ئەردۆغان: رێككەوتنى ئەنقەرە بۆ بۆ ماوەى سێ مانگى تر درێژكرايەوە تورکیە

نوچەنێت

رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا رايگەياند، "رێككەوتنى رەوانەكردنى دانەوێڵەى ئۆكراينا بۆ ماوەى (120) رۆژى تر درێژكرايەوە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (17/ تشرينى دووەم/ 2022) ماڵپەڕى (ئاڕتى) بڵاويكردەوە سەرۆك كۆمارى توركيا لە لاپەڕەى فەرمى خۆى لە تويتەر رايگەياند، "لەدواى تەواوبوونى وادەى رێككەوتنى رەوانەكردنى دانەوێڵەى ئۆكراينا كە رۆژى (19)ى ئەم مانگە كۆتايى دێت، بۆ ماوەى (120) رۆژى تر رێككەوتنەكە درێژ دەكرێتەوە."

ئەردۆغان لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەردۆغان دەڵێت، "ئەم رێككەوتنە بايەخ و سوودى خۆى بۆ ئاسايشى خۆراك و دابينكردنى لەسەر ئاستى جيهان دەرخست."

سەرۆكى توركيا سوپاسى سەرۆكى رووسيا و ئۆكراينا و سكرتێرى نەتەوە يەكگرتووەكان دەكات، كە كارئاسانيان بۆ ئەو رێككەوتنە كردووە.

بەگوێرەى قسەكانى سەرۆكى توركيا لە چوار مانگى رابردوو زياتر لە (11) مليۆن تۆن دانەوێڵە لە رێگەى (500) كەشتى رەوانەى جيهان كراوە.

لە (22) تەمووزى ئەمساڵ نوێنەرانى رووسيا و توركيا و ئۆكراينا و نەتەوە يەكگرتووەكان رێككەوتنێكى چوارقۆڵيان بۆ رەوانەكردنى دانەوێڵەى ئۆكراينا لە ئەنقەرە واژۆ كرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین