تورکیا داواى دانوستاندن لە یۆنان دەکات تورکیە

نوچەنێت:

وەزیرى بەرگریى تورکیا، لە کۆبوونەوەیەکى ناتۆ لە ئەستنبوڵ بە توندى هێرشدەکاتە سەر یۆنان و دەڵێت، "ئێوەش وەک سوید پشتیوانى لە پەکەکە و یەپەگە دەکەن."

ئەمڕۆ سێشەممە (14/حوزەیران/2022) ماڵپەڕى (سى ئێن ئێن) بڵاویکردەوە، دواى ئەوەى پەرلەمانتارێکى یۆنان ئاماژەى بەوەکرد کە داگیرکارییەکانى تورکیا لە باکوورى قوبرس بەردەوامە، خەلوسى ئاکار، وەزیرى بەرگریى تورکیا بە توندى وەڵامى دایەوە و گوتى، "تورکیا لە قوبرس داگیرکەر نییە."

 خەلوسى ئاکار لە بەشێکى ترى قسەکانى ڕاگەیاند، "ئەگەر دەڵێن باکوورى قوبرس داگیرکراوە، ئێوە هەر لەسەرەتاوە شەڕتان دەویست، تورکیا لە باکوورى قوبرس داگیرکەر نییە، بەڵکو لە (1974) کۆمەڵکوژى  و کودەتا ئەنجامدراوە، تەنانەت ژیانى یۆنانییەکانیش کەوتە مەترسى، تورکیا لە (1974) ئۆپراسیۆنێکى ئاشتی ئەنجامدا، لەوکاتەوە بەشى باکوور و باشوور بە ئارامى دەژین. لە (2014) نەتەوەیەکگرتووەکان پلانێکى پێشکەشکرد، سەرەڕاى هەموو کەموکوڕییەکانى ئێمە پێى ڕازى بووین، بەڵام یۆنان ڕەتیکردەوە."

وەزیرى بەرگریى تورکیا جەختى لەوەکردەوە، لە چەند کەمپێکى یۆنان، بە هەمان شێوەى سوید هاوکارى پەکەکە و یەپەگە دەکرێت، ئەم کارەى یۆنان پەیوەندیى بە مافى مرۆڤ و دیموکراسییەوە نییە."

دەربارەى بەزاندنى سنوورى یۆنان و فڕینیان بەسەر چەند دوورگەیەکى یۆنان، خەلوسى ئاکار دەڵێت، "فڕۆكه‌كانى يۆنان له‌ (27)ى نيسانى ئەمساڵ بەسەر سنوورى ئاسمانى ئێمه‌يان پێشێلێكرد، ئه‌م ديمه‌نانه‌ له‌ رادارى تورکیا تۆمار كراوه‌، بۆیە ئێمه‌ش له‌ (28)ى نيسان وه‌ڵامى ئه‌مه‌مان دايه‌وه‌."

هاوکات وەزیرى بەرگریى تورکیا داواى چارەسەرکردنى کێشەکانى لەگەڵ یۆنان لە ڕێگەى دانوستاندنەوە کرد و گوتیشى، "ئێمه‌ پێداگيرين كه‌ كێشه‌كانمان بەپێى ياسا نێوده‌وڵەتییەکان په‌يوه‌نديه‌كانمان له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان باش بكه‌ين و كێشه‌كان له‌ رێگه‌ى ديالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ربکرێن."

پێشتر چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان حکومەتى یۆنان و تورکیا بۆ چارەسەرکردنى گرژییەکانى نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدراوە، بەڵام بە گوتەى خەلوسى ئاکار، ئەنقەرە ماوەى دوو ساڵە چاوەڕێى ئەسینایە، بەڵام هیچ وەڵامێکمان نەدراوەتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین