لوبنان سنوورە ئاوييەكانى لەگەڵ وڵاتان ديارى دەكات وەرگێڕان

نوچەنێت

وەرگێرانى: ئيسماعيل تەها

هاوشێوەى دياريكردنى سنوورە دەرياييەكانى نێوان لوبنان و ئيسرائيل، بەيرووت هەوڵدەدات سنوورە ئاوييەكانى لەگەڵ سووريا ديارى بكات، بەڵام هێشتا كاتى گفتوگۆكانى نێوانيان ديارى نەكردووە. 

بەگوێرەى ئلياس ئەبوو سەعب، سەرۆكى پەرلەمانى لوبنانى و ئەندامى باڵاى شاندى دانوساندكارى ئەو وڵاتە، دياريكردنى سنوورە ئاوييەكان لەگەڵ سووريا دەروازەيەكى سەرەكييە بۆ دياريكردنى سنوورەكان لەگەڵ قوبرسى يۆنانى. 

هەينى رابردوو شاندێكى قوبرس بە سەرۆكايەتى تاسوس تزيۆنيس، بريكارى پێشووى وەزارەتى دەرەوەى ئيدارەى قورس سەردانى لوبنانى كرد و لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە بۆ دياريكردنى سنوورە ئاوييەكانى نێوانيان كۆبوونەوە، لەدواى كۆبوونەى شاندە يۆنانييە لەگەڵ ميشل عۆن، سەرۆكى لوبنان ئەبوو سەعب لە كۆنگريەكى رۆژنامەوانى رايگەياند، "دۆسيەى دياريكردى سنوورە ئاوييەكان لەگەڵ قوبڕس، لەدواى لێتێگەيشتن لەگەڵ سووريا كۆتايى دێت، چونكە ئەوە لەنێوان وڵاتانى دۆستە."

ناكۆكييەكانى نێوان سوريا و لوبنان

رووبەڕووى (900) كيلۆمەتر چوارگۆشەى ناوچەى دەيارى لەنێوان سووريا و لوبنان ناكۆكى لەسەرە، دياريكردنى سنوورە ئاوييەكانى نێوانيان كاريگەرى لەسەر دياريكردنى سنوورە ئاوييەكان لەگەڵ قوبڕسى يۆنانى دەبێت.

لوبنان هەوڵدەدات رێككەوتنى (27)ى ئەم مانگەى لەگەڵ ئيسرائيل، بە رێككەوتنێكى مێژوويى وەسف بكات، چونكە ئەو ناوچانەى ناكۆكيان لەسەرى هەبوو ناوچەيەكى دەريايييە گازێكى زۆرى سروشتى تێدايە. 

لەناوەڕاستى ئەم مانگەش سەرۆكى لوبنان رايگەياند، "پێويستە سەبارەت بەناوچە ناكۆكيى لەسەرەكان، گفتوگۆى برايانە لەگەڵ سووريا بكەين."

دواخستنى كۆبوونەوە

هەفتەى رابردوو سەرۆكى لوبنان رايگەياند، "بۆ دياريكردنى سنوورە ئاوييەكانى نێوان سووريا و وڵاتەكەى شاندێك رەوانەى ديمەشق دەكات، بەڵام بەهۆى نەبوونى كات لەو كاتە سووريا داواى دواخستنى شاندەكەى كرد."

عەلى عەبدولكەريم، باڵيۆزى سووريا لە لوبنان لەدواى ديدارى لەگەڵ سەرۆكى لوبنان رايگەياند، "ئەو وادەيەى لوبنان رايگەياند بوو، پێش گفتوگۆكان بوو لەگەڵ سووريا، بۆيە ئەو سەردانە هەڵنەوەشاتەوە، بەڵكو دواخراوە."

ناكۆكييەكانى نێوان لەسەر رووبەرەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى (2011) كە هەردوو وڵات ئەو سنوورەى بۆخۆيان دياريكرد بوو رەتيان دەكردەوە، ئەوەش دوو هێڵى تێكەڵ بوو لەنێوانيان بە جۆرێك ناوچەيەكى ناكۆكى دروستكردووە.

لە ساڵى رابردوو ديمەشق مۆڵەتى كاركردنى بە كۆمپانيەكى رووسى دا بۆ ئەوەى لەو ناوچانە بگەڕێت، ئەوەش بووە هۆى ئەوەى جارێكى تر ناكۆكييەكان سەرى هەڵبداتەوە، ئەوەش لە كاتێدايە لوبنان بۆ ئەوە هەنگاو دەنێت سوود لە سامانى نەوتى دەرياى ناوەند وەربگرێت.

درووستنەكردنى بەربەست

سەجيع عەتييە، پەرلەمانتارى لوبنانى و سەرۆكى ليژنەى گواستنەوە و ئاوادەكان كردنەوە وزە و ئاو لە پەرلەمان، پێيوايە بەرپرسانى سوريا دەيانەوێت بۆ ئامادەكردنى دۆسيەكى تەواو لەسەر ئەو بابەتە كاتى زياتر بەدەست بهێنن.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "پێموايە كێشەيەكى سەرەكى لەگەڵ سووريا نييە، بەڵكو گفتوگۆكان پێويستى بەكات هەيە، بەڵام بەراورد بە ئيسرائيل كە ناكۆكى قووڵمان هەيە ئەوە زۆر ئاسانترە، دەسەڵاتدارانى سووريا رايانگەياند، لەو قۆناغەى ئێستا ئامادەسازييان نەكردووە بۆ پێشوازى لە شاندى لوبنان، ئەوەش پێويستى بە كات هەيە."

بەهۆى قەيرانى سووريا پەيوەندييەكانى نێوان لوبنان و سووريا وەك لە ئاستى پێويست نەبوو، هەرچەندە هەندێك وەزيرى لوبنان سەردانى تاران و ديمەشقيان دەكرد، بەڵام سەردانەكان نافەرمى بوون، پەيوەست نەبوو بە حكومەتەوە، چونكە پەيوەندى نێوانيان لە ساڵى (2011) نيمچە هەڵپەسێردرا.

ئەو پەرلەمانتارەى لوبنان گوتيشى، "رووسيا ئامادەيى دەربڕيووە بۆ گەيشتن بە چارەسەر نێوەندگيرى لەنێوان هەردوو وڵات بكات، پێشم وايە ئەو ناكۆكيە درێژە نەكێشێت، بەتايبەت بەگوێرەى ياساى نێودەوڵەتى بنەما سنوورييەكان روونە، ئەوەش پێچەوانەى ئەوەيە لەگەڵ ئيسرائيل هەبوو."

سەبارەت بە دۆخى پەيوەندى نێوانيشيان بە بۆچوونى عەتيە ئێستا كەشێكى ئەرێنى لەنێوان هەردوولا هەيە، لە داهاتوو چارەسەر دەبێت، چونكە دروستكردنى بەربەست لە بەرژەوەندى هيچ لايەك نييە، هەردوو وڵات پێويسيان بە نەوتە.

تمووحەكانى سووريا لە لوبنان

پێچەوانەى ئەو بۆچوونە، جەواد حەوات، پەرلەمانتارى لوبنانى پێيوايە دياريكردنى سنوورە ئاوييەكان لەگەڵ ديمەشق ئاسان نييە، چونكە بەرپرسانى سووريا تمووح و ئامانجى گەورەيان بەرانبەر لوبنان هەيە.

لە بەشێكى ترى قسەكانى روونى دەكاتەوە، "تموحەكانى سووريا وەك تمووحەكانى ئيسرائيلى لە وڵاتەكەمان، چونكە جگە لە ئاوەكان سووريا چاوى لەسەر وشكانى وڵاتەكەشمانە، هۆكارەكەشى ئەوەيە سنوورى وشكانى نێوانمان ديارى نەكراوە، ئەوەش لە ئەنجامى تێكەڵاويى ناوچەييە، بۆيە دەبێت لەگەڵ سووريا سنوورە وشكانييەكانيشمان ديارى بكەين."

حەوات گوتيشى، "ئێمە داواى وڵاتێكى خاوەن سەروەرى ئازاد دەكەين، دەبێت سنوورە ئاويى و وشكانييەكانى روون بێت، پێويستە لەسەر ئيسرائيل و سووريا بە زووترين كات سنوورى ئاويى و وشكانى ديارى بكەن، بەو جۆرە سنوور و سامانى دەرياييمان روون دەبێت."

لەسەرەتاى چلەكانى سەدەى رابردوو كە فەڕەنسا ئەو ناوچانەى داگيركردبوو، سنوورى ئاويى و شكانى سووريا و لوبنان ديارى نەكراوە، بە درێژايى (340) كيلۆمەتر سنووريان تێكەڵە.

بەرژەوەندى وڵاتە پەيوەنديدارەكان

قاسم هاشم، پەرلەمانتارى لوبنانى دەڵێت، "دياريكردنى سنوورە وشكانييەكان ئامانج لێى دياريكردنى ناوچە ئاوييەكانى باكوور و باشوور و رۆژئاوايە، ئەوەش وەك رێگەخۆشكردنێت بۆ وەبەرهێنان لە سامانى سرووشتى، بۆيە ئاساييە وڵاتەكەمان لەگەڵ سووريا ياخود قوبڕس گفتوگۆ لەسەر دياريكردنى سنوورە ئاوييەكان بكات، چونكە لەبەرژەوەندى هەموو وڵاتانى ئەو ناوچەيە دايە ئەو دۆسيە بخرێتە سەر مێزى گفتوگۆ."

بە بۆچوونى ئەو پەرلەمانتارە لوبنان لە كردنەوەى ئەو دۆسيە لەگەڵ سووريا دواكەوتووە، ئەوەش بەهۆى قەيرانى سووريا و دوورخستنەوەى بەرپرسانى لوبنانى و پارێزگاريينەكردن لە پەيوەندى دۆستانەيان بوو، هۆكارەكەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە قەيرانەكان بەرۆكى هەردوو وڵاتى گرتبوو.

قاسم هاشم ئاماژەى بەوەش كرد، "لوبنان بۆ گەيشتن بە چارەسەركردنى كێشەكانى لەگەڵ ديمەشق زۆر دواكەوتووە، ئەمڕۆش ئەنجامە نەرێنيەكەى ئەو دواكەوتنە دەبينين، چونكە لوبنان دەستبەردارى پەيوەندى لەگەڵ سووريا بوو، ئايا ئێستا لۆژيكيە هەوڵدەين ئەو پەيوەنديانە بونياد بنێنينەوە؟. 

بە بۆچوونى چاودێرانى سياسى سەرۆكى لوبنان هەوڵ دەدات لە رۆژانى كۆتايى ساڵ دەستكەوتێك بۆ تيمە سياسيەكەى بەدەست بهێنێت، ئەوەش لە رێگەى دياريكردنى سنوورە ئاوييەكان لەگەڵ سووريا و ئيسرائيل، يا قوبڕس، بەڵام نەيتوانى لەگەڵ سووريا بگاتە ئەنجامێكى هاوشێوەى ئيسرائيل لەو دۆسيە.

سەرچاوە: الأناضول

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین