هەسەدە بۆ بەرپەرچدانەوەى ئۆپراسیۆنەکەى تورکیا ئامادەکارى دەکات تورکیە

نوچەنێت:

فەرماندەى گشتیى هێزەکانى هەسەدە داوا لە حکوومەتى دیمەشق دەکات لە بوارى بەرگریى ئاسمانى چەکى پێ بدەن، بۆ پارێزگاریکردن لە باکوورى سووریا و بەرپەرچدانەوەى ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەى تورکیا.

دوێنێ (6/حوزەیران/2022) ماڵپەڕى (تیجارى)ـى تورکى بڵاویکردەوە، مەزڵووم عەبدى، فەرماندەى گشتیى هێزەکانى هەسەدە دواى هەڕەشەى تورکیا بۆ ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن بۆ سەر باکوورى سووریا، بۆ بە تێکشاندنى هێرشەکانى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى تورکیا، داواى لە حکوومەتى سووریا کردووە سیستەمى بەرگرى ئاسمانیان پێ بدات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا، هەفتەى ڕابردوو ئاشکراى کرد، ئۆپراسیۆنێکى نوێ بۆ سەر ناوچەکانى تەلڕەفعەت و مەنبەج ئەنجام دەدەن، ئەم بڕیارەش نیگەرانى ئیدارەى خۆسەرى و ئەمەریکا و چەند وڵاتێکى دیکەى لێکەوتەوە.

بەپێى زانیارییەکانى ئەو ماڵپەڕە تورکییە، مەزڵووم عەبدى، دواى لێدوانەکەى ئەردۆغان، بە ئاژانسى رۆیتەرزى ڕاگەیاندووە، جگە لە حکوومەتى سووریا، نامەیەکى بۆ ئەمەریکا وڵاتانى ئەوروپا ناردووە، تاوەکو لە ڕووى سەربازییەوە هاوکارى زیاتریان بکەن، بە ئامانجى بەریگرکردن لە خۆیان دژى هێرشەکانى تورکیا، لە ئێستاشدا دەستیان بە ئامادەکارى کردووە.

فەرماندەى گشتیى هێزەکانى هەسەدە گووتیشى، چاوەڕێى هەڵوێست لە ڕووسیاش دەکەین، بە تایبەت ئەو کۆبوونەوەیەى لە هەفتەى داهاتوو لە نێوان هەردوو وەزیرانى تورکیا و ڕووسیا ئەنجام بدرێت، بۆ هێورکردنەوەى گرژییەکانى نێوان ئێمە و تورکیا و وەستاندنى هێرشە ئاسمانییەکانى تورکیا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین