیزی خەڵکی کوردستانە بکرێن، تەنیا لەگەڵ یەکێتی نا، خۆتان دەزانن یەکێتی و پارتی دوو هێزی سەرەکین. هەردوولا هێزی چەکدار و پێشمەرگەیان هەیە و هی هەموومانە، دەبێ ئێمە دەستمان لەسەر دڵمان بێت بۆ یەکڕیزی خەڵکی کوردستان، نەک هەر خۆشمان، هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەوانەشی کە ئەمڕۆ جەنابی سەردانی کردوون، هیوادارم هەموومان بێین، لەسەر مێزی دانوستاندن دابنیشین و ئەوەی لە قازانجی خەڵکی کوردستانە بیکەین. 

رەنگە من قسەی دیکەشم هەبێ بیکەم، بەڵام هەنگاوی یەکەم ئەم هاتنە، زۆر بە شتێکی باش دەزانین، پێش هاتنەکەش یەکێتی وەڵامی خۆیی نیشاندا لەسەر داوای برادەرانی پارتی کە هەوڵبدەین ئەم دۆخە بە هاوئاهەنگی تێپەڕێنین. ئەمە ئەرز و ئەمەش گەز، هەنگاوێکی زۆر زۆر باشە.

ــ سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای دەستوەرنەدانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا کرد، بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم داوایە چییە؟

مستەفا چاوڕەش: ئێمە هەموومان ئەو داوایە دەکەین و داوایەکی باشە، من بە باشی گوێم لە وتارەکەی بوو، سێجار جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە دەستی حیزب (یەکێتی و پارتی) لەنێو هێزی پێشمەرگەدا نەمێنێت و ئەم هێزە هێزی خەڵکی کوردستان بێت.

 ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە پشتیوانی لێدەکەین، راستە ئەو هێزەی هەمانە، هی هەردوولامانە، تیشکی رۆژ بە بێژنگ ناگیرێت و وا بزانین کەس چاوی لێ نییە. هەموو خەڵک دەزانن ئەو هێزانە هی یەکێتی و پارتین، خوانەخواستە هەر شتێک رووبدا، هەریەکە و دەچێتەوە لای حیزبەکەی خۆی. ئەو هەنگاوە ئەگەر جێبەجێ بکرێت کە کاک شۆڕش، وەزیری پێشمەرگەش هێمای بۆ کرد. دەبێت لەمەدوا هەوڵبدەین حیزب لە پشتی هەموو ئەو هەنگاو و شتانەوە نەبێ کە دەیانکەین، خۆشمان ئێستا بەو نەفەسە هەوڵدەدەین و ئێستا خەریکی یەکخستنەوەی هێزەکانمانین و چەندین لیوامان خستە سەر وەزارەتی پێشمەرگە کە پێنج هەزار و 500 کەس بوون، لیواکانی 16 و 19مان خستووەتە سەر وەزارەت و لیواکانی دیکەشمان ئامادەکردووە. هەوڵبدەین وتارەکەی کاک نێچیرڤان کە بۆچوونی خۆشمان وایە، بۆ هەموو خەڵکی کوردستان بێت. بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بە قسەی خەڵکی کوردستان بکرێت نەک حیزب.

ــ کەواتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیە بڕیارێکی بێ پەشیمانی بدات بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە؟

مستەفا چاوڕەش: من خۆم لە هەموو کۆبوونەوەکاندام. هاوپەیمانان جەخت لەوە دەکەنەوە و دەڵێن، دەبێت ئێمە یەک هێزمان هەبێت. بەڵام ئەمە ئیشی یەک شەو و رۆژ نییە، بەڵام ئێمە بە بڕاوی خۆمان وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و وەکو سەرکردایەتی، هەنگاو بە هەنگاو دەچینە پێشەوە. چەندین کۆبوونەوەشمان کردووە بەو نەفەسەی کە ئەم هێزانە هەموویان بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و هیچ لاریمان نییە لەوە.

ــ پێشتر چەندین هەوڵدران بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە. بە بڕوای ئێوە چیبکرێت بۆ ئەوەی پێشمەرگە ببێتە هێزێکی نیشتمانی بەبێ ئەوەی کاریگەریی حیزبە سیاسییەکانی لەسەربێت؟ 

مستەفا چاوڕەش: ئێمە کاری زۆرباشمان کردووە و بێئەنجامیش نەبووە، لە رابردوودا فەلەک (فەرماندەیی لەشکری کوردستان) و ئێمە کۆبووینەوە و 14 لیوامان خستە سەر وەزارەت کە ئێستا 20 لیوا زیاترن و ئەمە هەموو بەو نەفەسە کراوە. ئێمە بڕوامان بەوەیە و کە دانیشتووین بە یەک نەفەس قسەمانکردووە. ئێستاش ئێمە هەر بەو نیازە کاردەکەین و بڕوامان پێیەتی، ئەگەر ئەوە نەکرێت بە خراپی دەزانین. هەنگاو بە هەنگاو دەچینە پێشەوە، یەکێک لە مەرجەکانی هاوپەیمانانیش کە ئێستا پشتیوانمانن، ئەگەر سەیر بکەیت، ئەوان تەنیا هاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن، یارمەتی یەکەی 80 و یەکەی 70 نادەن، بەڵکو یارمەتی هێزی یەکگرتوو دەدەن.

لەبەرئەوە، بەرژەوەندیی میلـلەتەکەشمان لەوەدایە. با هیچ لایەکمان خۆمان لێ نەگۆڕێت، یەک تکام بۆ هەموو خەڵکی کوردستان هەیە، ئێمە با ئەنفال و کیمیاباران بێنینەوە بەرچاوی خۆمان. ئێستا دۆخی خەڵک باشە، لەبەرئەوە با سەرکردایەتی سیاسیی دابنیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن، چونکە ئەمە بۆ پێشمەرگە زۆر ئاسانە و خۆشمان بە ویژدانەوە گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت ئەم هێزە یەکگرتووبێت. بەڵام تاوەکو سەرکردایەتی سیاسیی یەکنەگرن، گوناهەکە مەخەنە سەر هێزی پێشمەرگە، با هەردوولا دابنیشن، ئەمڕۆ لە سبەی باشترە، هەموو لایەک هەوڵبدەین هێزەکەمان یەکگرتووبێت و پێشمەرگەی هی هەموو خەڵکی کوردستان بێت. 

ــ پێشترین بینرا، هەر ململانێیەکی سیاسیی لەنێوان پارتی و یەکێتی دروستدەبێت، یەکسەر کاریگەریی لەسەر پێشمەرگە دەبێت، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش گوتی: لیوا هاوبەشەکانیش هەڵوەشانەوە. چیبکرێت بۆ ئەوەی هیچ ململانێیەکی سیاسیی نەبێتە هۆی تێکچوونی ریزی پێشمەرگە؟

مستەفا چاوڕەش:  هێزە هاوبەشەکان بەردەوامن و هەڵنەوەشاونەتەوە، بەڵام ئێمە گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە لەم دابەشکردنەوەیەدا هەر لیوایەک هی خۆی بێت، بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبن، ئەزموونی ئەو چەند ساڵەش وا دەرکەوت کە هەریەکە و هێزی خۆیی هەبێت، بەڵام بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. بەڵام ئێستا ئێمە دوو هێزمان لە بادینانە کە لە لیوای هاوبەشدان، لە گەرمیان و شوێنەکان هێزی هاوبەشمان هەیە. من جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئەگەر سەرکردایەتیی سیاسیی یەکگرتووبێت، پێشمەرگە کێشەی نابێت.

ــ بەڵام لە 16ی ئۆکتۆبەردا هەندێک لە لیوا هاوبەشەکان هەڵوەشێنرانەوە.

مستەفا چاوڕەش: تۆ باسی 16ـی ئۆکتۆبەر دەکەی، ئەو کاتە حکومەتی عێراق دنیایەک شوێنی داگیرکرد، ئێمە 38 شەهیدمان دا بۆ بەرگریکردن لە کەرکووک، خەڵکی دیکەش هەبوون لەوێ نەبوون. 16ـی ئۆکتۆبەر بەڵایەک بوو بەسەر خەڵکی کوردستاندا هات. بەڵام ئەو ناکۆکییەی کە دروستبوو، دیاربوو هەرکەسە و چووەوە لای خۆی، ئەو دۆخەی کە هاتە پێشەوە وایکرد.

ــ مەبەستم ئەوەبوو، چۆن وا بکرێت هەرکەسە و نەچێتەوە بۆ لای خۆی، لەکاتی ناکۆکی سیاسیی بە تایبەتی؟

مستەفا چاوڕەش: هەوڵدەدەین پشت بەخوا ئەگەر توانرا کە ئەم هێزەی لەمەودوا کە دروست دەکرێت و رێکدەخرێ بۆ نەگبەتی خۆ ئێمە ناتوانین تەجنید بکەین، خۆ خەڵک زۆرە بیکات بەڵام وایلێهاتووە کە حکومەتەکەمان دەرەقەتی مەعیشەت و ژیان نایەت، ئەگەر تەجنید بکرایە هی هەموو خەڵکی کوردستان دەبوو.

با یەک شتت بیربێنمەوە، ئەم هەموو کێشمەکێشمەی کە دروستبوو، لەم قسانەی کە دەکرێت لە تیڤی و سیمینارەکان، رۆژێک لە رۆژان ئێمە نەمانهێشت درزبکەوێتە ناو هێزی پیشمەرگە، چونکە ئێمە لە مەترسییەکە تێدەگەین، گەنجێک نین هەوای فەیسبووک هەڵمانبگرێ و قسە بکەین، من لە ئازارەکە تێدەگەم، لە ئازاری ئەم میللەتە تێدەگەم. رۆژێک لە رۆژانە کەس بیر نەکاتەوە کە بەرامبەر هاوڕێکەی خۆی فیشەکێک بتەقێنێ. مام جەلال و کاک مەسعود لە رێککەوتنی واشنتندا، شەڕی نێوخۆیان تەحریم کرد، دەبێ ئەمە بەرنامەیەک بێ بۆ هەموومان، ئەگەر کێشەیەکیش هاتە پێشەوە، هەموومان بە ژیرانە چارەسەری بکەین. ئەم هاتنەی ئەمڕۆش بەشێکە لەوەی کە ئێمە بتوانین بە سەرکردایەتی خۆمان چارەسەری ئەم دۆخە بکەین.

ــ باس باسی هێزی نیشتمانییە، ئەگەر یەکێتی و پارتی لیوای تایبەت بە خۆیان هەبێ لە وەزارەتی پێشمەرگە و هاوبەش نەبن، خەڵک ناڵێ ئەمانە هێزی یەکێتی و پارتین؟

مستەفا چاوڕەش: نازانم بڵێم چی! بەخوا لەتۆ زیاتر پێمخۆشە هێزەکە وەکو یەک بێ، ئەویش هێشتا نەبووە بە بڕیار و کۆتایی نەهاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ هەوڵبدەین، من وەکو هەموو خەڵکێک پێمخۆشە ئەم هێزە هی هەموو خەڵکی کوردستان بێ، بە قسەی ئەو وەزارەتە بکات کە وەزارەتی هەموومان بێ، وانەیەک لە رابردوو وەربگرین.

ــ ئاستەنگەکانی بەردەم یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە چین؟

مستەفا چاوڕەش: پێشتر باسمکرد، با سەرکردایەتی سیاسی دابنیشن وەکو ئەو کاتانەی هەموومان بەیەکەوە بووین و بچینەوە سەر ئەو سکەیە، رەنگە زۆر شت چارەسەرببن. ئەگەر خۆمان دڵمان چاکبکەین، بەسەر هەموو کۆسپ و تەگەرەکاندا زاڵدەین.

ــ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا باسی کاریگەریی دەستێوەردانی حیزبی لەسەر هاوکارییەکان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرد، بە بڕوای ئێوە وەکو فەرماندەیەکی سەربازی، ئەم دەستێوەردانە چەند کاریگەریی لەسەر هاوکارییەکانی هاوپەیمانان دەبێ؟

مستەفا چاوڕەش: بەڵێ زۆر راستە، چونکە ئێمە هەفتانە لەگەڵ نوێنەری هاوپەیمانان کۆبوونەوە دەکەین. ئاگادارکردووین و دەڵێن ئێمە فیشەکێک نادەین بە هێزی حیزبی، ئێمە دەیدەین بە بەو حکومەتەی کە هی هەمووتانە. لەبەرئەوە، ئەمە کاریگەریی زۆرە و ئەوەی کە هەشمانە رەنگە لەدەستمان بچێت. دەبێ ئێمە هەوڵبدەین ئەو یارمەتی و کۆمەکانەی کە بۆمان دێ، لێمان نەبڕن. چونکە ئێستا هەموو ئەو وڵاتانە لێرە لە هەولێرن، مەشقمان پێدەکەن و چەکمان پێدەدەن. ئەوان دەڵێن ئێمە ناتوانین یەک شت بدەین بە ئێوە، بۆیە دەبێ لەگەڵ رێزدا "عاقڵ بین" هەوڵبدەین لەگەڵ ئەو مەسیرەدا بڕۆین کە مەسیری پێشمەرگەی کوردستانە.

ــ سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوەکرد کە نابێ دەرفەتی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان لەدەست بدرێت و داوای لە یەکێتی و پارتی کرد بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە و هێزی نیشتمانی دەرفەت لەدەست نەدەن. ئەم بانگەوازە چۆن هەڵدەسەنگێنی و دەبێ پارتی و یەکێتی چی بکەن؟

مستەفا چاوڕەش: زۆر پیرۆزە، دەبێ سەرەتا هەردوو سەرکردایەتیی سیاسیی دابنیشن و لە سبەیەوە کۆبوونەوەکانیان دەستپێبکەن، رۆژێک زووتر ئەمە بکەن، باشترە. ئێمەش دەبێ بچینە سەر قەناعەتی کە ئەو قسانەی کردی و ئێمەش هەموومان پشتیوانی لێبکەین و ئەو هاوکارییەی هاوپەیمانان لەدەست نەدەین، نەک لە دەست نەدەین، خۆ مەسەلەکە تەنیا فیشەک نییە! کە بەجێیان هێشتین، خۆت دەزانی لەگەڵ عێراقدا هەزار و یەک کێشەمان هەیە. بەشێکی لەبەر دەوڵەتەکان و هاوپەیمانانە کە چاویان لێمانە، ئەگینا خراپتریشمان پێدەکەن، بۆیە یەکڕیزی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان گرنگ و پێویستە.

ــ مادام یەکێتی و پارتی پشتیوانی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دەکەن، بۆچی 30 ساڵە پێشمەرگە یەکناخرێت؟

مستەفا چاوڕەش: ماڵی باوکت ئاوابێ، دەتەوێ ئێستا 30 ساڵ بە من تەواو بکەی؟ ئەم 30 ساڵە منیشی تیابووم. دەبێ هەرچیمان کردووە چاکە و خراپە و شەرمان کردبێ، بە هەموومان کردوومانە، با بێینەوە، ئەوە ئەرز و ئەوە گەز، لە سبەیەوە دەستبکەینەوە بەو هەنگاوانەی کە هەنگاوی برایەتی و تەباییە. بە قسە نا، بە کردار بیکەین. 

ــ بۆچوونی هاوپەیمانان لەسەر 22 لیوا هاوبەشەکە چییە؟

مستەفا چاوڕەش: زۆرباشە و دەستخۆشیمان لێدەکەن. ئەمڕۆ هاوپەیمانەکانیش لە قەڵاچوالان بوون، ئەڵمانی و هۆڵەندییەکان لەوێ بوون، بۆ نانخواردن لەماڵی کاک شێخ جەعفەربووین، لەوێ دەستخۆشییان لێکردین و گەشبینبوون. دەبێ ئەمە لەدەستنەدەین. چونکە ئەوانی دیکەش وەکو ئەمان وان، رەنگە پشتیوانییەکانیان زیاتربن و کەمتر نەبن. دەست لە دەست و قوەت لە خودا.

ــ دەستپێکردنی کارەکانی دوو لیوا هاوبەشەکە لەگەڵ عێراق بە کوێ گەیشت؟ بۆچی عێراق نەیخستوونەتە سەر کار؟

مستەفا چاوڕەش: پێشتر گوتم کە لەگەڵ عێراق هەزار و یەک كێشەمان هەیە. ئەوانیش کۆمەڵێک کێشە و ململانێی نێوخۆییان هەیە، یەکێک هەنگاوێک دەنێ ئەوی دیکە دژی دەبێ. شەش حەوت مانگ زیاترە ئەو دوو لیوا هاوبەشەمان حازرکرد و هەموو ژمارە و زانیاریمان خستە بەردەستیان، شەش جار شاندی وەزارەتی پێشمەرگە چووە بەغدا و لەگەڵیان دانیشت، تازە دەڵێن چیبکەین و چی نەکەین. هەندێ هەنگاوی باش نراون من بەباشیان دەزانم، بەڵام بەخوا ئەوانیش هەر پەکی دەخەن، رۆژێک دەیانگوت دەبێ خۆتان مووچەیان بدەن، دەی باشە ئەمە چ ئیمکانیەتێکە کە دوو لیوا بخەیتە سەر حکومەتی عێراق نەتوانێت خەرجی دابین بکات؟ من پێشترین ئیمانم بەمە نەبووە، بەڵام ئیشیشم بۆ کردووە وەکو ئینسانێک وەکو ئەوەی کە حەزمکردووە لیوای هاوبەش لەو شوێنانە هەبێ کە داعشی تێدایە، بەڵام ئەوەتا تاوەکو ئێستاش هەر پەکی دەخەن و کۆسپ دەخە بەردەمی. ئەمە خەتای عێراقە، خۆ ئێمە بەرەوڕووی ئەوانمان کردووەتەوە، ژمارەمان بۆ ناردوون، سەربازمان بۆ ناردوون، ناومان بۆ ناردوون. دەبێ لەوان بپرسیت کە بۆچی نایکەن؟

ــ چ هاوئاهەنگییەک لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش؟

مستەفا چاوڕەش: تازە بە تازە ئێمە خەریکین، لە قەرەچووخ لەم رۆژانەدا کارێکی هاوبەشیان کرد، لای ئێمەش دوو-سێ مانۆڕ و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەبووە "لەگەڵ حەشد نا، لەگەڵ سوپای عێراق"، لەو ناوچانەی کە لە نێوان ئێمە و ئەواندا بۆشاییەک هەیە. بەڵام ئەوە زۆر گەورە نییە، ئەو لیوایانە ئەگەر جێگیربکرێن و شوێنیان بۆ دیاریبکرێ باشترە ( چونکە شوێن هەن ئەگەر ئێمە بچین عێراق پێی خۆش نییە و دەڵێی دەچینە سەر دڵیان). بەرەوپشچوون لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە، لە بانیمەقان کۆبوونەوەیەکمان کرد، قسەی باشمانکرد، بەڵام دیارە ئەوانیش لەناو خۆیاندا ناکۆکن بۆیە کارەکان ناچنە سەر سکەی خۆیان.

ــ ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باسی بەشداریکردنی پێکهاتەکانی لە ریزی پێشمەرگەی کوردستان کرد، رای ئێوە لەمبارەوە چییە؟ بەشداریکردنی ئەوان چۆنە؟

مستەفا چاوڕەش: ئێستاش ئەوانە بە بەشێک لە خۆمان دەزانین، لە رابردووشدا و لە سەردەمی سەدام حوسێندا لای ئێمە مەقەڕیان هەبوو، تورکمان و ئاشووری هەیانبوو، ئێستا ئەوانەش بەشێکن لە میلـلەتی ئێمە، حەقی خۆیان چییە، دەبێ بە زیادەوە بۆیان جێبەجێ بکرێت، نابێ غەدریان لێبکرێ، تورکمان، ئاشووری، کلدان و ئێزدی، دەبێ لەناو هێزی پێشمەرگە پشکی خۆیان هەبێ، بەڵام ئەوانیش بە چاوی تەبایی و برایەتییەوە تەماشامان بکەن، ئێمە ئەوانە بە برای خۆمان دەزانین، بەتایبەتی تورکمانەکانی کەرکووک، ئێمە زۆر بەرگریمان لێکردن لەوکاتانەی کە پێویستبوو، ئەوانیش نەکەونە هەڵەوە، ئەو هێزەی کە هەمانە "وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان" گوتی: بەشێکن لە ئێمە.

ــ ئەمڕۆ لە قەڵاچوالان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی ناوهێنانی بافڵ تاڵەبانی، سیفەتی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دایە پاڵ، هەروەها وەزیری پێشمەرگەش بەهامنشێوە، ئەمە کۆتاییهاتووە و ئێستا سیفاتی سەرۆکی هەیە؟

مستەفا چاوڕەش: بەڵێ، ئێستا لە نێوخۆشماندا هەروایە، سەرۆکی چییە؟ ئێستا خۆت دەیبینی بە کردەیی ئیشەکان جەنابی دەیکات و لە هەموو ئیشەکاندایە، ئێستا بە کردەیی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و ئێمەش هەموومان پابەندین پێوەی.

ــ ئەمە لە دیداری یەکێتیی یەکلایی دەبێتەوە یان ئێستاش یەکلایی بووەتەوە؟

مستەفا چاوڕەش: لەوێ ئەگەر نەشبێ، ئێستا بە کردەیی ئیشەکان وا دەڕۆن، لە 28ـی مانگیش کە دیدار دەکرێ، لەوێ دیارە قسەی لێدەکرێت و پێموایە کەس ناڕەزایەتیی لەسەر ئەوە نییە، گرنگ ئەوەیە ئیشەکان باش بڕۆن و سەرکەوتن بۆ یەکێتی و یەکێتییەکان و کەسوکاری شەهیدان بێت، ئەگەر مرۆڤ ویژدانی هەبێت و خزمەت بکات، ناوهێنان زۆر گرنگ نییە.

 ــ بڕیارە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، لەو بڕوایەدان ئێستا زەمینە ئەوە هەیە بۆ کاری هاوبەش و بەیەکەوە لە بەغدا کاربکەن؟ 

 مستەفا چاوڕەش: پێموایە لە هەموو کاتێک پێویستترە پێکەوەبین، خەڵک لە هەموومان ناڕازییە، ناچمە سەر ئەوەی لە سۆشیالمیدیا دەگوترێ. دەرفەت بۆ هەندێ خەڵک هاتووەتە پێشەوە کە دەیقۆزێتەوە بۆ دژایەتیی هەردوولا. پێویستە دابنیشن و زەمینەیەکی ئارام بێننە ئاراوە و خەڵک دڵی خۆشبێ. ئێستا بازاڕ وەستاوە، کار وەستاوە، ئاگاتان لە مووچەی خەڵکە و ئاگاتان لە دۆخی خانەنشینانە، لەبەرئەوە من پێموایە هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە بە زووترین کات بەرنامەی باش دابنێن. بە یەک کۆبوونەوە نا، بەڵکو کۆبوونەوەکان بەردەوامبن و خشتەی کار دابنرێت بۆ هەردوولا و ئیشی لەسەر بکەن و کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن. 

ــ یەکێک لە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی پۆستی سەرۆککۆمارە، دەرفەتی ئەوە هەیە لەسەر ئەوە رێکبکەون؟

مستەفا چاوڕەش: بۆ نا، ئەوەتا ئەمڕۆ جەنابی کاک بافڵ و جەنابی کاک نێچیرڤان کۆبوونەوە و دەکرێ قسە لەسەر هەموو ئەو شتانە بکەن، ناکرێ دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر شتێک بوەستێ. بە دانیشتن و متمانە هەموو شتێک دەکرێ. دەبێ دابنیشن لەسەر هەموو شتێک کە پەیوەستە بە بەغداوە رێکبکەون.

ــ دوای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان، پێشبینی چی دەکەن؟

مستەفا چاوڕەش: ئێمە وەکو یەکێتی بە گرنگی دەزانین، هەموو شتێک لای یەکێتی بەباشی دەچێتە پێشەوە، هاتنەکەی خۆی کارێکی ئیجابییە و دەبێ ئەوانیش پێزانینیان بۆ ئەمە هەبێ و هەموو لایەک بێینە سەر ئەوەی کە ئەم هاتنە بە پیرۆز بزانن و پشتیوانی لێبکەن.

ــ دوێنێ تورکیا بە بیانووی پەکەکە هێرشیکردە سەر مەخموور و ئاغجەلەر، بۆچوونی ئێوە لەمبارەیەوە؟

 مستەفا چاوڕەش: باسی دوێنێ دەکەی، ئەوە چوار مانگ پێنج مانگە، تورکیا لە خاکی کوردستانە، لە بامەڕنییە، لە کانی ماسییە و 20 کیلۆمەتر هاتووەتە خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لە رابردووشدا چەندینجار بۆردوومانی ئەو خەڵکەی کردووە بە بیانووی پەکەکە. ئێمە ئەوە بە شتێکی خراپ دەزانین، ئەگەر یەکڕیز و یەکگرتووبین، دەتوانین وەڵامێکمان هەبێ، بەڵام بە حوکمی ناکۆکی خۆمان، نەمانتوانیوە وەکو پێویست بین. دوێنێ لە چەمچەماڵ پێنج کەسی شەهید کرد، لە مەخموور نازانم کەسی شەهید کرد یان نا، ئەمە ستەمێکە لە میلـلەتی ئێمە دەکرێ. ئەو برادەرانەشی کە لێرەن، دەبێ رەچاوی دۆخی ئێرە بکەن و وا نەکەن ئێمە زیانی لەوە زیاترمان پێبگات. 

س: روودوا

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە