جانۆ رۆژبەیانی: بەپشتگیری ڕاستەوخۆی کاک نێچیرڤان بارزانی یەکەمین فیلمی سینەمایم لەباشووری کوردستان دروستکرد کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

جانۆ رۆژبەیانی دەرهێنەر و سینەماکاری دیارى کورد، لە دیمانەیەکی تایبەتی ماڵپەڕى نوچەنێت دەڵێت، "ئاستى سینەماى کوردى بەرەو لاوازی دەچێت."

ئەو دەرهێنەرەى کورد لە درێژەى دیمانەکەى لەگەڵ نوچەنێت ئاماژە بەوەدەکات، "سینەما هونەرێکی نرخ گرانە، ئەگەر پشتگیرییەکی جدی نەبێت لەلایەن حکومەت و خەڵکی دەوڵەمەند وەکو بزنس بۆی بێنە پێشەوە، پاڵپشتی بکرێت لای تەلەڤزیۆنەکان و حکومەتیش کەلتووری فیلم دروست بکات پێشناکەوین" و هەروەک دەشڵێت،  " سینەما تا ئێستا نەگەشتووەتە ئاستێکی (20) ساڵ بەر لە ئێستا، هەر لەو ئاستەدا ماوەتەوە."

 

دەقى دیمانەى ماڵپەڕى نوچەنێت لەگەڵ دەرهێنەرى سینەمایی  جانۆ رۆژەبیانى:

نوچەنێت: رەوشی ئێستای سینەمای کوردی چۆنە؟

جانۆ رۆژبەیانی: لاوازە هەروەک هەردەم لاواز بووە، هیچ پەرەیەکی پێنەدراوە لە رووی ئەکادیمییەوە و بەرەو پێشیش نەچووە تا کو شانازی پێوە بکرێت، ڕاستە هەندێک پەیمانگا هەیە بەڵام ئەویش لاوازن، ، هۆکارێکی تر،تەلەفزیۆنەکان فیلمی کوردی پەخش ناکەن. درامای تورکی، هیندی، کۆریی لێیدەدەن هەندێ ئەو فیلمانەی کەهەن بەهێز نین، ئەوەیشی بەهێز دروست کراوە روویەکی جوانی میللەتی کوردیان نیشان نەداوە، توندوتیژی، دواکەوتوویی، کوشتنی ئافرەت، ئەوانە هیچ ناگەیەنن بە میللەتەکەمان. ئێمە جارێ دەوڵەت نین، دەبێت کەلتوور و فەرهەنگە جوانەکەمان و پەیامە نەتەوەییەکەمان بە جیهان بگەیەنین.

نوچەنێت: داهاتووی سینەمای کوردی چۆن دەبینیت؟

جانۆ رۆژبەیانی: سینەما هونەرێکی نرخ گرانە، ئەگەر پشتگیرییەکی جدی نەبێت لەلایەن حکومەت و خەڵکی دەوڵەمەند وەکو بزنس نەیەنە پێشەوە، سینەمایەکی بەهێز دروست نابێت، دەبێ زەخت بکرێتە سەر تەلەڤزیۆنەکانی کوردی بۆ هەر درامایەکی بیانی، دەبێت یەکێکی کوردیشت هەبێت، ئەوکاتە شتێک دروست دەبێت لە ماڵەکەت، ببێتە دەستپێکێک بۆ ئایندەیەک بۆ سینەما و درامای کوردی. کات خێرا دەڕوات سینەمای کوردی نەگەشتووەتە ئاستێکی (20) ساڵ بەر لە ئێستا، هەر لەو ئاستەیدا ماوە.

نوچەنێت: سیاسەتی وەزارەتی رۆشنبیری لە ئێستادا لەبەرامبەر سینەمادا چۆن دەبینی؟

جانۆ رۆژبەیانی: بڕوا ناکەم وەزارەتی رۆشنبیری سیاسەتێکی ئەو تۆی بەرامبەر بە سینەمای هەبێت، بڕواناکەم هەر حەزیان لە سینەما بێت، تا ئێستا یارمەتیدەر نەبوون بۆ گەشەپێدانی سینەما، کەسی شیاو لە جێگەی شیاو دانانێت.

لە دنیای پێشکەوتوو نابێت کەسێک پەیوەست بێت بەو دەزگایەی پارە دەدات فیلم یا دراما دروست بکات، دەبێت ئەو کارە بۆ فیلم سازان بێت نەک ئەو فەرمانبەرانە. لەبەر ئەوە زۆر فیلم ساز نین، ئەکتەرەکان شانۆیین. هەنگاوی یەکەمی هەر فیلمێک یاخود درامایەک سیناریۆیە، سیناریۆ شانۆگەری زۆری تێدایە، چونکە لە باکگراوندێکی ئەکادیمی، فەلسەفی، هزری بۆی نەهاتوون. 

من یەکەمین فیلمی باشووری کوردستان خۆم دروستم کرد بە پشتگیری راستەوخۆی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی کە ئەوکاتە سەرۆکی حکومەت بوو، ئەوە بەپشتگیریی وەزارەتی رۆشنبیری نەبووە، چونکە ئەوکاتە بەشی سینەما دانەمەزرێنرابوو. بەڵام دوای ئەوە زۆر بەرهەم هێنران، بەڵام زۆریان لاوازن، رێشیان نەدا خۆم فیلمێکی تر دروست بکەم، تا ساڵی (2011) خانووەکەی خۆم فرۆشت فیلمی چاپلنی چیاکانم دروست کرد. 

من بەردەوام دەڵێم گرنگترە نەخۆشخانەیەک ئاوەدان بکەی یان قوتابخانەیەک وەک لە دروست کردنی فیلمێک، بەڵام ناشکرێت سینەما پشتگوێ بخرێت.

نوچەنێت: کۆمپانیای ئەڤین فیلم چی بەسەر هات؟

جانۆ رۆژبەیانی: ئەڤین فیلم من لە ساڵی (1990) لە لۆس ئەنجلۆس دامەزراند ئەوکاتە ئیش ریکلامم دەکرد بۆ ژیان. (سەمای بەندول)کە دووەمین فیلمی درێژم بوو لە هۆلیوود دروستم کرد لە ژێر ناوی ئەو کۆمپانیایە. لە کۆتایی ساڵی (2000) بەیەکجاری هاتمە کوردستان و فیلمی ژیانم دروست کرد، دواتر چەند بەرهەمێکم کرد، لە رێگەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا. ئێستاش چەند بەرهەمێکم لە پێشە یەکیان (کچانی رووناکی) بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی لەسەر کێشەی ئێزدییەکان و رزگار بووەکانی ئێزدی، ئەوەش بۆ بەرز ڕاگرتنی گەلەکەمانە کە دەمەوێت بە دنیا بڵێین ئۆفیسێکمان هەیە کە توانیویەتی (سێ بۆ چوار هەزار) کچ و منداڵی ئێزدییەکان رزگار بکات، ئەویش ئۆفیسی رزگارکردنی ئێزیدییەکانە.

ئەو چەندە ساڵەى شەڕی داعش هەبوو، دواتر کۆڕۆنا هات هیچ چالاکییەک نەبووە، ئێستا وا خەریکم دەست دەکەمەوە بەدروستکردنی فیلم، پڕۆژەم زۆرە تەنیا پڕۆژەی کوردی نییە، ئەوروپی و ئەمەریکیشم هەیە، ساڵی داهاتووش ساڵی ئەکشنە، ئیتر دەست بە ئیش دەکەین بە (کچانی رووناکی) دەست پێدەکەین و لەگەڵ نێتفلێکس گفتووگۆم هەیە، ئەوان دەیانەوێت وەکو زنجیرە بێت، بەڵام خۆم و پڕۆدیوسەری ئەڵمانییەکە بڕیارمانداوە جارێ فیلمی درێژ دروست بکەین، دواتر بۆ فۆڕمی زنجیرەکە لەگەڵ نێتفلێکس دادەنیشن.

نوچەنێت: ئێستا زیاتر لە چ بوارێکدا چالاکی هەیە؟

جانۆ رۆژبەیانی: لەسەر دوو بابەت کار دەکەم لە ئێستادا، یەکیان زنجیرەی  (کچانی رووناکی)یە کە سیناریۆم هەمووی نوسیووە، ئێستاش سیناریۆی درێژەکەی دەنووسم،.

یەک دوو ساڵە لەپەیوەندییەکاندام لە هۆلیوود کە نزیکەی (20) فیلم لەسەر داعش ئامادە دەکەن. سێ بۆ چوار فیلم لەو فیلمانە کە تازە بەرهەمهێنراون، چونکە چیرۆکی ئەو فیلمانە چەندیش خەیاڵی بێت ڕۆڵی کوردیشى تێدا دەبێت، چونکە کورد بەشێکی سەرەکی بووە لەو شەڕەی داعش کە بەرگریمان لە هەموو دنیا دەکرد.

من باسم لەوە کردووە کە کورد ڕۆڵی سەرەکی بووە لەو شەڕە هەر بۆیە من پێشنیاری کوردستانم بۆ کردن، بڕوام پێهێنان بۆ ئەوەی سەردانی کوردستان بکەن، بەڵام یەکەم؛ دەڵێن دەبێت ئێوە بانگهێشتمان بکەن بۆ گەشتێکی ئاشنا بوون کە شاندێکی حەوت کەسن، دووەم؛ دەبێت کۆمیسۆنی سینەماتان هەبێت یەکێکە لە شەرتەکانی هۆلیوود، هاتنی هۆلیوود بۆ هەرێم سوودی زۆرە، پارەیەکی خەیاڵی دێتە هەرێمی کوردستان، ناوی کوردستان بەرز دەکرێت بە شێوەیەکی ئەرێنی ئەو گەنجانەی لەبواری سینەما کاردەکەن هەلێکە بۆ ئەوانیش.

 لە ساڵی (2005) سەردانی ئوردنیان کرد، ئێستا بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ئوردن برای پاشای ئوردن بەڕێوەی دەبات، کە هەموو ساڵێک حەوت بۆ دە فیلم لەوێ دروست دەکرێت ، ئەوە سێ ساڵە لە هەموو دەرگایەک دەدەم بۆ دامەزراندنی ئۆفیسی کۆمسیۆن و بانگێشتکردنی شاندەکەی هۆلیوود، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بەگرنگ وەرنەگیراوە، شاندەکەی هۆلیوودیش هەر لە چاوەڕوانیدان، بەڵام تازە بەداخەوە یەکێک لە فیلمەکان وا لە کازاخستان ئەنجامی دەدرێت، کازاخستان لەژێر سایەی سەرۆکەکەی بە دووساڵ کۆمسیۆنی فیلمیان دانا، چونکە زانیان چەند گرنگە، ئەوەی مەترسیدارە لە فیلمەکە رۆڵی پێشمەرگە لە کازاخستان کە دروست دەکرێت، ئەکتەرێکی کازاخستانی بەکار دەهێنن، بەتورکی قسە دەکات، جلو بەرگی کازاخیشی لەبەر دەبێت، خەریکە فرسەتەکەشمان لەدەست دەچێت، ئەوە هەمووی کاریگەری دەبێت لەسەر ئایندەی سینەمای کوردی، پار ساڵ یەکێ لەو فیلمانەی هۆلیوود پێشمەرگەیان بەجلی کوردییەوە کردبوویان قاچاخچی پەتاتە، لە فیلمێکی تر کوردیان بە جلوبەرگی ئەفغانییەوە بە هوشتر رادەکەن بۆ ناو ئەشکەوتەکان. دووبارە ئەگەر کۆمسیۆنی سینەما دەنەمەزرێنن شاندەکەی هۆلیوود بانگێشت نەکەین، ئەم جۆرە فیلمانە بەردەوام دەبن. هۆلیوود ساڵی داهاتوو زۆرینەی ئەو فیلمانەی سەر شەری داعش بەرهەمدێنێت.بۆیە دەبێت بە زووترین کات دەستبەکار بین بۆ ئەم بابەتە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین