وەزیری بەرگریی ئێران دووپات له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى خامنه‌یى ده‌كاته‌وه‌ ئێران

نوچه‌نێت

ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگریی ئێران گوتویەتی فەرمانی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی سەبارەت بە لە ناوبردنی تەلئەبیب و حەیفا بووە بە پلانێک و ئامادەی جێبەجێکردنە.


بە پێی هەواڵی "رادیو فه‌ردا"، حاتەمی کە ئەمڕۆ یەکشەمە حه‌وتی ئادار، لە فستیڤاڵێکی سەربازییدا قسەی دەکرد، وێرای ئاماژە کردن بە لێدوانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەرپرسانی وڵاتی ئیسرائیل وتی ئیسرائیل " لە ئاستێکدا نییە کە دژایەتی کۆماری ئیسلامی بکات" و بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بە "سەگ" شوبهاند کە " هەندێ جار قسەی گەورەتر لە قەبارەی خۆیان دەکەن". 


ڕابەری کۆماری ئیسلامیش پێشتر ئیسرائیلی بە "سەگی هاری گڵاو" ناساندبوو. 
عەلی خامنەیی هەروەها لە ١١ی نیسانی ٢٠١٣، هۆشداری بە ئیسرائیل دا کە ئەگەر هەڕەشە سەربازییەکانی خۆی لە دژی ئێران بە کردەوە ئەنجام بدات، ئێران شارەکانی "تەلئەبیب و حەیفا" بە تەواوەتی لە ناو دەبات". 
لە ساڵانی ڕابردوودا، بەرپرسانی حکومەتی ئێران زۆر جار وێرای ئاماژە کردن بەو ڕستەیەی خامنەیی، هەڕەشەی سەربازییان لە ئیسرائیل کردووە و وتویانە ئەو وڵاتە لە ناو دەبەن. 


بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩، وێرای ئاماژە بەو هەڕەشانە وتی حکومەتی ئێران ئەگەر بیر لە لەناوبردنی تەلئەبیب و حەیفا بکاتەوە " نەک هەر سەرکەوتوو نابێت، بەڵکو ئەوە دوایین جار دەبێ کە یادی شۆڕشەکەیان بەرز ڕادەگرن". جێگای ئاماژەیە هەموو ساڵێ حکومەتی ئێران لە مانگی کانوونی دووەمدا یادی سەرکەوتنی شۆڕش بەرز ڕادەگرن. 


پێدەچێت قسەکانی وەزیری بەرگریی ئێران وەڵامێک بن بۆ لێدوانەکانی بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، کە ڕۆژی چواری ئادار لەمیانەی دیمانەیەک لەگەڵ کەناڵی فاکس نیوز ڕایگەیاند کە سوپای ئیسرائیل سەرقاڵی نوێکردنەوەی چەند پلانێکە بە مەبەستی هێرشکردن بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە شێوەی سەربەخۆ. 
ئیسرائیل چەندین شوێنی لە ئێران دیاری کردووە کە هێرش بۆ سەر ئەو شوێنانە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران توانای بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی کەم ببێتەوە. 


بێنی گانتس، لەو دیمانەیەدا وتویەتی ئەگەر جیهان، کۆماری ئیسلامی ڕاوەستێنێت، " زۆر باش دەبێت" بەڵام ئەگەر ئەوە ڕوو نەدات، پێویستە ئیسرائیل سەربەخۆ ڕاوەستێت و خۆی لە خۆی بەرگری بکات. 
گانتس هەروەها وتی گرووپی حزبوڵای لوبنان کە ئێران پشتیوانی لێ دەکات، سەدان هەزار مووشەکی لەبەر دەستە. 
فۆکس نیوز دەڵێت وەزیری بەرگری ئیسرائیل پلانێکی پۆلێنبەندیکراوی نیشانی ئەو کەناڵە داوە کە نیشاندەری ئەوەیە مووشەکەکانی حیزبوڵای لوبنان لە ناوچە سێڤیلەکانی لوبنان لە نزیک سنووری ئیسرائیل جێگیر کراون. 
گانتس وتویەتی هەموو ئەو بنکانە بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و "ئێمە بۆ شەڕ ئامادەین". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین