ئایا دیپلۆماسیەتی، ووزە هێشتا کاردەکات؟ بیروڕا

نوچە نێت

نوسینی: چنوور جەعفەر شارباژێری

لە ناوچەی فراوانی دەریای ناوەڕاستدا، وزە چەند ڕۆڵێک دەبینێت لەوانە دەرەچەیەکە بۆ دەرفەتەکانی هاوکاری و هەروەها سەرچاوەیەکیشە بۆ دروستبوونی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان. ئەم "ڕۆڵە دووانە" یە زیاتر جەختی لەسەر دەکرێتەوە بەهۆی پێشکەوتنی داهاتووی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە ناوچەکە و ئەگەری هەناردەکردنی وزەی سەوز.

لەم کورتە نوسینەدا بەپشت بەستن بەبۆچوونی شارەزایانی بواری پەیوەندییە نێودەڵەتیەکان تیشک خراوەتە سەر  ئەو خاڵەی کە (دیپلۆماسی وزە) دەتوانێت چ ڕۆڵێک بگێڕێت لە پەیوەندی جیۆپۆلەتیکی ئێستا و داینامیکی ململانێکاندا، و چۆن دەتوانێت ببێتە بزوێنەری سەقامگیری و هاوبەشی ستراتیژی و گەشەپێدانی بەردەوام و بتوانێت خزمەت بکات.

بە بۆچوونی گۆنزالۆ ئێسکریبانۆ، شرۆڤەکاری باڵا و بەڕێوەبەری بەرنامەی وزە و گۆڕانی کەشوهەوا، لە پەیمانگای شاهانەی ئێلکانۆی، یەکێتی ئەوروپا، پێی وایە: ''پێویستە (دیپلۆماسیەتی وزەی) خۆی لەسەر یەکخستنی هەوڵەکانی بۆ داماڵینی کاربۆن  لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، چڕ بکاتەوە''. چونکە گۆنزالۆ، پێی وایە ئەوەی ئێستا بۆ یەکێتی ئەوروپا پێویستە، دروستکردنی چوارچێوەیەکی نوێی کەشوهەوا و وزەیە، بۆ هاوکاریکردن  لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا. چونکە ماوەیەکی زۆرە یەکێتی ئەوروپا تەنها وەک دابینکەری سەرچاوە پشتی بەم وڵاتانە بەستووە، بۆ دەستخستنی سووتەمەنی پیشەسازییەکانی ئەوروپا. هەربۆیە پێویستە ئەم ڕێبازە پەرە بسێنێت. جگە لەوەی پێویستە گرنگیدانەکە بەرەو پشتگیریکردنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە هەوڵەکانی خۆیان بۆ بێکاربۆنکردن بگۆڕدرێن، کە بتوانن ببنە بەشێکی دانەبڕاو لە زنجیرە بەهای پیشەسازییە بێکاربۆنکراوییەکانی ئەوروپا. وە لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە (کە چۆن دڵنیابین لەوەی ئەم وڵاتانە بە تەواوی و دادپەروەرانە تێکەڵ بە ئابووری سەوزی داهاتوو بکرێن)؟.

لەبەرئەوەی بوونی گفتوگۆی گازی سروشتی، لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی باکووری ئەفریقا زۆر گرنگە. لە ئێستادا وڵاتانی وەک جەزائیر پشکێکی گەشەسەندوو لە هاوردەکردنی غازی ئەوروپا پێکدەهێنن. هەربۆیە بۆ یەکێتی ئەوروپا زۆر گرنگە دڵنیابن لەوەی جەزائیر، هەمان ڕێگای دابەزینی بەرهەمهێنان پەیڕەو نەکات کە لە میسردا دەبینرێت. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوونەدات، ئەوروپا دەبێت ئاسۆی درێژخایەنی مانادار پێشکەش بە جەزائیر بکات، کە ئەویش لە هەمووی گرنگتر بریتی یە لە پاراستن و ئەگەری فراوانکردنی هاوردەکردنی غازی سروشتی.

هەربۆیە داهاتووی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا و ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە یەکخستنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادایە، کەخۆیان دەبیننەوە لە بوونی زنجیرە پەیوەندییەکانی تایبەت بە بەهای دیکاربۆنیزەکراوی ئەوروپیدا. یەکخستنی سەرچاوەکانی وەک پێو، فۆسفات، کۆبالت و ماددە گرنگەکانی دیکەی وڵاتانی وەک مەغریب، بۆ ناو پیشەسازییە سەوزە سەرەکییەکان، وەک بەرهەمهێنانی پاتری و ئۆتۆمبێلی کارەبایی، زۆر گرنگە. بەڵام ئەمە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە لەبواری بەرهەمهێناندا، لەبری ئەوەی تەنها سەرچاوە دەربهێنێت، یەکێتی ئەوروپا دەبێت چالاکانە پشتگیری لە پەرەپێدانی پیشەسازییەکانی بنەمای نوێبووەوە بکات لە ناوچەکەدا، دەرفەتی و پەرەپێدانی تێکەڵبوونیان لەگەڵ بازاڕی ئەوروپادا بۆ برەخسێنێت.

بەبۆچوونی لۆری هایتایان، بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە پەیمانگای حوکمڕانی سەرچاوە سروشتییەکان، پێی وایە: ''لە ئێستادا هەوڵدان بۆ ئاسایشی وزە و پەیوەندییە سەقامگیرەکان بەهۆی شەڕ و ململانێکانی ناوچەکەوە لە قاڵب دراوە''.

هەرچەندە بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی ئەم بوارە (ڕێککەوتنی دەریایی)، نێوان ئیسرائیل و لوبنان وەک پێشکەوتنێک لەبواری (دیپلۆماسی وزە)دا ستایش کراوە، چونکە لە سنوورەکانی سنووردار زیاتر درێژبووەوە. بۆ لوبنان وزە هاندەرێکی سەرەکی بوو بۆکۆتاییهێنانی ململانێکان، هەروەها ڕێگەی خۆشکرد بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و زیندووکردنەوەی کەرتی هایدرۆکاربۆنی لەم ووڵاتەدا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گرێبەستە بووەهۆکاری گەرانەوەی هەریەک لە کۆمپانیاکانی وەک (تۆتال ئینێرجی) و (قەتەر ئینێرجی) بۆ ناوخۆی ووڵاتی لوبنان، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕ و ئەنجامە نائومێدکەرەکانی لەناوچەکەدا کە هاوسنوری لوبنان حەماسەتی کارکردنی کۆمپانیاکانی تاڕادەیە کەمکردۆتەوە. هەربۆیە تا ئەم ساتەوەختەش لوبنان بەدوای دەرفەتێکدا  دەگەڕێت، کە بیر لە ئامانجە ستراتیژییەکەی بکاتەوە و کۆمپانیایەکی فراوانتر وەک ENI یان Energean ڕابکێشێت، بۆ ئەوەی بەڕاستی چالاکییەکان لە ناوچە ئابوورییە تایبەتەکانی خۆیدا دەستپێبکاتەوە.

هەرچی سەبارەت بە تورکیایە لەنێو حلقەی ئەم پەیوەندییە (دبلۆماسیەی ووزە)دا، دوو بزوێنەری سەرەکی هەن: ئاسایشی وزە و هەمەچەشنیکردن و پێگەی کاریگەرییەکانی لە ناوچەکەدا. هەمەچەشنکردنی وزە و ئاسایش لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە زۆربەی پێداویستییەکانی تورکیا، لە ڕێگەی گازی سروشتی هاوردەکراو و LNG دابین دەکرێن. بۆیە زۆر گرنگە تورکیا سەرچاوەکانی هەمەچەشن بکات و ئامانجی سەربەخۆیی وزەی زیاتر بێت، لە هەمان کاتدا خۆی وەک ناوەندێکی وزەی ناوچەیی جێگیر بکات. بزوێنەری دووەمی تورکیا بریتی یە لە هەڵوێستی جیۆپۆلەتیکییە: تورکیا دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی هیچ ڕێککەوتنێکی ناوچەیی بەرچاو، بەتایبەت لە کەرتی وزەدا، کە پڕۆژەی هاوبەش و ژێرخانی غازی سروشتی تێدایە بەبێ بەشداریکردنی تورکیا ناتوانرێت ئەنجام بدرێت.

هەرچەندە  لە ئێستا کارەبا و کارەباکردن وەک ناوەندێکی تری هاوکاری وزەن. وە پێویستی ئەم سەرچاوەیەش لە زیادبووندایە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای سەوزی زیاتر و چالاککردنی ئاڵوگۆڕی سنوور بەزاندن. بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا، هەروەها بووەتە پردی پەیوەندی نێوان یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەکە. هەروەک پەیوەندی مەغریب و ئیسپانیا، تۆڕی GCC و پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کوێت و هەروەها ئوردن و میسر.

هەربۆیە تۆڕی پەیوەندییە دبلۆماسیە ووزەکانی داهاتوو لەنێو ووڵاتاندا، ڕەنگە بریتی بن لە پڕۆژە گەورەکانی پەیوەندییەکانی نێوان (یۆنان-میسر و ئیسرائیل-قوبرس-یۆنان)، کە ئامانجیان بەستنەوەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ئەوروپایە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە، لە ڕێگەی (کارەبای پاکەوە). چونکە بەهێزکردنی ئەم پەیوەندیانە کلیلی بنیاتنانی سیستەمێکی وزەی خۆڕاگر و بێ کاربۆنیزە، کە سوود بە هەردوو ئەوروپا و دراوسێکانی باشووری دەگەیەنێت. 

هەربۆیە لە کۆتایی ئەم بابەت شیکارییەمان دەتوانی بڵێین: چاوەڕوانییەکان بۆ ڕۆڵی سەقامگیرکەری (دیپلۆماسی وزە) لەگەڵ واقیعدا گۆڕانیان بەسەردا دێت. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، پێدەچێت هاوبەشییەکانی وزە، ڕێککەوتنەکانیان لەسەر بنەمای  ئیستغلالکردنی سەرچاوەکانی وزە بووبێ، بەڵام لە ئەمڕۆدا و لە جیهانی دبلۆماسی نێوان ئەو ووڵاتانەی باسمانکردن ڕەنگە هەناردەکردنی (وزەی سەوز) بتوانێت ڕۆڵیان هەبێت لە ئاسانکاری بۆ کەمکردنەوەی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و هەروەها دەروازەیەکیش بێت بۆ ڕەخساندنی دەرفەتەکانی گفتوگۆکردن،و ئەگەری هەیە، ببێتە کلیلی ئاشتەوایی نێو ووڵاتان. هەرچەندە لە ئەمڕۆدا پێدەچێت ئەم توانایە کاڵبوبێتەوە لە ئاستی نێودەوڵەتی، ئەویش بەهۆی بوونی شەڕە بەردەوامەکانی نێوان ووڵاتان لە ناوچەکەدا، هەربۆیە چاوەڕوانییەکان بۆ ڕۆڵی سەقامگیرکەری هاوکاری وزە لەئاستی پێویستدانین، چونکە دیپلۆماسی وزە، بەهۆی داینامیکی بەردەوامی شەڕ لە هەموو ناوچەکەدا بەرەوڕووی تەحەدا دەبێتەوە.

سەرچاوە: کەناڵی میدیایی ئەمواج

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین