مەسرور بارزانى: بە پاڵپشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەرە بە پرۆگرامەکانی خوێندن دەدەین میدیا

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیێنێت، "ئامانجمانە ببینە نەتەوەیەکی پڕ زانیاری و نیشتیمانێک کە تێیدا بیرۆکە، داهێنان، کاری قورس و سەرمایەگوزاری هاریکار بێت تا کۆمەڵگەکەمان بگۆڕێت و چارەنووسی خەڵکی خۆشمان بەرەو باشتر دابڕێژێتەوە."

ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە (7/حوزەیران/2022) مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمى دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی - کوردستان لە دهۆک وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا ڕایگەیاند، "دەمانەوێت لاوە بەهرەدارە دەرچووەکانمان، هاوکارمان بن لە بنیاتنانی کوردستان. ئێمە ڕێز لە تواناکانتان دەگرین و گرنگی زیاتریش بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دەدەین."

 

ده‌قی وتاره‌كەى مەسرور بارزانى، سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

هێژا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان

ئاماده‌بووانی خۆشه‌ویست

دایك و باوك و كه‌سوكاری قوتابیان

قوتابیانی ده‌رچووی خۆشه‌ویست

هه‌مووتان به‌خێربێن و هیوادارم هه‌موو كات سه‌ركه‌وتوو بن و پیرۆزبایی ده‌رچوونی قوتابیانی خۆشه‌ویست له‌ ئێوه‌ بكه‌م.

هه‌رلێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت پیرۆزبایی ده‌رچووانی 2022ی هه‌موو زانكۆكانی كوردستان له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان بكه‌م و هیوادارم هه‌میشه‌ ته‌ندرووست و سه‌لامه‌ت و سه‌ركه‌وتوو بن و سوپاسی كه‌سوكار و دایك و باوك و هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌م كه‌ پشتیوانتان بوون بۆ سه‌ركه‌وتنتان له‌م قۆناغه‌ی ژیانتاندا.

بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ی لێره‌ وته‌یان هه‌بوو، ده‌مه‌وێت پێتان بڵێم شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌م و به‌ راستیی ئه‌وه‌ی خۆتان باستان كرد و ئێوه‌ چیرۆكی خۆتان گێڕایه‌وه‌ و زۆرێك هه‌ن ره‌نگه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ نه‌ڕه‌خسابێت بێنه‌ ئێره‌ و قسه‌ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانیش چیرۆكیان هه‌یه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ و گوێم له‌ چیرۆكه‌كانتان بوو و شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌م

خوشكان و برایانی به‌ڕێز.. ئێواره‌تان باش

پێم خۆشە لەم شەوە بەخیرهاتنی یەک بە یەکتان بکەم، کە بەشدارن لە رێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچووانی ساڵی خوێندنی ئەکادیمی 2022 و لە هەمانکاتدا ڕێزگرتن لە ماندووبوون و خۆڕاگریی دەرچووانمان، کە بە تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریۆس، گەیشتوونەتە ترۆپکی توانای خۆیان.

شەڕەفمەندم کە ئەمڕۆ لێرەم بۆ گەواهیدان لەسەر سەرکەوتنەکانتان، زۆر شانازی بە پابەندیی و بەردەوامیدانتان دەکەم کە بۆ گەیشتن بەم قۆناغە، بەرجەستەتان کردووە.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، وێنه‌: جه‌مال یاد

بە دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان دەڵێم: سوپاسی خۆتەرخانکردن و خۆبەخشیتان دەکەم، وەک چۆن سوپاسی دەستەی بەڕێوەبەران و سەرۆکی دامەزراوەکە د. رانیا مەجید دەکەم. دامەزراوەکە رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە گەشەپێدان و پێشخستنی کۆمەڵگەی زانکۆیی، ئەمەش لە ڕێگەی پاڵپشتی بۆ تاقیگەکان و پاڵپشتی هەوڵەکانی دیکەش.

سەرۆک و بەرپرسە ئەکادیمی و کارگێڕییەکان، رۆڵێکی دیاریان هەبووە لە پەرەپێدانی کۆمەڵگە زانکۆییەکە بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەک بۆ خوێندنی باڵا لە سەرتاپای هەرێمەکە. هەروەها دەمەوێت سوپاسی هاوبەشەکانی دیکەمان بکەین، بە تایبەت وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یارمەتیی و بەخشینەکانی، کە زەمینەی خۆشکەر بووە بۆ پەیوەندیی و هاوبەشیی ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆ ئەمریکییەکان.

لەچەند ساڵی ڕابڕدوو، زۆربەتان کە لێرەن و ئەوانی تریش کە لە ڕیزەکانی دواوەن، هاوکار بوونە لە وەرچەرخانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان بۆ یەکێک لە ناوەندە هەرە گرنگ و پایەدارەکان؛ ناوەندەکە بووەتە شوێنێک کە تێیدا خەون و ئاواتەکان دێنە دی؛ ناوەندەکە بووەتە چەقی فێربوون و بەرهەمهێنانی لاوی سەرکردە بۆ داهاتوو، ئەو لاوانەی ڕۆڵی گرنگ و دانەبڕاویان دەبێت لە دروستکردن و گەشەپێدانی کۆمەڵگەکەمان.

ئەم کۆمەڵگە زانکۆییە، دەسکەوتێکی ناوازەی بەدەستهێناوە. دەرچووەکانی ئەم زانکۆیە، لە لایەن خاوەنکارەکانەوە بەبایەخەوە تەماشا دەکرێن و بۆ پێدانی هەلی کار بەدوایان دەگەڕێن، کوالیتی و چۆنایەتی کۆرسەکانی لە سەرتاپای هەرێمەکە دانیپێدانراوە و پێگەی زانکۆکەش لە دەرەوە تەواو ناسراوە.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان له‌ دهۆك، وێنه‌: جه‌مال یاد

کۆمیسیۆنی نیو ئینگلاند بۆ خوێندنی باڵا (New England Commission of Higher Education ) یەکەمین قۆناغی متمانەبەخشینی بە زانکۆی ئەمریکی کوردستانی پەسەندکرد و ئەم هەنگاوە، پێشکەوتنی زیاتریشی بەدوادادێت. ئەم دانپێدانانە، شایستەی ئەو دەرەنجامانەی ئێوەیە، کە لەوەتەی ساڵی 2019 بەدەستتانهێناوە – ئەمە دانپێدانانێکە شیاوە بۆ ئەو پەروەردە و خزمەتەی لێرە پێشکەش دەکرێت. ئەمەش شتێکە کە جێی رەزامەندی قووڵی ئێمە.

ساڵانێکی زۆر بەر لە ئێستا، منیش وەک قوتابیەک لەنێو ئامادەبووانی و دەرچووانی وەکو ئێوە دانیشتم. لەو کاتەشەوە، من پابەندبووم لەوەی دڵنیایی ئەوە بدەم، ئەو ئەزموونە بایەخدار و پڕکاریگەرییە هاوشێوانە، پێویستە بۆ زۆرێک لە ئێمەمانان دابین بکرێن، ئەوانەی بوێری ئەوەیان تێدایە خەون ببینین و گۆڕانکاریی دروست بکەن.

لەیادمە، لە یەکێک لەوانەکانمان، کە لەسەر هەژاریی جیهانیی بوو، رووم کردە هاوڕێیەکم و پێمگوت رۆژێک دێت هاوکار دەبم لە دروستکردنی ناوەندێکی نایاب و بێ وێنە، کە تێیدا لاوانی کوردستان سوود لە پەروەردە و ئەزموونی هاوشێوە وەربگرن.

هەژدەساڵ دواتر، زانکۆی ئەمەریکی دامەزرا و دەرگەکانی کردەوە و بەشێک لە خەونەکەش هاتەدی. ئەمە پێشکەوتنێک بوو کەجێی ئومێدی ئێمە بوو بەوەی رەخساندنی دەرفەتی هاوشێوە لێرە، هۆکار دەبن بۆ ناساندن و خستنەڕووی توانای گەلەکەمان. هەموو رێوڕەسمێکی دەرچوونی هاوشێوە، ئەو خەون و دیدگایەی هەمانە دەکاتە راستی.

پێشکەوتنەکانمان لەم زانکۆیه‌، شوێنپەنجەی لە هەندێک لە شوێنی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و شارە مەزنەکانی جیهان دیارن، کە گەنجە دەرچووەکانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان رۆڵیان دیارە. ئەو ئەزموونانەی چ لەناوخۆ یان دەرەوە بەدەستی دەهێنن، بەها و شکۆی زیاتر بە کوردستان دەبەخشن. بە گشتی، کوردستانیانی بەهرەدار و لێهاتوو لەهەر شوێنێک بن، بەشێکی دانەبڕاون لە گەنجینەی بەهرەکانمان. ئێمە شانازیان پێوە دەکەین و دەشمانەوێت رۆڵێکی کاریگەریان هەبێت لە بنیاتنانی وڵات و نەتەوەکەمان.

ئامانجی ئێمە لە دەستەی ئەمینداران ئەوەیە، ژینگەیەک دروست بکەین کە پێشوازی  لە خەڵکانی خۆمان بکات  و لەخۆیان بگرێت و بیانکاتە هاوبەش و بەشدار لە پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان. دەزانم کە پەروەردە و فێرکردن، لە هەموو ئاستێک، کڕۆکی ئەو کارەیە. ئینجا ئەمە چ لە سەر ئاستی منداڵێکی تامەزرۆی زانیاری قۆناغی سەرەتایی بێت یان هاووڵاتیەک بێت بیەوێت پیشەیەک فێربێت، پێویستە باشترکردنی ئاستی پەروەردە و خوێندن،  ئامانجی مەزن و سەرەکیمان بێت.

لە حکومەتیش بەهەمان شێوە، ئەجێندای کابینەی ئێمە بریتی بووە لە بەرزکردنەوەی ستانداردەکان . لەم چەند مانگەی دوایی، کابینەکە بە کۆی دەنگ پاڵپشتی لە دروستکردنی دەزگایەکی نیشتیمانی متمانەبەخشین کرد. ئەمە یەکەمین دەستەی لەو جۆرەیە لە هەموو وڵات، ئامانج لێی باشترکردنی دڵنیایی جۆریی و هەڵسەنگاندنی ستانداردەکانی پەروەردە و فێرکردنی گشت ئاستەکان و دروستکردنی فەرهەنگ و کولتورێکە بۆ باشترکردن و پێشکەوتنی بەردەوام. ئێستاش ئەمە روودەدات.

بە پاڵپشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاک نێچیرڤان بارزانی و تیمی راپەڕاندنی تایبەت بە خوێندن و پەروەردە ( Task Force on Education)، پەرە پرۆگرامەکانی خوێندن و راهێنانە هونەری و پیشەییەکان و رێکارەکانی وەرگرتن لە زانکۆکان دەدەین، کە ئێستا چەقی سەرەکی کارە لە پێشیەنەییەکانی حکومەتەکەمانن.

رێگەم بدەن لەم سەکۆیە ئامانجەکەمان روون بکەمەوە؛ ئامانجمانە ببینە نەتەوەیەکی پڕ زانیاری و نیشتیمانێک کە تێیدا بیرۆکە، داهێنان، کاری قورس و سەرمایەگوزاری هاریکار بێت تا کۆمەڵگەکەمان بگۆڕێت و چارەنووسی خەڵکی خۆشمان بەرەو باشتر دابڕێژێتەوە. لە هەموو هەنگاوێکی کاروانەکەمان، چ بۆ تاک و چ بۆ هاووڵاتی، فێربوون و باشتربوون، تەواوکاریی یەکترن.

وەکو حکومەت پێویستیمان بە هاوکاری ئێوەیە. دەمانەوێت لاوە بەهرەدارە دەرچووەکانمان، هاوکارمان بن لە بنیاتنانی کوردستان. ئێمە ڕێز لە تواناکانتان دەگرین و گرنگی زیاتریش بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دەدەین.

دەمانەوێت ئێوە هاوکارمان بن لە دروستکردنی شوێنی کاری وەها کە تێیاندا بەها و ستانداردی پیشەییانە بەرجەستە بکەن کە لە ئەزموونی زانکۆدا بەدەستان هێناوە. ئێمە پاداشتی هەوڵەکان دەدەینەوە و بیرۆکە و کارگێڕیی پێشدەخەین.

هەر یەکێک لە ئێوە کە ئەمشەو لێرەن، کۆڵەگەیەکن بۆ کوردستان. چ ئێستا بێت یان بۆ ساڵانی داهاتوو، دەمانەوێت بەشێک بن لەو کارەی ئێمە دەستمان پێکردووە بۆ ئەوەی ئابووریەکەمان پێشبخەین و هەمەجۆری بکەین.

ئێمە هەوڵی گەورەمان داوە لە پێناو دروستکردنی ژینگەیەکی هاوڕێیانە بۆ سەرمایەگوزاریی. ئێمە کەرتی گشتیمان کاریگەرتر کردووە، کە سەرمایەی ئازاد کردووە بۆ وەبەرهێنان لە لە لایەنی کارگێڕی و کارە گشتییە بنەڕەتییەکان. ئێمە هانی داهێنان و نوێکاری دەدەین، دەمانەوێت دەرچووەکانمان ببنە کادیری گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە و لەوە تێبگەن کە پێویستە چۆن بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییەکانمان بکەین.

لە کاتێکدا ئێوەی دەرچوو ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنی گەشتە پڕ دەستکەوتەکانتان دەکەن، کە بەشێکی پەیوەستە بەو خوێندنەی لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بەدەستانهێناوە، دەمەوێت بە چەند وشەیەک هەندێک ڕێنماییتان بکەم:

-لە بەرزترین ئاستدا، پارێزگاری لە پێوەر و ستانداردە پیشەیی و ئەخلاقییەکان بکەن.

- هەمیشە نیشتمان و ناسنامەکەتان لەبیر بێت.

- کاتێک هەلومەرجت بۆ دەڕەخسێت، خزمەتی نەتەوەکەتان بکەن.

- خەبات بۆ گەشەپێدانی ئابووری بکەن لە کوردستان بێت یان لە هەر شوێنێکی دیکە.

- رێز لە زەوی بگرن؛ ئاگاداری بەردەوامبوون و گرنگی و بەهای ئەوە هەسارەیە بن، کە خودا پێتانی بەخشیوە.

- بنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانی لە ژیانی خۆتان پەیڕەو بکەن.

دەرچووانی ساڵی 2022 داواتان لێدەکەم کە شوێنپەنجەتان لەسەر ئەم جیهانە بەجێ بهێڵن. لە ساڵانی داهاتوو، نەتەوەکەمان، پیرەکانمان و خەڵکەکەمان، چاوەڕوانی رێگەپێنیشاندان و گەشەو پێشکەوتنتان لێ دەکەن.

هیوادارم ئەو زیرەکیەتان هەبێت دەرفەتەکان بقۆزنەوە و ئەو شوێنەتان لەبەرچاو بێت، کە جیهانی خستە بەردەم پێ و هەنگاونانتان. ئێوە پاڵپشت و چیرۆکی سەرکەوتنی نەتەوەی زانیارین.

دووبارە، پیرۆزبایی ئەو دەستکەوتە مەزنەتان لێ دەکەم و سوپاسی هەمووتان دەکەم بۆ ئامادەبوون لەم رێورەسمی دەرچوونە و سوپاسی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان دەکەم، کە بەهۆی قارەمانی و قوربانیدانی ئەوانەوە، زەمینە رەخساوە بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی وا.

بەردەوام بن لە فێربوون و پێشکەوتن؛ پەروەردە و زانست، بە بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، کۆتایی نایەت. بەڵکو پەروەردە و فێربوون پرۆسەیەکی درێژخایەنە.

سوپاستان دەکەم.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە