هەسەدە هەوڵى راگرتنى هێرشەكانى توركيا دەدات تورکیە
مەزڵووم عەبدى، فەرماندەى هێزەكانى سوورياى ديموكرات (هەسەدە) رايگەياند، "دەستمان بە هەوڵەكانمان كردووە لە رێگەى ئەمەريكا و مۆسكۆ هێرشە ئاسمانييەكان و هەڕەشەى هێرشى زەمينى توركيا رابگرين."

ئەمڕۆ چوارشەممە (23/تشرينى دووەم/ 2022) ماڵپەڕى (ئەحوالى توركى) سەبارەت بەهەڵوێستى ئەمەريكا و سووريا بەرانبەر هێرشەكانى توركيا فەرماندەى هێزەكانى هەسەدە رايگەياند، "هەڵوێستى واشنتن و ديمەشق، كە ژمارەيەك سەربازى لە هێرشەكانى توركيا كوژران بەرانبەر ئەو هێرشانە لاوازە، هەوڵەكانى ئێستامان بۆ كەمكردنەوەى ئەو ئاڵۆزييانەيە كە لە ماوەى رابردوو توركيا زيادى كردووە، هەموو هەوڵەكانمان لەگەڵ رووسيا و ئەمەريكا دەخەينەگەڕ، كە راستەوخۆ پەيوەندييان بە دۆسيەى سوورياوە هەيە." 

سەبارەت بە تەقينەوەكەى هەفتەى رابردوو لە شەقامى ئيستقلال لە ئيستەنبۆڵ عەبدى گوتى، "ئێمە چەندين جار ئەوەمان دووبارە كردۆتەوە، ئەو رووداوە بەهيچ جۆرێك پەيوەندى بە ئێمەوە نييە، بەڵام توركيا ئەو تەقينەوە دەكاتە پاساو."

لە بەشێكى ترى قسەكانى فەرماندەى هێزەكانى هەسەدە گوتى، "هەڵوێستى هێزەكانى هاوپەيمانان بەرانبەر ئەو هێرشانە لاوازە، دەبوو هەوڵى زياتر بدەن بۆ رێگرى لە بە ئامانجگرتنى هاووڵاتيانى مەدەنى." 

دەربارەى هەڵوێستى ديمەشقيش ئاماژەى بەوە كرد، "هەڵوێستى حكومەتى سووريا زۆر لاواز بوو، تەنيا بە راگەياندنى ژمارەى كوژراوەكان كۆتايى پێهێنا، ئەوەش لە كاتێدا بوو، روانگەى سوورى بڵاويكردەوە (16) سەربازى سووريا."

سەبارەت بە ئەگەرى هێرشەكانى توركياش مەزڵووم عەبدى ئاشكرايكرد، "ئامادەسازيمان كردووە بۆ ئەوەى بەرگرى لە ناوچەكەمان بكەين، بەڵام داواشمان لە هەموو لايەنەكان كردووە رووسيەكان بێت، ياخود ئەمەرييەكان پابەندى بەڵێنەكانيان بن و رێگە لە هەر هێرشێكى نوێى توركيا بگرن."

بەگوێرەى قسەكانى عەبدى ئامانجى توركيا دروستكردنى ناوچەيەكى ئارامە بە قووڵايى (30) كيلۆمەتر لەناو خاكى سووريا، بە بيانووى پارێزگارى لە هەژموونى خۆى لەو وڵاتە.

ئەمەريكا هێزەكانى سوورياى ديموكرات بە هاوپەيمانى سەرەكى خۆى بۆ رووبەڕووبوونەوەى رێكخراوى تيرۆرستى داعش دەزانێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین