وەزیری بەرگری ئیسرائیل:  بەرژەوەندی هاوبەشمان لەگەڵ توركیا هەیە تورکیە

نوچەنێت

بێنی گاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ خوڵوسی ئاكار رایگەیاند، "ئەنقەرە و تەلئەبیب پاشخانێكی مێژوویی دەوڵەمەندیان هەیە، بەرژەوەندی هاوبەش دەخوازێت پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە بكەن."

ئەمڕۆ هەینی (28/تشرینی یەكەم/2022) ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاویكردەوە وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، "دەستپێكردنەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات كاریگەری لەسەر سەقامگیری هاوبەش دەبێت، سەرەڕای ئەوەش بەرەو ئاڕاستە ئەرێنییەكانی ئەنجامی رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی هەنگاو دەنێت، كە لە پایزی ساڵی (2020) لەگەڵ چەند وڵاتێكی عەرەبی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆكراوە ."

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و تەلئەبیب گانتس ئاماژەی بەوە كردەوە، "سوپاسی وەزیری بەرگری توركیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی ئەو وڵاتە و دەزگا ئەمنییەكان دەكەین بۆ ئەو هاوكارییە ئەمنییەكانەی لەكاتی دروستبوونی مەترسی لەسەر گەشتیارانمان لە توركیا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ پێشكەشیان كردین."

وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لەسەر بایەخی كاركردنی هاوبەشی هەردوو وڵات كردەوە و گوتی، "هاوئاهەنگی هاوبەش بۆ هەردوو وڵات كارێكی زۆر گرنگە، پێویستە بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكان هەردوولامان رێكاری پێویست بگرینەبەر، بە شێوەیەیك پەیوەندییەكان بەرەوپێش دەبین و پارێزگاری لە گفتوگۆی كراوە دەكەین، بەهۆی ئەوەی توركیا وڵاتێكی كارای جیهانیی گرنگە، توانای گەورەی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتەكەمان لە بواری ئابووری و بەرگری و بەشداری سەقامگیری لە هەموو ناوچەكەیە هەیە، بۆیە ئیسرائیل چاوەڕوانی هەنگاوی لێدەكات."

سەبارەت بە ئاڵنگەرییەكانی پێوەندی دوولایەنیان لە دۆسیەی فەڵەستین و سووریا وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاشكرایكرد، "لەگەڵ توركیا لەسەر هەندێك دۆسیە ناكۆكیمان هەیە، لە ماوەی (10) ساڵی رابردوو پەیوەندییەكانمان چالاك بوو، بەڵام بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەو پێش نەچوو، بەتایبەت سەبارەت بە ناكۆكیەكانمان لەسەر پرسی فەڵەستین، ئێمە دڵەڕاوكێمان سەبارەت بە ناڕەزاییە ئەمنییەكان هەیە، ئێمە لەو پێویستی و پاڵپشتییەی فەڵەستییەكان دەگەین كە دەیانەوێت لە بوارە ئابووریی و مرۆییەكان بەدەستی بهێنن."

سەبارەت بە ناكۆكییەكانی نێوانیشیان وەزیری بەرگری ئیسرائیل گوتی، "هەردوو وڵات هەوڵدەدەن بە رێگەیەك بەسەر ئەو ناكۆكیانە زاڵبن و پەیوەندییەكانمان بەهێز بكەنەوە رەچاوی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەین، بەتایبەت پەیوەست بە جەنگی سووریا كە ماوەی (10) ساڵ بەردەوامە، ئەو جەنگەی هەشە لە یەك شوێنی جوگرافییە، بەڵام لە یەك شوێنی جیپۆپۆلەتیكی نییە."

سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ توركیاش گوتی، "ئەوە یەكەم سەردانی ئەمنییە لەسەر ئاستی وڵات، دەرگا دەكاتەوە  هاوئاهەنگییەكان لە داهاتوو بەهێز دەكات، هیچ گفتوگۆیەكمان لەسەر پڕۆژە دیاریكراوەكانی بەرگری نەكردووە، لە داهاتوو باس لەو پڕۆژانە دەكەین."

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ یۆنان كە لەم دواییە سەردانێكی بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندەوە وەزیری بەرگری ئیسرائیل بۆ لایەنی تەكنیكی و ئەمنی گەڕاندەوە و ئاشكرایشی كرد پەیوەندیان لەگەڵ یۆنان بەهێزە و بۆ پارێزگاری لە سەقامگیری گفتوگۆكانیان بەردەوامە و ئیسرائیل تا ئێستا هیچ بڕیارێكی نەداوە بۆ فرۆشتنی سیستەمی بەرگری  مووشەكی ئاسمانی بە قوبڕسی یۆنانی.

رۆژی پێنجشەمەی رابردوو دوای چەند ساڵ لە پچڕانی پەیوەندی وەزیری بەرگری ئیسرائیل سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە. ئەو هەنگاوەش لە چوارچێوەی درێژەپێدانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین