گـاز چـی بـە نـەوت دەکـات؟ ئابووری جیهان
وڵاتانی ئەندام لە کۆربەندی هەناردەکارانی گاز، پێشێنیی دەکەن، کە گازی سروشتی تاکە وزەی کاربۆنییە، کە پشکەکانی لە 21% بۆ 28% زیاد بکات لە 2050ـدا.

نوچەنیت

ئەمینداری گشتی وزەی نێودەوڵەتی، جۆزێف ماکمۆناگل، لە کۆربەندی وڵاتانی هەناردەکاری گاز GECF لە 2021ـدا، ڕایگەیاند: "گاز ڕۆڵێکی گرنگ وکاریگەر دەبینێت، لە گۆڕینی بنەماکانی قۆناغی نوێی وزەی جیهان و، پلانە ناو دەوڵەتییەکانی بۆ گۆڕانی کەش و هەوا"

ماکمۆناگل، لە کاتی کردنەوەی کۆربەندەکە، وتارێکی لە ژێر ناونیشانی (ڕۆڵی گاز لە گەشەی پاک و باوەڕپێکراو و بەردەوامدا)، پێشکێش کردوو، گوتی: "سەرکەوتنی گواستنەوەی وزە بەندە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایی گازی سروشتی، توانایان بۆ خێراکردنی گۆڕینی سووتەمەنی، هەروەها دروستکردنی هاوئەگەری تایبەت بەو تەکنەلۆژیایە، بۆ تێکەڵکردنی وزەی نوێکەرەوە، گازی سەوز، هایدرۆجین و چارەسەرەکانی، تایبەت بە کەمکردنەوەی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن". 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم گۆڕانکارییانە بەبێ ئاڵۆزی و ململانێی سیاسی و ڕکابەری نابن، چونکە بەشێکی وڵاتان، لە هەوڵی قەتسیکردنی گازی سروشتیین، لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان، ئەمەش مەترسی لەسەر ژینگەی جیهان دروست دەکات. لە کۆربەندی ساڵانەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز، کە لە سەرەتاییەکانی ئاداری 2020ـدا بەسترا، چەندین تەوەری سەرەکی لە ئاڵنگارییەکانی کاریگەر، لە سەر بازاڕی گازی سروشتی خرانە روو، لەوانە: 

ڕۆڵی گازی سروشتی لە گۆڕینی وزەی نوێدا

 ماکمۆنگل جەختی کردەوە، کە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی پشکی گازی سروشتی لە وزەی جیهانیدا، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی وڵاتانی بەکاربەر دێت، لە ڕێکخراوی OECD، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی بەکاربردنی خەڵوز و، وزەی ناوەکی لە ماوەی ڕابردوودا. نەبوونی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، بۆ بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە ولاتانی نا ئەندام لە OECD، ئاستەنگی خستۆتە بەردەم پلانی جیهانی، بۆ کەم بەکاربردنی ئەو وزانەی کە کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر ژینگە دروست دەکەن. 

کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر گازی سروشتی 

ولاتانی ئەندامی کۆربەندەکە، هاوڕا بوون لەسەر کاریگەری قوڵی پەتای کۆرۆنا، لەسەر بازاڕەکانی جیهان بە گشتی و وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی OECD، ئەمەش بووە هۆی داتەپینی ئابووری تاک و زیادبوونی بێ کاری و هەژاری، کاری کردە سەر ڕێژەی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی گازی سروشتی و، زیادبوونی مەترسییەکان، لە بەکاربردنی وزەی دژ بە دۆستی ژینگە، ئەم فاکتەرانەش کاریگەری درێژخایەنیان دەبێت، چونکە گەشەی ئابووری جیهان لە پۆست کۆرۆنا، پێویستی بە کاتی درێژخایەنە.

 

خاوی پرۆسەی پیشەسازی لە ڕاکێشانی بۆری گازی 

داتەپینی ئابووری وڵاتان، کاریگەری لەسەر سەرمایەیی کۆمپانیاکانی بواری وزە کردووە، ئەمەش فاکتەری سەرەکییە لە درەنگ تەواوبوونی پرۆژەکانی گازی سروشتی لە وڵاتانی بەرهەمهێنان، لە لایەکی تر، ماکمۆناگل هۆشداریدا، گوتی: "هێشتا جیهان ڕووبەڕووی پەتاکە دەبێتەوە". ئەمە جگە لەوەی کە تەماحی وڵاتانی بەرهەمهێن و بەکاربەر لەئەو وزە پاکەدا، بۆتە هۆی ئاڵۆزی بەردەوام و، خێراکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان، بۆ قۆڕخکردنی بازاڕەکان، ڕەچاونەکردنی بنەماکانی پاراستنی ژینگە، ئەگەرەکان سنووردار دەکات، بۆ گەشەی بەردەوامی گازی سروشتی. 

قەیرانی دوو لایەنە. 

سکرتێری گشتی کۆربەندی وڵاتانی هەناردەکاری غاز GECF، یوری سێنتسن، دەربارەی ئایندەی گازی سروشتی گوتی: "بەرهەمهێنەرانی وزە دوو جار قەیرانیان بەخۆیەوە بینی، لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا لە لایەک و پێشکەوتنە جیۆئابوورییەکانی ئەم دواییەی زلهێزەکانی وزە لە لایەکی تر، قەیرانیان لە بازاڕی وزەدا دروستکرد، لاوازی خواستی جیهان بۆ وزە، لەوانە ڕێکنەکەوتنی وڵاتان بۆ پاراستنی ژینگە لە گۆڕانە مەترسیدارەکانە، هەروەها ناسەقامگیری لە نرخەکان بووە هۆی کێبرکێی جیهانی لە خستنەڕووی گاز بۆ بازاڕەکان. وتیشی: "وەک ڕووداوەکانی ئەم دوایییە دەریانخستووە، پیشەسازی گاز ڕاهاتووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نادڵنیایی و ئەزموونی شۆکی گەورە، بەڵام توانی جارێکی تر گەشە بکات". 

هەروەها باسی لەوە کرد، کە لە ماوەی سەختدا توانای بەکارهێنانی پیشەسازی گاز بە خێرایی و کارامەیی وەڵامی گۆڕانی داینامیک و هەڵاوسانی بازاڕ زیاتر بکات

کۆربەندی وڵاتانی هەناردەکاری گاز GECF، ساڵانە دەگێڕدرێت، بە ئامانجی هاوئاهەنگی دروستکردن،لەگەڵ بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی گاز، لە پێناو کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پیشەسازی گاز و، کارکردن بۆ باشترکردنی ئەو پیشەسازییە، وڵاتانی ئەندام لە کۆربەندەکە ئەمانەن: (جەزائیر، بۆلیڤیا، میسر، گینێی ئیستوایی، ئێران، لیبیا، نێجیریا، قەتەر، ڕووسیا، ترینیداد، تۆباگۆ و ڤەنزوێلا). هەریەکە لە وڵاتانی (ئەنگۆلا، ئازەربایجان، عێراق، کازاخستان، مالیزیا، نەرویج، پیرۆ، ئیماراتـ)یش بە ئەرکی چاودێر لە کۆربەندەکە بەشدارن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین