سەعدى پیرە: نێچیرڤان بارزانى هەمیشە کارەکتەرێکى بەهێزى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان پارتى و یەکێتى بووە میدیا

نوچەنێت:

ئەندامێکى مەکتەبى سیاسی یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان، دەربارەى سەردانییەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ سلێمانى و کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان ڕایدەگەیێنێت، ئەم سەردانییە کرانەوەیەکى گرنگ بوو بۆ دەستپێکردنەوەى کۆبوونەوەکانى نێوان پارتى و یەکێتى.

سەعدى ئەحمەد پیرە، ئەندامێکى مەکتەبى سیاسی یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئێن ئاڕ تى لە (22-5-2022)، کۆبوونەوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکا هەنگاوى یەکەمە بۆ کردنەوەى دەرگاکان و دروستکردنى زەمینەى دەستپێکردنەوەى گفتووگۆکان لە نێوان پارتى و یەکێتى.

 

دەقى دیمانەکەى سەعدى ئەحمەد پیرە، ئەندامێکى مەکتەبى سیاسی یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان:

ــ لە دەستپێکدا دەمانەوێ پرسیار لەبارەى ئەو کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى پارتى و یەکێتى بکەم، پرسیارەکە ئەوەیە، ئەو دەستپشێخەریانەى ئێستا پارتى باسى لێوەدەکات، بۆ ئاساییکردنەوەى زانیارییەکان، ئێوە زانیاریتان لە بارەیانەوە هەیە؟ 

سەعدى ئەحمەد پیرە: دەستپێشخەریەکە لە هەموو لایەکەوە بووە، لە هەرێمى کوردستان ئەم پرسە بۆتە پرسى هەموو هاووڵاتییان، کە گرژییەکانى نێوان یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان، تەنیا گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکانى عێراقى، تەنیا لایەنێک ئیلتزام بکات لەگەڵ لایەنێکى ترى عێراقى، ئەمە خۆى لە خۆیدا مەسەلەى هەرێمى کوردستان دوردەخاتەوە لە ئامانجەکانى. 

گرژییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى وردە وردە گەیشتە ئەو ئاستەى، کاریگەرى لەسەر بازاڕ و بارودۆخى ئەمنى لە پارێزگاکان، تەنانەت زۆر کەس پێشبینى ئەوەى دەکرد، ڕەنگە ڕووبەڕووى یەکتر ببنەوە و شتى گەرمى لێ  بکەوێتەوە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە هەردوولا پارتى و یەکێتى  و هەموو ئەو لایەنانەى بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سەرکەوتن لە هەوڵەکانیان، کە ئەم گرژییە وردە وردە خاوبووەوە، هەنگاوى یەکەم بە ڕاگرتنى شەڕى ڕاگەیاند دەستیپێکرد، سوپاسى هەموو کەناڵەکان دەکەین کە پابەندبوون بەو بڕیارە، کە وایکرد زەمینەخۆش بێت، سەردانى کاک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ سلێمانى و بەشداریکردن لە خولى دەرچوانى کۆلیژى سەربازیى (3)ـى قەڵاچوالان، کرانەوەیەکى باشە، لە پەراوێزى سەردانییە، کە خۆى لە خۆیدا ئامادەکارییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتى یەکێتى و پارتى. 

ــ باس لەوە دەکرێت، ئەمڕۆ پارتى و یەکێتى کۆدەبنەوە، ئێستا تۆش ئاماژە پێدا، بینیمان نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە سەردانێک لە شارى سلێمانییە، بەشداریشیکردووە لە رێوڕەسمى بەشداربوانى کۆلێژى سەربازیى (3)ـى قەڵاچوالان، کۆبوونەوەکەى بۆ ئەمڕۆ چییە، باسى چى تێدادەکرێت؟ 

سەعدى ئەحمەد پیرە: کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ ئیعتبار دەکرێ بە ئاساییکردنەوەى بارودۆخى هەرێمى کوردستان و پەیوەندیى نێوان پارتى و یەکێتى، هەروەها پارتى و یەکێتى لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى تر چۆن دەتوانن وەرەقەیەکى هاوبەش ئامادە بکەن بۆ گفتووگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، بۆ دروستکردنى حکوومەتى عێراق، وە هەروەها هەوڵى ئەوە بدرێت ئەو ناکۆکیانەى لە مەسەلەى سەرۆکى کۆمار هەیە یەکلا بکرێتەوە، بەڵام ڕەنگە هەموو ئەو بابەتانە ئەمڕۆ لەو کۆبوونەوەیەدا کۆتایى نەیێت، بەڵکو زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان پارتى و یەکێتى ئەنجام بدرێت، چونکە مەسەلەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و هەندێ بارودۆخى ئەمنى کوردستان هەیە لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتەى کە نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بۆ ئەنجوومەنى ئاسایشیى نێودەوڵەتى ناردبووى، نیگەرانییەکى زۆرى پێوەدیارە.

ئەم ڕاپۆرتەى پلاسخارات وەک ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەوانى نییە، ڕۆژنامەوانێک بێ و هەفتەیەک لێرە بێت، بەڵکو هى کەسێکى پسپۆڕە و شارەزایە، وە چەندین ساڵە لەگەڵ ئێمە دەژى، ئاگادارە بە ناکۆکییە بچووک و گەورەکان، بۆیە پێویستە نیگەرانییەکانى بەجددى وەربگرین.

ــ سەبارەت بە بابەتى ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانى حکوومەتى نوێى عێراق پرسیار بکەم، پێشتر خاڵى ناکۆکى نێوان پارتى و یەکێتى وەک باسى لێوەدەکرا، پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق بۆ پرسى پێکهێنانى حکوومەتى نوێى عێراق، هیچى نوێ هەیە لەو دەستپێشخەریانەى پارتى و یەکێتى بۆ لێکنزیکبوونەوەیان لە یەکترى، هیچى تێدایە لە بارەى ئەو گۆڕانکاریانەى کە بەسەر پۆستى سەرۆک کۆماردا دێت؟

سەعدى ئەحمەد پیرە: لە وتارەکەدا بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان، باسى لەوەکرد هەندێ گرێبەست و کۆسپى دەروونى هەیە لە نێوان یەکێتى و پارتى، کە هەندێجار ڕێگر دەبێت لە لێکتێگەیشتن، بەڕاستى ئەوە دروستە، ئەگەرنا ئەوانەى لە ناو یەکێتى و پارتى بە یەکەوە کاردەکەن، پەیوەندیى دەیان ساڵیان بەیەکەوە هەیە و پەیوەندیى باشیان پێکەوە هەبووە، ڕەنگە بە ئاسانى بتوانن بگەنە یەک، هەروەها هەڵسەنگاندنى بارودۆخە و ڕۆڵى یەکێتى و پارتى و ئەو ڕێککەوتننانەى لەنێوان هەردوولا لەمەوپێشکراوە، چ ڕێککەوتننامەى ستراتیژیى چ ڕێککەوتنەکانى تر بۆ دامەزراندنى حکوومەتى هەرێم کابینەى نۆ کراوە، هەموویان جۆرێک لە هاوسەنگى باسکراوە، بۆیە بابەتى عینادى بوون لەسەر لێسەندنەوەى پۆستى سەرۆک کۆمار لە یەکێتى، پێموایە ئەم گفتوگۆیەکى زۆرى ناوێ و ڕێککەوتنێکى پێویستە، وە یەکێتى بە مافى خۆى دەزانێ و لە کۆبوونەوەکانى داهاتوو بە دڵنیاییەوە ڕێگەچارەیەکى بۆ دەدۆزرێتەوە.

ــ زانیارییەک هەیە دەربارەى ئەوەى کە پارتى لە پۆستى سەرۆک کۆمار کشاوەتەوە، دەمەوێ لە جەنابتان پێشڕاستی بەینکەوە، شتى لەم جۆرە باسکراوە؟

سەعدى ئەحمەد پیرە: من نامەوێ پێش کۆبوونەوەکان هیچ زانیارییەک کە پشتڕاست نەکرابێتەوە و بەفەرمى باس نەکرابێت، نامەوێ بیڵێم، ئەو پرسیارە با تەرک بکەین بۆ کۆبوونەوەکانى داهاتووى نێوان پارتى و یەکێتى، بۆیە من ئەمە بێ وەڵام دێڵمەوە.

ــ ئەو کۆبوونەوانەى کە دەکرێ، دواى ئەو دەستپێشخەریانەى وەک جەنابت باستانکرد، هەم لەلایەن پارتییەوە هەم لەلایەن یەکێتییەوە هەبووە، ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن دروست دەبێت، پەیوەست بە پێکهێنانى هاوپەیمانیێتیکى نوێ بۆ حکوومەتى نوێى عێراقى؟ 

سەعدى ئەحمەد پیرە: هیچ ئەلتەرناتیڤى دیکەمان نییە، خۆ ئێمە تاقیمانکردۆتەوە لە (10-10-2021)وە، هەڵبژاردن کراوە و لەو کاتەوە خەریکین، هەر هەنگاوێکمان هاویشت بێت لێکى دوورخستینەتەوە، لە عێراق بەشێوەیەکى ناتەندروست مامەڵەمان لەگەڵ کراوە، هەموو دەلیلى ئەوەیە لە ئەنجامى ناکۆکییەکانى خۆمان پێگەى هەرێمى کوردستانمان نەک بەهێز نەکردیە، بە پێچەوانەوە بێهێزتر کردووە، ئەمەیش پێویستە زەنگێکى مەترسیدار بێت بۆ ئێمە، بۆیە دەبێ هییمەتى هەموو لایەکمان بۆ دەرچوون بێت لەو دۆخەى ئەمڕۆ، چونکە ئێستا کە هێزەکانى پێشمەرگە لە سەنگەرن، هەموو وەزیفەیان ئەوەیە کە هەرێمى کوردستان بەبەهێزى بمێنێتەوە، لە بوارەکانى ئەمنى و ئابوورى و سەرجەم بوارەکانى تر.

بەداخەوە ڕەفتارى ئێمە لە چەند مانگى ڕابردوو، بە شێوەیەک بووە کە هەرێمى کوردستان بێهێز دەکات، هەر ئەمەیش بوو کە زەفەرى پێگەیاندنین، کە بڕیارى دادگاى باڵای فیدراڵیى عێراق دەرچوو، بە شێوەیەک کە پرسێک بە هەرێمى کوردستان نەکات. 

سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ سلێمانى بۆ سلێمانى سەردانێکى تەشریفاتى نییە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى ئەوەندە کاتى زۆر نییە، تەنیا بۆ کاتبەسەربردن سەردانى سلێمانى بکات.

ــ ئەم سەردانەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ سلێمانى و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى یەکێتى و بەشداریکردنى لە رێوڕەسمێکى تایبەت یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان، وا دەکات کە پەیوەندییەکان بە تەواوى ئاسایی ببنەوە، یاخود تەنها سەردانێکى تەشریفاتییە لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە بۆ سنوورى پارێزگاى سلێمانى؟

سەعدى ئەحمەد پیرە: ئەم سەردانییەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ئەنجامى داخوازییەکى یەکێتى نییە، تەنها بۆ تەشریفاتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى سلێمانى بکات، بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش ئەوەندە بێ ئیش نییە تەنها بۆ کاتبەسەربردن سەردانى سلێمانى بکات، ئەو یەکێک بوو لەو ئەکتەرانەى کە بەجددى هەوڵیانداوە ئەو کێشانە لەڕێگەى دیالۆگەوە چارەسەرى بکەن لە نێوان یەکێتى و پارتى، هەروەها بافڵ تاڵەبانیش هەوڵى چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى داوە. وە ئەم سەردانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ سلێمانى، هەنگاوى یەکەمە بۆ کردنەوە دەرگاکان و خۆشکردنى زەمینەیەک دواى ڕاگرتنى شەڕى ڕاگەیاند، بۆیە پێموایە کاتەکە و بارودۆخەکە پێگەیشتووە کە کۆبوونەوەى سەرکەوتوو بکرێ لە دواى کۆتاییهاتنى رێوڕەسمە سەربازییەکەى قەڵاچوالان. 

ــ پەیوەست بە هۆشدارییەکانى پلاسخارت، نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، و هەروەها هۆشدارییەکانى ئەمەریکاش لەبارەى قەوارەى هەرێمى کوردستانەوە، یەکێتى خوێندنەوەى چییە بۆ ئەم هۆشداریانە؟

سەعدى ئەحمەد پیرە: سەبارەت بە قسەکانى کۆنسوڵى ئەمەریکا ڕاست نییە و شتى واى نەگوتووە، بەڵکو لە دانیشتنێکى مێرى لە (15-5-2022)دا، وە لە هەمانکتدایش لە کۆبوونەوەیەکى ڕۆژنامەوانی، پێموایە ئەوەى کەوا باسیکردووە، کە ڕۆژنامەوانێکى ئێن ئاڕ تى بووە، بەباشى تێکنەگەیشتوونە لەگەڵ کۆنسوڵى ئەمەریکا لە عێراق. کۆنسوڵى ئەمەریکا لە عێراق ڕێکنەخستنەوەى کاروبارى ناوخۆى عێراق.

ــ کۆبوونەوەکە بە دەنگ و ڕەنگ تۆمارکراوە، وە لە کۆبوونەوەکەدا ئەم قسانە دەڵێت، کە ئەگەر پارتى و یەکێتى ڕێکنەکەون، ڕەنگە مەترسى دروست بێت لەسەر قەوارەى هەرێمى کوردستان.

سەعدى ئەحمەد پیرە: من شتێک ئینگلیزى دەزانم، خۆى باسى ئەوە دەکات ئەگەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە، وە دامەزراوە فەرمییەکان لە عێراق ڕێکنەخرێنەوە، ئەمە بارودۆخێکى ناسەقامگیر لە عێراق دروست دەکات، کە هێزەکانى نەیار بە سیستەمى ئێوە لە عێراق و هەرێمى کوردستان تووشى مەترسیتان دەکەن، ئەوە مەفهومى قسەکانییەتى.

ــ سەبارەت بە هۆشدارییەکانى پلاسخارت چى دەڵێیت؟

سەعدى ئەحمەد پیرە: پلاسخارت بەفەرمى لەبەردەم ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى باسى بارودۆخى عێراقى دەکات و نیگەرانییەکانى پیشاندەدات لە لایەنە سیاسییەکان، بەداخەوە کێشەکانیان شەخسى و حیزبییە، وە ئەو هێزانەى کە هەیانە هەوڵدەدەن بە هێزى حیزبى بمێننەوە، واتە ئەو ئەکتەرانەى کە ڕۆڵى ئەساسیان هەیە نەیاتوانیوە وەک نوێنەرى خەڵکى ناوچەکە گەیشتوونەتە بارودۆخێکى چەقبەستوو ئەوتۆ، کە ئەگەر چارەسەر نەکرێ، ڕەنگە عێراق بەرەو بارودۆخێکى خراپتر و ئەنجامى خراپترى لێبکەوێتەوە.

ئەوەى کە پلاسخارت باسى دەکات، پێموایە دەبێ ئەوەیان بە جددى وەربگرین، چونکە پلاسخارت چەندین ساڵە لێرەیە، پێشتر وەزیرى بەرگریى هۆڵەندا بووە، پلاسخارت کەسێکى سیاسەتمەدار و پسپۆڕە، پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەیە، تەنانەت ئەو ماوەیەى لێرە بووە، پەیوەندیى لەگەڵ دراوسێیەکانى عێراقیش هەبووە، بۆیە ئەو وردەکارییەى پلاسخارت لە ڕاپۆرتە شەش حەوت لاپەڕەییەکەى خۆى باسى دەکات، پێموایە دەبێ ئەوە لە هەموویان بە جددى تر وەربگرین، ئەو هیچ ئایندەیەکى وا باش نیشان نادات لە ڕاپۆرتەکەى تا ئێمە بەردەوام بین، بۆیە پێویستە زووتر دەست بە گفتوگۆ بکەین.

ئەوەى کە من بە ئیجابى لە قەڵەمى دەکەم، ئەوەیە کە ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان وەکو یەک باس دەکات، ئەوە نییە هەرێمى کوردستان وەک مەسەلەیەکى هەرێمى ناوخۆیى باس بکات، وەکو مەسەلەیەکى سەرەکى لە ڕاپۆرتەکەدا باس دەکات، هەروەها جەخت لەسەر گرنگى پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و هەرێمى کوردستان دەکاتەوە، مانەوەى ناکۆکییەکان لە نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق قازانجى هیچ لایەکیان تێدا نییە و بەڵکو زیانى بۆ عێراق هەیە، ئەمەیش بۆشاییەکى گەورە دروست دەکات کە سەروەرى خاکى عێراق زۆرجار بریندار بکرێ، ئەم خاڵەم لە هەموو خاڵەکانى تر پێ گرنگترە.

ــ لەبارەى ئەو هۆشداریانەى کە پلاسخارت داویەتى، دەکرێ بڵێین مەترسى حەقیقى لەسەر چ ئاستێک دروستبووە بۆ هەرێمى کوردستان، یانى ئەگەر دۆخەکە چارەسەر نەبێت، چى لێدەکەوێتەوە، چونکە ئەمە جێگەى پرسیارە بۆ خەڵکى؟ 

سەعدى ئەحمەد پیرە: ئەوەى پلاسخارت دەڵێت، ئەگەر ئەوە نەبێت ڕەنگە لە هەرێمى کوردستان و عێراق شەڕى ناوخۆ دروست ببێت، وە دروستبوونى شەڕى ناوخۆ، واتە سلمى ئەمنى لە مەترسیدایە، ئەگەر بە مەفهومەکەى خۆى بیڵێین، ئەگەر بەمشێوەیە ئەگەر بەردەوام بێت سلمى ئەمنى دەکەوێتە مەترسى، مەترسى سلیمى ئەمنى، پێچەوانەکەى دەکات واتە شەڕى ناوخۆ.

نێچیرڤان بارزانى یەکێک بووە لەو ئەکتەرانەى بەجددى هەوڵیداوە کێشەکانى نێوان پارتى و یەکێتى لەڕێگەى دیالۆگەوە چارەسەرى بکرێ. 

ــ یەکێتى و پارتى و هەرێمى کوردستان دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم هۆشداریانە بکات، ئەم هەنگاوەى کە ئەمڕۆ نراوە دەکرێ بڵیین دەستپێکى ئەوەیە دۆخەکە ئاسایی بێتەوە، بۆ ئەوەى ئەو مەترسیانەى کە هەشە لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە بڕەونەوە؟ 

سەعدى ئەحمەد پیرە: هەنگاوى یەکەمى پارتى و یەکێتى ئەوەیە، کە هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەکەوە لەسەر یەک بەرنامە و بەی ەک تیم لەگەڵ تەواوى لایەنە سیاسییەکانى عێراق گفتووگۆ بکەن، وە ناکرێ ئێمە بە دواى دورشمى هەندێ لایەنى عێراقى بکەوین، وە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنە عێراقییانەى کە براوەن لە هەڵبژاردنى (10-10-2021) پێویستە گفتوگۆ بکەین. 

ئەو سێ بنەمایەى کە عێراقى لەسەردامەزراوە لەدواى (2003) مەسەلەى تەوافق و تەوازن و شەراکەت، هەوڵبدەین لە چوارچێوەى دەستوورى هەمیشەیى عێراق پیادە بکرێ، ئەوکات ئەو کەموکوڕیانەى کە هەن، بەتایبەتى بۆ ئێمە کە هەندێ کەموکوڕى هەیە کە بەردەوامبوونى خراپە، بۆ نموونە پرسى پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمى بەرگریى ئاسایشى عێراق، نە گرنگى پێدەدەرێت، نە پڕ چەک دەکرێت، نە مەشقیان پێ دەکرێ، ئەوەى بۆ هێزە چەکدارەکانى ترى عێراق کراوە بۆ پێشمەرگە نەکراوە،.

پرسێکى دیکەى کە گرنگە، ئەویش مەسەلەى بەشدارى کورد لە بڕیارە سیاسییە گرنگییەکانى کە لە عێراق دەدرێت، چونکە ئەوە پەیوەندى بە ئایندەى عێراقەوە هەیە، عێراقى نوێ جیاوازە لەگەڵ عێراقى کۆن، عێراقى کۆن ئەو عێراقەیە کە عاملى شەڕ و تێکدانى سەقامیگرى و ئاسایش بوو لە ناوچەکە، عێراقى نوێ دەبێ تەواوکەرى لایەنە ئیجابییەکان لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ ئاسایش و سەقامگیرى و دروستکردنى ژینگەیەکى ئیجابى بۆ پێکهاتەکان، تاوەکو بتوانن بە یەکەوە بژین دوور لە هەستى شۆڤینى و تائیفى، کە ئەمە جێبەجێ من پێموایە یەکێتى پارتى و یەکێتى بەتایبەتى وە هێزە ئیسلامیی و هێزەکانى تریش لە ناو هەرێمى کوردستان، هەتا ئەوانەى نوێنەریشیان نییە لە پەرلەمان دەتوانن دەورى ئەساسى ببینین لە ڕێگەى ڕاگەیاندن و بەشداریان ڕۆڵى گرنگ ببینین لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان بەشێک بیـ لەچارەسەر نەک بەشێک بێت لە کێشەکان.

ــ سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەتوانێت یاخود ڕۆڵى ئەوەى ببێت لە چارەسەرى گرفتەکانى نێوان پارتى و یەکێتى، چونکە لە ماوەى ڕابردوو لە بەشێک لەو گرفتانەى کە ڕووبەڕووى خەڵک ببوونەوە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى، وەکو دابەشکردنى مووچە و کەمى داهات لە سنوورەکەدا، وە گرفت لە دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران و مامۆستایان هەبووە، باس لەوە دەکرا کە پەیوەندیى بە سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە هەبووە؟ 

سەعدى ئەحمەد پیرە: من وای نابینم بەو شێوەیە بێت کە باس دەکرا، ئەو بانگەشە ئیعلامییەى لەسەر سلێمانى دەکرا، هەوڵى ئەوە دەدرا کێشەیەک دروست بکەن، ڕۆژى پێنجشەممەى ڕابردوو مووچەى خانەنشینان لە سلێمانى دابەشکرا، هیچ کێشەى لێنەکەوتەوە، ئێ خۆ هەمان سلێمانییە و هەمان بانک و پارە و کارمەندە. 

ئەگەر ئێمە بمانەوێ بە دواى ئەوەدا بگەڕێین، کە لەیەکترى شت گەورە بکەین، لە ناو هەولێر گەڕەکێک هەر دەبى بدۆزینەوە، کە هەندێ زبڵ تێدا بێت یان بۆڕییەک تەقى بێ و ئاو بڕوات، گەورەى بکەین، ئەوە ماناى ئەوە نییە هەولێر هەمووى ئەوها نییە، بەڵام تۆ واى نیشان دەدەى، دەچن لە سلێمانى هەمان شت دەکرێت. پێویستە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ یەکترى نەکەین، هەوڵى ئەوەبدەین کە هەرێمى کوردستان پێگەیەکى باشى هەیە لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، هەرێمى کوردستان قابیلى بەراوردکردنە لەگەڵ هەموو بەشەکانى عێراق لەڕووى پێشکەوتنەوە، وە هەوڵى ئەوە بدەین کێشەى گەنجان چارەسەر بکەین، بە دۆزینەوەى پڕۆژەى تایبەت بە گەنجان، چونکە کۆچى گەنجان بۆتە کێشەیەکى گەورە بۆ هەموومان، نەک تەنیا لەبەر ئەوەى ژمارەیەکى زۆرى گەنجان بەداخەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵکو کەفائاتەکانى ئەم هەرێمەش بە خۆڕایى دەڕۆن، هەرێمى کوردستان مەسرەفێکى زۆرى کردووە لە پێگەیاندن و قوتابخانەکان، بۆیە دەبێ بە دواى ئیشدا بۆیان بگەڕێین، وە پڕۆژەیەکى تایبەتیان بۆ بکەین.

هەروەها ئەمڕۆ جووتیاران کێشەى وشکەساڵیان هەیە، ناوچەیەکى زۆر لەبەرر کەمدەرامەتى خەڵکى گوندەکان چۆڵى دەکەن، بەتایبەت لەو ناوچانەى کورد و عەرەب تێکەڵن یان سنووریان لێکنزیکە، بۆیە ئەگەر بە کردار پشتیوانى لەو ناوچانە نەکەین کە ڕووبەڕووى وشکەساڵى بوونەتەوە یان سیاسەتى تەعریب بەرامبەریان پیادە دەکرێت بەبێ ئاگادارى ئێمە، بۆیە ئەو جووتیارانە پێویستە پڕۆژەیەکى تایبەتیان بۆ بکرێ، ئەوانە کۆمەڵێک شتن کە ئێمە ئەگەر نەیکەین زیانى زۆر گەورە دەکەین.

ــ کەواتە لە قسەکانت وا دەرکەوت، کە وتت، ڕۆژى چوارشەممە و پێنجشەممە  دەستکراوە بە دابەشکردنى مووچە و هیچ گرفتێک دروست نەبووە، بۆ لەمەودوا ئەو گرفتەى لە مانگى سێ و چواردا هەبوو لەدابەشکردنى مووچەدا چارەسەر بووە و ئیتر دووبارە نابێتەوە؟

سەعدى ئەحمەد پیرە: ئەم گرفتانەى کە هەبوون لەسەر مووچە زیاتر دروستکراو بوون، خۆى لە ئەسڵدا پێویستە سەرۆکى تیمى یەکێتى لە ناو حکومەتدا لێکۆڵێنەوە بکات، کە ئەم گرفتانە لە کوێیەوە هاتوون و لە چییەوە سەرچاوەى گرتووە.

ــ کێ ئەو گرفتانەى دروستکرد بوو؟

سەعدى ئەحمەد پیرە: ئەوە من نیم لێدەکۆڵمەوە، دەبێ سەرۆکى تیمى یەکێتى کاک قوباد تاڵەبانى، لە ڕێگەى دەزگاکانى خۆى لێبکۆڵێتەوە، ئەم بابەتە بۆ بەو ئاراستەیەدا ڕۆیى، کێ هۆکارە.

ــ سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان، هەروەک بڕیارى لێدراوە، لە یەکى مانگى (10) ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، تا ئێستاش بەشێک لە هێزە سیاسییەکان داواى ئەوە دەکەن کە هەموارى یاساى هەڵبژاردن بکرێتەوە، کۆمیسیۆنیش کارانەکراوەتەوە، یەکێتى چى دەڵێت لە بارەى پرسى هەڵبژاردنى هەرێمى کوردستانەوە؟

سەعدى ئەحمەد پیرە: یەکێتى کێشەى نییە لەسەر ئەوەى هەڵبژاردن لە کاتى خۆیدا بکرێ، ئێمە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق قبووڵمان بوو هەرێمى کوردستان بکرێتە (12) بازنە، بۆ دەبێ بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێتە (4) بازنە؟ ئەمە شتێکى نا مەنتقییە، وە ئەوە کارەکەش ئاسانتر دەکات، جۆرێک لە دادپەروەریش دروست دەکات، ئەمە کارێکى باشە.

مەسەلەى دووەم، مەسەلەى کۆمیسیۆنە، دەبێ چارەسەر بکرێ و تەمدید بکرێ یان بە شێوەیەک کە بتوانى بەو ئەرگە هەڵسێت، پرسى سێیەم تایبەتە شێوەى بە کورسى کۆتاکان، جەخت دەکەمەوە ئێمە لەگەڵ ئەوە نین کە پڕوپاگەندەى زۆر دەکرێ گوایە، هەندێ لایەن دەیانەوێ کۆتاکان ژمارەیان کەم بکرێتەوە، ئێمە نامانەوێ کۆتاکان ژمارەیان کەم بکرێتەوە، ئێمە دەمانەوێ ئەوانەى بە کۆتا دەبنە ئەندامى پەرلەمانى کوردستان نوێنەرى پێکهاتەکانى خۆیان بن نەک بە دەنگێکى کەم بۆ لایەنێکى دیکە بێت.

بۆیە ئێمە دەمانەوێ ئەو کەسەى بەناوى تورکمان دەبێتە ئەندام پەرلەمان، دەبێ نوێنەرى تورکمان بێت، ئەوە کریستیان بێت دەبێ نوێنەرى کریستیان بێت، ئەگەر کەسێک دەیەوێ لەسەر لیستى یەکێتى ۆخى هەڵبژێرێ ئەوکاتە ئەوە کاندیدى یەکێتییە نەک کاندیدى مەسحیى، بۆیە پێمانوایە ئەم بابەتە دەبێ هەموار بکرێتەوە، وە پێموایە ئێستا نزیکبوونەوە هەیە لەسەر ئەو بابەتانە. 

ــ ئەگەر ئەو گرفتانەى باستکرد، کە لە یاساى هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن هەیە چارەسەر نەبێت، یەکێتى دەچتە ژێر بارى ئەوەى کە ماوەى خولى پەرلەمان و ماوەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان درێژبکاتەوە؟

سەعدى ئەحمەد پیرە: خۆى دەبێ ئەمە لە کۆمیسیۆن ئەوە پرسیار بکرێ، ئایا ئەوان کەى دەتوانن ئامادەبن، چونکە کۆمیسیۆن ئیدارەى هەڵبژاردن دەکات نەک حیزبەکان، ئەگەر کێشەیەک هەبێت کێشەى فنییە نەک کێشەى سیاسى، چونکە لایەنەکان لەسەر ئەو پرسە لێکنزیکن، پێموانییە لێک دوور بن، بەڵام دەبێ ئەوە لەگەڵ کۆمیسیۆن و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆى لەسەر بکرێ ئایا کۆمیسیۆن دەتوان هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا ئەنجام بدات یاخود نا، ئەوە پێویستى بە گفتووگۆى نێوان کۆمیسیۆن و لایەنە سیاسییەکانە.

ــ سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان پرسیارێکى دیکەمان هەیە، ئەویش سەبارەت بە کۆنەبوونەوەى پەرلەمانى کوردستانە، تا ئێستا پەرلەمان نەیتوانیوە لەو ماوەیەدا کۆبوونەوە بکات، وە هەندێک پێیانوایە ڕەنگە باس لە هەڵبژاردنى هەرێمى کوردستان و بابەتى یاساى هەڵبژاردنەکان بکرێ، یەکێتى و پارتى هیچ گرفتێکیان هەیە لەپەرلەمان تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە کۆببنەوە؟

سەعدى ئەحمەد پیرە: گرفتێک هەبوو، بەڵام کۆتایی هات، ئەگەر ئێوە بەباشى گوێت ڕاگرتبێ لە وتارەکەى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان، باسى لەوە دەکرێ بە ئامادەبوون و ئامادەنەبوونى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان دەتوانرێ کۆبوونەوە بکرێ، بەڵام کە سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستانى ئەنجام نەدا، بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم کۆنەبوونەوەیە لە خزمەتى پاراستنى یەکێتى پەرلەمان بوو، وە مانەوەى پەرلەمان بەو شێوەیە پێموایە چارەسەر بوو ئێستا، وە لە داهاتوو ئەو کۆبوونەوانە دەکرێن.

ــ دەربارەى بۆردوومانەکانى تورکیا لە سنوورى دەسەڵاتى یەکێتى، ئەم بۆردوومانانە چۆن گفتووگۆى لە بارەوە دەکرێ، یانى لە ناوجەرگەى سنوورى پارێزگاى سلێمانى دوێنێ بۆردوومان کراوە و هاووڵاتى مەدەنى بوونە قوربانى؟ 

سەعدى ئەحمەد پیرە: مەکتەبى سیاسی یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان بەیاننامەیەکى دەرکردووە، ئیدانە ئەو بۆردوومانە دەکات، بەکارێکى دزێو و خراپى دادەنێت، وە شەهیدبوونى ئەو هەشت هاووڵاتییە، ئێمە هاوبەشى خەمیانین، وە هیوادارین کە هەم حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە یەکگرتوویى هەم حکومەتى عێراق خەمێک لە سەروەرى عێراق بخۆن.

س: ئێن ئاڕ تى

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە