پۆمپیۆ: ئێران له‌ سوودوه‌رگرتن له‌ لاوازییه‌كانى ئه‌مریكا مامۆستایه‌ ئێران

نوچه‌نێت

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا لە ئیدارەی دۆناڵد تره‌مپ، لە گفتوگۆ لەگەڵ سەنتەری هەواڵنێریی عەرەب نیوز وتی ئێران "مامۆستای سوودوەرگرتن لە لاوازییەکانی ئەمریکایە" و ڕێگریکردن لە چالاکییەکانی ئێران پێویستی بە "پەیامێکی تۆکمە و ژیرانە و بەرزکردنەوەی ڕێژەی تێچووەکان" بۆ تارانە.

بە پێێ هەواڵێکی ماڵپەڕی "Independent"، پۆمپیۆ وتی پێویستە ئیدارەی بایدن ڕێگری لە لاوازبوونی سعوودیه‌ بکات. "بێبەشکردنی سعوودییەکان لە مافی بەرگریکردن لە خۆیان کارێکی شێتانەیە، بەڵام پێدەچێت سیاسەتی ئیدارەی بایدن هەر ئەوە بێت".

پۆمپیۆ هەروەها بە توندی دژایەتی هێنانەدەرەوەی حووسییەکانی یەمەنی لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد و وتی: "هیچ کەس گومانی لەوەدا نییە کە حووسییەکان تیرۆریستن و ئێران پشتیوانییان لێ دەکات"

وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا لەو دیمانەیەدا ڕایگەیاند، "لە کۆتاییدا، ئایەتۆڵا خامنەیی ڕابەری ئێران و هەموو دەوروبەرییەکانی تەنیا لە زمانی هێز تێدەگەن. کاتێ کارێ دەکەن و لەبەرانبەردا دەبینن هەڵوێستەکان لاوازن یان دڵنەواییان دەدەنەوە، درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن". وەک نموونەیەک لەو چالاکیانەی ئێران، پۆمپیۆ ئاماژە بە "هێرشە مووشەکییەکان" و "شاردنەوەی بنکە ئەتۆمییەکان لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی" دەکات. پۆمپیۆ بە توندی ڕەخنەی لە بڕیارەکەی ئیدارەی بایدن سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی گرت.

پۆمپیۆ سعوودیه‌ی وەک "هاوبەشێکی سەرەکی ئەمریکا لە بواری ئاسایش"دا ناوبرد و وتی، "ئێمە ئیدارەی ترامپ لەسەر چەندین پرسی جیاواز و لەوانە فرۆشتنی چەک و دابینکردنی ئاسایشی گەلی سعوودیه‌ لەگەڵ ئەو وڵاتە هاوکاریمان کرد". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین